سینۆهە چییە و
نووسەرەکەی کێیە؟

د. ناسیح قەرەداخی
رەنگە ئەم ناونیشانە وەک شتێَکی سەیر بێتە بەر
چاوی خوێنەری کورد چونکە ماوەیەکە دوو تەرجەمەی "سینۆهە: پزیشکی
تایبەتی فیرعەون" لەبازاردایە و گەلێک کەس خوێندوویانەتەوە. بەڵام
ئەوەی وای لەمن کرد ئەم بابەتە بنووسم ئەوەبوو تێبینیم کردووە زۆرێک لە
خوێنەران ئەم کتێبە وەک دەقێکی مێژوویی کۆن سەیردەکەن و وادەزانن
لەسەردەمی فیرعەونەکاندا نووسراوەتەوە. لەراستیشدا تەنانەت یەکێک لە
وەرگێڕەکانیش پێدەچێ هەر وابیربکاتەوە ئەوەتا لە پێشەکییەکەیدا دەڵێ: "
باس لە سەرگوزەشتەو بیرەوەریەکانی سینۆهەیە کە بە زمانێکی شیرین و
کارتێکەر باس لە رووداەکانی سەردەمی خۆی ... دەکات.... لەگەڵ ئەوەشدا
کە 3350 ساڵ لەمەوبەر سینۆهە ئەم یاداشتانەی نووسیوەتەوە بەڵام ...."
بەڵام ئایا بەراستی کتێبی سینۆهە چییە و
نووسەرەکەی کێیە؟
سینۆهەی میسری:
"سینۆهەی
میسری" ناوی ئەسڵیی بەناوبانگترین رۆمانی نووسەری فنلەندایی "میکا
واڵتاری"یە کە ساڵی 1945 بە زمانی فنلەندایی چاپ کراوە و لە ساڵی 1949
دا تەرجەمە ئیتگلیزییەکەی لە ژێر ناوی "کابرای میسری The Egyptian " دا
بەچاپ گەیشتووە. دەرهێنەری هۆلیوود مایکڵ کوریتز لە ساڵی 1954 دا ئەم
رۆمانەی کردووە بە فلیم هەر بەناوی "کابرای میسری". ئەم کتێبە لە ساڵی
1955 دا لایەن حەمەد ئەلقەسبی تەرجەمەی عەرەبی کراوە و خاوەنبیری
بەناوبانگی میسری تەها حوسێن (1889-1973) پێشەکیی بۆ نووسیوە و پیایدا
هەڵداوە. دوای ئەو ساڵانەش رۆمانی سینۆهە بە زۆربەی زمانەکانی جیهان
چاپ کراوە.
سینۆهەی میسری سەرکەوتووترین رۆمانی مێژوویی والتاریی بووە و باس لە
مێژووی میسری کۆن دەکات لە سەردەمی بەرەی هەژدەیەمی فیرعەونەکاندا و
بەتایبەتیش سەردەمی ئەخناتوون کە هەندێ کەس لایان وایە یەکەم
فەرمانرەوای جیهان بووە کە باوەری بە یەک خوایەتی هەبووە. پاڵەوانی ئەم
رۆمانە کاراکتەرێکی خەیاڵییە کە پزیشکی دەربارە و پاش نەمانی ئەخناتوون
دەربار بەجێ دەهێلێ و لە کەنارەکانی دەریای سوور جێگیر دەبێ و
بیرەوەرییەکانی خۆی دەنووسێتەوە. رۆمانەکە باس لە ژیان و گەشت و گەڕانی
سینۆهە دەکان لە میسر و سوریا و بابل و ناوچەکانی دەورەبەری. جگە لە
ئەخناتوون کاراکتەرە گرنگەکانی رۆمانەکە بریتین نەفەرتیتی ژنی
ئەخناتوون و فیرعەون ئەمینهۆتێپ 3 و ژنەکەی و توتعەنخاموون و هۆرمهێب.
واڵتاری ناوی سینۆهەی لە ئەفسانەیەکی میسرییەوە وەرگرتووە بەناوی "بەسەرهانی
سینۆهە" کە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی بەرەی 12ی فیرعەونەکان واتە زۆر پێش
سەردەمی ئەخناتوون. ئەم ئەفسانەیە سەرگوروشتەی کەسێکە بە ناوی سینۆهە
کە لەگۆڕەکەیدا دێتە قسەو باسی پیلانی کوشتنی یەکێک لە فیرعەونەکان
دەگێرێتەوە. نەجیب مەحفوزیش ئیلهامی لەم ئەفسانەیەوە وەرگرتووە لە ساڵی
1941 دا چیرۆکێکی بەناوی "گەڕانەوەی سینۆهە" وە بڵاوکردۆتەوە.
گەرچی واڵتاری وەک هەموو رۆماننوسێک، جڵەوەی بۆ خەیاڵی شل کردووە
رووداوەکانی ئەو سەردەمەی بە ئەندێشەو سەلیقەی خۆی رازااندۆتەوە بەڵام
پێش نوسینی رۆمانەکە لیکۆلێنەوەی باشی سەبارەت بەو سەردەمە کردووە و
زۆری لەسەر خوێندۆتەوە بەجۆرێک رۆمانەکەی پیاو دەخاتە کەش و هەوای ئەو
سەردەمەوە و تەنانەت میسرناسەکانیش پێی سەرسام بوون. دەڵێن والتاری
گەرچی زۆر وڵات گەراوە بەڵام بۆ نووسینی رۆمانەکی سەردانی میسری
نەکردووە و ویستوویەتی هەر پشت بە خەیاڵ و ئەندێشە و زانیاری خۆی
ببەستێ. وەک هەموو رۆمانێکی مێژوویی ، بەرهەمەکەی والتاریش باس لە کەش
و هەوای سەردەمی ئەخناتوون ەکات بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە "سینۆهەی
میسری" رۆمانە نەک کتێبێکی مێژوویی یا دەقێکی کۆن.
واڵتاری پێشتریش شانۆنامەیەکی لەسەر ئەخناتوون نوسیبوو. دوای ئەوەش
چەند رۆمانیکی مێژوویی تری نووسی. بەڵام ئەوەی زیاتر بەلای نووسەرەوە
گرنگ بوو لەم رۆمانەیدا خستەنەرووی فەلسەفە و دیدی خۆی بووی سەبارەت بە
مرۆڤ و ژیان لە دووتوێ سەردەمێکی مێژوویی زۆر کۆندا. والتاری لە ساڵانی
جەنگی جیهانیی دووەمدا ئەم رۆمانەی نووسیوە کە جارێکی تریش بۆ
مرۆڤایەتی نیشاندا مرۆڤ هەر درندەکەی جارانە و جەنگ و کوشتار و زوڵم
پێدەچێ تا ئەبەد دامەنگیری مرۆڤایەتی بن. ئەم رەشبینییە لە سەردەم و
پاش جەنگی دووەمدا زۆر باو بوو و پەیامی والتاریش لە دووتوێی ئەم
رۆمانەدا بیرهێنانەوەی ئەو راستییە تاڵەی مرۆڤایەتی بوو. هەرئەو
بۆچوونە فەلسەفییەش بوو بوو کە ئەم کتێبەی کرد بە پڕفرۆشترین کتیب لە
ساڵی 1949 دا و ساڵانی دواتریشدا.
فلیمی کابرای میسری:
ساڵی 1954 کۆمپانیای فۆکسی سەدەی بیستەم 20th Century Fox لەسەربنچینەی
رۆمانی سینۆهەی میسری فلێمێکی بەرهەم هێنا لە دەرهێنانی مایکڵ کورتیز و
نواندنی ئیدمۆند پوردۆن (سینۆهە)، جین سیمۆنس(مێریت)، ڤیکتۆر
ماتۆر(هۆرمهێب)، مایکڵ ویلدینگ(ئەخناتون)، پیتەر ئوستینۆڤ(کاپتا) و هتد.
چیرۆکی فلیمەکە لەوەوە دەست پێ دەکات کە سینۆهە پیرەمێردێکە لە
کەنارەکانی دەریای سوور نەفییە و بەسەرهاتی ژیانی خۆی دەنووسێتەوە. ئەو
هەمیشە تەنیا بووە بەڵام هەست دەکات ژیانیکی درێژ و پڕ ژیاوە. سینۆهە
بە مناڵی لەبەمێکدا لە نیلدا بەرەڵا دەکریت و کابرایەمی پزیشک
دەیدۆزێتەوە و بەخێوی دەکات، کە گەورەش دەبێ حەز دەکا وەک زرباوکەکەی
خزمەتی هەژاران بکات و لەم کارەشدا کاپتای خزمەتکاری و ژنێک بەناوی
مێریت هاوکاریی دەکەن و سەرنجام دەبێ بە پزیشکی دەربار.
میکا واڵتاری:
میکا والتاری (1991908 – 2681979) لە شاری هێلسنکی لەدایک بووە و
لەسەردەمی منالیی ئەودا فنلەندا دووچاری شەڕی ناوخۆبووە. والتاری لەبەر
دڵی دایکی دەچێتە زانکۆی هێلسنکی بۆ خوێندنی خوداناسی بەڵام دواتر وازی
لێ دێنێ و روودەکاتە خوێندنی فەلسەفە و ئەدەبیات و لەسالی 1929 دا
بروانامە وەردەگرێ. والتاری هەرلەکاتی خوێندندا خەریکی نووسین بووە و
یەکەم کتێبی لە 1925 دا چاپ کردووە. دواتر دەچێتە پاریس و لەوێ یەکەم
رۆمانی بەناوبانگی دەنووسێ بەناوی "وەهمی مەزن" کە چیرۆکێکە سەبارەت بە
ژیانی بۆهیمی و پاڵەوانەکەی کەسێکی فنلانداییە لە پاریسی سەدەی
شازدەهەمدا. لەساڵەکامی پێش جەنگی دووەمدا والتاری وەک رۆژنامەنووس و
رەخنەگر شتی نووسیوەو و گەشتی زۆری بە ئەوروپادا کردووە. لەساڵەکانی
جەنگدا لە راگەیاندنی حکومەت کاری کردووە و لەهەمان کاتدا خەریکی
نووسینی رۆمانەکانی بووە. لە ساڵی 1945 دا "سینۆهەی میسری" نووسیوە کە
بەناوبانگترین رۆمانی بووە. پاش ئەوە حەوت رۆمانی مێژوویی تری نووسیوە
کە بەنێوترینیان بریتییە لە "فریشتە رەشەکە" کە باس لە سەردەمی رووخانی
قوستەنتینیە دەکات لە ساڵی 1453 دا. والتاری فلیمنامە و کارتۆن و
چیرۆکی درێژیشی هەبووە. والتاری لە ساڵی 1957 دا بووە بەئەندامی
ئەکادیمیای فنلەندایی و لەساڵی 1970شدا بروانامەی دوکتۆرای فەخریی لە
زانکۆی تورکو پێ دراوە.
والتاری کە ناسراوترین نووسەری فنلەنداییە لە دەرەوە، پڕ بەرهەمترین
نووسەری فنلەنداییش بووە کە 29 رۆمان و 15 چیرۆکی درێژ و شەش کۆمەڵە
چیرۆک و دیوانە شیعر و 26 شانۆنامە و سەدان وتاری تری نووسیوە. هەندێ
لەو رۆمانانەی کە تەرجەمەی ئینگلیزی کراون ئەمانەن: نامۆیەک هاتە
کیڵگەوە، سینۆهەی میسری، سەرکەشی، فریشتەرەشەکە، نهێنیی شانشینەکە،
درەختی خەونەکان.
*****
بۆ ئەم نووسینە سوود لە ئینسکلۆپیدیای
بەریتانیایی و ویکەپیدیا و ئەمەزۆن و چەند سایتێکی تر وەرگیراوە.
|