٩\١١\٢٠١٤
سیناریۆی خوراسان.

سوارە کەمال
دوای رووخانی رژێمی شاهنشای ئێران لە ساڵی
١٩٧٩ ، و جێگرتنهوهی لهلایهن کۆماری ئیسلامیی . لە هەمان ساڵدا
دەستوەردان و پشتگیری ئەرتەشی سۆڤیەت لە حکومەتی ئەفغانستانی
هاوپەیمانی یەکێتی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیەت ، ئەو دیدە نەرێنیەی
عەرەب کە پێشتر هەیبوو بەرانبەر بە ئەمەریکا ، گۆڕانی بەسەرداهات ،
زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی سننە مەزهەب ، بەتایبەت سعودیە و
پاکستان ، راشکاوانتر لە جاران کەوتنە نێو بەرەی ئەمەریکا بۆ دژایەتی
کردنی ئەرتەشی سۆڤیەت لە ئەفغانستان.
بە دەستپێکردنی شەری ساڵی ١٩٨٠ ی نێوان عیراق و ئێران ، جگە لە حکومەتی
سوریای عەلەوی ، سننە مەزهەبەکان راستەوخۆ یان ناراستە خۆ پشتگیری
سەدام حسین یان کرد ، واتە کەوتنە بەرەی ئەمەریکا، سەرئەنجام پاش هەشت
ساڵ جەنگی نێوان ئێران و عیراق وەستیندرا، ئەرتەشی سۆڤیەتیش پاش دەساڵ
جەنگ لە ئەفغانستان کشایەوە . گەچی بارودۆخی ناوچەکە نا سهقامگیرتر
بوو.
لە ٢/٢/١٩٩٠ عیراق پەلەماری کویتی دا، بەسەرکردایەتی ئەمەریکا و ٣٤
دەولەت هیرشیان کردە سەری و لە کویت وەدەریان نان . سەرئەنجام لە ٢٠٠٣
دا دیسانەوە هێرشیانکردووە سەر بەغداد و رژێمی سەدامیان رووخاند.
ھێرشەکانی قاعدە لە ١١ سێپتەمبەر بۆ سەر ئەمەریکا ، زەمینەی سازکرد لە
٧/١٠/٢٠٠١ ئەمەریکاو بەریتانیا پەلەماری ئەفغانستان بدەن و تالیبان
لەدەسەڵات وەلاخەن . وێرای ئەوەی زۆرینەی حکومەتەکانی عەرەب لە هەردوو
جەنگدا پشتگیری ئەمەریکایان کرد ، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتیانی موسولمانی
سننە ئاینزا ، بە شەری سەلیبییان چواند، بەو پێیە دەبوو ئەمەریکا و
هاوپەیمانەکانی چاوەروانی شەڕو ئاژاوەی گەورە بکەن ، بەڵام عەرەب لە
بڕی دژایەتیکردنی راستەوخۆی ئەمەریکا ، رق و کینەیان بە رووی
حوکومەتەکانی خۆیان هەڵرشت:
لە ١٤/١/٢٠١١ زەینلعابدین عەلی، پاش ٢٣ ساڵ حوکمداری وڵاتی تونس کەوتە
ژێر گوشارو ناچارکرا بەرەو سعودیە ھەڵبێت.
لە ٢٥ی ینایەری ساڵی ٢٠١١ محەمەد حوسنی موبارەکی سەرۆکی میسڕ ، پاش ٢٩
ساڵ حوکمداری کەوتە ژێر گوشاری میسریەکان ، ناچارکرا دەستبەرداری
پۆستەکەی بێت .
لە ٢٠/١٠/٢٠١١ موعەمەر قەزافی پاش ٤٢ ساڵ حوکمداری لیبیا ، کوژرا.
عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی سەرۆکی یەمەن پاش ٣٤ ساڵ حوکمداری ناچارکرا لە5
فبرایر ٢٠١٢ واز لە دەسەڵات بێنی و... هتد .
دیارە راپەرینی خەڵکی ئەو وڵاتانە دژ بە حکومدارەکانیان زیاتر لە
هۆکارێکی هەبووە ، بەڵام قسەی ئێمە لەسەر لێکەوتە و دەرهاوێشتەی پاش
گۆڕینی ئەو دەسەڵاتانەوەیە . چونکە ئەوانەی لە ئێستادا دەسەڵاتیان
گرتووتە دەست ، ئەگەر لەوانی پێشووتر خراپتر نەبن بەرانبەر بە داخوازی
هاوڵاتانیان ، باشتر نین . لە هەمان کاتدا بونە فاکتەرێکی کاریگەر بۆ
رەخسانی زەمینەی سەر لە نوێ سەرهەڵدانەوەی کۆمەڵی مەترسی ، لەوانە ؛
جەنگی ئایدۆلۆژی نێوان دنیابینی ئەمەریکاو و هاوپەیمانەکانی بەرانبەر
بەوانەی مەترسین بۆ سەر بەرژەوەندیەکانیان.
ئەگەر لە سەرەتای هەزارەی دووەمدا ناوبەناو گوێبیستی گوتارو کرداری
نەگونجاو لەگەل لۆژیکی سەردەم دەبیستراو دەبینرا ، لە دوای رۆخانی
تالیبان ، سەدام ، موبارەک و رووداوەکانی سوریا و یەمەن ، ناوی چەندین
رێکخراوی جیهادی هاتە بیستن ، لەوانە قاعدە ، داعش و.. هتد ، وێرای
ئەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو گرووپانە ، سەرچاوەی دارایی و شێوازی کارو
کردەیان مشتومڕێکی زۆری لەسەرە ، بەڵام بە پێی گوتاری خۆیان ، قورئان
تاکە سەرچاوەی نەگۆڕی یاسادانانە لەلایان ، هەر ئایدۆلۆژیاو بیر و
هزرێک لە دەرەوەی ئەوان بە کوفر دەبینن.
بەڵام ئەوەی جێگای تیرامانە ناویکی نوێ (تاقمی خوراسان) وێرای ئەوەی
گرووپێکی زۆر چکولانەن ، کەچی لە لایەن ئەمەریکاوە بە ترسناکترین گرووپ
هاتووتە ئەژمارکردن .
بۆ خوراسان؟
خوراسان بە کوردی، واتە ئهو زهویهی ڕۆژی لێ ههڵدێت ، لە چەندین
ناوچەی ئەم وڵاتانە؛ باکووری ڕۆژھەڵاتی ئێران ، باکووری خۆرئاوای
ئەفغانستان ، هەروەها چەند بەشیک لە تورکەمەنستان ، ئوزبەکستان و
تاجیکستان پێکدێت.
دانشتوانەکەشی لە فارس ، کورد ، پشتو ، بلوج و تورک و ئوزبەک و...
پێکدێت ، زۆرینەیان سننە مەزهەبی شافعین یان حەنەفین ، پاش ئەوەی
سەفەویەکان حکومداریەتیان گرتە دەست زۆرینەی دانشتوانی ئەو بەشەی ئێران
و بەشێک لە رٶژهەڵات (سەر مەرزی ئەفغانستان) و باکوور (سەرمەرزی
تورکمانستان) بوونە بە شیعە . کەواتە خوراسان وێرای ئەوەی ناوچەیەکی
فراوانە فرە نەتەوەیە ، ناکۆکی نێوان شیعەوە سننە مێژینەی هەیە.
لە ئێستادا ئێران کە بەشە گەورەکەی خوراسان کەوتووتە خاکەکەیەوە ،
حکومەتەکەی دەستی لە ناو عیراق ، سوریا ، لوبنان ، فەلەستین ، یەمەن ،
بەحرین ، پاکستان و سعودیە بە جوانی دیارە ، وێرای ئەوەی سننەکان بە
دوژمنی سەرەکی خۆیانی دەزانن ، لەهەمان کاتدا ئەم دەستتێوەردانەی ئێران
بۆتە هۆکارێ گۆڕینی پارسهنگی هێز لەو ناوچانە . کەواتە یەکێک لە
هۆکاری ناونانی ئەو تاقمە بە خوراسان مەبەست نیشاندانی کارتێکی گوشارە
بۆ ئێران.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا رێگا دەدرێت ئێران بەردەوام بێت لەسەر
سیاسەتی فراوانخوازی ؟ پێموایە ئەگەر تا ئاستێک ئەمەریکا ، ئێرانی وەک
گورک بەرانبەر گیسکەکەی هەیاس (عەرەب و سننە مەزهەبەکان) بینێبێ ، لە
هەمان کاتدا ناتوانی رەچاوی بەرژەوەندی ئیسرائیل نەکا کە لەگەڵ سیاسەتی
دەرەوەی ئێران ناگونجێن.
بۆیە پێم وایە؛ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەر ئاستێکی ستراتیجی
سیناریۆیەکی تریان لەبەر دەستدایە ، یەکەم بە ئێران بڵین ئاگاداربە
سنوورت بەزاندووە ، ئەگینا خوراسان لە داعش خراپترە! لە هەمان کاتدا بە
تورکیاش دەڵێت غرور بەسە و لەوە زیاتر شەرە دەنووک لەگەڵ ئیسرائیل مەکە
، وەک لە ئێران قبول ناکەین ، لە ئێوەشی ناکەین، وێرای ئەوەی نەمان
هێشت ببیتە ئەندامی یەدەگی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتە یەکگرتووەکان ،
ئامڕازی گوشار خستنە سەرتان زۆرن ، جگە لە جولاندنی شەقامی تورکی ،
کوردش هەیە .
کەواتە دەبێ چاوەروانی سیناریۆی زنجیرە درامایەکی نوێ بکەین!
پرسیاری لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا سەرکردایەتی کورد دەتوانی لەم رۆلەی بۆیان
دیاریکردووە بەشێوەیەکی باش بیگێرێت؟ یان دیسانەوە بەپێی بەرژەوەندی
حزبەکانیان بەردەوام دەبن لە پەیوەندی ناتەندروست بەو حکومەتانەی کە لە
بنەرەتدا شەر شەری ئەوانەشە ، لە ئێستادا بە کورد دەکرێت؟
swarekemal@yahoo.com
|