٦\١١\٢٠١٣
سینەماکارانی کورد
لە حەوتەمین
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی
سەرکەوتنیان
بەدەستھێنا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "پێش بەفربارین" لە دەرھێنانی ھیشام زەمان و فیلمی سینەمایی "تاڵ،
شیرین، وڵاتەکەم" لە دەرھێنانی ھونەر سەلیم لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی ئەبووزەبی سەرکەوتنیان بەدەستھێنا.
ڕێوڕەسمی کۆتایی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی
بە ئامادەبوونی ئەکتەری ناوداری ئەمەریکی دێڤید ھاسێلھۆف، سەرۆکی
فیستیڤاڵ عەلی ئەلجابیری، بەرنامەداڕێژی فیستیڤاڵ ئینتیشال ئەلتەمیمی،
وەزیری ناوخۆی ئیمارات، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیمارات، وەزیری ڕۆشنبیری
ئیمارات، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ،
ھونەرمەندانی ناوداری دنیا و وڵاتانی عەڕەبی، ھونەرمەندانی سینەما و
تەلەفیزیۆنی ئیماڕات و ھونەرمەندانی بەشداربووی فیستیڤاڵ، سێ ڕۆژ پێش
ئێستا لە کۆشکی گەورەی ئیمارات لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات
بەڕێوەچوو و تیایدا ھونەرمەندانی سەرکەوتووی بەشە جۆراوجۆرەکانی
فیستیڤاڵ، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی ئاسۆی نوێ،
بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵندە دیکۆمێنتییەکان، بەشی نمایشی سینەمای جیھان،
بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمە چیرۆکی و دیکۆمێنتارییەکان، بەشی پێشبڕکێی
فیلمەکانی ئیمارات، بەشی خەڵاتی چاودێری لە منداڵان، بەشی پێشبڕکێی
نێتپەک و ھەروەھا بەشی خەڵاتی فیپێڕشی ڕخنەگرانی سینەما دەستنیشانکران
و خەڵاتی نەقدی و تەندیسی مرواری رەشی فیستیڤاڵ بەسەریاندا دابەشکرا.
فیلمی سینەمایی "پێش بەفربارین" لە دەرھێنانی سینەماکاری کوردی
دانیشتووی وڵاتی نەروێژ ھیشام زەمان بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی
کوردستان و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کورد، بەرھەمھێنەری فیلمەکە
و بەرپرسی کۆمپانیایی سینەمایی میتۆس فیلمی ئەڵمانی مەمەد ئەکتاش و
ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە تاھیر عەبدوڵڵا تاھیر لە ھەرێمی کوردستان لە
دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێ"ی حەوتەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی
لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێ"ی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی
نەقدی ٥٠ ھەزار دۆلاری و تەندیسی مرواری رەشی باشترین فیلمی سینەمای
عەڕەب بە ھیشام زەمان دەرھێنەری ئەم فیلمە بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێ"ی حەوتەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بریتی بوون لە: خاتوو یێسیم
ئۆستاگلۆ ئاڕتیست سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە وڵاتی تورکیا، خاتوو
ئێرێنێ بیگناردی ـ ڕخنەگری سینەما لە وڵاتی ئیتالیا، نوورەدین لەخماری
ـ دەرھێنەر لە وڵاتی مەغریب، والێری تودورۆوسکی ـ دەرھێنەر لە وڵاتی
ئۆکراین و میشێل کامۆن ـ فیلمساز لە وڵاتی لوبنان.
فیلمی سینەمایی ھیشام زەمان لە بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێ"ی حەوتەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بۆ بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە
گرینگە لەگەڵ ١٤ فیلمی سینەمایی لە وڵاتانی فەڕەنسا، قەتەر، توونس،
بەریتانیا، گورجیستان، فەلەستین، نەروێژ، میسر، مەکزیک، ھێندستان،
ئیمارات، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئەمەریکا و چەندین وڵاتی دیکە لە
رکابەریدا بوو.
ھەروەھا فیلمی سینەمایی "تاڵ، شیرین، وڵاتەکەم" لە دەرھێنانی
سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسا ھونەر سەلیم بە نوێنەرایەتیی
لە ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کورد، ئەکتەری
ناوداری سینەمای ئێران گوڵشیفتە فەراھانی، ئەکتەری کوردی باکووری
کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا کورکماز ئەرسلان و ھەروەھا
بەرھەمھێنەری فەڕەنسی فیلمەکە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی
سەرەکی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی نمایشکرا و
لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێ"ی ئەم
فیستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران کە بریتی بوو لە
خەڵاتی نەقدی ٥٠ ھەزار دۆلاری و تەندیسی مرواری رەش بە ھونەر سەلیم
دەرھێنەری ئەم فیلمە بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەوتەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بریتی بوون لە: خاتوو جاکی
وەیڤێر سەرۆکی لێژنەی دادوەران و ئەکتەر لە وڵاتی ئۆستۆڕاڵیا، ئادریان
ووتۆن ـ ئەکتەر و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی بەریتانیا، خاتوو ھیام عەبباس ـ
ئەکتەر لە وڵاتی فەلەستین، خاتوو دۆڕا بۆچۆچا ـ بەرھەمھێنەر لە وڵاتی
توونێس و خاتوو ساندرا دێن ھامێڕ ـ دەرھێنەر و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی
ھۆڵەندا.
فیلمی سینەمایی "تاڵ، شیرین، وڵاتەکەم" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی
حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بۆ بەدەستھێنانی
ئەم خەڵاتەی فیستیڤاڵ لەگەڵ ١٤ فیلمی سینەمایی لە وڵاتانی ئەڕژانتین،
کەنەدا، ھێندستان، فەڕەنسا، ئیمارات، چین، ژاپۆن، پۆڵەندا، دانیمارک،
بۆسنی و ھێزێگۆڤین، قەتەر، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، میسر، بەریتانیا،
ئەمەریکا، ئەڵمانیا، ئەلجەزایر، عێراق، فیلیپین و چەندین وڵاتی دیکە لە
رکابەریدا بوو.
فیلمی سینەمایی ١٠٥ خولەکی "پێش بەفربارین" کە بەرھەمی ھەریمی کوردستان،
کۆمپانیای سینەمایی میتۆس فیلمی ئەڵمانی و وڵاتی نەروێژە، سەرەتا
کاتژمێر ٣٠/٣ی دوانیوەرۆی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٣٠١٣ لە ھۆڵی ڤۆکسی
٦ی ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" و پاشان کاتژمێر ١٥/٣ی دوانیوەرۆی
رۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە ھۆڵی ڤۆکسی ٦ی ناوەندی سینەمایی
"مارینا ماڵ" لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات نمایشکرا.
پێش نمایشی ئەم فیلمە کوردییە، سەرۆکی بەشی عەرەبی فیستیڤاڵ ئینتیشال
ئەلتەمیمی فیلمەکەی بە بینەران ناساند و پاشان ھیشام زەمان وتەیەکی
کورتی پێشکەش کرد و لە درێژەدا ئەم فیلمە بە ئامادەبوونی ئەندامانی
لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێ"ی فیستیڤاڵی فیلمی
ئەبووزەبی پێشکەشکرا.
لە دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "پێش بەفربارین" رێوڕەسمی ڕخنە و
ھەڵسەنگاندن بە ئامادەبوونی ڕخنەگر و کارناسی ناوداری سینەمای عەرەب
ئینتیشال ئەلتەمیمی بەڕێوەچوو و ھیشام زەمان بە وردی وڵامی پرسیاری
ئامادەبووانی دایەوە کە زۆربەی پرسیارەکان لەسەر چۆنییەتی کارکردنی ئەم
فیلمسازە لەگەڵ ئەکتەرکانی ئەم فیلمە کە زۆربەیان ئاماتۆرن و ھەروەھا
چیرۆکی فیلمەکە بوون.
فیلمی سینەمایی "تاڵ، شیرین، وڵاتەکەم" کە بەرھەمی ھەریمی کوردستان و
وڵاتانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیماراتە، سەرەتا کاتژمێر ٩ی شەوی ٢٧ی
تشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٣٠١٣ لە ھۆڵی گەورەی کۆشکی ئیمارات و پاشان
کاتژمێر ٣٠/٣ی دوانیوەرۆی رۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە ھۆڵی ڤۆکسی
٤ی ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" نمایشکرا.
پێش نمایشی ئەم فیلمەدا کە لەڕاستیدا وێتسێڕنێکی کوردییە، سەرۆکی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی عەلی ئەلجابیری و ھەروەھا سەرۆکی
بەشی عەرەبی فیستیڤاڵ ئینتیشال ئەلتەمیمی فیلمەکەیان بە بینەران ناساند
و پاشان ستافی فیلمەکە لەسەر سەحنەی ھۆڵی کۆشکی ئیمارات ئامادەبوون.
لە دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "تاڵ، شیرین، وڵاتەکەم" رێوڕەسمی ڕخنە و
ھەڵسەنگاندن بە ئامادەبوونی ستافی فیلمەکە و ڕخنەگر و کارناسی ناوداری
سینەمای عەرەب ئینتیشال ئەلتەمیمی لە ھۆڵی گەورەی کۆشکی ئیمارات
بەڕێوەچوو و ھونەر سەلیم و ستافی فیلمەکە بە وردی وڵامی پرسیاری
ئامادەبووانییان دایەوە.
حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەبووزەبی بە نمایشی کۆمەڵێک
فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی
جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، کۆڕ و کۆبوونەوەی سینەمایی و
رێوڕەسمی ڕخنە و ھەڵسەنگاندنی فیلمەکان لە رۆژانی ٢٤ی تشرینی یەکەم /
ئۆکتۆبەر تا ٢ی تەشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری ٢٠١٣ لە ھۆڵی گەورەی کۆشکی
ئیمارات و ھەروەھا ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە شاری ئەبووزەبی لە
وڵاتی ئیمارات یەکگرتووی عەرەبی بەڕێوەچوو.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|