په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١٢\٢٠١٦

سینەماکارانی کورد لە سێیەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" رێزیان لێگیرا.

 

مەنسوور جیھانی


یۆتۆبۆری ـ سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" لە وڵاتی سوید رێزیان لێگیرا.


ڕێوڕەسمی کۆتایی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە ئامادەبوونی "دڵشاد ئەحمەد" سەرۆکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" و سەرۆکی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، "لاگێ بیۆرک" بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، "شوان عەتووف" ئەکتەری ناوداری کورد، دکتۆر "دڵشاد مستەفا" دەرھێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازە دامەزراوی بەشی سینەمای کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، "شەماڵی عەبە ڕەش" ئەکتەری ناوداری شانۆ، "شادان فوئاد" ئەکتەری بەئەزموونی شانۆ، دکتۆر "رێبوار سەعید" ڕاگریی کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، "مەسعوود یۆسفی" ئەکتەری کوردیی دانیشتووی وڵاتی سوید، "ئاسۆ دیلان" ژەنیاری بەتوانای عوود و ئەندامی گرووپی موزیکی "نەوا" و ھەروەھا کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید، لە ھۆڵی سینەمایی "فۆڵکت ھیووس" لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو کە سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە بەرھەمە کورت و بڵیندە سینەماییەکانی خۆیان بە پێشکەش کردنی لەوحەی فەخری رێزی تایبەتیان لێگیرا.


لەم رێوڕەسمەدا لە بەشی بەرھەمە سینەماییەکاندا لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە فیلمی سینەمایی "کوێستانی قەندیل" لە دەرھێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "تەھا کەریمی" بەخشرا کە "شەماڵی عەبە ڕەش" ئەکتەری شانۆی ھەرێمی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی ئەم ھونەرمەندە کوردە ئەم خەڵاتەی وەرگرت.


دکتۆر "دڵشاد مستەفا" دەرھێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازە دامەزراوی بەشی سینەمای کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، دوای رێزلێنانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" لە "تەھا کەریمی" سەبارەت بەم سینەماکارە کۆچکردووە کوردە گوتی: یەکێکی دیکە لە بەدبەختییەکانی ئێمەی کورد ئەوەیە کە کەسە داھێنەرەکانمان زۆر جار بە زووترین کات و بەخێرایی ئەو دنیایە بەجێدەھێڵن و یەکێک لەوانە "تەھا کەریمی" بوو، "تەھا کەریمی" ھونەرمەندێکی چوست و چالاک و لێھاتوو و بەتوانای کورد بوو کە خەونی زۆر گەورەتری ھەبوو کە ئێمە بەرھەمە کورت و بڵیندە سینەماییەکانیمان بینیوە. خەوی "تەھا کەریمی" خەویی بەدیھێنانی سینەمای کوردیی بوو کە بتوانێت مۆر و شوناسێکی کوردانەی ھەبێت و بەو مۆر و شوناسەوە بڕواتە دنیای ئەوانی دیکەوە. بەڵام جێی داخە تەھا بە کارەساتێکی دڵتەزێنی ئۆتۆمبێلەوە لە شاری سلێمانی دنیای بەجێھێشت و نەیتوانی خەوەکانی بێنێتەدی.


گوتیشی: بەدڵنیاییەوە ئەگەر تەھا لەم دنیایە بوایە بەرھەمی زۆر جوانتر و لاوازەترمان لێدەبینی، ھیوادارم رۆحی تەھا بە ھەموو یادکرنەوەکانی شادبێت.


ھەروەھا لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە فیلمی سینەمایی "عاشقەکان بە پێوە دەمرن" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەھرام مەسلەخی" بەخشرا کە "شوان عەتووف" ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە دەرھێنەر وەرگرت.


ھەر لەم بەشەدا رێز لە فیلمی سینەمایی "مناڵانی دیاربەکر" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "میراز بێزار" لە شاری ئامێد گیرا کە "ھەڤاڵ بایرام" بە نوێنەرایەتی لە دەرھێنەر ئەم خەڵاتەی وەرگرت.


لە بەشی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمی "ماڵی سپی" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ئەرەستوو مەفاخیری" و بە رۆڵ بینینی ئەکتەری کورد "شیما مولایی" بەخشرا کە "مەنسوور جیھانی" رۆژنامەنووسی سەربەخۆی سینەمایی خەڵاتەکەی بە نوێنەرایەتی لە دەرھێنەری سنەیی ئەم کورتە فیلمە کوردییە وەرگرت.


ھەروەھا لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمی "ئاوێنە ڕەنگ بزرکاوەکان" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "سالم سەڵەواتی" لە شاری سنە بەخشرا، کە "مەسعوود یۆسفی" ئەکتەر و دەرھێنەری کوردیی دانیشتووی وڵاتی سوید، بە نوێنەرایەتی لە دەرھێنەر ئەم خەڵاتەی وەرگرت.


لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە کورتە فیلمی "وڵاتی ونبوو" لە درھێنانی سینەماکاری کورد "ھەوراز محەمەد" لە ھەرێمی کوردستان بەخشرا کە "ھیوا جاف" لە ئەندامانی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە درەھێنەر وەرگرت.


ھەروەھا لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمەکانی "کوڕانی چیا" و "کاتژمێر ١٤:٣٦ و ٢٢:٨" لە دەرھێنانی ھاوبەشی "ژیرۆ ئاگا ھەستیار" و "فریدریک کارلسۆن" بەخشرا کە خەڵاتەکەیان لە "لاگێ بیۆرک" بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری وەرگرت.


سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە سەرۆکایەتی "دڵشاد ئەحمەد" سەرۆکی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری و بە ھاوکاریی دەزگای ABF شاری یۆتۆبۆری ھاندەریی ھونەرمەندان و بەرھەمە ھونەرییەکانیان بە سەرۆکایەتی "پیتێر ئۆلف سۆن"  و بە نمایشی بەرھەمی سینەماکارانی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و بە نمایشی بەرھەمی فۆتۆگرافی ھونەرمەندانی کورد "ناسح عەلی خەیات"، "بابان ساڵح"، "ھۆشمەند ھەڵگورد" و ھونەرمەندی سویدی "لاگێ بیۆرک" لە ھۆڵی سینەمایی "فۆڵکت ھیووس" لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی سێیەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری"

 

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک