١٦\١٠\٢٠١٣
سیستەمی
پارلەمانی؛ دێمۆکراسی یا ئێلیتۆکراسی/ پۆلیتۆکراسی*؟
هەژێن
ئەو سیستەمەی کە بە دێمۆکراسی ناوبانگی دەرکردووە، لە ڕاسیتیدا
ئەتککەری دێمۆکراسییە، چونکە هەر لە کۆنەوە دێمۆکراسی بە واتای
بەڕێوەبەرایەتی گەلیی دێت و دێمۆکراسی شێوەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە
ئازادەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی پاشایان بووە، ئەوەش تەنیا بە بەشداری
ڕاستەوخۆی خەڵک مەیسەر بووە، بە واتایەکی دیکە دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، کە
گشت تاکەکانی کۆمەڵگە لە هەڵبژاردن و بەڕێوەبردن و بڕیاردان و
بەرهەمهێنان و دابەشکردندا بە شێوەی جۆراوجۆر بەشدار و کارا بوون.
ئەگەر سیستەمی پارلەمانی، دێمۆکراسیی بێت، ئەوا یا دێمۆکراسی درۆ و
واژەیەکی هەڵەیە یا ئەوەتا ئەوەی کە هەیە، شتێکی دیکەیە " ئیلیتۆکراسی
elitocrasy / پۆلیتۆکراسی
politocrasy"یە!
فەرمانڕانیی گەل لە سیستەمی پارلەمانییدا هەمان درۆی پیرۆزی
فەرمانڕانیی خوا لەسەر زەوییە، کە پیاوانی ئایینی بۆ فریودانی خەڵک ئەو
ناوەیان لە دەسەڵاتی خۆیان ناوە. ئەگەر بەڕێوەبردن گەلییە و گەل واتە
گشت تاکەکانی کۆمەڵگە و هەمووان توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان هەیە،
ئیدی چ پێویستی بە نوێنەرایەتی کەسانێک لە سەرووی خۆیانەوە هەیە؟
بەڵام ئەگەر هەمووان توانانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان نییە و پێویستیان
بە کۆمەڵە سوانەیەکی رامیاریی هەیە، ئیدی چ پێویست دەکات دەسەڵات و
فەرمانڕانیی و سەروەریی ڕامیاران و دەستەبژێران، دێوجامەی گەلی بەسەردا
بدرێت و بۆ بیشارنەوە؛ بۆ ناڵێن فەرمانڕانیی دەستەبژێر [ئێلیتۆکراسی]
یا فەرمانڕانیی ڕامیاران [پۆلیتۆکراسی]، کە لە ڕاستیشدا هەر ئەوەیە؟
ئەگەر سیستەمی پارلەمانی، دێمۆکراسیی بێت یا ئەوەتا گەل گەمژەیە و
پێویستی بە شوانە هەیە، یا ئەوەتا گەل ژێردەستەیە و سەروەری بەسەردا
سەپێنراوە؟!
کاتێک کە سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە دەرەوەی بڕیاردان و کارایی
گشت تاکەکانی کۆمەڵگەوە بێت، ئیدی هەر دوو میکانیزمەکەی سیستەمی
پارلەمانیش [دەنگدان و بریارى زۆرینه] بۆ خۆی هەڵەنین و ڕێکەوتی نین،
بەڵکو پێداویستی سیستەمی نوێنەرایەتین و بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی درێژە بە
مانەوەی بدات، پێویستی بە جەماوەری دەبەنگکراو هەیە !
سەرەنجام بەوە دەگەین، کە دەتوانین لەجیاتی واژی "دێمۆکراسی پارلەمانی"
و ئیلیتۆکراسی elitocrasy؛ ئیلیتۆکرەیزی
elitocrazy فەرمانڕانی دەبەنگان،
بەکاربەرین، چونکە لە هیچ سیستەمێکی سەروەری ئەم جیهانەدا چ کۆنە
پارلەمانی چ تازە پارلەمانییدا، ئازادی و یەکسانی و دادپەوەریی
کۆمەڵایەتی بنەما نیین و تاکی دەنگدەر و هەڵبژێری خراپ لە خراپتر هیچ
ڕۆلێکی لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیدا نییە و وەک هەر سیستەمێکی دیکەی
پاشایی، تاکپارتیی و دیکتاتۆریی و میلیتێریی و فەرمانڕانی ئایینی
theocracy، کەمینەیەک سەروەر و مشەخۆرە
بەسەر کۆیلەتی و ڕەنجی زۆرینەوە !
__________________________________
*
ئەم واژەیە [ئیلیتۆکراسی elitocrasy]
داتاشراوی منە، واتە فەرمانڕانیی [حوکمڕانی]ی دەستەبژێر.
پۆلیتۆکراسی politocrasy واتە
فەرمانڕانیی [حوکمرانی]ی ڕامیاران.
تێئۆکراسی theocracy فەرمانڕانیی ئایینی.
١٤\١٠\٢٠١٣
ماڵپهڕی ههژێن
|