په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٢\٢٠١٥

ستالین کە دەوڵەتێکی مەزنی دامەزراند.

 

د. نەجم ئەلدلیمی

وەرگێڕانی: جەلال دەباغ

- بەشی سێیەم -

چوارەم: هۆشداری و پێشبينيەکان.


ئيمپرياليزمی جيهانی بەسەرۆکايەتی ئيمپرياليزمی ئەمەریکا دوژمنايەتی ئايديۆلۆژی وسياسی و ئابوری و سەربازی شۆڕشی سۆسياليستی ئۆکتۆبەری کرد، هەر لە بەرپابونيەوە لەساڵی ١٩١٧دا و تا ساڵی١٩٨٤ ئيمپرياليزمی ئەمەریکا و هاوپەيمانەکانی هەموو پاڵەپەستۆيەکی سياسی و ئابوری و سەربازيان بەکارهێنا، بە گەمارۆدانی ئابوريشەوە، هەر ئەوانيش لەدوای هەڵگيرسانی شەڕی ناوخۆيیەوە بوون لەيەکێتی سۆڤيەت کە پتر لە (٨) مليۆن مرۆڤی تێدا بوونە قوربانی، هەر ئەوانيش لە دوای شەڕی دووەمی جيهان و شەڕی ساردەوە بوون،،، ئامانجی سەرەکيی ئيمپرياليزمی ئەمەریکا لەناوبردنی يەکێتيی سۆڤيەت و سۆسياليزم و دەستکەوتەکانی بوو، بەڵام لە هێنانەديی ئامانج و چاوچنۆکيە دەستدرێژکاريەکانيدا لەساڵانی١٩١٧ تا ساڵی ١٩٨٥ ژێرکەوتنی لە چارە نووسراو هۆکاری سەرەکيی ئەم ژێرکەوتنەش هەبوونی سەرکردايەتيەکی بەتواناو دڵسۆزو دەستپاک بوو بۆ گەلەکەی و بيروباوەڕو حیزبەکەی، ئەم سەرکردايەتيە لە لێنين و ستاليندا بەرجەستەبوو، وێڕای گردبوونەوەی گەلی سۆڤيەت لە دەوری حیزب و سەرکردايەتيە مێژوييەکەی.


لە ٢٥/٦/١٩٢٥دا ستالين چاویکەوت بە خوێندکارانی زانکۆی سفێردڵۆفسکايای سۆڤێتی و ئامادەبووان ئەم پرسيارەيان لێکرد: ئايا توانای پاشگەزبونەوە (بۆ دواوە گەڕانەوە) لە يەکێتيی سۆڤيەتدا هەيە لە هەلومەرجی ئەوەی لە سيستەمی سەرمايەداريی جيهانيدا بە سەقامگيریی کاتی ناوی دەبەن؟


ستالين لە وەڵامدا گوتی: سێ مەترسیی راستەقينە رووبەرووی دەسەڵاتی سۆڤيەت بوونەتەوە کە ئەمانەن:


مەترسيی يەکەم:- بريتيە لە مەترسی لەدەستچوونی ئايندەی سۆسياليستی و مەسەلەی بنياتنانی نيشتيمانەکەمان، دواجار مەترسيی هەبوونی پاکتاوکردن (مەبەست لەناوبردنی يەکێتيی سۆڤيەتە).
مەترسيی دووەم:- مەترسيی لەدەستدانی ئايندەی شۆڕشگێڕانەيە لەسەر ئاستی جيهان، دواجار رووبەرووبوونەوەی خوليا ناسيۆناليستيەکان.
مەترسيی سێيەم: ئەم مەترسيە لەدەستچوونی سەرکردايەتی حیزبيە بەجۆرێک کە رەنگە لەوێوە ئەو مەترسيە پەيدابێت کە حیزب ببێتە پاشکۆی دەزگای دەوڵەت.


