١٦\١٢\٢٠١٦
سیناریۆیەکی دیکەی
٥ کەم ١ لە بەغداوە.

نوری بەشیر
ھەواڵەکانی ئێستای چوارلایەنی حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بێ پارتی
و مژدەی ئەوەی بودجەی کارمەندان و پێشمەرگەیان دابینکردوە، ھەروەھا
ھەڵاو کێشەیەک لەسەری دروستیانکردوە، خەریکە بەتەواوی فەزای کوردستانی
پێداگیردەکەن. ئەوەی ئەم رێکەوتنە و خاڵەکانی و بۆ بەمشەخەسی ناوی
پێشمەرگە دێنن و ھەدەفیان چیە، لێردا باس ناکەین. بەڵکو دێینە سەر
ئەوەی ئەم ھەنگاوەیان لەچ ھەلومەرجێکدایەو لەچ ژێر چ کارێگەریەدایە
رۆشنایی دەخەینە سەر. ئەم سەردانەی ئەم چوار لایەنە بۆ بەغدادو
رێکەوتنێک کەکردویانە، بەھەمانشیوەی دەورانەکانی پێشوو لەدەورەیەکی
دیاریکراوی قەیرانێکدایە کەکوردستان پیا تێدەپەڕێت کەتایبەتمەندی خۆی
ھەیە، ئەویش دەسەڵاتی فراوانی پارتی و قەیرانێکە کەھەموو حیزبەکان ھەر
پێنج لایان تێیدا کەوتوونەتە بەرامبەر خەڵک، ھەندێکیان وەک پارتی و
یەکێتی راستەوخۆ دەکوژن و سەرکوت و تاڵان دەکەن، لایەنەکانی تری گۆڕان
و ئیسلامیەکان چەواشەکارانە لەھەردوولا دەیانەوێت یاری بەکەن. بەڵام
ناڕەزایەتیەکانی ئێستای مامۆستایان، کارمەندان و کرێکاران، خەریکە
دەورەیەکی تازە دەست پێدەکات و لەبەرامبەر ھەموویاندا دەوەستێتەوە،
ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە بۆسەر ھەموو ئەو حیزبانەو بەتایبەت کە یەکێتی
و گۆڕانی بەزۆری گرتۆتەوە. بۆیە ئەگەر بەدیقەت و لەڕوانگەنی
بەرژەوەندیەکانی زۆربەی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناڕەزایەتیەکانی
ئێستای مامۆستایان وکارمەندانەوە سەیری نەکرێت، وە ئەو ھەنگاوەی ئێستای
ئەو پێنج ناقێ یەکەی حیزبانە لەبەرچاو نەگیرێت، وە پشتی ئەو
حەرەکەتەیان نەخوێنرێتەوە، ئەوا سەرلێتێکدەر دەبێت و جارێکی تر بۆ
ماوەیەک سیاسەتی چەواشەکاریەکانی دەورانی پێشووی ئەم حیزبانە بەدژی
خەڵک کاریگەری خۆی دەبێت و خۆی دووبارە دەکاتەوە.
حیزبەکانی حکومەتی بنکەفراوانی دەسەڵاتدار لەھەرێمی کوردستان، کەزوو
شکستیان خوارد لەبەرنامەو پلانێک کەباڵی ریفۆرمخواز دەیویست، ئەو
حیزبانە بەقەومی و ئیسلامیەوە کەھەموو لەدەوری سیاسەت و بەرنامەی
چینایەتی چینی باڵادەستی بۆرژوازی کوردو میلیشیا کۆبوونەوەتەوە مەسەلەی
خۆی بکاتە بەرنامەیەک و بەناوی ھەندێ چاکسازیەوە خۆڵ بکاتە چاوی خەڵک و
پاشەکشە بەخواست و داواکاری و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بکات و شەقامی
ئارام بۆ ماوەی چوار ساڵ کەلەدەسەڵاتدایە دابین بکات، سەرەتا باڵی
ریفۆرمخوازی توانی پاشەکشە بەناڕەزایەتیەکان بکات و سازش و پاشەکشەی
بەناڕەزایەتی ١٧ی شوبات کرد، بەڵام نەیتوانی حیزبەکانی ھاوشێوەی خۆی
کەئەوان بێ پێچ و پەنا نوێنەراتی بەرژەوەندیەکانی کەمایەتی
سەرمایەداران و بۆرژوازی دەکەن، بەدوی خۆیدا کێش کات و لەمەدا شکستی
خواردو پارتی بووە حیزبی یەکەمی دەسەڵات.
ئەوەی بەرچاوە بەدوای پاشەکشە بەناڕەزایەتیەکانی ١٧ی شوبات، جارێکی کە
ناڕەزایەتیەکان سەریان دەرھێنایەوەو خۆشخەیاڵکردن و فریودان و
خۆڵکردنەچاو و گەوجاندنی خەڵک، لەئاست ئەو ھەموو تاڵانچێتی و سەرکوت و
تیرۆری ئازایخوازن و ژنان و برسیکردن و راونان و موچە بڕین و نیوە
موچەو چارەکە موچەو نەدانی موچەدا، نەیتوانی درێژە بەبەردەوامی شەقامی
ئارام بدات و ئەوەتا لەدوو ساڵی رابردوودا لەبەرامبەر نەدانی موچەو
چارەکە موچەو پاشەکەوتی موچەدا، جارێکی تر ناڕەزایەتیەکان بۆ موچە
ھەموو حیزبەکان و دەسەڵاتەکەیانی خستۆتە بەردەمی مەترسی، ئیتر ئەمجارە
بەرەکەیان لە ٥ حیزبی حکومەتی بنکە فراوانەوە بەرەو ٥ ناقێ ١ی بەرەو
بەغدا رێگای گرتووە، بۆ رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی دەسەڵاتداری
بۆرژوازی عەرەبی، لەژیر ناوی سیناریۆیەکی تری بوجەدا.
ئەمجارەش ئەم ٥ کەم ١ەی حیزبەکانی کوردایەتی کەخۆی لە گۆڕان، یەکێتی،
کۆمەڵ و یەکگرتوودا دەبینێتەوە، ھیچ نزیکایەتی نە بەموچەو نەبەرژەوەندی
کارمەندان و پێشمەرگەوە ھەیە، نەنزیاکایەتی بەباشبوونی ژیانی خەڵکی بەش
مەینەت و چاکسازیەوە ھەیە، کەئەمانە بەناوی نوێنەرانی خەڵکی
کوردستانەوە قسەدەکەن و لەگەڵ بەغداد ساتوسەودا دەکەن. ئەم حیزبانەی
کوردایەتی ٥ ناقێ ١ ھەم خۆیان لەدەسەڵات و شەریکە بەشی پارتین و دەخۆن،
ھەم دەیانەوێ لەگەڵ خەڵکیشدا ناڕەزایەتی بکەن، ھەم دەسەڵاتدارن و
سەرکوت دەکەن، ھەم خۆیان بەزوڵملێکراو دەزانن و دەچنە ناو ریزی
ناڕازییانی موچەو دواکاریەکانی خەڵکەوە. واتە کڵاوەکانیان بەھەردوو
دیودا لەسەر دەکەن و لەھەردوو لا خۆیانی پێوە بادەدەن.
ئەم حەرەکەتەی ئەمجارەی ئەم حیزبانە لەقەومی و ئیسلامی، لەژێر کاریگەری
دوو شەرایتدا ئەم ھەنگاوەیان بەرەو بەغداد ناوە، لەلایەک بەرئەنجامی
قۆرخکردنی دەسەڵاتی پارتیە بەسەر ھەموو جومگە ئەساسیەکانی دەسەڵات و
سەروەت و سامانی کوردستانداو ھەر یەکە لەو چوار حیزبە شەریکە بەشەی
پارتی کەحسابی برا بچوک و شەریکە بەشی کەمی بۆ کردوون و پەرلەمانە بنکە
فراوانەکەی ھەڵوەشاندۆتەوەو لەکاری خستووەو خۆی ھەموو شت و ھەمەکارەیە،
ئەم لایەنە قەومی و ئیسلامیەیانەش نیگەرانن و دەیانەوێت پارتی ئاوڕێکی
خێری زیاتریان لێبداتەوە و حسابی شەریکە بەشێکی باشتریان بۆ بکات.
