په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٥\٢٠١٧

  سپیبوونەوە.

 

نەژاد عەزیز سورمێ

١
گەڕانەوەی بارانە.
بەھمەنی بەفرە سوورەکە
کەس نەما ڕاپێچی نەدا
کەو ،
ئاسک ،
کارە وردیلەکان ،
تەنانەت چاوەڕوانی و
شەرمی ئەفسانەیی کچانی لادێش ...
کەس نەما .. (کەڵ) نەبێ .
ئەوەی نھێنی لە لا بوو
بێ یاوەر .. بێ ھاواروبانگ
بێ نژدەوان بوو ..
وەسا بوو ،
پڵنگێکی ماڵیی ، پاسەوانی تاریکی
تۆی تیا نووستی ، نوقمی نەبانی ..
شاش ببووی ، بێ ئامان..

٢
گەڕانەوەی بارانە .
ئاوەدانییە .
بێدار بوویەوە ،
خۆت تەنیا بینی :
(ئەوە برادەرایەتی نییە
ھاوەڵەکانت جێت بێڵن..)
بۆ کوێ دەچن؟
وەرزی گەڕانەوەی بارانە
ئاشی دیان پێ نانرێتەوە
فێڵ بوو ..
(ھیپۆمینس) بەھێزی بازوو
گرەوی لە (ئەتلانتا) نەبردەوە
ھیپۆمینس گرەوی لە بایش دەبردەوە .
ئەتلانتا خۆی وای دەویست
ئاشی دیان پێ نانرێتەوە
وەرزی گەڕانەوەی بارانە.


٣
ئاھەنگی جێژنی لەدایک بوون نییە
گەڕانەوەی بارانە
پێوەدان نییە
چزووی پەشمەستی بەفراوییە ..
خەمەکان بڵاوبوونەتەوە ..
مەیدانی سێرک چۆل کراوە
خەبەرت ھەیە (کلۆدیۆس)
لە سەرەمەرگایە.. دەمرێ؟


کانوونی دووەمی ١٩٨٦
ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک