١٠\٦\٢٠١٣
سینەما و میدیاى
کوردى.

کەریمۆک
لەبەرئەوەى کلتورى سینەمایى لەنێو ئێمەدا
هێشتا نەبۆتە بەشێک لەژیار و کۆمەڵگەى ئێمە دەتوانێ بێ سینەما و بینینى
فیلم بگوزەرێنێ، بەهەمان شێوە میدیاى ئێمە لەبەرامبەر سینەمادا
میدیایەکى هەژارە، بەدیوێکیدى هێشتا جۆرنالیستى سینەمایى تایبەت
بەبوارى فیلمسازى بوونى نییە..! بۆیە سەرجەم ئەو ڕاپۆرت و
چاوپێکەوتنانەى لەسەر سینەما و لەگەڵ هونەرمەندانى بوارى فیلمسازى
ئەنجام دەدرێن، نائاگایى و ناهۆشیاریەکى تەواوى پێوە دیارە، جار هەیە
کورتە فیلمێک کە کەسێک وەک ئەزمون و وەک هەنگاوى یەکەم دروستى کردووە،
سەد هێندەى فیلمێکى بڵندى هونەرى بایەخى پێدەدرێت..!
لەخودى ئەو پرسیارانەوە کەئاڕاستەى ئەو فیلمسازانە دەکرێت، تێدەگەین
هێشتا شتێک نییە بەناوى جۆرنالیستى سینەمایى، ئەم ڕەوشەش گرفتى زۆرى
هێناوەتە ئاراوە، خوێنەر و بینەرى ئێمەى سەر لێشواو کردووە، نازانێ کام
دەرهێنەر و کام فیلم ئاستى باشى هەیە و پێویستە ببینرێن و کامەشیان
دەبێتە چەواشەکردنی زەوقی بینەر..!
هەر لەبەر هەژارى و کەمدەستى میدیای کوردیە، هەر ئەوەندە فیلمسازێک
لەدەرەوەى کوردستان خەڵاتێکى وەرگرت، ئیدى ڕاگەیاندنکاران بەلێشاو ڕووى
تێدەکەن و بە شان و باڵی هەڵدەدەن، بێ ئەوەی بزانن ئاستی فێستیڤاڵەکە و
بەهای ئەو خەڵاتەی وەریگرتووە چییە..! بەپێچەوانەوەش لەماوەی چەند ساڵی
ڕابردوودا فیلمسازانی کورد زۆر خەڵاتی گرنگیان بە دەست هێناوە، کەچی
لای میدیای ئێمە نەبۆتە جێگەی بایەخ و لە پەراوێزەوە ئاماژەی پێدراوە..!
بەشێک لە ڕۆژنامەکانی ئێمە ئەوەندەی هەڵوەدای زانینی بڕی بوجەی
دیاریکراوی فیلمێکن و بە مانشێتی گەورە دەنوسن فڵانە فیلم ئەوەندە
ملیۆن دیناری بۆ سەرفکرا، ئەوەندە بەدوای ئاستی هونەری و پەیامی
فیلمەکەوە نین..!
خراپی یان لە ئاست پێویست نەبوونی میدیای کوردی بەرامبەر سینەما بۆ زۆر
هۆکار دەگەڕێتەوە، ڕەنگە دیارترینیان ئەو نامۆیە و نائاشناییە بێت لە
نێوان تاکی کورد و سینەما بەتوێژی ڕۆشنبیرانیشەوە، هێشتا ڕووناکبیری
ئێمە، سیاسەتمەداری ئێمە، وەرزشەوان و سەرنووسەران و باقی چینەکانیتر
لەخۆشاو چێژ و سیحری فیلم بینیندا بەهرەمەند نین، هێشتا دۆخی زەوق و
چێژ و بینین بۆ سینەما لای تاکی کورد نۆرماڵ و تەندروست نییە..! هێشتا
چوونە سینەما لە نێو پڕۆگرامی ڕۆژانەی هەر تاکێک ئامادەیی نییە، هێشتا
هەموومان دەتوانین بێ بینینی فیلم ڕۆژەکانمان بگوزەرێنین..!
ماڵپهڕی کهریمۆک
|