لەلایەکی ترەوە لەژێر کاریگەری ناڕەزایەتیەکانی ئێستای کوردستاندایە،
کە ناڕەزایەتی ئێستا وەستانەوەیە لەبەرامبەر ھەموو حیزبەکانی
کوردایەتیدا، وەچەندە ھەوڵیاندا ناڕەزایەتیەکانی ئێستا کەلەزۆنی
سەوزدایە سەرکوت و پاشەکشە پێبکەن بەھەڕەشە، گوێزانەوەی کارمەندان،
فڕاندن، گرتن، سوکایەتی پێکردن و تۆمەت خستنە پاڵ و تا دەگاتە ھەڕەشەی
کوشتن و بەبلۆک سەر پانکردنەوەی مامۆستایانی ناڕازی، نەیتوانی
سەرکەوتووبێ، بۆیە ئەمجارە دەیانەوێ لەرێگای بەغداوەو رێگایەکی کەوە
ئەم کارە ئەنجام بدەن، لەلایەک فشار بۆ پارتی بێنن و لەلایەکی کەوە
ناڕەزایەتی ئێستای خەڵک بەرنە دواوە، ئەوەش مژدەی بودجەیە بۆ کارمەندان
و پێشمەرگە. بەتایبەت ئەم ھەنگاوەیان بۆ رزگارکردنی گۆڕان و یەکێتیە
لەدەسەت ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لەزۆنی سەوزدا ھەیەو کاریگەری گەورەی
لەسەریان داناوە. ھەروەھا لەکاتێکدا ئەگەر رێکەوتنی ئەمجارەی ئەم
چوارلایەنە لەبەغداد، ھەرچیەک بێت کورت خایەنەو دوای پاکردنەوەی موسڵ
لەداعش، بەناچار ھەلومەرجێکی نوێ کەدێتە ئاراوەو بەرنامەیەک کەپارتی
ھەیەتی ھەموویان دەبێ لەدەوری کۆببنەوە.
بەکورتی، ئەمکارەی ئێستای حیزبەکانی ٥ ناقێ ١ لەرووکردنە بەغداد ھیچ
نیە جیا لەکارنامەو ئیدامەی سیاسەتی دەوری پێشویان بەدژی خەڵک،
کەکێشەکانیان جارێک ناوخۆیان و جارێک لەگەڵ بەغدا جارێ خۆیان بەئاشتی
بەرەو بەغدا دەڕۆن و جارێک لەنیوان خۆیاندا بەشەڕ روودەکەنە بەردەم
دەرگای مالکی و جارێکی کە بۆ لای عەبادی، ئەم کارانەیان کەدەوری پێشوو
و ئێستاش پێی ھەڵدەستن ھیچ نزیکایەتیەکی بەداواکاری و خواستی خەڵک و
بەرژەوەندی خەڵک نەبووەو نیە، جیا لەشانۆیەک لەبەرامبەر ئەزمەیەکی
ناوخۆ لەسەر پۆست و ئیمکانات کەھەیانە و ترس لەناڕەزایەتیەکانی خەڵک.
ھەربۆیە زەرورە کەخەڵکی کوردستان، کرێکاران، مامۆستایان، کارمەندان،
ژنان و لاوان ھیچ فریوێک نەخۆن و ھیچ خۆشخەیاڵیەکان بەم حیزبانەی
ناسیونالیزمی کوردو ھیچ پڕۆژەیەکیان نەبێت، وە لەسەر داواکاری و
خواستەکانی خۆیان بۆ موچەو ژیانێکی باشتری شیاوی ئینسانی، ریزی
یەگرتووی خۆیان لەدەرەوەی ئەو حیزبانەی کوردایەتی بپارێزن و بەردەوامبن.
٨\١٢\٢٠١٦
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|