٢٠\١\٢٠١٨
سپێدەکانی
نائومێدیی.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
کاروانی راز و حەزەکانی تۆ
باوەشی عەشق و خۆشەویستی من
ئەپێچیتەوە
شەوی ئاھەنگم لێ دەشوێنێ و
بووکی ئارەزوو
بۆ ماڵەباوان ئەنێرێتەوە
* * *
گۆرانیەکانی شەوی ڕابردوو
ئەدا بە دەریا و ژێر ئاوی دەکا
ملوانکەی ماچم ئەھۆنێتەوە
بە سنگی شۆڕە ژنێکی دائەکا
* * *
باڵندەی حەزم ئەبنە فریشتەو
لە دەوری سەرت ئەسوڕێتەوە
چاوی خەوااڵوت بە خەبەر دێنن
شەو وەلا دەنێن رۆژ ئەبێتەوە
* * *
سەرنج ئەدەنە سیمای کاڵ بووت و
رووخساری شێواو بە بێ نھێنی
پەنجەم ئەنێمە تاڵەکانی قژ
ئەبنە نێرگز و دێنن مزگێنی
* * *
ھەرچەندە یادت کەم ھەزار ھێندەی تر
ناوت ئەنووسم ناکوژێتەوە
حەزو تامەزرۆی رۆژانی پیشوو
وەک زەنگ لەناخما ئەزرنگێتەوە
* * *
بۆ ھەر کوێ بڕۆی ھەنگاوەکانم
رووەو ھەواری عیشقت مل ئەنێت
گوڵ سەما ئەکاو کاکەی شوانیشم
ئاوازی تازە و شمشاڵ ئەژەنێت
* * *
لێوەکانیشم دوا بڕیاریاندا
خەندە جێ بێڵن سنوورەکانت
تەسلیم کەنەوە
ھەگبەی پڕ ئازار لە کۆڵ ئەنێن و
رووەو ھەواری کۆن ئەڕۆنەوە
* * *
ھەزار جار دەست و چاوم ماچ بکەی
سۆزی عیشقمت پێ نابەخشمەوە
خەندە بۆ لێوو دڵم بۆ دڵت
ھەرگیزاو ھەرگیز ناگەڕێنمەوە
* * *
چەندیش لێم دووربی رۆژێ ھەر ئەبێ
بۆ ماڵی دڵم بگەڕێیتەوە
بەفری خەمەکان کەڵەکە بوون و
نە بە خۆری تۆ نە بە تۆفانیش ناتوێتەوە
* * *
چیشم پێ ئەڵێی فەرموو پێم بڵێ
کەی بێ وەفایت لەمن بینیووە
گەر عاشق نەبای من لێت خۆش ئەبووم
خۆت باش ئەزانی ، کڵپەی سووتان و
لێزمەی ئاونگی فرمێسکمت دیووە.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|