په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٢\٢٠١٣

سیستەمی شارستانیی، بە لۆژیك و یاسا و شۆڕشی شاخ.


محەمەد بێبەش     


هەمومان لە باس و خواستەکانماندا بە لۆژیکی سەردەم و جارنامەی مافەکانی مرۆڤ ویەکسانی و سیستەمی دیموکراسی و تەکنۆکرات و ئازادیی تاك و سەروەریی یاسا و... هتد. ئەم وشە قەڵەوانە دەکەین، بەلام لە ناوەرۆك و رەنگدانەوەی لە ناخەکاندا نەك بەدی ناکرێ بەڵکو مایەی گاڵتەجارییشە، زۆر زەحمەتە ئەگەر بڵێین سەرکردەکانی شۆڕشی شاخ، کلتووری سیاسیی خۆیان پێدەگۆرێ و لۆژیك و سیستەمی سیاسیی دەسەڵاتداریان پێ هەرس بووبێ وەك ئەوەی پێویست و خوازرا و بێ بەو واتایەی لە سستەمێکی مەدەنی و دیموکراسیدا بتوێنەوە، خۆ ئەگەر لە کاڵا و پۆشاکدا گۆڕابن، ئەوا لە دەرووندا نەیانتوانیوە خۆیان لە کلتووری رق و تۆڵە بپارێزن، خۆ ئەگەر چەند کەسانێك گۆرانکاریی هزرییان بەسەردا هاتبێ ئەوا بەرانبەرەکەیان سڕینەوەی مێژووی رابردووی پێ قەبووڵ نەبووە، هاوکێشەکە بە لاسەنگیی ماوەتەوە.

 

هەرچەندە ئەم سەرکردانە لە روخسار و رواڵەت لە یەك ناچن، بەڵام لە ناوەرۆکدا زۆر شتی چونیەك و هاوبەشیان هەیە، زۆربەیان نائارام و ناتەندروستن و هەڵگری ڤایرۆسی دژە کەسیین، بە واتەیەکی تر نائارامن بەو واتایەی نایانەوێ سەردانی دکتۆری دەروونیی بکەن، خۆ ئێمە مەبەستێکی ناشیرینمان نییە لە دەربرینی ناتەندروستیی دەرونییان، بەڵام تەنها ئەو یاسا نێودەوڵەتییە وەبیر دێنینەوە، هەر کەسێ بۆ ماوەی دە ساڵ لە نێو جەنگ و شەڕدا بەشداربوو، دەبێ خانەنشین بێ و پشوو بدا، چونکە هەموو ژیانی دەق بە رق و تۆڵەوە دەگرێ و هەست و سۆزی لاواز دەبێ، گوتمان لە زۆر رەفتاردا لە یەك دەچن، هەموویان مامەڵە بە رابردووەوە دەکەن، هەموویان رەخنە دەگرن، بەڵام رەخنە لەخۆگرتن قەبووڵ نییە، هەموویان حەز و ئارەزووەکانیان وەك یەکە، کەسیان خۆی بە مرۆڤی ئاسایی نابینێ و هەموویان لە پرەنسیپ و هەڵسوکەوتی ژیانی ئاسایی کۆمەڵگە دادەبرێن، لە داڕشتنی فۆرمی تۆڵە و مێژووە سواوەکاندا لە یەك دەجن، لە دیزانی رەفتار و گوتار لە یەك دەچن، بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندیی و پاوانخوازیی دەسەڵات وەك یەك بیر دەکەنەوە، هەر چۆن شاخ و گوند و ناوچەکانیان لە سەردەمی شاخ پاوان کردبوو ئیستاش هەمان رەنگدانەوەیە، لە یادەوەریی و چیرۆکەکانی ژیاندا هاوبەش و هاوڕێن، لە خوێنی شەهیدەکاندا تەنانەت ئەوانەی بە پلانی خۆشیان کوژراون میراتگری یەکترین، لە کێبرکێی رازییکردنی دوژمنان و جووڵاندنی داشەکانی شەترنج لاسایی یەکتر دەکەنەوە، ئەگەر یەکێکیان وتارێک بنووسێ و ناوی لەسەر نەبێ زۆر زەحمەتە بزانی وتاری کامیانە، لەوانەیە لە چەند وشەیەکی ئەدەبیی کەمێك جیاوازییان هەبێ بەڵام لە ئایدیا و ستراتیژ و ئامانج وەك یەکن، هەر کامێکیان دەم دەکاتەوە خۆی بە پاڵەوان و میراتگری نەتەوە و نیشتیمان دادەنێ، ئەوەی لە یەکیان جیا دەکاتەوە پلان و شێوازی ساختە و ساختەکارییە لە هەڵبژاردندا، ناو و نازناو قەبارە و کێش و باڵا و روخسارە. بۆ راستیی و دروستیی ئەم بابەتەش بارودۆخی ئیستای پاڵەوانە زەبەلاحەکانی کەرکوك و ناوچەدابڕاوەکان سەلـمێنەری ئەو راستییەن.
 

 

bebash-62@hotmail.se

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک