په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٢\٢٠١٠

سینەماى کوردى و
جوولەکە و ئیسلامیی و ئەمریکا و کۆمۆنیست..!


کەریمۆک *  


دەشێ بەو پرسیارە دەست پێبکەین، کەئایا پەیوەندى نێوان سینەما و سیاسەت پەیوەندیەکى تەواوکاریە یاخود یەکیان ئەویتر ئاراستە دەکات؟ سینەما بەو سروشتە ئینتەرناسیۆنالیەى کەهەیەتى، سنورى جوگرافیاکان دەبەزێنآ، هەروەها بەو زمانە گشتییەى کەزمانى وێنەیە، زمانى وێنەش زمانى لال و بێدەنگانە، جگە لەوەى زمانى سەرجەم نەتەوەو ئاینەکانە، زمانى نەخوێندەوارانیشە، بۆیە سینەما لەنێو کارنامەى دەوڵەتاندا حیسابى تایبەتى بۆ دەکرێت، خۆ ئەگەر کەمێکیش بۆ مێژووى ئەم هونەرە بگەڕێینەوە دواوە، ئەوە دەبینین کەچۆن لەشۆرشى 17 ئۆکتۆبەرى ساڵى 1917دا (لینین) بەگۆتە بەناوبانگەکەى دەربارەى سینەما ئەو گرنگیەى سەلماند کەگوتى: (لەناو هونەرەکاندا سینەما هونەرێکى مەزنەو دەبێت گرنگى تەواوى پێبدرێت) هەرواش بوو، لەو کاتەدا چەندین کۆمپانیاى فیلمسازى دروست بوون (موسفیلم کەتاهەنوکەش رۆڵێکى بەرچاوى هەیە)، سینەماى روسى گەیشتە ئاستێکى باش و ئێستاش چەندین فیلمى گەورەى روسى لەمێژووى سینەمادا ئامادەیان هەیە، گەورە دەرهێنەرێکى وەک (سێرگى ئەزنشتاین) کەتوانى چەند فیلمێکى گەورە درووست بکات و گۆرانکاریەکى گەورە بکات لەو هونەرە بەتایبەتى هێنانەکایەوەى تیۆرى مۆنتاژ. ئەگەرچى فیلمەکانى ئەزنشتاین ئایدیۆلۆژى بوون، بانگەشەیان بۆ سیستمى کۆمۆنیستى ئەو کاتەدا دەکرد، بەڵام بەهاى هونەرى خۆیان لەدەست نەدا، هەر بۆیە مێژووى سینەما ناتوانآ فیلمى (زریپۆشى پۆتمکن) لەبیر بکات، کەئێستا لەنێوندى زانکۆکاندا وانەى لەسەر دەخوێندرێت.


ئیسرائلیەکان بۆ بنیاتنانى قەوارەى جولەکەو بەرەو پێشبردنى دۆزەکەیان سوودێکى زۆریان لەهونەرى سینەما بینى و چەندین دەرهێنەریان پێگەیاندو کەوتنە کار بۆ بانگەشکردن بۆ رەوایەتى ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى خۆیان. ئێستاش لەو هەوڵەیان بەردەوامن و لەرێى چەندین فیلمەوە کار بۆ گەیاندنى پەیامەکەیان دەکەن.


هەروەها ئەگەر سەرنجێکى خێراى وڵاتێکى دراوسێى وەک ئێران بدەین، دەبینین کەگرنگیەکى زۆر بەسینەما درا و هەر زوو سینەما بەو وڵاتە ئاشنا بوو، کەئەمرۆ مێژووى سینەماى ئێرانى سەد ساڵەى تەمەنى خۆى تێدەپەڕێنێ، ئەگەر بەراوردى بکەین بەمێژووى سینەماى جیهانى دەبینین تەنها سێزدە ساڵێک لەدواوەن، ئەم گرنگیدانە واى کرد سینەماى ئێرانى ئاستێکى جیهانى بەدەست بهێنێت و خاوەن ستایل و مۆرکى تایبەت بەخۆى بێ و ساڵانە چەندین فیلمى باش بەرهەمبهێنرێ و لەفێستیڤالە جیهانیەکاندا خەڵات وەرگرن.


لەم سەردەمەشدا نابێت ئەوە لەبیر بکەین کەسینەماى ئەمریکى چ رۆلێکى گرنگ دەگێڕێ بۆ بڵاوکردنەوەى سیاسەتى ئەمریکا کەخۆى لەباڵادەستى و دەستکێشانى بەسەر دونیادا دەبینآ. تۆ بڵێى ئەمریکا بەو هێزە گەورەى کەهەیەتى پێویستى بەسینەما بێت؟! کاتێک ئەمریکا هاتە عیراق و بەبریارێک داگیرکردنى ئەم وڵاتەى راگەیاند، دەیان تیمى فیلمسازیان لەگەلڕ خۆیاندا هێنا، کەئێستا رۆژانە چەندین فیلم دەبینین لەسەر چۆنیەتى هاتنى ئەمریکاو بنبرکردنى تیرۆر و ئازادکردنى عیراق دروستکراون کە هەر هەموویان بانگەشەن بۆ ئەمریکا وەک هێزێکى فریادرەس. ئایا ئەو کارەى ئەمریکیەکان ماناى تێگەیشتنێکى راستەقینە نییە بۆ سینەما؟!، کەسینەما لەتواناى دایە وەک شمشێرێکى دووسەر ئاراستە بکرێت.


لەسەروبەندى هێنانەوەى ئەم نمونانەى سەرەوە پرسیارى ئەوە دێتە ئاراوە ئایا حکومەتى هەرێم لەماوەى نزیک بیست ساڵى حوکمڕانى خۆى چۆن لەو هونەرە گەیشتووەو بەرنامەو پلانى چییە بۆ ئەوەى سینەما رۆڵى خۆى ببینآ؟! بەداخەوە لەنێو کارنامەى حکومەتدا دیدێکى رۆشن نییە بۆ سینەما، هەر ئەوەشە وایکردووە کە پلان و بەرنامەیەکى تۆکمە نەبێت و پیشەسازى سینەما لە کوردستان بەسیستماتیک نەکرێت. تا سیستم و پلانڕێژیش بۆ سینەما نەیێتە کایەوە مەحاڵە ئەو هونەرە رێگەى راستەقینەى خۆى بگرێت، ئەگەر دەیان فیلمى درێژی تریش بەرهەمبهێنرێت..!
_______________________________
* سەرنووسەرى گۆڤارى فیلم.