لە ئاياری ساڵی ١٩٤١دا ستالين حیزب و دەسەڵاتی سۆڤيەتی هوشيار کردەوە لەوەی کە ئەرکی سەرەکی دوژمنانی گەلی سۆڤيەت بريتيە لە روخاندنی رێژيمی سۆڤێتی و دامەزراندنی سەرمايەداری و دەسەڵاتی بۆرژوا لە يەکێتی سۆڤيەتدا، لەمەشەوە وڵات دەبێتە پاشکۆی رۆژئاواو وڵاتێک بۆ ناردنەدەرەوەی کەرەستەی خاوی سەرەتايی، گەلی سۆڤيەتيش دەبێتە کۆيلەيەکی ئيمپرياليزمی جيهانی کە لەبارێکی ژيانی زۆر خراپدا دەبێ.


شوێنی گرنگ لە پلانەکانی دوژمنانی گەلی سۆڤيەتداو لە پلەی يەکەمدا ئەوەيە هێزی ئابوری و سەربازیی يەکێتيی سۆڤيەت تێکشکێندرێ و ئامادەباشيی سەربازی بکرێت بۆبەزاندنی سەربازيی يەکێتی سۆڤيەت و دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتداو دامەزراندنی رێژيمێکی پۆناپارتی لە وڵاتدا بە پشتبەستن بە هێزی سەربازی و کەسانی هەرچی و پەرچی و تاوانکاران و داماڵراوان لە چينەکەی خۆيان و ئەوانەی نوێنەرانی هێزی شۆڕشی بەراوەژوون.


ئەو چارەگران و ناپەسەندو ناپاک و زەبونانە پێش هەموو شتێک دەيانەوێ واز لە موڵکايەتی سۆسياليستی بهێنرێت و بفرۆشرێت و موڵکايەتی گشتێی هۆيەکانی بەرهەمهێنان بگۆڕدرێت بۆ موڵکايەتی تايبەتی سەرمايەداری، گوايە رەگەزێکی گرنگە لە پەيوەنديەکانی ئابوری لە ئابوری نيشتيمانيدا. بەبيانوی نەبوونی کەڵکی ئابوری سۆفخۆزەکان (کێڵگەی کشتوکاڵی دەوڵەت) پاکتاودەکرێن و کۆڵخۆزەکان (هەرەوەزيە کشتوکاڵيەکان) هەڵدەوەشێنرێنەوەو مەکينەو ئامێرە کشتوکاڵيەکان دەفروشرێن بە هاوبيرەکانيان يان بەوانەی بە موزاريعەکان ناويان دەبەن، ئەمەش لە پێناو بوژانەوە ( دەرکەوتنەوەی) رێژيمی کۆلاک لە دێهاتی سۆڤێتيداو سەرپێشۆڕکردنی وڵات بۆ بيانيەکان بەڕێگەی قەرزوەرگرتن و پێدانی بەخشش (منحە) و ئيمتيازاتی گرنگ بە دەوڵەتە ئيمپرياليەکان، لە پێناو وەرگرتنی پڕۆژە پيشەسازيەکانمان و گێڕانەوەی ناوچەی نەوتينی ساخالين بۆ ژاپۆن و ئۆکرانيا بۆ ئەڵمانيا.


دوژمنانی گەلەکەمان بە هەموو هێزێکيان دەيانەوێ توانای شەڕی سەربازيی هێزەکانی سۆڤيەت تێکبشکێنن.


لێنينی سەرکردەی مەزن ئاگاداری کردوينەتەوە کە مانەوەو بەردەوامی شۆڕش کاتێک دەبێ کە بتوانێ بەرگری لەخۆی بکات، ئەو قەڵايەی قايم و چەسپاو نەبێ دەتوانرێ بەئاسانی و لەناوەوە دەستی بەسەردا بگيرێت.


لە ٤/٢/١٩٣١دا ستالين لە بەردەم کۆنفرانسی پيشەسازيی هەموو يەکیتيی سۆڤيەتدا وتارێکی پێشکەش کردو گوتی(( ئێمە بۆ ماوەی پەنجا تا ١٠٠ساڵ لە وڵاتە پێشکەوتووەکان دواکەوتوين، بۆيە لەسەرمان پێويستە کە ئەم ماوەيە کورت بکەينەوە بۆ١٠ساڵ لەپێناو گەيشتنەوە بە دەوڵەتانی پێشکەوتوو، جا يان دەبێ ئەمە بکەين و ببينە دەوڵەتێکی مەزن، يان وردوخاش دەکرێين)).


ستالين ئەم ئاگادارکردنەوەيەی پێش دە ساڵ گوتووە لە دوای ئەو شەڕە ناڕەوايەی ئەڵمانيای فاشيست کە لە حوزەيرانی ساڵی ١٩٤١دا بەرانبەر يەکێتی سۆڤيەت بەرپای کرد.


لە ساڵی ١٩٤٦دا ستالين لەگەڵ زاناو ئابوریزان و سياسەتمەدارانی سۆڤيەت کۆبۆوەو لەوێدا جەختی لەسەر بايەخ و پێويستيی دانانی نەخشەيەکی نوێ کردەوە بۆ پەرەپێدانی وڵات و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو گيروگرفت و کۆسپ و تەگەرانەی رووبەڕووی پڕۆسەی دامەزراندنی سۆسياليزم بوونەتەوە. هەروا جەختی لەسەر ئەوەش کردۆتەوە کە پێويستە تێئۆری مارکسيزم- لێنينيزم پەرەپێبدرێ و دەوڵەمەند بکرێ، هەروا جەختی لەوەش کردۆتەوە کە پێويستە رۆڵ وشوێنی ئەديبان و هونەرمەندان و موزيکزانان زۆرتر چالاک و کاريگەر بکرێت بۆ پەرەپێدانی رۆشنبيريی سۆسياليستی، هەروا جەختی کردەوە لەسەر دانانی بەرنامەيەکی نوێ بۆ حیزبی شيوعی سۆڤيەت لە پێناو پتەوکردن و پەرەپێدانی رەوتی دامەزراندنی سۆسياليزم لە يەکێتيی سۆڤيەت، کارکردنی بەردەوام بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بژيوی و روحیی کۆمەڵانی خەڵک ، لە١٦/١٠/١٩٥٣داو لە سەروبەندی بەستنی حەوەمين کۆنگرەی حیزبدا ستالين جەختی لە بايەخی ديموکراسی و سۆسياليزم و پەيڕەوکردنيان لە ژيانی حیزب و کۆمەڵدا کردەوەو داوای لە سەرکردايەتی حیزب و کاديرو ئەندامەکانی کردو رايگەياند کە ئەمڕۆ هەلو مەرج وئەرکی نوێ لە پێشتاندان و لە پێش کۆمەڵگەی سۆڤێتيدان و لە سايەی بارئاڵۆزی بارودۆخی نێودەوڵەتان و هەڵوێستی فێڵبازانەو دوژمنانەی رۆژئاوای سەرمايەداری لە بەرانبەر يەکێتيی سۆڤيەت و وڵاتە سۆسياليستەکانیتردا ئاماژەی بەوەکرد کە ((مەترسيدارترين شتێک لەم زۆرانەدا ترس و پاشەکشەو خۆبەدەستەوەدان و هەڵلەرزينە لەپێش دوژمندا)).


هەروا بۆ هەموومان جەختی لەوەکردەوە کە نابێ تەنيا بە قسە باسی مانای دادپەروەريی کۆمەڵايەتی بکەين هەرچەندە ئەوەش بايەخدارە و کاتی ئەوەش هاتووە پەلە بکەين بۆ دامەزراندن و چەسپاندنی سۆسياليزم بە جۆرێکی باشترو پتەوترو لەسەر بنەمای تەکنەلۆژيی نوێ، هەروا ئەرکی سەرشانمانە کە بەشێوەيەکی زانستانە نەک سۆزگيرانە لە ياسايەکانی ئابوريی سۆسياليزم بکۆڵينەوەو بيانزانين و هەوڵبدەين بۆ پەيڕەوکردنی داهێنەرانەيان لە پێناو باشکردنی ئاستی بژيوی جەماوەرو، ئەرکی زانايانی ئابوری و سياسی ئەوەيە کە ئەم ئەرکە سەرەکيە ئەنجام بدەن.


ديسان ستالين جەختیکردەوە لەسەر بايەخی رۆڵی سەرکردايەتی و کاديرانی حیزبی کە لەناو حیزب و يان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ياساداناندا کاردەکەن کە ببنە ئەو نمونەيەی چاويان لێبکرێت لە جێبەجێکردنی نەخشەکان و سياسەتی حیزبدا. لەسەرتان پێويستە ساردنەبنەوە لە زۆرانتاندا لەگەڵ ئايديۆلۆژيای بۆرژوازی و هەروا ئاماژەی بەوەکرد کە بايەخ و پێويستيەکی زۆريش لەوەدايە کە دەبێ سەرکردايەتی حیزب نوێ بکرێتەوەو بە هێنانی کاديری زانای سياسی و ئابوری و زانايان و سەربازييە شۆڕشگێرەکان، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێويستە کارو چالاکی حیزب لە بەرزترين دەستەی حیزبيەوە تا نزمترين دەستەی حیزبی، لە گەڵ جاماوەردا چاکبکرێت وهەڵسوڕاندن لەگەڵيان راست و دروستبێ و ئەنجامی هەستپێکراويان بۆ بهێندرێتەدی نەک تەنيا باسکردنی بەڵێن بۆ دوارۆژ.


لە کۆنگرەی شانزەيەمی حیزبدا ستالين ئاماژەی بەوەکرد کە((حیزب و گەلەکەمان هەميشەو ئەمڕۆش و لە ئايندەشدا پێويستیان بە پشتگيری و هاوکاری حیزبە شيوعيە براکان و هەروەها هەموو گەلانی جيهانە، سەرنجی ئەندامانی کۆنگرەی راکێشا بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە خێرايانەی ئيمپرياليستەکان لە تاکتيک و يان ستراتيژياندا ئەنجامی دەدەن)).ستالين داوای هوشياريی کرد بەرانبەر بە داسەپاندنی گەمارۆی ئابوری بەسەر يەکێتيی سۆڤيەتدا لەلايەن دەوڵەتانی ئيمپرياليزمەوە بە سەرۆکايەتی ئەمەریکاو بەريتانيا، واتە ئەوان دەيانەوێ گەمارۆيەکی سەرمايەدارانەی يەکێتی سۆڤيەت لە ئايندەدا بدەن و، واشی دانا کە داسەپاندنی گەمارۆی ئابوری جۆرێکە لە جۆرەکانی دەستخستنە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتانەوە بە چەشنێکی راستەوخۆ يان ناڕاستەوخۆ، ئەمەش لە شەڕی سەربازی مەترسيدارترە.


ئەوەتە ئەمڕۆهێزەکانی پەيمانی ناتۆ هاتونە کۆمارەکانی ئاسيای ناوەڕاست و جۆرجيا و کۆمارەکانی بەڵتيق و دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژهەڵات چونەتە ناو پەيمانی ناتۆ، ئەمەش لەژێر پەردەی ئەوەی ناويان ناوە بەربەرەکانيی تێرۆری نێودەوڵەتی و بەدووريش نازاندرێ دەوڵەتانی ديکەی پەيوەستگای دەوڵەتانی سەربەخۆ بێنە پاڵ ئەم هاوپەيمانيە دەستدرێژکارو دڕندەيە.


لە دوای کۆتايی جەنگی نيشتيمانيی مەزن ستالين ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم جەنگە باشترين و چاکترين هاونيشتيمانانی ئێمەی رافڕاند، ئەو پاڵەوانانە بوون بەزينێکی گەورەيان تووشی فاشيزمی ئەڵمانی کردو ئەوانبوون دەوڵەتە مەزنەکەی خۆيان لە ئەڵمانە فاشيستەکان ئازادکرد، ستالين هەميشەو بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە پێويستە يەکەمينجار بير لە چارەنووسی وڵات بکرێتەوە، ئينجا دووەمينجار بير لە چارەنووسی تايبەتی بکرێتەوە. هەروەک چۆن ستالين هەڵوێستی خۆی لە ئەڵمانيا دياری کرد کە((هيج حەزێکمان نيە بۆ لە ناوبردنی ئەڵمانياو ئەمە کارێکی نيمچە مەحاڵەو هەروا کارێکی نيمچە مەحاڵە کە بتوانرێ يەکێتی سۆڤيەت لەناوببرێت، بەڵام دەبێ حکومەتە هێتلەريە - فاشيستەکە لەناوببرێت و ئەمە لە توانادايەو پێويستەو هەروا دەبێ سوپای هێتلەری و سەرکردايەتيەکەی لەناوببرێن)).


ستالين لە کاتی جەنگە رەواکەيدادژی فاشيستە داگيرکەرەکان بەگەلی سۆڤيەتی رادەگەياند کە ( مەسەلەکەمان رەوايەو سەرکەوتن بۆ ئێمەيە).


يوسف ستالين هوشياری دا لە بارەی ئەو مەترسيانەی بەرەورووی دامەزراندنی سۆسياليزم بونەتەوە کە گوتی( چەند وڵاتەکەمان بەرەبەرە زۆرتربەرەوپێش بڕوات بەرەو سۆسياليزم ئەوەندە بەرگريی دوژمنانی مەزنترو بەتينتر دەبێ).

پێنجەم: ئەو کەسايەتيەی رێزی نەيارانيشی بەدەستخست.


وەک زانراوە ستالين کەسايەتيەکی بەهێزی هەبوو خاوەنی خاسيەت و سيمای سەرکردەيەکی سياسی بوو کە شلوشۆڵی و چەمانەوەی لەرووی گەردەلوولدا نەدەزانی، يان لە رووداوە ناسک و گرانەکاندا لە بەرانبەر دوژمنە ئايديۆلۆژيەکانيدا، کەسێکی يەکلاکەرەوەو ئازابوو هەڵوێستی مەبدەئیی روون و ئاشکرای هەبوو کە نەدەکرا بە دووچەشن لیکبدرێتەوە، چ لەگەڵ هاوڕێيانی يان لەگەڵ دوژمنانی ، ستالين نەيارێکی ئايديۆلۆژیی بەهێزی رۆزفلت و چەرچڵ بوو، بۆ هەڵوێستە مەبدەئيەکانی حيسابێکی تەواودەکرا، بۆ نمونە لەساڵی ١٩٤٦دا ستالين لە باسی چەرچڵدا گوتی( چەرچڵ- هەڵگيرسێنەری شەڕەکانە)، لەم بارەيەوە چەرچڵ لە کانونی يەکەمی ساڵی ١٩٥٩دا ولە ئەنجومەنی لۆردەکانی بەريتانی و بەبۆنەی يادی ٨٠ساڵەی لە دايکبوونی يوسف ستالينەوە وتارێکی پێشکەشکردو لە وێدا گوتی: ( مايەی بەختياريەکی گەورەيە بۆ روسيا لە هەلومەرجی گران و سەختيدا سەرکردەيەکی بۆ دەرکەوێ سەرکردايەتی بکات و زۆر زيرەک و بليمەتبێ، سەرکردەيەک دوو دڵی نەزانێ و توندوتٶڵبێ وەک يوسف ستالين، ئەو کەسايەتيە ديارەی پتەويەکەی کە لە ژيانيدا دروست بووە بەتەواوی لە سەرکردايەتی دەسەڵاتدا بەدەرکەوت و ئەم پتەويەش لە تەک قۆناغە مێژوييەکەدا گونجاوبوو. ستالين مرۆڤدۆست بوو، توانايەکی نائاسايی هەبوو، خاوەن ئاگاداری و زانستێکی فراوان بوو، قووڵ دەيڕوانی و بڕوای زۆر بەهێزبوو، سەرکردەيەکی خاوەن کاری لە ناکاوبوو، سەرکردەيەکی بڕياردەربوو بێباکیی نەدەزانی چ لە مەسەلە گرنگەکاندا يان لە گفتوگۆدا تەنانەت من (مەبەست لە چەرچڵە) کە لەسەر شێوازو رەوشتی پەڕلەمانیی بەريتانيا پەروەردەبووم ناتوانم رووبەڕوی ببمەوە.


ستالين کەسێکی خاوەن تواناو لێهاتووبوو، هەرلەوکاتەشدا خاوەن گاڵتەجاری بوو، ئەو سەرکردەيەبوو کە دەيتوانی زۆر بە وردی و تەواوی و بەشێوەيەکی راشکاوو راست و رەوان هەموو بيروباوەڕی خۆی دەرببڕێت و گشت دانراوەکان و نووسين و گوتارەکانی بە شێوەی هەميشەيی خۆی دەينووسين و چالاکيە زانستيەکانی بە کردەوەو لەسەر زەمينەی راستی پەيڕەوکراون، هەر ئەمەش ئەو هێزەبوو کە ستالين هەيبوو، ناشکرێ ئەم کەسايەتيە لە نێوەندی سەرکردايەتی سۆڤيەتدا دووبارەبێتەوە. لەهەموو کاتێکدا ستالين باری سەرنجێکی وەهای پێدابووين کە ناکرێ توڕەبێت و کارتێکردنيشی لەسەر هاونيشتيمانان بەرگری ناکرێت، کاتێکيش هاتە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکانی کۆنفڕانسی ماڵتا(لە ناوچەی قڕم لە باشوری يەکێتی سۆڤيەت) ئێمە هەموومان واتە گشت ئامادەبوان هەستاين و راوەستاين و دەستمان بۆ خوارەوە راگرتبوو).


ئينجا چەرچڵ ئاماژە بەوە دەکات کە (ستالين خاوەنی لۆژيک و زيرەکی بوو، هەرگيز نەترساوەو راستگۆبووەو زاڵبوون بەسەريدا مەحاڵ بووەو هەميشە لە رۆژگارە زۆر سەخت و ئاڵۆزەکاندا چارەسەری بۆ ئەو مەسەلانە دەدۆزيەوە کە رێگەی لێ دەربازبوونيان نەبوو، چ لە رۆژگارە تڕاژيديەکاندا يان لە رۆژانی نەهامەتی و بۆنەکاندا، ئەو خۆی رادەگرت و گوێی بە واهيمە نەدەداو خۆی بەدەستەوە نەدەداو کەسێکی نائاسايی و کەسايەتيەکی بەهێزبوو).


چەرچڵ لەسەری زياد دەکات و دەڵێ (ستالين کاریکردو ئيمپراتۆريەتێکی مەزنی خستە ژێر سەرکردايەتی خۆی و ئەو مرۆڤەيە کە توانی دوژمنەکەی بەدەستی دوژمنەکانی ديکەی بهاڕێت و ئێمەش کە ستالين بە ئيمپرياليەکان ناوی دەبردين ناچاريکردين کە شەڕی يەکتری بکەين، ستالين سەرکردەيەکی مەزن بوو سەرکردايەتی رووسيای گرتەدەست و لە وڵاتی گاسنی تەختەوە رووسيای کردە دەوڵەتێکی مەزنی خاوەن چەکی ناوکی (نوکليار) جا هەرچەندە هەوڵبدەين باسی مەزنێتی ستالين بکەين مێژوو گەلان نمونەی ئەم سەرکردە بەهرەدارەيان لەبير ناچێتەوە) (ئينسکلۆپێديای بەريتانیی دانراوی پێنجەم، ساڵی ١٩٦٤).


ديگۆڵی سەرۆکی کۆچکردووی فەرەنسا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە (ستالين پياوێکی بە ديمەن و دەسەڵات و خاوەن رێزێکی گەورەبوو، نەک تەنيا لەناو روسيادا بەڵکو تەنانەت لەناو دوژمنانيشيداو سەرکەوتنەکانی زۆر لە زيانەکانی گەورەتربوون). سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا بوشی گەورەو راوێژکارەکەی کروفورد لە ياداشتەکانياندا ئاماژە بەوە دەکەن کە (ئەگەر گەرباچۆڤ لەسەر شێوازی ستالين بەديمەن و خاوەنی ئيرادەی سياسی بوايەو وەک ستالينی پێشينەی بڕياردەربوايە ئێمە ئێستا دەمانبينی يەکێتيی سۆڤيەت ماوەو تواناش هەبوو بۆتازەکردنەوەو پتەوکردنی يەکێتی سۆڤيەت).


سەرکردەکانی پرێسترۆيکاو ((چاکسازيی ئابوری)) لەوانەش گەرباچۆڤ و يەڵسن و پوتين بوونە دۆستی (گيانی بەگيانيی) دەوڵەتانی ئيمپرياليزم لەوانەش بۆ نمونە وەک ريگان و بوشی گەورەو کۆل و شيراک و کلينتۆن و بوشی بچوک و بليروشلوردو تەنانەت بەرلسکۆنيی سەرۆکوەزيرانی ئێستای ئيتاليا، ئەنجامی ئەم (دۆستايەتيەش) لای هەموان ئاشکرايەو پێويست بە هيچ گوتنێک ناکات تەنانەت لە لايەن هاونيشتيمانيە سادەکانيشەوە، ئەمڕۆ ئەو "سەرکردانە" بە خێراييەکی نائاسايی بەرەو خۆرئاوای ئيمپريالی رادەکەن، بەتايبەتی بەرەو ئەمەریکا لە پێناو ناسين و دانپێدانانيان بەوەی دەوڵەتێکی ئابوری سەرمايەدارين و"خەبات" لە پێناو وەرگرتنيان لەناو يانەی نێودەوڵەتی (گ-٧) و رێکخراوە نێودەوڵەتيەکانیترداو ئەو" سەرکردانە" ئەمڕۆ سەرمايەداريەکی دڕندانەو تاوانکارانە دادەمەزرێنن کە لە مێژوی سياسی نوێدا نمونەی نەبووە. جا لە کاتی بەردەوامبوونی ئەم سياسەتەدا دوور نيە رووسيا هەڵوەشێتەوەو ببێتە چەند دەوڵەتێکی گچکەو "سەربەخۆ" ئەمەش ئەمڕۆ بەپێی سيناريۆی ئەوەی ناويان لێناوە چاکسازيی ئابوری و ئەنجامەکانی ئەو سيناريۆيەی ناويان ناوە پرێسترۆيکا لای هەموان ئاشکرايە، ئالێرەوە مەترسی بۆ سەر گەلی رووسيا پەيدادەبێ و ئەنجامەکانی ئەم سياسەتە نەک تەنيا بۆ سەر گەلی رووس بەڵکو بۆ سەر هەموو گەلانی کۆمارەکانی يەکێتيی سۆڤيەتی پێشوو بۆ سەر گەلانیتر گران و دژواردەبێ.

___________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/sitalinkedewleteki2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/sitalinkedewleteki1.htm

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک