په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٣\٢٠١٠

سینەما وەک تلیاک.
چەند سەرنجێک لەسەر فیلمی
2012.


حەسەن حسێن  


بۆ جارى سێیەم دەرهێنەرى ئەڵمانی روناڵد ئیمیریچ بەدیدگایەکی هۆڵیۆدییەوە فیلمێک لەبارەى کۆتایی جیهان بەناوى 2012 ەوە پێشکەش دەکات. ئەم فیلمە ساڵی 2009 بەرهەمهێنراوە و نزیکەى 200 ملیۆن دۆلارى تێچووە و یەکەمین جار لەمانگی 11ى ساڵی 2009 لە سینەماکانی بەلجیکاوە پیشان دراوە. هەڵبەتە بەر لەم فیلمە گەلێک فیلمی دیکەیش بەرهەمهێنراون کە بە شێوەى جۆراوجۆر باس لە کۆتایی جیهان دەکەن، خودى روناڵد ئیمیریچ بەر لەفیلمی 2012 فیلمی The Day after tomorrow ى دەرهێنا کە بە رەشبینییەوە باس لەدیاردەى نینۆ یا ئەوق بوونی گەرما( الاحتباس الحرارى) دەکات کە دەبێتە هۆى توڕە بوونی سروشت و کۆتایی هاتنی جیهان و گەڕانەوەى چاخی بەستەڵەک. بەڵام ئەوەى جێگەى گرنگی پێدانی ئێمەیە فیلمی 2012 یە چونکە بڵاو بوونەوەى کۆپی دىڤىدى DVD فیلمەکە لە بازاڕەکانی کوردستاندا، کاریگەرییەکی خراپی کردە سەر بارى دەروونی هاوڵاتییان، بەجۆرێک هەندێک کەس، کە لە ریپۆتاژى رۆژنامەکاندا بڵاو بویەوە، دەستیان لە دنیا شۆرى و دووچارى دڵە راوکآ بوون. هەر بۆیە هەندێک رۆژنامە و تەنانەت چەند مەلایەکیش، بەو پێیەى ئایینەکانیش باسیان لە کۆتایی دنیا کردووە، لەسەر ئەو بابەتە لێدوانیان دا. بەبڕواى نوسەرى ئەم بابەتە دوو فاکتەر لە دروستکردنی ئەو حاڵەتەدا رۆڵیان بینیوە:


یەکەم/ دەستنیشان کردنی کات و وادەى کۆتایی دنیا و بەهێزکردنی روانگەى فیلمەکە بەتێکەڵ کردنی پێشبینییەکی گەلی (مایا) لەگەڵ تیۆرەى دەرچوون یا خزانی زەوى The theory of Saturn's land ،کە تیۆرەیەکی زانستییە و ساڵی 1958 دەرکەوت. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەى خێراتر کاریگەرى لەسەر بینەرى سادە دابنێت چونکە سەرگەرم بوون بە رووداوەکانی فیلمەکە و وروژاندن و دیمەنی ترسناک بینەر بەجۆرێک سەرقاڵ دەکەن کە نایپەرژێت فەنتازیا و واقیع، ئەفسانە و زانست لەیەک جیابکاتەوە.


دووەم/سینەما وەک کەلتوور لەکۆمەڵگەى کوردیدا بنجی دانەکوتاوە و بینەرى سادە هێشتا بەتەواوى لە فەنتازیا ، کە گەوهەرى فیلمە، تێنەگەیشتووە و وەک روودواى واقیعی سەیرى دەکات.(1) نەخوازەڵا بابەتی فیلمەکە باسی قیامەت بێت!!! لەراستیدا ئەگەرهاوڵاتییان هوشیاریی و باکگراوندێکی سینەماییان هەبوایە و ئاگادارى ئەو کارە سینەماییانەى دیکە بوونایەکە باس لە کارەساتە سروشتی و رووداوەکان دەکەن، ئەوا ئەو ترسە بڵاو نەدەبووەوە.


هەرچەندە زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە هونەر خۆى لەخۆیدا ئامانجە و پێویستە دابڕاوبێت لە ئایدۆلۆژیا و سیاسەت، خەڵکانێکیش لە هونەرپیشە و بەرهەمهێنەرانی کاری هونەرییەوە هەتا وەرگر(ئەو کەسەى کارە هونەرییەکەى بۆ ئاراستە دەکرێت) باوەڕ بەو تێزە دەهێنن. بەڵام هیچ کارێکی هونەرى، بەتایبەت، دراما دابڕاو نییە لە رەهەندى سیاسی، ئایدۆلۆژى و کۆمەڵایەتی. ئەم سیمایە بە هۆڵیۆد و ئاراستەى فیلمەکانی هۆڵیۆدەوە زۆر رۆشنە و بەگشتی، نەک بەدیاریکراوى، بەرهەمەکانی هۆڵیۆد بەرجەستەکەرى رۆحی ئەمریکایین، کە هەڵگرى تێڕوانینێکی میتافیزیکین بۆ هێز و دەسەڵات و ژیان و بوون،  و بیریی بێهاوتایی ئەمریکایی و وێنەى پاڵەوانی باڵا لە ئەندێشە و خەیاڵ و بیرى بینەردا تۆخ دەکەنەوە. ئامانجیش لەم ئاراستەیە ئەوەیە کە لەسەر ئاستی ناوخۆدا رۆشنبیرییەک بەرهەم بهێنێت کە گیانی تاکگەرایی و مەزنخوازى لەبەرامبەر میللەتانی دیکە و باوەڕى میتافیزیکی و... بچنە نێو پێکهاتەى کەلتووریی و هوشیارى تاک و کۆمەڵگەى ئەمریکییەوە. لەسەر ئاستی دەرەوەش هەستی خۆبەکەم زانین لە بەرامبەر هاوڵاتی ئەمریکا و دروست کردنی فەنتازیایەکی رەنگ بۆرێژراو سەبارەت بە ئەمریکا و خەونی ئەمریکایی American Dream  و ئەمریکایی بوون لەنێو بیر و خەیاڵی میلەتانی دیکەدا بچەسپێنێت.


بەم مانایە دەکرێت بڵێین ئامانجێکی هۆڵیۆد و پیشەسازى فیلم دواندنی عەقڵی ئاگا و نائاگاى جەماوەرى خەڵکە. هەر بۆیە بەرهەمەکانی هۆڵیۆد لاى بینەر سەرنج راکێشن، چونکە بەڕواڵەت ختوکەى هەست و سۆز دەدات و چێژى ئیستاتیکی بینەر دەوروژێنێت، بەڵام لەناوەڕۆکدا کاریگەرى لەسەر نەست و هێما ناوەکییەکانی مرۆڤ دادەنێت. فیلمی 2012 هەوڵێکە بەم ئاقارەدا، ئەم فیلمە پرسی ژیان و مەرگ، بوون و نەمان و کۆتاییهاتنی دنیا دەوروژێنێت، بەڵام نەک بەشێوازە زانستییەکەى بەڵکو بەشێوازە ئەفسانەییەکەى.

بیرۆکەى فیلمەکە.

بیرۆکەى فیلمەکە لە ئەفسانەیەکی (مایا) کانەوە وەرگیراوە کە نزیکەى 2000 ساڵ لەمەو پێش لە باکوورى گواتیمالا، هەندیک ناوچەى مەکسیک، هندۆراس و سلڤادۆردا ژیاون. (مایا) خاوەنی رۆژژمێرێک بوون کە لە 21/12/2012 دا کۆتایی دێت و پێشبینیان کردووە کە لەو رۆژەدا دنیا کۆتایی پێ بێت. نووسەرانی فیلمەکە و دەرهێنەر، کە خۆیشی بەشدارە لە نووسینیدا، بۆ بەهێزکردنی ئەو ئەفسانەیە و نزیک کردنەوەى لە راستییەوە سوودیان لە دیاردە و رووداوە گەردوونییەکان بەتایبەت تیۆرەى خزانی زەوى The theory of Saturn's land وەرگرتووە کە بەهۆى بەریەک کەوتن و جوڵەى پلێتەکانی ژێر زەوییەوە کارەساتە سروشتییەکانی وەک گڕکانەکان، لافاو و قڵیشانەوەى زەوى زیاد دەکەن و نەخشەى جوگرافی و جەمسەرە موگناتیسییەکانی زەوى دەگۆڕدرێن. بەڵام دواجار 400 هەزارکەس لە دەستەبژێرانی جیهان و جووتی سەرجەم ئاژەڵ و باڵندەکان لە پرۆسەیەکی نوح ئاسادا رزگاریان دەبێت. لە راستیدا گەورەترین دژوارى فیلمەکەش هەرئەمەیە کە دوو ئەفسانەى جیاواز( ئەفسانەى شارستانێتی مایا و تۆفانی نوح) تێکەڵ بە زانست دەکات!!


وەک گەلێک فیلمی دیکەى هۆڵیۆد، پاڵەوانەکە (جاکسۆن کۆرتیز) کە جۆن کۆجاک رۆڵەکەى دەگێڕێت و دوو منداڵەکەى و ژنەکەى{ئەماندا پیت رۆڵەکەى دەگێڕێت} کەلێی جیابۆتەوە) و هاوسەرى ژنەکەى پێکەوە بە زنجیرەیەک رووداو و هەڵوێستی مەترسیداردا تێدەپەڕن. ئەمان ئەگەرچی هاوڵاتی سادەن، بەڵام تەنها لەبەرئەوەى ئەمریکایین، لەو هەموو ریسک و مەترسییەى کە وەک ئاژەڵێکی دڕندە شوێنیان کەوتووە دەربازیان دەبێت و پەیوەست دەبن بەو 400 هەزارکەسە هەڵبژاردەیەوە! واتە ئەوانەى رزگاریان دەبێت لەو بەڵاو قیامەتە فیعلییە بریتیین لە نوخبەى سیاسیی فەرمانڕەواى وڵاتانی جیهان، هەندێک لە زاناکان، ملیۆنێرەکان، کەسانێک لەرووى جینیەوە بۆ نەوە خستنەوە سوودیان لێوەردەگیرێت و ئەو کەسانەى وەک خێزانی جاکسۆن جەربەزەن و دڕ بە هەموو ناخۆشی و کارەساتەکان دەدەن. لێرەدا بینەرى ئاسایی لە بەرامبەر ئەو ریسک و قارەمانێتییەى کە خێزانەکە دەینوێنن، دووچارى خۆ بەکەم گرتن دەبێت و تا ئەو ئەندازەیەى کە هەست بە بێ نرخی و هیچی خۆى دەکات، ئەمەش ئەو کاریگەرییەیە کە فیلمەکانی ئەکشن و گیانبازیی هۆڵیۆدى لەسەر هۆش و ئەندێشەى بینەر دایدەنێت، و بگرە مەبەستێتی پێی بڵێت تۆ ئەمریکی نیت بۆیە شایستەى ئەوەنیت کە رزگارت بێت ئاخر ئەوان سەرۆکێکیان هەیە کە هاوچارەنووسیانە و مردن لەگەڵ گەلەکەیدا هەڵدەبژێرێت، هاوڵاتی وەک جاکسۆن کۆرتیزیان هەیە، بۆیە گەلێکی بآ هاوتان، ئەمە پەیامی سیاسی و ئایدۆلۆژیی دەرهێنەرە لەو فیلمەدا.


فیلمەکە بەشێوەیەکی بەرچاویش بایەخ بە ئایینی بودایی و رابەرە رۆحییەکەیان (دەلایلاما) دەدات و دەیخاتە ئاست سەرۆکی ئەمریکاوە( هەڵبەتە فیلمەکە خۆى قورساییەکی زیاد لە پێویست بۆ سەرۆکی ئەمریکا دادەنێت و ئەوەش کە من مەبەستمە ئاستی ئەو بایەخەیە کە فیلمەکە داویەتی بە سەرۆکی ئەمریکا) بەوەى ئەویش بیر لە خۆ دەربازکردن ناکاتەوە، ئەگەرچی ئەمە سەبارەت بە ئایینی بودایی لۆژیکیتر و شیاوترە، بەڵام خاڵی نییە لە پەیامی سیاسی و ئایدۆلۆژى و بەمانایەک پێمان دەڵێت ئەوەى کە لەجیهاندا دەمێنێتەوە ئایینی بوداییە( رەنگە ئەوەش سترراتیژییەکی نوێ بێت لەنێو سینەماى هۆڵیۆد هەروەک چۆن ئەوە ستراتیژییە لە سیاسەتی ئەمریکایش دەبینین) (2)


ئەم فیلمەش هەروەک گشت چیرۆک و داستانیکی ئەفسانەیی جگە لە دیمەنی جوان و سەرنج راکێش و رووداوى سەرسوڕهێنەرى نامەنتیقی، چەند حیکمەتێک یا ئامۆژگارى یا پەندی فەلسەفی گرتووەتە خۆى. حیکمەتی یەکەمیان لەسەر زارى سەرۆکی ئەمریکا( ویڵسۆن)ەوە دەردەبڕدرێت کاتێک کە دوایین گوتار بۆ گەل دەخوێنێتەوە و دەڵێت( ئێمە ئێستا کەسمان بەیەک نامۆ نین، ئەمڕۆ ئێمە یەک خێزانین و بەرەو تاریکی هەنگاو دەنێین).حیکمەتی دووەمیان لەسەر زارى( ئەدریان)ى زاناوەیە ( دان گلۆڤر رۆڵەکەى دەگێڕێت) کاتێک دەڵێت:( ئەگەر ئاییندەمان بەم دڵڕەقییە دەست پێبکەین، ئەى چی بە منداڵەکانتان دەڵێن). حیکمەتی سێیەمیش لە کۆتایی فیلمەکەدایە لەسەر زارى(جاکسۆن)ەوە دەردەبڕدرێت کە منداڵەکەى پرسیارى گەڕانەوە بۆ ماڵی لێدەکات ئەویش دەڵێت: (لەهەرجێیەک بین ئەوە ماڵی خۆمانە){ سەرنج بدە هەموو پەندە گرنگەکان لەسەر زارى کارەکتەرە ئەمریکییەکانەوەیە}.


ئەندێشەى ئەفسانەگەرى لە هۆڵیۆددا پەیوەندییەکی پتەوى بە روانگەى بەناوەندکردنی(سەنتەرکردن) ئەمریکاوە هەیە و ئەمیش ریشەیەکی ئایدۆلۆژیی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆچکردنی ئەوروپاییەکان بۆ کیشوەرى نوێ،{ کاتێک یادشتنوسە بیوریتانیەکان هەوڵیان دەدا لە ژێر رۆشنایی کتێبی (سەردەمی کۆن)دا شوێنی خۆیان لە مێژوودا وێنا بکەن و لەیەکچوونێکی راستەوخۆیان خستە بەرچاو لە نێوان کۆچکردن لە ئینگلتەراوە بۆ ئەمریکا و کۆچی ئەفسونایی ئیسرائیلییەکان لە میسرەوە}(3). هەر بۆیە کەسێکی وەک جۆن ئادامز کە دووەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو پێی وابوو پرۆسەى نیشتەجێکردن لە کیشوەرى ئەمریکا جێبەجآ کردنی پلانێکی مەزنی ئاسمانییە. بنج داکوتانی ئەم روانگەیە لە هزر و فەلسەفەى سیاسی ئەمریکادا دواجار لە سایکۆلۆژیاى دەوڵەت و دامەزراوەکانیدا رەنگ دەداتەوە و ئیگۆ(انا)ى ئەمریکا بەسەر کارەکتەر و سیماکانی ئەم وڵاتەدا زاڵ دەبێت. ئاخر ئەوەى کە ئەمریکا لەدواى کۆتایی هاتنی شەڕى ساردەوە بووە پۆلیسی پارێزەرى جیهان هەربەتەنها باڵادەستی ئابوورى و سەربازیی نییە بەڵکو پاڵنەرێکی سایکلۆژیشی لە پشتەوەیە کە پێیوایە ئەوە بەتەنها ئەم هێزەیە دەتوانێت جیهان لە مەترسی و هەڕەشە نێودەڵەتیی و گەردوونییەکان بپارێزێت. باوەڕ بوون بە رۆڵی ئەمریکا لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی جیهان و مەترسیی هێرشی بوونەوەرى هەسارەکانی گەردوون لە تەکنەلۆژیاى جەنگی و جەنگی ئەستێرەکانەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ بەرهەمەکانی هۆڵیۆد. ئاراستەى بەرهەمەکانی هۆڵیۆد بەگشتی راوەستان بووە لەپاڵ ئەم ئەندێشە سیاسییەدا و برەوى بە رۆڵی میتافیزیکی پاڵەوان، تاکگەرایی و تەقدیس کردنی هێز داوە و لەم چوارچێوەیەدا گەلێک کارەکتەرى ئەفسانەیی دروست کردووە، هەر لە زنجیرە فیلمەکانی تەڕەزان، سوپەرمان، فیلمە کاوبۆییەکان(عەسابە)ەوە تا ئەگات بە باتمان و سپایدەرمان و فیلمە ئەکشنەکانی رامبۆ و فانی و... هتد. ئامانجیش لەم ئاراستەیە:


1. دروست کردن و ئاراستەکردنی رۆشنبیریی تاک و کۆمەڵگا بەو جۆرەى کە دەسەڵات و هزرى باڵادەست خوازیارێتی.
2. بازرگانی و دەستکەوتنی قازانج، چونکە فیلمی خەیاڵی ئەفسانەیی ئەمریکا بەزۆرى پشت بە رەگەزى سەرنج راکێشان و هاندان بۆ سەیرکردن و وروژاندن دەبەستێت و ئیفێکتەکانی ئەم فیلمانە خەرجییەکی زۆریان تێدەچێت ئەمەش بینەر بەلاى خۆیدا کێش دەکات کە بێگومان قازانجێکی مادى گەورە دەست کۆمپانیاکان دەخات، سەرەڕاى ئەوەى کە ئەمە خزمەت بە ئامانجی یەکەمیش دەکات.
3.دواندنی نەستی بینەر و جەماوەر و شوێن گۆڕکێ پێکردنی وێنە و ئەندێشە ئایدیاڵەکانی ناو مێشکی مرۆڤ بەو وێنە و سیمبۆلانەى کە بەرهەمهێنەرانی فیلم دەیکێشن.

سینەما و چەمکی کۆتاگەریی.

مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو هەوڵیداوە کە بەشوێن زانینی ئاییندەى خۆیەوە بێت و بیرکردنەوە لە کۆتاییهاتنی ژیان و جیهان بەردەوام رایچڵەکاندووە. رێبازە فەلسەفییەکان و فەیلەسوفان، ئایینەکان و پیاوانی ئایینی و پەیامبەران، زانست و زاناکان لە رەهەندى جۆرا وجۆرەوە تێزى ئاییندەى مرۆڤ و جیهانیان خستۆتە روو. لەپاڵ ئەوانەوە هونەر و ئەدەب پێ بە پێی بەرەو پێش چوونی کۆمەڵگا هەوڵیداوە لەگەڕان بەشوێن وەڵامی ئەو پرسیارە وجودییانەدا بەشدار بن. سینەماش وەک بەرهەمێکی مۆدیرنە لەرێگەى چەندین کارى هونەرییەوە بەشداریکردووە لەو مشتومڕەدا و ئەوەى بیرمەندان و فەیلەسوفان و ئایینەکان بەهۆى وشە و تێکستەکانەوە دەریانبڕیوە، ئەم توانیویەتی لەڕیگەى وێنە و دیمەنەوە پیشانیان بدات. چیرۆکی ئایینەکان، پاڵەوانێتی و قارەمانە مێژووییەکان،مێژووى شارستانیتییەکان، ئەفسانە، مرۆڤی باڵا و خەیاڵی زانستی و ئاییندەى نادیارى مرۆڤ، هەموو ئەمانە بابەتی بەرهەمی سینەمایی بوون.بەم مانایەش سینەما ئەو تیشکۆیەیە کەبەهۆیەوە مرۆڤ وێناى رابردوو و ئاییندەى خۆى دەکات. هەر ئەم وەزیفەیەشە ئەوە دیاریدەکات کە داخۆ سینەما لە کایەى مەعریفی و وەڵامدانەوەى پرسیارە وجودییەکاندا رۆڵێکی ئەرێنی دەگێڕێت یا نەرێنی. ئەوە ئاشکرایە کە زانست و فەلسەفە و ئایین هیچیان کۆتایی هاتنی جیهان رەت ناکەنەوە. بەڵام بە شێوازى جیاواز کێشەکە دەخەنە روو . هەرچی فەلسەفە و زانستە رێگا چارەکانی دەرباز بوون لە ئاییندەى داخراوى مرۆڤایەتی دەخەنە گرەوى پێشکەوتن و پێگەیشتنی زانست و تەکەنەلۆجیا و هۆشی مرۆڤەوە. بەڵام ئایین بە سوود وەرگرتن لە ئەفسانە و لەسەر بنەماى تێگەیشتنێکی میتافیزیکی سکێچێک بۆ ئاییندە و کۆتایی هاتنی جیهان دەکێشێت و وەڵام بە ئارەزووى مرۆڤ بۆ نەمرى دەداتەوە. هەر ئەمەشە کە مرۆڤی سادە بەرەو باوەڕى ئایینی دەبات و بەهۆى دەستەواژە و تێکستە ئایینییەکانەوە دیمەن و وێنە لەنێو بیر و ئەندێشە و نەستیدا دروست دەکات و خۆى هیلاک ناکات بۆ گەڕان لەنێو فەلسەفە و زانستدا.


لێرەوە کاتێک سینەما ئەو دەستەواژە و هێما ئەفسانەییانە سەبارەت بە مێژوو، ئاییندە و کۆتایی ژیان دەکاتە وێنە و دیمەنی بینراو، کاتێک کە تۆفانی گەورە و کەشتی نوح دەکاتە شتێکی ئەندێشەکراو، ئیدى دەبێتە هاندەرێک بۆ بەهێز کردنی بیرى میتافیزکی و بگرە تەمەڵی هزریی مرۆڤ. لێرەوەیە کاتێک کە بەرهەمێکی سینەمایی بەهزر و ئەندێشەى ئایینی و ئەفسانەیی بارگاوى دەکرێت، زیانی ئەو بەرهەمە بۆ کۆمەڵگە و رۆشنبیریی گشتی لەو ئەفیونە خراپترە کە ئایینەکە هەڵگرێتی.
___________________________________________
1. لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤارى ئاوێنەکان ژمارە(18) 15/11/2008 دا لەگەڵ نەرمین کاوانی پرسیارێکی رۆژنامەنووسەکە لە هونەرمەند دەربارەى دراماى ئارەزوو ئەوەیە:( لەدراماى ئارەزوو، گۆڕانێکی گەورە روویدا، ئەویش مانەوەت بوو لەگەڵ پیاوێکدا لە شەودا،ئەوە بۆ تۆ قورس نەبوو، کاردانەوەى خەڵک چۆن بوو؟) واتە رۆژنامەنوسەکەش ئەو گرتەیەی بەڕاست لێگەڕاوە!!
2. شۆڕش غەفورى، کۆتایی جیهان، ژمارەى 10ى"بەڕوو"پاشکۆى هەولێر ،11/1/2010
3. تیۆرەى بێهاوتایی ئەمریکا لەنێو بیرى مێژوویی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ئیگۆر دێمێنتیەف، وەرگێرڕنی لەئینگلیزییەوە یاسین قادر سەعید ، هەنگاو ژمارە3 زستانی 2003.


سەرچاوەکان:

1.     محمد لافي ( الجبريني )، المسيح المخلص في السينما الامريكية و الحرب الثقافية الباردة.

2.     هيثم محمود الاشقر، نهاية العالم في فيلم 2012.

3.     مصطفی يحيى، الفنا و القادم( دراسة عن السينما الامريكية).

4.     الابادة العرقية في دراما الخيال العلمي و الخيال الاسطورى الامريكية.

5.    تیۆرەى بێهاوتایی ئەمریکا لەنێو بیرى مێژوویی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ئیگۆر دێمێنتیەف، وەرگێرڕنی لەئینگلیزییەوە یاسین قادر سەعید ، هەنگاو ژمارە3 زستانی 2003.