١٣\١٢\٢٠١٤
سینەماکارانی کورد لە فیستیڤاڵی فیلمی سینەما حەقیقەتی ئێراندا
سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
مەنسوور جیهانی
سینەماکارانی
کورد لە هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیکۆمێنتاری
"سینەما حەقیقەت"ـدا لە وڵاتی ئێران سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
بەرهەمی سینەماکارانی کورد لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی هەشتەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیکۆمێنتاری ئێران بە ناونیشانی
"سینەما حەقیقەت" نمایشکران و توانییان خەڵاتی گرینگی ئەم فیستیڤاڵە
بەدەستبێنن، لەوانە:
ـ بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی فیلمە بڵندە دیکۆمێنتارییەکان:
خەڵاتی لەوحەی فەخری ئەم بەشە بە فیلمی بڵندیی دیکۆمێنتاری "هەزار و
یەک سێو" لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "تەها کەریمی" بە
نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان بەخشرا.
ـ بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی کورتە فیلمە دیکۆمێنتارییەکان:
تەندیسی فیستیڤاڵ، دیپڵۆمای فەخری و خەڵاتی نەقدی ٨ میلیۆن تومەنی
باشترین دەرهێنانی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ بە کورتە فیلمی "کەوچک" لە
دەرهێنانی سینەماکاری کورد "جەلال وەیسی" لە شاری سنە بەخشرا.
ـ بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی فیلمە بڵندە دیکۆمێنتارییەکان:
خەڵاتی هێمای "فیرووزەی سینەما حەقیقەت"، تەندیسی فیستیڤاڵ، دیپڵۆمای
فەخری و خەڵاتی نەقدی ١٤ میلیۆن تومەنی باشترین فیلمی فیستیڤاڵ بە
فیلمی بڵندی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە ڕەگە سەردەکاندا" لە دەرهێنانی
سینەماکاری کورد "فەتحوڵڵا ئەمیری" لە شاری ئیلام بەخشرا.
هەر لە بەشە جۆراوجۆرەکانی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
"سینەما حەقیقەت"ـدا چەندین فیلمی دیکە لە سینەماکارانی کورد،
نەتەوەکانی دیکەی ئێران و سینەماکارانی بیانی سەبارەت بە کورد و
کوردستان نمایشکران، کە بریتی بوون لە:
- فیلمی دیکۆمێنتی "بە شوێن
تاووسەکاندا" لە دەرهێنانی "ئێستێر ئێسپات" لە وڵاتی هەنگاریا سەبارەت
بە ئیزەدییەکانی هەرێمی کودرستان لە بەشی "چاوخشاندێک بە بەرهەمەکانی
فیستیڤاڵی مرۆڤناسی ئێستۆنی".
- فیلمی دیکۆمێنتی "لەگەڵ خودا
سەما دەکەم" لە دەرهێنانی سینەماکاری لوڕ "هووشەنگ میرزایی" سەبارەت بە
پیرە پیاوێکی کوردی کۆری گوندی هەورامانی تەخت لە بەشی پێشبڕکێی
نەتەوەیی فیستیڤاڵ.
- فیلمی دیکۆمێنتی "شاری خامۆش"
لە دەرهێنانی سینەماکاری لوڕ "هووشەنگ میرزایی" سەبارەت بە پیاوێکی
مردووشۆری لوڕ لە بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی فیستیڤاڵ.
- فیلمی دیکۆمێنتی "پاڵەوان و
خرقە" لە دەرهێنانی "ئاڕش لاهووتی" سەبارەت بە ژیان و ئەستەنگەکانی
ڕۆژانەی پاڵەوانێکی کرماشانی لە بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی فیستیڤاڵ.
