په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١١\٢٠١٣

سینەمای کوردستان لە نێوان بوون و نەبووندا.


دانا محەمەد عەبدوڵا 


سینەما بە "هونەری حەوتەم" دادەنرێت کە پاش تەلارسازی ، پەیکەرتاشی ، شانۆ ، نیگارکێشان ، مۆسیقا ، سەما پەیدا بووە . سینەما لەسەردەمی ئێستادا وەکو چەکێکی هونەری هاوچەرخە کە دەشێت بینەرێکی زۆری هەبێت ، بەشێکی زۆر وڵاتان سودی لی دەبینن لە کۆمەڵی بواری گرنگدا وەک ئابوری و پیشەسازی و پەروەردەی و کەلتوری و... هتد ، هەروەها پێشبرکی و ململانێی توند هەیە لە نێوانیان بۆ چەسپاندنی سینەمای وڵاتەکەی خۆیان و بەجیهانیکردنی و گەیشتن بە لوتکە بۆ نمونە وڵاتێکی وەکو فەرەنسا رێگا نادات فیلمی ئەمریکی پیشان بدرێت بەبێ دۆبلاژ لە ناو وڵاتەکەیدا ، وەبەشێکی زۆری وڵاتان کۆمەلی یاسای تایبەت دەردەکەن سەبەرەت بە کۆنترۆڵکردنی فیلم لە ناو وڵاتدا ، یان ساڵانە ملیارەها دۆلار خەرج دەکەن بۆ بەرهەم هێنانی فیلم و سینەما ، چونکە ئاگاداری دەسەڵاتە گەورەکەی "هونەری حەوتەم"ن.


بۆیە جێی خۆیەتی ئێمەی کورد پرسیارێک بکەین ئایە لەم هاوکێشە ئالۆزەدا ، کورد لە کۆێدایە یان ئایە سینەمایەک هەیە بەناوی " سینەمای کوردستان " یان ئەو "فیلم سازانانەی کورد سەربەچی سینەمایەک و ستایلێکی سینەمان؟


سینەمای هەر وڵاتێک بۆ ئەوەی بوونی خۆی بسەلمێنێت پێویستی بە چەند خاسیەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە وەکو ( بازاری فیلم و کۆمپانیای فیلم ، تێوری و کتێب و رەخنەگری سینەما ، گۆڤار و رۆژنامە و سایتی سینەما ، هۆلی سینەما بەشێوەیەکی سەردەمی ، بەرهەم هێنانی فیلم ) ، هەروەها پێویستە خاوەنی قوتابخانەی سینەما و ستایلی سینەمایی بێت لە رووی فۆرم و ناوەرۆکەوە سەربەخۆی خۆی بسەلمێنیت.


بۆ نمونە فیلمەکانی ئیتالیا کە نوێنەرایەتی سینەمای بەتوانای ئیتاڵیا دەکەن زیاتر لە رێگای قوتابخانەی نیوریالیزمی ئیتاڵی و دەرهێنەرانی بەتوانای ئەو سینەمایەوە دەناسرێت . وە سینەمای هیندستان لە ریگەی بۆلیود و کۆمەڵێک بابەتی دیاریکراو وەک سەماکردن و تۆڵەسەندنەوە و ئەکتەرە ئەستیرەکان و تەکنیک و... هتد خۆیان ناساندوە ، هەروەها سینەمای فەرەنسی لە رێگای شەپۆلی نۆی و رەنگی تایبەت و دیساین و کۆمپۆزەیش و مۆنتاژ .. هتد سینەمای وڵاتەکەیان ناساندوە ، هەر بۆیە زۆر جار گۆێمان لە دەستەواژەی سینەمای روسی یان ئێرانی یان کۆری دەبێت.


بەڵام تەنیا لە زاراوەی کوردیدا گۆیمان لە زاراوەی "سینەمای کوردستان " دەبێت ، لە کوردستانیکدا تەنها 3 بۆ 4 هۆلی سینەمای سەردەمی نیە چۆن دەکرێت بوتریت "سینەمای کوردستان" هەیە کە ئەمەش کاریسەیەکی رۆشنبیری و هونەریە.


هەروەها کوردستان بەهۆی دابەش بونەیەوە بەسەر چەند وڵڕتێکی دراوسێدا ( عیراق ، ئیران ، تورکیا ، سوریا )، سینەما لە کوردستان بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئامادەیی نەبووە و سینەمای هەرپارچەیەک لە ژێر کاریگەری سینەمای ئەو وڵاتەدا بووە بۆ نمونە سینەما لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر کاریگەری و ستایلی سینەمای ئێران دا بووە ، بۆنمونە "بەهمەنی قوبادی" لەفیلمی "کیسەڵەکان دەفرن" کەڵکی لە ئەکتەری ئاماتۆر وەرگرتووە ، ئەوە بەگشتی و تارادەیەک کاریگەری دەرهێنەری ناوداری ئێرانی "عباس کیا رۆستەمی" لەسەر ئەوە دەرهێنەرە نیشان دەدات چونکە "کیا رۆستەمی"یش لە بەرهەمەکانی خۆی کەڵک لەئەکتەری ئاماتۆر وەردەگرێت و نمونەی بەرچاوی ئەو بابەتەش فیلمی"تامی گیلاسە" براوەی خەڵاتی "دارخورمای زێرینی کان"ە ، قوبادی لە فیلمی "با لەگەڵ خۆمان دەبات" لە دەرهێنانی "عەباسی کیا رۆستەمی" وەکو ئەکتەر و یاریدەری ئەو سینەماکارە کاری کردووە . هەروەها لە پرسیارێکدا کە ئاراستەی " یەلماز گۆنای " دەکرێت کە بۆچی فیلمەکانت بە زمانی تورکیە ئەویش لە وەڵامدا دەلێت : بە هۆی ئەوەی زمانی کوردی لە تورکیا قەدەغەیە.


هەروەها ئەو فیلمانەی کە دەرهێنەرە کوردەکان دەرهێنانی بۆ دەکەن لە هەرکۆییەکی جیهان بێت یان ئەو فیلمانەی لە لایەن بەرهەمهێنەرە کوردەکانەوە بەرهەم دێت ، کاتیک بەشداری ڤیستیڤاڵی نیوەدەوڵەتیەکان دەکەن بە ناوی "سینەمای کوردستان" ەوە نیە بەڵکو بەناوی سینەمای ( ئیران ، تورکیا ، فەرەنسا ، عێراق ، روسیا ) وە بەشداری دەکەن و خەڵاتەکانیش بەناوی ئەو وڵاتانەوەیە ، بۆ نمونە فیلمی " پەرینەوە لە غوباری "دەرهێنەر "شەوکەت ئەمین" بەناوی عیراقەوە بەشداری ڤیستیڤاڵی کانی کردوە ، هەروەها فیلمی "سرتە لە گەڵ با" دەرهێنانی "شەهرامی عەلیدی" بەشداری لە خولی هەشتەمینی ڤیستیڤاڵی نیونەتەوەی فیلمی عەرەبی-ئەوروپی کردوە ، دوو خەڵاتی سەرەکی وەرگرت ، هەروەها دەرهێنەری کوردی کوردستانی تورکیا "زیرەک ئەحمد" لە فیلمی "پاریس پاروو" ویستویەتی وەکو هاوڵاتیەکی بی وڵات بەشداری ڤیستیڤاڵەکان بکات بەڵام دواتر ناچارکراوە بەناوی فەرەنساوە بەشداری بکات وە خەڵای زێری ڤیستیڤاڵی قاهیرەی سینەمای لە وڵاتی مێر وەرگرتووە ، وەهەروەها فیلمەکانی "هونەر سەلیم" بەشداری ڤیستیڤاڵەکان دەکات وەکو "سینەمای فەرەنسی" بەشداربووە ، هەروەها " بەهمەنی قوبادی" دەڵێت : خەلکی من وەک دەرهێنەریکی کوردی ئیران دەناسن ، هەروەها فیلمەکانی کۆمەڵی دەرهێنەری تری کورد زمان . ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵی رێگری تر هەیە لەپێش دروست بوونی "سینەمای کوردستان".

 
"بەهمەنی قوبادی" لە بارەی دواکەوتنی سینەمای کوردی و کەموموری و سنورداریەتی بەرهەمە سینەماییە کوردیەکانەوە دەڵێت : گەورەترین رێگر لە بەدەم سینەمای کوردی گۆمەلگای کوردیە ئینجا هەردوو حکومەتی رەگەز پەرستی ئیران و تورکیا.


بەڵام دەکرێت بڵین کورد لە هەر وڵاتێک خاوەنی کۆمەڵی دەرهێنەری "کورد زمانە" وەک لە کوردستانی ئێران دەرهێنەر " تەیمور پەتایی" فیلمی ( نان و ئازادی ) دەرهێنەر "بەهمەنی قوبادی" ( کاتیک بۆ مەستی ئەسپەکان ، کیسەڵەکان دەفرن ، نیوە مانگ ، کەس هەواڵی پشیلە ئیرانیەکانی نیە ، وەرزی کەرکەدەن ) دەرهێنەر "شەهرامی علی دی" فیلمی (سرتە لەگەل با ) دەرهێنەر "ئیبراهیم سەعیدی" فیلمی ( ماندوو).


لە دەرهێنەرانی کوردستانی عێراق دەرهێنەر "شەوکەت ئەمین" فیلمی ( شوێنێک بۆ یاری ، پەرینەوە لە خوبار ) دەرهێنەر "جانۆ رۆژبەیانی" فیلمی ( ژیان ، سەمای پاندۆڵ ، چاپڵین لە شاخی های ) دەرهێنەر " هونەر سەلیم" فیلمی ( کیلۆمەتر زیرۆ ، دۆڵ).


لە دەرهێنەرانی کوردستانی تورکیا دەرهێنەر "یەڵماز گۆنای" فیلمی ( رێگا ، دیوار ) دەرهێنەر "ئیقیت ئیلاجی" فیلمی ( مەم و زین )و ... هتد.


" بەهمەنی قوبادی " لەدوایەمین فیلمی "وەرزی کەرکەدەن " کەبەشداری ڤیستیڤاڵی "تۆرینتۆ" لە وڵاتی کەنەدا کرد ، دوای نمایش کردنی " وەرزی کەرکەدەن" قوبادی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ، وەڵامی پرسیاری نوێنەرانی دەزگاکانی راگەیاندنی جیهانی دایەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت رەوشی ئیستای سینەمای کوردی گوتی : کورد خاوەنی کەلتورێکی دەوڵەمەندە و پێویستە بەرەو پێشەوە بچێت ، بەڵام بەداخەوە لە ساڵانی سەخت و نالەباری رابردودا هیچ کاتیک ئەو دەرفەتەمان پێ نەدراوە ، لەو بروایەدام لە داهاتوودا سینەمایەکی بەهێزمان دەبێت و شاهێدی سینەمایەکی دەوڵەمەند لە کوردەکان دەبن .
 

ماڵپه‌ڕی دانا محەمەد عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک