په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١\٢٠١٣

سیستەمی سیاسی لە عێراق - کوردستان دا،
لە دیموکراسییەتی تەوافوقییەوە بۆ دیموکراسییەتی ھەجین.
*


حەسەن حوسێن      

سەرەتا:


توند بوونەوەی ململانێی نێوان ھێزەسیاسییەکانی عێراق گوزارشت لە پرسێکی جەوھەری دەکەن ئەویش ئایندەی سیستەمی سیاسییە لە عێراقدا لەو سۆنگەیەوە کە ئەوە جۆری سیستەمە سیاسییەکەیەتی کە چارەنووسی دەوڵەتی عێراق و بەردەوام بوون یا کۆتایھاتنی قەوارەی جوگرافی و جیۆپۆلیتیکی ئەم وڵاتە دیاریدەکات.


ئەو قەیران و ململانێ سیاسییەی عێراق قورساییشی خستۆتە سەر کەشی سیاسی و جەدەل و مشتومڕەکانی نێو ناوەندی سیاسی، جەماوەری و میدیایی کوردستان بەوەی دەرھاویشتەکانی ئەو ململانێیانە، ئاییندەی ھەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەبەن. بەمانای ئەم جەدەلە کەوتۆتە ژێر کاریگەریی ئەو پێدراوە سیاسییانەوە کە پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا دەیانخاتەروو و لێرەوە پرسی پێکھێنانی دەوڵەت وەک یەکێک لە بژاردەکانی ئاییندەی کوردستان دەخرێتە روو.


بەگشتی سیستەمە سیاسی خاڵی دەرچوون(انطلاق)ی ئەم دوو ئاراستە سیاسییەیە وا ئاماژەمان پێیدا، ئەوەی ئێمەش مەبەستمانە لەم وتارەدا ھەوڵێکە بۆ شرۆڤەکردنی سیستەمی سیاسی عێراق و کوردستان.


ھەڵبەتە دانانی (واو)ی پەیوەندی لەنێوان عێراق و کوردستاندا بەو مانایەیە کە ھەرچەندە کوردستان تا ئێستا بەشێکە لە عێراق و بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێت یەک سیستەمی سیاسییان ھەبێت، بەڵام لە ھەمان کاتدا ھەندێک خاڵی جیاوازیشی ھەیە لەگەڵ عێراقدا کە وەک بەشێکی جیا لەعێراق دەردەکەوێت.


مێژووی سیاسیی بیست ساڵی رابردووی کوردستان مێژوویەکی دەوڵەمەندە بە ئەزمون ورووداوەکانییەوە، ئەو مێژووە بارتەقای چەندین کتێب ولێکۆڵینەوە بۆ نەوەکانی دوای راپەڕین دەوڵەمەند بوو، لەگەڵ ئەوەی گەمارۆی ئابووری، شەڕی ناوخۆ، ململانێی توندو تیژی نێوان پارتە سیاسییەکان، سیاسەتی پاوانخوازی دەسەڵات، تیرۆری سیاسی و ... ھتد چەندین تاوانی سیاسی و تراژیدیای مرۆییان خوڵقاندو لەنێو کۆ نەست و یادەوەری بە کۆمەڵی خەڵکدا کاریگەرییەکی دوور مەودایان بە جێھێشت.


بەڵام بە دیوەکەی تردا ململانێی نێوان پارتەکان، ھەڵبژاردن، بوونی پەرلەمان و حکومەتی دیفاکتۆ لە کوردستان پاشان دروست بوونی میدیایەکی نیمچە ئازاد، ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی، سەرھەڵدانی خەباتی مەدەنی و جەماوەری و... ھتد بەگشتی رۆڵێکی گرنگیان لە بردنەسەری ئاستی وشیاری سیاسی ھاوڵاتیان و کەلتووری سیاسیدا گێڕاو بناغەڕێژییەک بوون بۆ پێکھێنانی سیستەمی سیاسی.‌ بەڵام سیستەمی سیاسی خۆی چییە؟ ئایا دەتوانین بڵێین ھەرێمی کوردستان خاوەنی سیستەمێکی سیاسییە؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێیە ئەوا سیستەمەکەی چ جۆرێکە، ئەگەریش نەرێیە ئەدی ئەوەی لە کوردستاندا ھەیە چییە؟!


بەر لەوەی بچینە سەر ناساندنی سیستەمی سیاسی دەکرێت بڵێین ئەگەر ئەم دۆخەی کوردستان لەسەرەتاکانی سەدەی بیستدا بووایە ئەوا بۆ پرسیاری چییەتی سیستەمی سیاسی لە کوردستاندا رەنگ بوو وەڵامێکی دیکەمان ھەبایە کە تارادەیەک جیاواز بوو {بەش بە حاڵی کوردستان زۆر جیاوازیش نا وەک دواتر ئەوە روون دەبێتەوە} بە وەڵامێک کە ئەمڕۆ دەیدەینەوە، ئەمەش پەیوەندی بەو پێشکەوتنانەوە ھەیە بەسەر زانستی سیاسەت بە گشتی و لێکۆڵینەوە لە سیستەمە سیاسییەکاندا بەتایبەتی ھاتن، پەیوەندی بەو گۆڕانکارییانەوە ھەیە بەسەر تێگەیشتن لە چەمکی سیستەمە سیاسییەکاندا ھاتن، کە بەرەنجامی فراوان بوونی بازنەی دەستوەردانەکانی دەوڵەت ودەسەڵات بوو لە کایە ئابووری وکۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکاندا. چونکە ھەتا سەرەتای جەنگی دووەمی جیھانیش میتۆدی دەزگایی - یاسایی( Legal - Intuitional Approach) لە شیکردنەوەی سیستەمی سیاسیدا بەکار دەھێنرا، کە لە فۆرمی دەوڵەت و جۆری دەسەڵاتەکان( یاسادانان، جێبەجێ کردن و دادوەری)ی دەکۆڵییەوەو بەو جۆرەی دەستووری وڵات دەسنیشانی کردوون.


بەڵام لەدوای جەنگی دوەمەوە ئەو پەرەسەندانەی لە زانستی سیاسەتدا بەدیھاتن بوونە ھۆی فراوان بوونەوەی لێکۆڵینەوەکانیش لە سیستەمە سیاسییەکاندا و رێبازو تیۆرەی جۆراوجۆریان لێوە داکەوت.


ئیدی لەمڕۆدا فۆرمی دەوڵەت وجۆری حکومڕانی بە تەنھا بەس نین بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سیاسی {بونیادی سیستەم لە دەزگا سیاسییەکان تێدەپەڕێت( حکومەت بەھەر سێ لقە تەقلیدیەکەیەوە، حزبەکان و گروپەکانی بەرژەوەندی) بەرەو چەند بونیادێکی دیکە کە رۆڵیان ھەیە لە ژیانی سیاسییدا، وەک پێکھاتە خزمایەتییەکان، پێکھاتەی ئابووری، پێکھاتەی بەھاو ئاراستەکان، چینەکان، تایفە ئاینییەکان... ھتد}(١). کەوایە بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سیاسی لە کوردستاندا پێویستە ئەو بنەمایانە دیاری بکەین کە سیستەمەکەی لەسەر دامەزراوە، واتە پاشخانی کەلتووری سیاسی بناسین لەگەڵ ئەو دۆخە ئابووریەی ھەیە پاشان توخمە پێکھێنەرەکانی کۆمەڵگەی سیاسی وەک پارتەکان و...ھتد.


سەرەتا با بزانین سیستەمی سیاسی چییە؟ د. حافز عەلوان لە سەرەتای کتێبەکەیدا( سیستەمە سیاسییەکان لە ئەوروپای رۆژئاواو وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا) دەڵێت:{ سیستەمی سیاسی بریتییە لە کۆی ئەو بنەما دەستووریی، رێسا یاسایی، پەیکەرەو بونیادانەی کە بەھۆیانەوە دەسەڵات گوزارشت لە ویستی خۆی دەکات و دەوڵەتیش لێیانەوە مانەوەو بەردەوامیی خۆی دریژە پێدەدات.}(٢) واتە سیستەمی سیاسی دەستوورو یاساکان، دامەزراوەکانی دەوڵەت، پارت و رێکخراوەکان، پەیوەندییە سیاسییەکان و وشیاری سیاسی دەگرێتەوە. ئەم توخمانەش ھەموو لە کارلێکی بەردەوامدان و ھەر ئەم کارلێکەشە ئەو شتە دروست دەکات کە پێی دەوترێت سیستەمی سیاسی(٣). لێرەوە دەکرێت بڵێین سیستەمی سیاسی ھەموو لایەنەکانی سیاسەت دەگرێتەوە چ راستەوخۆ وەک دەسەڵاتی سیاسی، پارتە سیاسییەکان وتا ئەگات بە بەشداری کردنی تاک لە دەنگداندا، چ ناراستەوخۆ وەک رۆڵی سەندیکاکان و گروپەکانی فشار لە نێو سیاسەتدا.


ئەگەر سەرنج بدەین لە کوردستاندا دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراوەکانی (بە ھەر سێ دەسەڵاتەکەیەوە) ھەن، پارتە سیاسییەکان ھەن، ھەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچن و ئەنجومەنەکانی شارەوانی، سەندیکاکان، گروپ و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش ھەن( ئەگەرچی ئەم بوونەشیان نیشانەی پرسیاری زۆری لەسەرە)، واتە زۆربەی توخمە پێکھێنەرەکانی سیستەمی سیاسی ھەن. بەڵام دوو توخمی ھەرە گرنگ بوونیان نییە ئەوانیش دەستوورو دەوڵەتن. ھەڵبەتە ھەموو دەزانین کە دەستوری ھەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە نێردرا بۆ سەرۆکی ھەرێم و ئەویش پەسەندی کرد بەڵام تا ئێستا پەرلەمان ئیمزای کۆتایی لێنەداوەو راپرسیشی بۆ ئەنجام نەدراوە، واتە ھێشتا کاری پێ ناکرێت. بۆیە دەکرێت بڵێین ئەو دەستوورە لەریزی نەبووانە، جگەلەوەی کە بەگوێرەی بڕگەی ٢ مادەی ١٣و مادەی ١١٦ی دەستووری عێراق نابێت یاساو مادەکانی دەستوری ھەرێم ناکۆک بن لەگەڵ یاساو ئەحکام و مادەکانی دەستووری حکومەتی عێراقیدا.


ئەم ‌ زەرورەتی کۆک بوونەی دەستوری ھەرێم لەگەڵ دەستوری ناوەنددا دەمانباتە سەر توخمی دووەم کە رۆڵی دەوڵەتە لە پێکھاتەی سیستەمی سیاسیدا. ھەر بۆیە قسە کردن لەسەر دەستوەردانی دەوڵەت لە کایە جۆراوجۆرەکاندا( وەک پێشتر ئاماژەمان پێیدا)و بگرە خودی دەوڵەت، کە یەکێکە لە توخمە گرنگەکانی سیستەمی سیاسی، لە کوردستاندا نییە.


بۆیە قسە کردن لەسەر سیستەمی سیاسی لە کوردستان قسەکردنە لەسەر سیستەمێکی بێ دەوڵەت وبێ دەستوور، ئەوەی کە ھەیە سیماکانی دەوڵەتی عێراقە، لەبەر ئەوە سیستەمی سیاسی لەکوردستاندا لە ژێر کاریگەریی سیستەمی سیاسی عێراقیدایەو تاڕادەیەکی زۆر بۆتە بەشێک لەو سیستەمە. لەم رووەوە قسە کردن لەسەر سیستەمی سیاسی لە کوردستاندا بەبێ قسە کردن لەسەر سیستەمی سیاسی لە عێراقدا ناتەواو دەبێت.

بنەما کەلتوورییەکانی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان و عێراقدا.


دەوڵەت و دامەزراوەکانی گرنگترین و دیارترین توخمن لەنێو پێکھاتەی سیستەمی سیاسییدا، تەنانەت ھەندێکجار وشەی دەوڵەت وەک ھاو واتاو ھاولفی سیستەمی سیاسی بەکارھێنراوە. بەڵام بەکارھێنانی وەزیفییانەی (نێگەتیف یا پۆزەتیف) دامەزراوەکانی دەوڵەت یا دەسەڵاتەکان تاڕادەیەکی زۆر شوناسی سیاسییانەی سیستەم دیاری دەکات، وەک سیستەمی مۆنۆکراسی کە دەسەڵات لەلایەن تاکە کەسێکەوە بەڕێوە دەبرێت، سیستەمی توتالیتاری، سیستەمی دیموکراسی کە فەرمانڕەوایی کردن بە ھەڵبژاردن و نوێنەرایەتی کردن دەبێت ... ھتد.


زۆر لەو وڵاتانەی کە ئەمڕۆ بە پێشەنگی دیموکراسی دەژمێردرێن لە مێژووی خۆیاندا بە قۆناغی دەسەڵاتدارێتی مۆنۆکراسی و دیسپۆتیستیدا رۆیشتوون و بەھەمان شێوە چەندین قۆناغیشیان لە سیستەمی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم و مومارەسەو کەلتووری دیموکراسیدا بڕیوە. بۆ نمونە سیستەمی پەرلەمانی لە بەریتانیا ھەتا ئەمڕۆ سێ تافی مێژوویی بڕیوە. تافی یەکەم سەردەمی پاشایەتی رەھا لە دوای شەڕی نۆرماندییەوە واتە لە ساڵی ١٠٦٦دەست پێدەکات تا سەرەتای سەدەی ھەڤدەھەم. قۆناغی دووەمیش لە ساڵی ١٦٨٩وە دەست پێدەکات تا ناوەڕاستی سەدەی ھەژدەھەم. ھەرچی قۆناغی سێیەمە لە سەردەمی جۆرجی سێیەمەوە دەست پێدەکات(٤).


بەڵام وەک دەزانین لە کوردستاندا ساڵی ١٩٩٢ یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام درا واتە ٩٢٦ ساڵ لەدوای یەکەم قۆناغی سیستەمی بەریتانییەوە !! ھەڵبەتە ئەم جیاوازییە زەمەنییە پاساوێک نییە بۆ کەم وکوڕییەکانی دیموکراسییەت لە کوردستان یا عێراقدا، چونکە لەئەمریکاش سەرەتای دروست بوونی کۆنگرێس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٨٧ واتە ٧٢١ ساڵ دوای یەکەم قۆناغی سیستەمی پەرلەمانی لە بەریتانیا، بەڵام دەبینین لەو ماوە مێژووییەدا چ بەرەو پێش چوونێکی بەخۆوە دیوە. ئەمەش تارادەیەکی زۆر پەیوەندی بە کەلتوری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ھەیە، پاشان ئیرادەی دەستەبژێری سیاسی بەتایبەت ئیلیتی دەسەڵاتدارو روانگەی ئەو ئیلیتە بۆ کۆمەڵگەوٍ شێوازی فەرمانڕەوایی کردن و مومارەسەی دیموکراسییەت. وەک پێشتر ئاماژەمان پێیدا ھەم کەلتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەم روانین ورەفتارەکانی دەستەبژێری سیاسی لە کوردستاندا کاریگەرن بە کەلتوری سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەی عەرەب و ئیلیتی سیاسی ودەسەڵاتدار( کە عەرەبن) لەعێراقدا، ھەروەھا کاریگەرن بە ترادیسیۆنی خێڵەکییانەی کوردستان.


بۆ نمونە زۆر جار سەرکردەو کەسانی باڵای یەکێتی وپارتی ئاماژە بەوە دەدەن کە کۆمەڵگەی کوردی ھێشتا ماویەتی بۆ ئەوەی فێری کەلتووری دیموکراسی بێت، ئەگەر سەرنج بدەین ئەم بۆچوونە جیاوازییەکی وای نییە لەگەڵ بۆچوونەکەی جەودەت ریکابی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵی ١٩٣٣دا کە گوتبوی" بیرۆکەی نوێنەرایەتی کردن بۆ عێراق گونجاو نییە"(٥). مەبەست لە ھەردوو بۆچوونەکەی " ریکابی" لەو سەردەمەدا و لێدوانەکانی ئەم سەردەمەی سەرکردەی پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لەسەر لاوازی کەلتووری دیموکراسی لە کۆمەڵگەدا بۆئەوەیە کە پاساو بۆ مومارەساتی نا دیموکراسییانەو دەسەڵاتخوازنەیان بھێننەوە. ھێزو دەسەڵاتی خێڵەکان و ترادیسیۆنی خێڵەکیش لە ناو ناوەندەکانی بڕیارداندا چ لە عێراق و چ لە کوردستان دیاردەیەکی دیارەو پێویست بەبەڵگە ھێنانەوە ناکات.


لەعێراقدا یەکەم ھەڵبژادن ساڵی ١٩٢٣ واتە دوو ساڵ دوای دانانی فەیسەڵی یەکەم بە پاشای عێراق ئەنجام درا. بە گوتەی غەسان سەلامە لە کتێبی (کۆمەڵگەو دەوڵەت لە رۆژھەڵاتی عەرەبیدا) ئەو ھەڵبژاردنە یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بووە لە دنیای عەرەبی ھاوچەرخدا. ھەڵبژاردنەکە بە فشاری بەریتانیا بووە، واتە نە بەرەنجامی فشارێکی کۆمەڵایەتی بووە بۆ بەرین کردنەوەو قووڵ کردنەوەی بەشداریی سیاسی، نە لە ئاکامی ململانێی سیاسی نێوان ئیلیتەکانی کۆمەڵگەو شا فەیسەڵدا بووە بۆ کەم کردنەوەی دەسەڵاتەکانی پاشا، وەک ئەوەی لە بەریتانیاو زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا روویانداوە، بەو حاڵەشەوە ھەڵبژاردنەکان ساختەکارییەکی زۆریان تێدا کراوە، لەو کاتەوە ئیدی ساختەکاری دەبێتە سیمایەکی ھەڵبژاردنەکانی عێراق. بۆ نمونە لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵانی ١٩٢٥، ١٩٣٣، ١٩٣٧، ١٩٣٩و ١٩٥٤ ساختەکاری ئەنجام دراوە! دواتر لە ساڵی ١٩٨٠ حزبی بەعسی دەسەڵاتدار ھەڵبژاردنی بۆ پێکھێنانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق سازدا کە بەپێی مێژونوسان و لە واقیعیشدا بینیمان ھەم ئەو ئەنجومەنەو ھەم ھەلبژاردنەکانیش کە ئەنجام دەدران جگە لە شانۆییەکی بێتام ھیچیتر نەبوون و ھیچیان نەخستە سەر کەلتوری دیموکراسی لە عێراقدا.


بە کورتی ئەو پاشخانە سیاسییە مۆری خۆی داوە لە پەروەردەی سیاسی ( التنشـئة السیاسیة) تاک و گروپەکان. ھەر بۆیە لە کوردستاندا زۆربەی ئەو ھەڵبژاردنانەی کە ئەنجامدراون لەلایەنی پاکێتی (نزاھە)وە بەردەوام جێگەی گومان و مشتومڕ بووەو لایەنەکانی دەسەڵات ھەمیشە ئەو رەخنەیەیان لەسەر بووە کە لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتدا لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا پەنا دەبەنە بەر رێگای جۆراوجۆری وەک ساختە کاری و تەنانەت توندو تیژییش.


لە رووی کەلتوورییەوە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بە کۆمەڵگەی فرەیی دەژمێردرێن و پێکھاتەیەکی ئەتنی و ئاینیی بەیەکداچوو و ئاڵۆزی ھەیە. بۆ نمونە ئەگەر زمان و ئەتن بکەینە بنەمای دابەش بوونەکان ئەوا دەبینین عەرەب پێکھاتە گەورەکەیەو کوردیش دووەم پێکھاتەیەو پاشان بەم جۆرە تورکمان دێت و ... ھتد. بەڵام ئەگەر ئایین بکەینە بنەما، ئەوا عەرەب دابەش دەبێت بۆ موسڵمان، کریستیانی، سابیئەی مەندائی، بەھائی و ... ھتد کوردیش دابەش دەبێت بۆ موسڵمان، کریستیان، یەزیدیی، کاکەیی و بەم جۆرە. ئەگەر ئایینزایش بکەینە بنەما ئەوا موسڵمانی عەرەب و کورد و تورکمان دابەش دەبن بۆ سوننەو شیعە، بەم شێوەیە ئەگەر بەرژەوەندی ھەردوو نەتەوەی کوردو عەرەب لە ھەندێک پرسی نەتەوەییدا ناکۆک بێت، ئەوا شیعەی کورد بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ شیعەی عەرەبدا دەبینێتەوە، سونەی عەرەبیش لەگەڵ لەگەڵ سوننەی کورددا، ئەم جۆرە ھەڵوێستگیرییانەی ئاینزاکان بەئاشکرا لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا دەبینرێن وەک چۆن لەکاتی توند بوونەوەی ململانێی نێوان ھێزە سیاسییەکانیشدا دەبینرێن.


ئەم ئاڵۆزی و بەیەکداچووییە کاریگەرییەکی نەرێنی کردۆتە ‌سەرسیستەمی سیاسیی عێراق ولە جیاتی ئەوەی زەمینەیەک بێت بۆ سەقام گیریی سیاسی بۆتە ھۆکارێکی سەرەکی ناجێگیریی سیستەمەکەو نەمانی ئاسایش لە وڵاتدا((کاتێک تاکەکان سەر بە چەند گروپێکی رێکخراو یا نارێکخراو دەبن کە بەرژەوەندی و روانینی جۆراوجۆریان ھەبێت، ھەڵوێستەکانیشیان (واتە ھی تاکەکان) بەھۆی ئەو فشارە دەروونییە یەکتربڕانەوە، بەرەو میانڕەویی دەچێت. ئەوەشی لەسەر بێت سەرکردەی ئەو رێکخراوانەی لەرووی ئەندامێتییەوە ناچوون یەکن، دەکەونە ژێر فشاری یەکتربڕی ئەو بارودۆخەوەو لەئەنجامدا ئەوانیش بەرەو ھەڵوێستوەرگرتنی میانەیی و میانڕەوانە دەچن. بێگومان میانڕەوییەکی لەم چەشنەش ھەردەبێت سەقامگیریی سیاسیی دروست بکات. بە پێچەوانەشەوە کاتێک کۆمەڵگە بەھۆی دابەش بوونی توندەوە لەت وپەت دەبێت و ئەندامێتی و خوێشایەتی  الولائات) بەیەکدا ناچن، بەڵکو بەشێوەیەکی دیاریکراو لەناو خۆی ھەر کەرتێک لە کەرتەکانی کۆمەڵگەدا چەق دەبەستێت، ئیدی فشارە یەکتربڕەکانیش کە پێویستن بۆ میانڕەویی و سەقامگیریی سیاسی، بوونیان نامێنێت)) (٦) ‌ئەمڕۆ لە عێراقدا ئەوەی ھەیە نمونەی دووەمە، چونکە ئەگەر تیرۆرو کێشەی ئەمنیش نەبێت، ئەوا ململانێ و جیاوازییە ئەتنی، مەزھەبی و کەلتوورییەکان و پێشینەی خوێناویی ئەم جیاوازییانە بەسن بۆ ناجێگیریی.


ناسەقامگیریی و فشۆڵی کارەکتەری حکومەت و دەوڵەت لە عێراقداو بەتایبەت لەم رۆژانەدا ئاشکران و لاوازی پێگەی حکومەت نەک ھەر لەناو ھاوڵاتیاندا بەڵکو لە نێو خودی پێکھاتە سیاسییەکانیشدا ھۆکارێکە بۆ بەڕێوەنەچوون و ئیفلیج بوونی کارەکانی حکومەت، ئەم ناجێگیرییەی دەسەڵاتیش وەک لاری دایمۆند ئاماژەی پێدەدات (لە توانایدا نییە بەردەوامی بە دیموکراسییەت بدات و رەنگە سەربکێشێت بۆ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری، یاخود لە ھەناوی خۆیدا "ئەگەری توتالیتاریزم"ی ھەڵگرتبێت).(٧)

پێگەی ئابووری لە سیستەمی سیاسی عێراقدا.


ئەو گۆڕانکاری و پێشڤەچوونانەی لە سیستەمی سیاسی بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوادا بەدیھاتوون، سیستەمی ئابووری رۆڵێکی گرنگی تیایاندا ھەبووە. بۆ نمونە سیستەمی پاشایەتی رەھا لە بەریتانیادا دەکەوێتە پێش قۆناغی شۆڕشی پیشەسازی و سەرھەڵدانی چینی بورژوازییەوە. بەڵام بەر لە ھاتنی قۆناغی دووەمی سیستەمی پەرلەمانی دوو گۆڕانکاری ئابووری روویاندا کە ریشەی پەیوەندییە دەرەبەگییەکانی ھەڵتەکاند( یەکەم گەشەکردنی چینی ئەریستۆکراسیی خاوەن موڵکی بچووک بەبێ ئەوەی نازناوی ئەریستۆکراسی (Gentry) یان ھەبێت ئەمانە دەکەوتنە نێوان خانەدان یا ئەریستۆکراسە خاوەن نازناوەکان و وردە خاوەن زەوییە ئازادەکان( صغار مالکی الارض) یا جوتیاری خاوەن زەوییەوە. ئەم چینە کە بەھۆی پاشاو دەست و پێوەندەکانی و ئەو یاسایانەی تا ئەو دەمە بە عەقڵییەتی سیستەمی دەرەبەگایەتییەوە بیریان دەکردەوەو دادەڕێژران، دەستیان بەسترابوو، کورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا کڕییەوە یا بە زۆردارەکی دەستیان بەسەردا گرت و ھەوڵی پەرلەمانێکیان دەدا کە لە ژێر دەستی خۆیاندا بێت. پێشکەوتنی دووەمیش بریتی بوو لە گەشەکردنی سامانی بۆرژوازی (خاوەن کارگەکان، پارێزەران و پزیشکان)و داوای نوێنەرایەتییەکی سیاسیشیان دەکرد کە لەگەڵ ھێزە ئابوورییەکەیاندا گونجاو بێت)(٨).


ئەم گۆڕانکارییە ئابوورییانەو دواتریش شۆڕشی پیشەسازی لە ھەناوی خۆیاندا رێبازی ئابووری ئازادو بیری لیبراڵیزمیان ھەڵگرتبوو، کە دواتر(ئەو گۆڕانکارییانە بوونە ھۆی زیاد بوونی سامان، گەشەکردنی دانیشتووان، باش بوونی گوزەران، بڵاو بوونەوەی بیروباوەڕی سۆسیالیستی، دەرکەوتنی سەندیکاکان و پارتە سۆسیالیستییەکان و زیاد بوونی رۆڵی سیاسی ئەم کۆمەڵگایانە)(٩). دروست بوونی ململانێی توند لەسەر بەھێز کردنی پایەکانی لیبراڵیزم وتاکگەرایی (ئەندوڤیدواڵیزم)، حوکمی دەستووری و لە ئەنجامی ئەمانەشدا پەرەسەندنی ھزروچالاکی سیاسی کاریگەرییەکی زۆریان کردە سەر دەستوورو یاسا بنەڕەتییەکان و کۆی سیستەمی سیاسی. ئەم گۆڕانکارییانە لە بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا کەم تا زۆر لەیەک دەچن.


ئەگەر بێینە سەر کوردستان و عێراق ئەوا دەبینین وەک گەلێک وڵاتی دیکەی رۆژھەڵات، سیستەمە ئابوورییەکەی بریتی بووە لە مۆدێلی بەرھەم ھێنانی ئاسیایی ( Asiatic Mode Of production) کە لە دێر زەمانەوە بە ھۆی کەش و ھەواو ژینگەی جوگرافییەوە بەرھەمھینانی کشتوکاڵی پشتی بە رووبارو کانیاوەکان بەستووەو بەم ھۆیەشەوە دەوڵەتەکان و فەرمانڕەواکان دەستیان وەرداوەتە رێکخستنی ئاودێری و بەرھەمھێنانی کشتوکاڵی. ئەمەش ھۆکارێک بووە بۆ ھاتنە ئارای حکومەتە سەرەڕۆکان. جگەلەوەش دەرەبەگەکان و خاوەن زەوییە گەورەکان لەو سەرکردە سەربازییانە پێک ھاتوون کە بەزەبری شمشێر رووبەرێکی فراوانی زەوی وزاری کشتوکاڵییان داگیرکردووەو تەنانەت لە دانی باجیش بەخشراون بەو مەرجەی کە پارێزگاری سیستەم بکەن(١٠). واتە دۆخی ئابووری ھەر لەسەرەتاوە فاکتەرێک بووە بۆ دیاریکردنی جۆری سیستەمە سیاسییەکەو ئەمەی دواییش بەپێی خۆی کاری کردۆتەوە سەر پەرەسەندنی فرماسیۆنی ئابووری.


لەدوای دروست بوونی دەوڵەتی نوێی عێراقیش لە ساڵی ١٩٢١ دا و لکاندنی کوردستان پێوەی، سیستەمی دەرەبەگایەتی و بەرھەمھینانی کشتوکاڵی ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتە پێک دەھێنێت. قۆناغی گواستنەوە لە بەرھەمھینانی کشتوکاڵی و پەیوەندییە دەرەبەگییەکانی بەرھەمھینانەوە بۆ قۆناغی سەرمایەداری لە عێراقدا، وەک زۆرێک لە وڵاتە کۆڵۆنیالکراوەکانی دیکە، بەرەنجامی گەشەکردنی ھۆیەکانی بەرھەمھێنان و شێوە کلاسیکی وسوننەتییەکەی ئەوروپا نەبوو، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندی ھەیە بە سیاسەتی کۆڵۆنیالیستی و پاشانیش دۆزینەوەی نەوتەوە لە عێراقدا.


ئەگەر پێشتر لەسەردەمی بەرھەمھێنانی کشتوکاڵیدا دەوڵەت دەست بەسەر سامانی ئاوی وسیستەمی ئاودێریدا، وەک سەرچاوەیەکی گرنگی بەرھەمھێنانی کشوکاڵی، دەگرێت. ئەوا لە دوای دۆزینەوەی نەوتەوە دەوڵەت دەست بەسەر سامانە سروشتییەکاندا دەگرێت وئابوری رەیعی دەبێتە بنەمای ھەیکەلی ئابووری وڵات. پشتبەستنی دەوڵەتیش بە ھەناردەکردنی نەوت پێویستیی وەرگرتنی باج لە ھاوڵاتیان کەم دەکاتەوە، لەبەرامبەردا پشتبەستنی ھاوڵاتی بە دەوڵەت بۆ دەسکەوتنی داھات و خزمەتگوزاریی گشتی زیاد دەکات(ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکچوننی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی سیاسی وھاوڵاتی وەک ھانتیگتۆن لە کتێبی شەپۆلی سێیەمی دیموکرسیدا دەڵێت" ئەگەر وتەزای(نوێنەرایەتی کردن نەبێت ئەوا باجیش نییە)داوایەکی سیاسی بێت، ئەوا لە وڵاتانی رەیعیدا وتەزای باج نییە نوێنەرایەتیش نییە دەبێتە راستییەکی سیاسی")(١١) بەم جۆرە بازنەی بەشداریی سیاسی لەبەردەم ھاوڵاتیان و رێکخراوو گروپەکانیاندا تەنگ دەکرێتەوەو ناوەندێتی دەسەڵات بەھێزدەبێت، دەوڵەت گرنگییەکی زۆر دەدات بە لایەنی ئاسایش و قەبە کردنی دەزگاکانی بەڕێوەبردن و جێبەجێ کردن. لە عێراقدا فایلی ئەمنی و بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزم، کە بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکرێت، بیانوویەکە بەدەست حکومەتەوە کە پێشێلکارییەکی زۆری مافە دیموکراتی و مەدەنییەکان بکات و رێگە لە خۆپیشاندان و مانگرتن بگرێت. لە کوردستانیش دانانی بودجەیەکی گەورە بۆ ئاژانسی پاراستن و ئەم دەزگایە دەکاتە شمشێرەکەی دیموکلیس بەسەر سەری کۆمەڵی مەدەنی و نەیارانی سیاسیی دەسەڵات بەگشتی و پارتی بەتایبەتی کە بەرپرسیارێتی ئەو دەزگایە دراوەتە مەسرور بارزانی کوڕی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی پارتییەوە.

دەسەڵاتەکان لە سیستەمی سیاسی عێراق و کوردستاندا.

وەک سەرجەم سیستەمە سیاسییەکانی رۆژئاوا، دەستووری عێراق دەسەڵاتەکانی جیاکردۆتەوەو ئا‌ماژەی بە سیستەمی فیدراڵییەتی عێراق داوە. فیدراڵیزم و دیموکراسی تەوافوقی دوو بنەمای دەستووریی و دیموکراسین لە سیستەمی عێراقدا. بەڵام بەبەراورد بە سیستەمە سیاسییەکانی دیکەی جیھان کە یەکێک یا ھەردوو ئەم سیستەمە پەیڕەو دەکەن چەندین کەم وکورتیان تێدایە. بۆ نمونە لە سیستەمی فیدراڵیدا دەسەڵاتەکان لە نێوان ناوەندو ھەرێمەکاندا دابەش دەکرێت وئەمەش وادەکات کە دەسەڵاتی ناوەند لە چاو ئەو دەوڵەتانەی کە فیدراڵی نین لاوازتر بێت. بەڵام لە فیدراڵیزمی عێراقیدا جگەلەوەی تەنھا یەک ھەرێم ھەیە دەبینین دەسەڵاتی حکومەت لەناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەھێزەو ھیچ سیمایەکی لا مەرکەزی پێوە دیار نییە. لەگەڵ ئەوەی مادەی ١١٥ ی دەستوری عێراقی مافی پێکھێنانی ھەرێمی بۆ شارێک یا چەند شارێکی دیکە مسۆگەر کردووە، بەڵام لەم ماوەیەدا حکومەتی عێراقی داوای ھەندێک لە شارەکانی دیکەی وەک بەسرە، ئەنبار، تکریت و دیالەی بۆ پێکھێنانی ھەرێمی سەربەخۆ رەت کردەوە ئەمەش پێشێل کردنێکی ئاشکرای دەستوورە.


سەبارەت بە دیموکراسییەتی تەوافوقیش گەلێک وڵات لە جیھاندا پیادەی دەکەن بەتایبەت لە کۆمەڵگە پلوراڵەکاندا وەک سویسرا، ھۆڵەندا، بەلجیکا، نەمسا، لوبنان و ... ھتد، وەزیفەی ئەم دیموکراسییەتە راگرتنی ئاسایش و ئارامی کۆمەڵگەو چارەسەرکردنی کێشەی کەمینەو زۆرینەی پەرلەمانی و ھاوسەنگ کردنەوەی رێژەی پێکھاتە سیاسییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانە لە رێگەی نوێنەرانی ویلایەت یا شارەکانەوە، واتە دیموکرسییەتی تەوافوقی میکانیزمێکە بۆ بەرگرتن لە دیکتاتۆرییەتی زۆرینە لەبەردەم کەمینەدا.‌


یەکێک لەو میکانیزمانەش ئەوەیە کە دەسەڵاتی یاسادانان لە دوو ئەنجومەن پێک دەھێنرێت ، تەنانەت لە ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیاو گەلێک وڵاتی تر کە پیڕەوی لە دیموکراسییەتی تەوافوقی ناکەن، دەسەڵاتی یاسادانان لە دووئەنجومەن پێک دێت. بۆنمونە لە ئەڵمانیا ئەنجومەنی یاسادانان لە ھەردوو ئەنجومەنی بۆندستاگ (Bundestag)و بۆندسرات(Bundesrats) پێک دێت. بەڵام لەعێراقدا ئەم دەسەڵاتە لەیەک ئەنجومەن پێک دێت، ھەرچەندە لە مادەی ٦٢‌ی دەستووری عێراقدا ھاتووە{‌( ئەنجومەنێکی یاسادانان دادەمەزرێت بەناوی( ئەنجومەنی فیدراڵی) کە نوێنەرانی ھەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی لە نێو ھەرێمێکدا نین دەگرێتەوە، پێکھاتەی ئەنجومەن و مەرجەکانی ئەندامێتی تیایداو دەسەڵاتەکانی و ھەرچی پەیوەندی پێیەوە ھەیە، یاسایەکی بۆ دادەنرێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران) تەئکیدەکان ھی منە}‌ واتە ئەو ئەنجومەنە فیدراڵییەی کە دەستور باسی دەکات دەسەڵاتەکانی دەستور پێی نابەخشێت بەڵکو ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان یاسای بۆ دادەنێت، ئەمەش کەم کردنەوەی دەسەڵاتی ئەو ئەنجومەنەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکەم پەرلەمانی عێراقی لە سەردەمی پاشایەتیدا کە بەناوی( ئەنجومەنی گەل)ەوە ‌ کاتێک دروست بوو لە ھەردووئەنجومەنی نوێنەران وئەنجومەنی ئەعیان پێک ھاتبو کە ئەمەی دواییان لەسەر شێوازی ئەنجومەنی لۆردەکانی بەریتانیا پێک ھاتبوو.