- فیلمی دیکۆمێنتی "ئایدا لە
ئاوێنەی شاملوودا" لە دەرهێنانی سینەماکاری هەورامی "موختار شوکری
پوور" سەبارەت بە کەسایەتیی و ژیانی ڕۆژانەی خاتوو "ئایدا سێرکیسیان"
هاوسەری شاعیری ناوداری ئێرانی "ئەحمەد شاملوو" دوای کۆچی دوایی ئەم
شاعیرە پێشەنگە.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی دیکۆمێنتاری "سینەما حەقیقەت" بریتی بوون لە:
دیکۆمێنتسازی ناوداری ئێران "کامڕان شیڕدڵ" ـ توێژەر و دیکۆمێنتسازی
پێشەنگ و بەئەزموون لە وڵاتی ئێران، خاتوو "ئالیسۆن لی" ـ سکرتێری
گەورەی کۆنگرەی جیهانی فیلمی دیکۆمێنتی لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، "پاوڵ
لۆزینسکی" ـ دیکۆمێنتساز و هەڵگری خەڵاتی ئەندامانی لێژەی دادوەرانی
حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیکۆمێنتاری "سینەما
حەقیقەت" لە وڵاتی پۆڵەندا، خاتوو "مەهوەش شێخوالئیسلامی" ـ
دیکۆمێنتسازی بەئەزموونی سینەما لە وڵاتی ئێران، "جیۆنا نازارۆ" ـ
نووسەر و ڕەخنەگری سینەما، ئەندامی لێژنەی هەڵبژاردنی فیستیڤاڵەکانی
ویزیۆن دۆریل، ڕۆم، تۆرین، لۆکاڕنۆ و بەرنامەداڕێژیی فیستیڤاڵی پۆپۆلی
لە وڵاتی ئیتاڵیا و "یاقووت جوودە سەعیە الئەدیب" ڕەخنەگری سینەما و
ئەندامی فیدڕاسیۆنی ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتیی سینەما بە ناونیشانی فیپڕشی
لە وڵاتی میسر.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی سینەمای ئێران لە
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیکۆمێنتاری "سینەما حەقیقەت" بریتی بوون
لە: "محەمەدڕەزا موقەدەسیان" ـ توێژەر و دیکۆمێنتساز، دکتۆر "ئەحمەد
زابیتی جەهرۆمی" ـ مامۆستای زانکۆ، نووسەر و دیکۆمێنتساز، "سەعید
ئەبووتالیب" ـ بەرپرسی کەلتووری، نوێنەری پێشووی پەڕڵەمانی ئێران و
دیکۆمێنتساز، دکتۆر "حەبیب ئەحمەدزادە" ـ نووسەر و مامۆستای زانکۆ،
"محەمەد شیروانی" ـ نووسەر و دەرهێنەری سینەما، "مستەفا ڕەزاق کەریمی"
ـ دیکۆمێنتساز و دەرهێنەری سینەما و "ڕامین حەیدەری فاڕووقی" ـ
دیکۆمێنتساز و بەرهەمهێنەری سینەما.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیکۆمێنتاری "سینەما حەقیقەت" یەکێکە لە
فیستیڤاڵە گرینگەکانی فیلمی دیکۆمێنتی لە ئاستی جیهاندا کە لە نێوان
سینەماکارانی فیلمی دیکۆمێنتای دنیادا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و هەموو
ساڵێک بەرهەمەکانی خۆیان بۆ نمایش لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فیستیڤاڵە
ڕەوانە دەکەن و سینەماکارانی کورد بە بەرهەمەکانیان تا ئێستا لە تەواوی
خولەکانی ئەم فیستیڤاڵەدا خەڵاتی گرینگیان بەدەستهێناوە.
هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دیکۆمێنتاری ئێران بە
ناونیشانی "سینەما حەقیقەت" بە نمایشی ٢٨٧ دیکۆمێنتاریی بەرهەمی
سینەماکارانی ٤٠ وڵاتی جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی
"پێشبڕکێی نەتەوەیی"، بەشی "پێشبڕکێی نێونەتەوەیی" و چەندین بەشی
دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "چاوخشاندنێک بە سینەمای ژاپۆن"، بەشی
"فیستیڤاڵی ویزیۆن دۆرئێلی سویسڕا"، بەشی "فیستیڤاڵی مرۆڤناسی
ئێستۆنی"، بەشی "ڕێزلێنان و نمایشی فیلمەکانی دیکۆمێنتسازی ناوداری
هۆڵەندی خاتوو "هۆدا هانیگمان"، بەشی "فیلمی دیکۆمێنتی وەرزشی"، بەشی
"هەڵبژاردەیەک لە فیستیڤاڵە گرینگەکانی فیلمی دیکۆمێنتی دنیا لەوانە:
ئیدفای هۆڵەندی، ڤێنیزی ئیتاڵی و بەڕڵینی ئەڵمانی"، بەشی "دیکۆمێنتی
شار"، بەشی "شوێنگەی ئێمە"، بەشی "ڕۆژگاریی ئێمە"، بەشی "کۆڕی ڕەخنە و
هەڵسەنگاندیی کتێبە نوێیە چاپکراوەکان"، بەشی "ڕۆژگاریی ئێمە"، بەشی
"لە دڵیی ڕۆژهەڵاتدا"، بەشی "چاوخشاندنێک بە سینەمای دیکۆمێنتی
ئیسفەهان"، بەشی "ڕوانینێکی دیکە"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی
"بەڕێوەبردنی کارگەی پسپۆڕانەی دیکۆمێنستازی" و چەندین بەشی دیکە لە
ڕۆژانی ١ تا ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ لە سینەماکانی فەلەستین و سپیدەی
شاری تاران بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاری "سینەما
حەقیقەت".
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|