١٥\٤\٢٠١٦
سنوورە
دەستکردەکانی داگیرکەران راکەن!

جەمالی
عەلیالی
وەکی کورد کوتەنی، گۆمەکە خەریکە قووڵتر دەبێ، واتە تا پتر کات
تێدەپەڕێ، ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین پتر گەشە دەکا. دەمێکە
باسی دابەشکردنی نۆێ دەکرێ، دەمێکە باسی ئەوەش دەکرێ کە لەو ناوەدا
کورد دەتوانێ رۆڵی خۆی بگێڕێ. ئەو بەشەی دوایی خەریکە زیاتر ئاشکرا
دەبێ و ئەگەر کەسانێک هەبووبن کە متمانەیان بەوە نەبووبێ، ئێستا
ئەوانیش بۆیان دەرکەوتووە کە "چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە
بێ تێوەگلانی کورد ناکرێ". هەوڵی نووسەر ئەوەیە کە لەو کورتە بابەتەدا،
خاڵیکی ئاشکرا لە سەر ئەو پرسە، بخاتە بەرچاوی خۆێنەری بەرێز.
چەند ساڵ لەمەوبەر داگیرکەرانی کوردستان رەشمەی ڕووداوەکانیان لە دەست
ترازابوو، نوقمی قەیرانەکانیان ببوون، کەوتبوونە خانەی خۆپاراستن. بە
هەڵگیرسانی "بەهاری عەرەبی" پشوویەکیان دا و وەخۆ هاتەوە و هێدی هێدی
خۆیان خستەوە خانەی هێرش بردن. مینای ئەو هێرشانە، لە وەپاشخستنی مادەی
١٤٠ لە باشوور، هەڵوەشاندنەوەی وتووێژەکان لە باکوور، هێرش بردنە سەر
گەلی کوردمان لە ڕۆژئاوا بەدی دەکرێ. بە تێپەڕبوونی کات، ئەو هێرشانە
پتر بوون، لە باشوور "مووچە"یان بڕی، سپاسالاری کوردیان وەلا نا، شەرت
و مەرجیان بۆ کورد پتر کرد، لە ڕۆژئاوا هێرشی ڕاستەوخۆ برایە سەر
گەلەکەمان، لە میوانخانیە ناونەتەوییەکاندا ناوی کوردیان هەڵاوارد، لە
باکوور هێرشی ڕاستەوخۆ دەستیپێکرد، چاوپێکەوتنەکانیان دەگەڵ عەبدولا
ئۆجەڵان ڕاگرت و پیلانی تێوەگلانی لایەنەکانیتری کوردیان بۆ سەرکوتی
پەکەکە دەستپێکرد. درێژەی ئەو پڕۆسەیە لەو دواییانەدا گیەشتە ئەوەی لە
لایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریا دان بە بوونی کورد نەنێن، هێرشی سەربازیی بۆ
کوردستان بۆ هەر سێ پارچەی باکوور و ڕۆژئاوا و باشوور لە لایەن تورکیا،
ئاشکرابوونی دەستتێوەردانی دەرەکیی بۆ هاندانی شەڕی براکوژیی لە باشوور.
لە کاتێکدا کە لە باکوور شەڕی دژواری خۆسەریی هەیە، لە ڕۆژئاوا جاڕی
فێدرالیی لێدراوە، لە باشوور جگە لە هەولێر و سلێمانی، گشت شۆێنێک لە
گەمارۆی داگیرکەری فرەرەنگ دایە، هەر لەو کاتەدا عەبادی لە عێراق
وەزیرەکانی خۆی هەڵدەبژێرێ. نووسەر، نێوەکانی سەیرکرد، تاقە یەک ناوی
کوردی تێدا نییە بەڵام گوایە یەک لە وەزیرەکان کوردە، لە هەمان کاتدا
ئۆپۆزیسیۆنی سووری باسی لە زمانی عەرەبی وەک تەنیا زمانی سووریا دەکا،
میواندارییەکانی تورکیا و سووریا درێژەی هەبوو و هەر وەها
ئێرانییەکانیش بەرەو تورکیا وەڕێکەوتن بۆ وتووێژ! ئەرێ، پێویستە تاکی
کورد و سازەکانی کوردی بلیمەت بن بۆ ئەوەی تیبگەن کە داگیرکەرانی وڵات
هێرشەکانیان چڕ و پڕ کردووە بە ئامانجی پاراستنی قەوارەی خۆیان؟
هۆکاری هەڵوێستی ئەو ڕۆژانەی داگیرکەران لە سەرکەوتنی خەباتی رزگاریی و
دیموکراسی لە باکوور و ڕۆژئاوایە، لە دەنگدانەوەی پاراستنی خۆسەرییە لە
باکوور، لە دەنگدانەوەی جاڕی فیدرالیی ڕۆژئاوایە. پێویستە تاک و سازەی
کوردی هەڵوێستی لە سەر دۆخەکە هەبێ و خۆی دەگەڵ ویست و داخوازەکانی
نەتەوەیی یەک لا بکاتەوە. هەر ئێستا یەکێتیی نەتەوەیی لە گشت کاتێکیتر
پێویستترە، ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو سنوورە دەستکردانەی
داگیرکەران بسڕینەوە. ئەگەر نەتەوەی کورد ئەو دەرفەتە لە دەست بدا،
نێوی وەکو دۆڕاوێکی گەورە دەچێتە ناو لاپەڕی مێژوو. ئێستا پرسیار
ئەوەیە ئایا نەتەوەی کورد دۆخەکە بەو شێوازە کە هەیە دەخاتە بەرچاو
یاخود بەو شێوازە کە داگیرکەر و نەیارانی دەینەخشێنن؟
١٥\٤\٢٠١٦
ماڵپهڕی جهمالی عهلیالی
|