لەدەسەڵاتەکانی پەرلەمانی عێراقی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە،‌ کە پۆستەکەی تەشریفییە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا. بەڵام لە سیستەمی ئەڵمانیدا لە کۆنگرەیەکی فیدراڵیدا، ھەردوو ئەنجومەنی بۆندستاگ و بۆندسرات پێکەوە سەرۆک ھەڵدەبژێرن و بۆ بەدەستھێنانی دەنگی پێویستیش دەبێت پاڵێوراوەکە (ئەغلەبیە)زۆرینەی دەنگەکانی کۆنگرەکە بەدەست بھێنێت، خۆ ئەگەر ھیچ پاڵێوراوێک لە دوو دەنگداندا نەیتوانی ئەو ئەغلەبییەیە بەدەست بھێنێت، ئەوا لە خولی سێیەمدا بەدەستھێنانی زۆرینە( اکپریە)بەسە بۆ سەرکەوتن. ‌


بەڵام ئەمە جیاوازیشە لە سیستەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ھەرێم لە کوردستاندا کە راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێت و بەمەش دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم بەتەنھا تەشریفاتی نابێت چونکە راستەوخۆ لەرێگەی بەدەستھێنانی دەنگی خەڵکەوە پۆستەکەی وەردەگرێت. لە سیستەمی ئەڵمانیدا سەرۆک جێگری نییە، بۆیە ئەگەر پۆستی سەرۆک کۆمار چۆڵ بێت ئەوا سەرۆکی بۆندسرات( ئەنجومەنی ویلایەتەکان) دەچێتە شوێنی، بەڵام لە عێراق بەپێی بڕگەی چوارەمی مادەی ٧٢ ی دەستوورئەگەر سەرۆک کۆمار جێگری نەبێت و پۆستەکەی چۆڵ بێت ئەوا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جێگەی دەگرێتەوە، بەمەرجێک لەماوەی سێ رۆژ لە چۆڵبوونیەوە سەرۆکێکی نوێ ھەڵبژێردرێت. لە کوردستان جێگری سەرۆکی ھەرێم بە رێکەوتنی پارتی و یەکێتی دانراوە، بەڵام تا ئێستا لەبەر ئەوەی کەس دەستووری نەبینیووە، سنووری دەسەڵاتەکانی جێگرو ئەو ھەلو مەرجانەی کە تێیدا جێگر کارەکانی سەرۆکی ھەرێم بەڕێوە دەبات بۆ کەس روون نییە.


لە ئەمریکا دانانی دادوەرەکانی دادگای باڵا لە دەسەڵاتی سەرۆکدایە، بەڵام دەستووری عێراقی لە ھیچ کام لە مادەکانی بەندی سێیەمدا کە تایبەتە بە دادوەری روونی نەکردۆتەوە ئەنجومەنی دادوەری باڵا کە کارو باری دەستە دادوەرییەکان لە وڵاتدا دەگرێتە ئەستۆ، لەلایەن کێوە دادەنرێن. بەکورتی لە دابەش کردنی رێژەیی پۆست و دەسەڵاتەکان لە دیموکرسییەتە تەوافوقییەکەی عێراقدا بەرژەوەندی پێکھاتە سیاسییەکان لەبەرچاوگیراوە نەک بەرژەوەندی پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش دواجار لەخزمەتی ھێشتنەوەی ئەو ئۆلیگارشییە سیاسییەی عێراقە.

سیستەمی پارتایەتی نمونەیەکی زەقی ھەجینیەتی سیاسی .


لە ھەندێک وڵاتدا سیستەمی دوو حزبی ھەیە، لە ھەندێکیشدا فرە حزبی، سیستەمی یەک حزبیشمان بینیووە. لەعێراقدا دۆخی سۆسیۆلۆجی لەلایەک و رێساکانی گەمە سیاسییەکەو دیموکراسییەتی تەوافوقی لەلایەکی دیکەوە، مۆدیلی ململانێی حزبیی تووڕداوەو لەجێگەیدا مۆدیلی تەحالوفاتی چەسپاندووە.


لە کوردستان ئەگەر سیستەمی پارتە سیاسییەکان بکەینە پێوەرێک بۆ دەستنیشان کردن و ناسینەوەی جۆری سیستەمی سیاسی ئەوا رەنگە بڵێین سیستەمێکی فرە حزبییە وەک فەرەنسا، چونکە لە کوردستاندا چەندین پارتی سیاسی ھەن، دوانیان لە دەسەڵاتدان و ئەوانی تریش یا لە ناو پەرلەماندا ئۆپۆزسیۆنن یا لەدەرەوەی پەرلەمان. یاخود ھەژموون( ھیمنە)ی دوو پارتی سیاسی گەورەو خاوەن دەسەڵات( پارتی و یەکێتی) بەسەر نەخشەی پارتە سیاسییەکانەوە وامان لێبکات بە سیستەمی سیاسی بەریتانیا یە ئەمریکا( کە سیستەمی دو حزبین) بچوێنین. لە کاتێکدا رێکەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتی نزیک بوونەوەی تەواوی ئەم دوو ھێزە سیاسییە لەیەکتر، نیشانیدا کە ئەم دوو حزبە لە فۆرمی دوو حزبی جیاوازدا دەردەکەون بەڵام بە وردبوونەوە لە شێوازی بەڕێوەبردنیان ھاوشێوە بونێکی زۆر دەبینین تیایاندا، ئەگەرچی لە بەغدا ھەندێک وردە جیاوازیشیان ھەبێت ئەوا لە کوردستاندا ئەو جیاوازییە بەدی ناکرێت.


بۆ نمونە ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار لە کوردستان لایەنگری دیموکراسییەتی تەوافوقین لە عێراقدا بەڵام لە ناو ھەرێمدا پرەنسیپی زۆرینەو کەمینە لە پەرلەماندا پیڕەو دەکەن (ھەر ئەوەندەی ئەم ئیلیتە سەرکەوتو بوو لە کۆت کردنی ئازادی سیاسی، ئیدی دەست دەکات بە بەکارھێنانی دەسەڵاتەکەی بۆ کۆت کردنی کێبڕکێی ئازادانەی ئابووری یا قۆرخ کردنی، بەجۆرێک دەستکەوتەکان بۆ خۆی دەچنێتەوە لە جیاتی ئەوەی بۆ گشت کۆمەڵگە بێت،لێرەوە دەوڵەتە دەسەڵاتخوازە دڵڕەقەکان دروست دەبن. لەم جۆرە دەوڵەتانەدا رەفتاری دەستەبژێر بەگشتی شەقڵێکی گوماناوی و ھەلپەرستانە بە خۆوە دەگرێت. خۆ ئەگەر ھەڵبژاردنی کێبەرکێکارانە ھەبێت، دەبینیت بەوپەڕی توندییەوە ھەوڵ دەدەن ئەوانی تر دوور بخەنەوە. بەم جۆرە خەڵکی ئاسایی نابنە ھاوڵاتی راستەقینە بەڵکو تەنھا ئامڕازێک یا مشتەری دەبن بەدەست کۆمەڵێک سەرکردەی بەھێزی ناوچەیی کە ئەمانیش پاشکۆی سەرکردەی بەھێزتر و باڵاتر دەبن)(١٢).

 

ئەگەر کەلتووری سیاسی، جۆری ململانێی حزبی، کێشە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ ناوەنددا ھۆکار بووبن بۆ دروست بوونی ئەم مۆدیلە لەدەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، ئەوا سیستەمی دیموکراسیەتی تەوافوقی لە عێراقدا فا‌کتەرێکی یاریدەدەر بووە بۆ مانەوەی. چونکە بە سوود وەرگرتن لە ھەڵبژاردنەکان و دابەش کردنی حزبییانەی دەسەڵات( بەناوی دابەش کردنی رێژەییانەی نێوان پێکھاتەکان و نوێنەرایەتی کردنی کوردەوە) جۆرێک لە دڵنیایی داوە پێیان بە مانەوەیان لە دەسەڵاتدا سەرەڕای بچووک کردنەوەی مەوداکانی بەشداری سیاسی و کورت کردنەوەی لە پرۆسەی دەنگداندا. ئەمەش بێخەمی کردوون لە بەرامبەر خواستەکانی ھاوڵاتییان یاخود تێھاویشتە (مدخلات) ناوخۆییەکاندا.

زۆرداری لە فۆرمی دیموکراسیدا.

بەبۆچوونی سامۆیل ھانتگتۆن، جیھان سێ شەپۆلی دیموکراسی بە خۆوە بینیوە یەکەمیان ١٨٢٨ -١٩٢٦ شەپۆلی دووەمیش دەکەوێتە نێوان ساڵانی ١٩٤٣-١٩٦٤ وە، ھەرچی شەپۆلی سێیەمە لە ساڵی ١٩٧٤ەوە کە رژێمە سەربازییەکانی یۆنان، ئیسپانیا و پورتوگال روخان دەست پێدەکات و بە روخانی یەکێتی سۆڤییەتی جاران دەگاتە ترۆپک. بەڵام ھەر بە پێی بۆچونەکانی ھانتیگتۆن لە ھەریەکێک بەدوای ئەو شەپۆلانەدا ھەڵگەڕانەوەیەکی پێچەوانە یا گەڕانەوەیەکی پاشەوپاش لەنێو ھەندێک سیستەمدا لە دیموکراسییەوە بۆ دیکتاتۆری روویداوە، یا وەک مایکل ماکفۆڵ کە بەڕێوەبەری پەیمانگای" دیموکراسییەت و پەرەپێدان و دەسەڵاتی یاسا CDDRL " لە زانکۆی ستانفۆرد Stanford، وەک گریمانەیەکی شاردراوە بەو ئەنجامگیرییەی کارڵ جیرشمان Carl Gershman (سەرۆکی وەقفی نیشتمانی بۆ دیموکراسییەت NED )کە دەڵێت شەپۆلی سێیەمی دیموکراسی رژێمگەلی سیاسی ھەجینی Hybrid Regimes بەشوێن خۆیدا ھێنا کە لە دوو توێی خۆیاندا ھەندێک سیمای دیکتاتۆری ودیموکراسیان پێکەوە ھەڵگرتووە، ئەمانە دیکاتۆرییەتی کراوە یا دیموکراسییەتی مەرجدارن(١٣). خاڵی ھاوبەشی ئەم سیستەمانە ئەوەیە رژێمێکی شێوە سەرکوتگەریان ھەیە کە بەھەڵبژاردن دێنە سەر حوکم بەڵام دواتر دەسەڵاتەکانیان بەکار دەھێنن بۆ دەستکاری کردنی دەستوورو یاساکان تاکو مانەوەیان لە کورسی فەرمانڕەواییدا مسۆگەر بکەن، بە گشتی لەم سیستەمانەدا دەسەڵاتی یاسادانان لەبەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێکردندا لاوازترە، رێژەیەکی زۆری گەندەڵی ھەیەو سیستەمی چاودێری زۆر لاوازە، نمونەی ئەم رژێمانەش روسیا، سربیا، ئۆکرانیاو مەغریب و...ھتد تەنانەت بە پێی ئەو توێژینەوەیەی کە (یەکەی توێژینەوەکانی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست)ی بەریتانی سەبارەت بە ئاسۆی بەھاری شۆڕشەکانی دنیای عەرەب کردویەتی ھەر‌یەکە لە دەسەڵاتی فەلەستینی و عێراق و لوبنان (کە ئەم دوانەی دواییان دیموکراسییەتی تەوافوقین) رژێمی ھەجینن.


لێکۆڵینەوەکە بە روونکردنەوەیەک دەست پێدەکات کە لە توێژینەوەکەدا پشتی بە پێوەری دیموکراسی بۆ پۆلێن کردنی دەوڵەتەکان بەستووەو خشتەیەکی بۆ دیموکراسییەتی ئەو دەوڵەتانە دروست کردووە بۆ ساڵی ٢٠١٠ و گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە لەم ناوچەیەدا ھیچ دەوڵەتێکی دیموکراسی نییە، بەڵکو ئەوەی ھەیە لە باشترین حاڵەتیاندا رژێمی ھەجینن وەک ئەوەی کە لوبنان و ناوچەکانی فەلەستین و عێراقدا ھەیە(١٤). وێڕای ئەو تایبەتمەندییانە، ئەگەر بەپێی ئەو شرۆڤەیەش کە ئارنت لیبھارت بۆ دیموکراسیەتی تەوافوقی کردوویەتی ئەوا سیستەمی سیاسی عێراق ئەو مەرجانەی تێدانییە کە بۆ سیستەمێکی دیموکراسی تەوافوقی دایناون.


ئارنت لیبھارت لە کتێبی ( دیموکراسیەتی تەوافوقی لە کۆمەڵگەیەکی پلوراڵدا) چوار تا‌یبەتمەندی بۆ دیموکراسییەتی تەوافوقی دیاریکردوە کە ئەمانەن: بەرەی فراوان( الائتلاف الکبیر) یا کۆ دەنگی نێوان سەکردە سیاسییەکان لەسەر پرسە گرنگەکان، مافی ڤیتۆ بۆ ھەر لایەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کەمینەکان، نوێنەرایەتیی رێژەیی لە دامەزراندن و تەرخانکردنی پارەی گشتی و دوا خاڵیش سەربەخۆیی رێژەیی ھەرێمەکان. ئەگەر لەبەر رۆشنایی ئەو بنەمایانەوە سەرنج بدەین دەبینین کە ھەریەکە لەو تا‌یبەتمەندییانە لە دیموکراسییەتە تەوافوقییەکەی عێراقدا بە واقیعی بوونیان نییەو ئەوەی کە ھەیە پیادەکردنی ھەژموونێکی تایبەتە یا وەک فەرھەنگی ئۆکسفۆرد ناوی لێناوە (رێک کەوتنی مۆنۆپۆڵییانە - اتفاق احتکاری) لە نێوان ھێزە ئۆلیگارشییەکاندا (١٥) نەک پاراستنی ھاوسەنگی نێوان پێکھاتەکان. بۆ نمونە لە بەندی دووی مادەی ٤٩ی دەستووردا ھاتووە" بڕیارەکان لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا بە زۆرینەیەکی کەم دەدرێت دوای بەدیھاتنی نیسابی پێویست بۆ ئەوە" ( ئەمەش بە سانایی واتە یەکەمین و گرنگترین توخم لە دیموکراسییەتی تەوافوقیدا بەدی نایەت. چونکە زۆرینەیەکی کەم بەتەواوی پرەنسیپی فەرمانڕەوایی کردن بە بەرەی فراوان شکست پێ دەھێنێت ‌.... دەستور بە تەواوی چاو پۆشی لە کێشەی نوێنەرایەتی کردنی رێژەیی لە دامەزراندن لە کارگێڕیی گشتی مەدەنیدا کردووە. نەخواسمە کە ھیچ ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە کە قەبارەی راستەقینەی ھەر پێکھاتەیەک دەربخات. بەو فۆرمانەشدا کە تایبەتن بە سەژمێریی داھاتووی دانیشتوانی عێراق دەردەکەوێت میکانیزمێک نییە بۆ زانینی سەنگی دیمۆگرافیی گشت پێکھاتەکان. چونکە لەفۆرمەکەدا ھیچ پرسیارێکی دەربارەی ئایینزا، تیا نییە. لێرەوە بانگەشەکانی تایبەت بەو مەسەلەیە ھەر دەمێنێتەوە، کە ئەمەش رێگر دەبێت لە بەردەم گەیشتنە نوێنەرایەتی کردنێکی راستەقینە تەنانەت لە ناو سوپاشدا کە دەستور باسی لێکردووە.). (١٦)


سەبارەت بە تایبەتمەندێتی چوارەمیش وەک پێشتر ئاماژەمان پێیدا سەربەخۆیی یاخود فیدراڵیزمی ھەرێمەکان تا ئێستا ھەر ھەرێمی کوردستان ھەیەو ھەرچەندە لە شارەکانی رەمادی و بەسرە ھەوڵی بەردەوام دەدرێت بۆ دروست کردنی ھەرێمی جیا جیا بەڵام تائێستا ھەر رەت دەکرێتەوە، نوری مالیکی سەرەک وەزیری عێراق لەلێدوانەکانیدا ھیچ کاتێک رەخنەی خۆی لە فیدراڵیزم و نەشیاوی ئەو مۆدیلە بۆ عێراق ناشارێتەوە، بەھەمان شێوە گەلێک سەرکردەی تری سیاسی پێکھاتەکان لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا دژایەتی خۆیان بۆ فیدراڵیزم دەردەبڕن.


بە مانایەکی دیکە دەکرێت بڵێین زۆرداری زیاد لە فۆرمێکی ھەیە، ئەو مومارەساتانەی لەعێراقدا دەسەڵاتەکەی مالیکی پەیڕەوی دەکات لە تاکڕەوی سیاسی، تیرۆری نەیارەکان، گرتن و ئەشکەنجەو زیندانیی نھێنی و...ھتد ھەموو ئەمانە زۆردارییەکی زەق و زۆپی ئەو دەسەڵاتە نیشان دەدەن کە بە(دیموکراسییانە )ھاتۆتە سەر حوکم. بەڵام ئەم زۆردارییە لە کوردستان ھەندێکجار ئاشکرایە وەک لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا بینیمان، وەک لە فڕاندن و تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان وسوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو و گۆڕاندا بینیمان... ھەندێکجاریش شاراوەیە وەک لە کۆنترۆڵ کردنی سەندیکاکاندا، لەلایەن ھەردوو پارتی دەسەڵاتدارەوە، دەیبینین، وەک لەیاسای خۆپیشاندانان و دادگایی کردنی رۆژنامەنووساندا دەیبینین. ھەموو ئەمانە نیشانە گەلێکن لە ھەجینییەتی دیموکراسی لە عێراق و کوردستاندا، کە بەپێی ئەو پێدراوە سیاسی، ئابووری و کەلتوورییانەی باسمان کردن شانسی گۆڕانی ئەم دوو دەسەڵاتە بۆ زۆرداری رەھاو بوونی بەدەسەڵاتێکی پۆلیسی زیاترە وەک وەک لە بوونی بە سیستەمێکی دیموکراسی، لەو دیموکراسییەی کە لە رۆژئاوادا باوەو دەسەڵاتداران ئیدیعای دەکەن، کە چەمکی ھاوڵاتی بوون یەکێک بێت لە بنەماکانی.
___________________________________________
سەرچاوەو پەراوێز:
* ئەم وتارە بابەتی سیمینارێک بوو لە خانەی زانستی مەدەنی ـ خوێندنی تایبەت بە گەشەپێدانی کەلتوور پێشکەشم کرد.
١. د. که‌مال مه‌نوفی ، تیۆرییه‌کانی سیستەمه‌ سیاسیه‌کان،و ئاوات ئه‌حمه‌د. چاپخانه‌ی سایه‌، چ دووه‌م ٢٠١١، لاپه‌ڕه ‌١٠٨.
٢. د. حافظ علوان، النظم السیاسیة في اوربا الغربیة و الولایات المتحدة الامریکیة،عمان، دار وائل للطباعةوالنشر، ٢٠٠١، ص ٧.
٣. د. صالح جواد کاظم و د.علي غالب العاني ،الانظمه‌ السیاسیة، ، مطبعة دارالحکمة بغداد ١٩٩١ ص ٥.
٤. د.حافظ علوان، النظم السیاسیة في اوربا الغربیة و الولایات المتحدة الامریکیة، عمان، دار وائل للطباعةوالنشر، ٢٠٠١، ص ٨٠.
٥. د.شاکرالنابلسي ،العراق: من انتخابات ١٩٢٣ إلى ٢٠١٠.
٦. ارنت لیبهارت ، الدیمقراطیة التوافقیة في مجتمع متعدد ، ترجمة حسني زینة، ص 25 منشورات معد الدراسات الاستراتیجیة.
٧. هسپ ص ٢٢.
٨. ویل و ئایریل دیورانت، قصة الحضارة، ترجمة محمد علي ابو درة. المجلد الاربعون، الفصل الثامن، الثورة الکبری ص ٣٢٨ و ٣٢٩‌. دار نوبلیس.
٩. النظم السیاسیة في اوربا الغربیة و الولایات المتحدة الامریکیة، د. حافظ علوان، عمان، دار وائل للطباعةوالنشر ص٢١.
١٠. قصة الحضارة. ویل و ئایریل دیورانت، ترجمة محمد علي ابو درة. المجلد الثالث، الحیاة في آشور ص ٢٥.
١١. لاری دایموند، لماذا لا توجد دیمقراطیة عربیة؟ تقریر واشنطن.
١٢. لاری دایموند ، تراجع الدیمقراطیة و عودة بروز الدولة السلطویة.
١٣. الموجة الرابعة.. الديمقراطية تواجه الديكتاتورية.
١٤. سامح فوزی، الإيكونوميست تضع ثلاثة سيناريوهات لمستقبل الثورات العربية، ١٦ يوليو, ٢٠١١، لندن‏ -‏ وكالات الأنباء‏، www.25yanayer.net.
١٥. د. رغید الصلح ،الدیمقراطیة التوافقیة في اطارها العالمي و اللبناني.
١٦. د. يحيى الكبيسي، الديمقراطية التوافقية .. المغالطة الكبرى، www.iraqwriters.com.

 

ماڵپه‌ڕی حه‌سه‌ن حوسێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک