په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٦\٢٠١٠

سیستەمى پەروەردە و دابەزینى ئاستى خوێندن.


ئەمیر ئەحمەد عەبدولقادر


هەموو ئەو سەرنج و تێبینى یانەى ساڵانێک بوو بەسەر پڕۆسەى پەروەردە و خوێندنەوە لەلایەن پسپۆڕان و مامۆستایان و ناوەندەکانى خوێندن و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دروست ببوون،سیستمێکى نوێی پەروەردەیى لە هەرێمى کوردستاندا هێناو دواجار سیستمى سویدى پەسندکرا و خرایە بوارى جێبه‌جێ کردنەوە.


بێگومان کەسانێک ئەو گۆڕانکاریەیان بەشۆڕشێک لە بوارى مەعریفە و خوێندندا زانیوە و پێیان وابووە ئیتر لە پەناى ئەم هەنگاوەدا لێرە گرفتێک لە ئارادانامێنێ،بە دڵنیاییەوە گەڕان بەشوێن باشترین شێواز و سیستمى پەروەردەیى دا و کردنى بە هۆکارى بەرەوپێشبردنى ئاستى مەعریفە و پێشکەوتنى کوردستان، لە کارە هەرە گرنگ و لە پێشەکانە،چونکە پێشکەوتنى وڵات بەندە بە پێشکەوتنى مەعریفەوە،بەڵام ئەوە کە هەنگاوێکى لەو شێوەیەى کەنراوە، بەحەوت دەرمانە بزانرێ و هەموو ئومێدێک بەو بسپێردرێ،لە جێی خۆیدانى یە، لە کاتێکدا هەمومان دەزانین هەر هەنگاو و پڕۆسەیەک،بۆ جێبه‌جێکردن، پێوویستى بە زەمینە و پاشان دابینکردنى کەرەسە و پێداویستیەکانە و بێ ئەوانە یان بێتە وارى جێبه‌جێکردنەوە، یا ئەگەر هاتیش بە نا کامڵى و دەرەنجامى نێگەتیڤەوە دەبێ.


ئێستا بە هەمان جارى پێش ئەو گۆڕانکارییەپەروەردەییانە، سەر لەنوێ پسپۆڕان و مامۆستایان، سەرنج و تێبینیان لە لا گەڵاڵە بوونەتەوە و بە ڕەوشى پەروەردەیى و ئاستى خوێندن دڵخۆش و گەشبین نین و بە نیگەرانیەوە لێى دەڕوانن.


بێگومان سەرنج و تێبینیەکانى جارى پێشوو ئێستاش، جا لە هەرلاو ئاست و ناوەندێکەوە بووبن،لە خەمخۆرى پەرۆشیانەوە بوون ولە ئەنجامى دابەزینى ئاستى زانستى و مەعریفیەوە سەرچاوەیان گرتووە،کە پێش هەموو کەس دەسەڵات لەو دابەزینە بەرپرسیارە و ئەمەش بە ڕاى من بە پلەى یەکەم لەوەوە سەرچاوەى گرتووە ، کە دەسەڵات لە سۆنگەى حیزبگەرایى و تەدەخولاتى جۆرا و جۆرەوە نەیهێشتووە مامەڵەیەکى درووست لەگەڵ چەمکى زانست و خوێندن و ناوەندەکانى خوێندندا بکرێ و بە واتایەکى تر حیزباندوونى و ژەهرى حیزبى بە گەروودا کردوون .


ئاشکرایە زانست و مەعریفەش لەوە گەورەترن دانوویان لەگەڵ ئەو مامەڵە نا دروستانە دا بکوڵێ و بارەکەڵاى بۆ بڵێن!


هۆکارى دووەمیش خودى قوتابیانن، کە بەشێکى زۆریان لەبەر سەر قاڵبوون بە شتى لاوەکیەوە ، یاخود لە کاردانەوەى مامەڵەکانى حیزب لەگەڵ زانست و ناوەندەکانى خوێندندا، لە خوێندن و گەڕان بە شوێن زانست و مەعریفە و خەمى پێشکەوتنى وڵات و میللەتدا، پشت سارد و کەمتەرخەمن و بەبێ بایەخەوە لە شتەکان دەڕوانن، مامۆستایانیش لەنێو ئەم دوو هەڵوێستەدا، وەگیرهاتوون و دەبینن ڕەنجى زەحمەت و ماند و بوونى ئەوانیش وەک پێوویست لەسەر ئەرزى واقیع ناڕسکێ و بەرهەمى چاوەڕوانکراوى خۆیان نابینن،ئاشکرایە بەشێکى زۆرى مامۆستایانیش،لایەک لەبەر ئەنفلۆنزاى حیزب گەرایى و لایەکى تر لەبەر کەم مەعریفەیى و بێ توانایى، بوونە هۆکارى سێهەمى دابەزینى ئاستى خوێندن بۆیە بۆ خەمڵاندنى بەهارى زانست، بەرلە هەموان دەسەڵات و پاشان قوتابیان و مامۆستایان، پێوویستە چاکسازى گۆڕنکارى لە خۆیاندا بهێنەدى و دەست بدەنە دەستى یەکتر و شۆڕشێک لە مەعریفە بەرپابکەن و وڵات بەرەو دوندەکانى پێشکەوتن و داهێنان ببەن.

 

 

amirkoy@yahoo.com