ستارە
عارف:
نەک
لەپەرلەمان بەڵکو لەسەرجەم کایەکانی ژیانی کۆمەڵدا ژن بۆ
ئارایشتکردن بەکارهاتووە.
دیمانە: ئاسۆ عوسمان

نووسەر و
رۆژنامەوان ستارە عارف پێیوایە ژنان لەناو ئەم سیستمەدا رۆڵی
خۆیان پێنادرێت، کۆمەڵێک رێنمایی وپرنسیپی کۆنیان
بەسەردا دەسەپێنرێت، کەبەهەندێک مەسەلەی لاوەکییەوە سەرقاڵیان
دەکات و چوارچێوەی بیرکردنەوەیان قفڵ دەکات، بۆیە مرۆڤیش هەتا
نەیەتە دەرەوەی بازنەکە هەست بەدواکەوتویی و ناهۆشیاریی خۆی
ناکات.
ئاسۆ عوسمان:
رۆشنبیران تەنانەت بەشێکیش لەژنان پێیانوایە بەشداریى پێکردنى ژنان
لەنێو پەرلەمان و حکومەت تەنیا بۆ ئارایشتە، بەڵگەش بەوە دەهێننەوە
پەرلەمان یاساى فرەژنى پەسندکردووە، تۆ پێتوایە بەشداریى پێکردنى ژنان
بۆ ئارایشتە یاخود بەپێچەوانەوە ژنان دەتوانن رۆڵى گرنگ لەپەرلەمانى
ئایندەدا ببین؟
ستارە عارف: ژن خاوەن توانایەکی زۆر و
شاراوەیە ئەگەر زەمینەی دەرخستنی ئەو هێزەی بۆ بڕەخسێت، دەتوانێت
بەشێوازی جۆراو جۆر بیخاتە بواری کردارییەوە، چونکە بەپێی زانست روونە
کەژنان لەپیاوان بەتواناتر و ئارامتر و بەئیرادەترن، بەڵام لەکۆمەڵی
ئێمەدا لەبەرئەوەی کراوە و مەدەنی نین، هەرگیز بواری پێنەدراوە وەک خۆی
بژی و گوزارشت لەجەوهەری خۆی بکات، بۆیە نەک لەپەرلەمان لەسەرجەم
کایەکانی ژیانی کۆمەڵدا ژن بۆ ئارایشتکردنی بوارەکان بەکارهاتووە،
چونکە ئەو ژنە بەویست وئیرادە و شارەزایی خۆی بەشدار نەبووە،
بەڵکو دانراوە و بەکارهاتووە، پەرلەمانی کوردستان ناتوانرێت بەنوێنەری
گەل دابنرێت وەک لەهەموو دنیادا هەیە، لەم کۆتایەشدا باش راستی خۆی
دەرخست چوار ساڵە نوێنەری گەل نەبووە و دەمڕاستی مەکتەبی سیاسی بووە،
ژنان لەناو ئەم حزبانەشدا لای هەمومان ئاشکرایە پاشکۆن وهەرگیز
نەیانتوانیوە وەک خۆیان کەژنن بیر وڕای جیاواز و ژنانەی خۆیان هەبێت،
چونکە لەناو سیستمی سیاسی ئەم پارچەیەی کوردستاندا کەئەم حزبانە و
کۆمەڵێک حزبی تری بچووک پێکیانهێناوە، لەسەرەتای دروستبوونیانەوە تا
ئێستا رێکخستنی تۆکمە و خاوەن فیکر و عەقڵیەتی سیاسی و نەتەوەیی
وهزر و رۆشنگەریی نەبوون، ئەوان لەسەرەتای دروستبونیانەوە تەنها شەڕی
چەکداریان بەسەرەکی وەرگرتووە و تەواوی لایەنەکانی تریان پشتگوێخستوە و
ژنیش وەک کەسێکی پاشکۆ، دۆزەکەشی بەلاوەکی وەرگیراوە، ئیتر دەبێت
چاوەڕوانی چی گۆڕانکاریی و دۆزێکی هۆشیار لەم جۆرە سیستمە بکرێت
وتەنها ئەو قاڵبە سواوەیەیان لێ بەرهەم دێت، کەرۆژانە دەیڵێنەوە و
هیچیان لێ سەوز نابێت و خەڵک و تاک و ژنان و رۆشنبیر و کەسانی چالاک و
بوێر بەوتە و کردەوە کۆن و نەشیاوەکانیان هەراسان دەکەن. ژن لەناو ئەم
سیستمەدا رۆڵی خۆی پێنادرێت، کۆمەڵێک رێنمایی و پرنسیبی کۆن بەسەردا
دەسەپێنرێت، کەبەهەندێک مەسەلەی لاوەکییەوە سەرقاڵیان دەکات
وچوارچێوەی بیرکردنەوەیان قفڵ دەکات، بۆیە مرۆڤیش هەتا نەیەتە دەرەوەی
بازنەکە هەست بەدواکەوتوویی وناهوشیاریی خۆی ناکات، ئەمە بۆ
ژنانی ناو حزبەکانیش کەلەپەرلەمانیشدان بەم شێوەیەیە.
ئاسۆ عوسمان: لەگەڵ ئەوەى رێژەى بەشداریى
ژنان لەپەرلەماندا 25%ە، بەڵام چەندین یاسا دژى مافەکانى ژنان دەرکران،
پرسیارەکەم ئەوەیە رێژەى 30% کە بۆ ژنان لەپەرلەمانى ئایندەدا
دیاریکراوە دەتوانێت لەپەرلەمانى ئایندەدا کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەى
ئەو یاسایانە بکات دژى مافەکانى ژنن؟.
ستارە عارف: رێژە بۆ ژنان پێوەر نین
کەرێژە دانرا وا بزانین هەموو شتەکان ئۆتۆماتیکی بێ ئەوەی زانایی ژنان
بەرامبەر دۆزەکەیان هەبێت دەگۆڕێت وانییە، زۆر جار ژنان بەژمارە کەمن،
بەڵام ئەگەر بەناوەڕۆکی کۆمەڵدا رۆچوبێتن و لێی تێگەیشتبن و
تیۆری و ئامانجیان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەبێت و
بوێرانە و سەربەخۆ بێ رەچاوکردنی قسە و تانەی پیاوان هەنگاو بنێن و
بڕوایان بەو تیۆرییە هێنابێت، کە مافەکانمان بەهێزی جەوهەریی و ئیرادە
و زانایی ژن خۆیەوە بەدی دێت، بەچوونە دەرەوەی بازنەی کۆمەڵی
باوکسالاریی و هێزی زاڵدەستانەی پیاو لەو ساتەدا دەتوانین باس لەسەندنی
مافەکانمان بکەین، بەڵام لەکۆمەڵێکدا کەحزب زاڵ بێت وخۆی خاڵی
بێت لەبیرمەندیی و بەرنامەی چاکسازیی و هوشیاریی مەدەنی و یاسایی و
رامیاریی وژن لەلایی تەنها بۆ چەواشەکردنی کەسانێک بێت کەهەوڵ
دەدەن مەسەلەی جێندەر و کۆمەڵێکی مەدەنی بکەنە مۆدێل و کۆمەڵ لەمێگەل
بوون رزگار بکەن، لێرەدا ناتوانین باس لەمافی ژن بکەین بەڵکو
بەکۆیلەکردنەوەی کۆمەڵ و ژن و تاک دەگەیەنێت. هەرچەندە زۆرێک
لەیاساکانی پەرلەمان لەدژی ژنان بوون بەتایبەتی یاسای باری کەسێتی،
کەسانی چالاک لەدەرەوەی ژنانی پاشکۆی دەسەڵات هەوڵی باشیان دا بۆ
رەتکردنەوەی یاساکە و پەسندیان نەکرد، بەبڕوای من لەپەرلەمانی
داهاتووشدا هەموارکردنی ئەو یاسایانە و یان هەڵوەشاندنەوەیان قورس و
مەحاڵ دەبێت ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر دەستووری هەرێم لەم خولەی پەرلەماندا
دەنگی بۆ بدرێت و پەسند بکرێت، چونکە ماددەکانی دەستووریی رێگەی
پێنادەن بەتایبەتی ماددەی 6ی دەستوور کەدەسەڵات و لایەنە ئیسلامییە
سیاسییەکان لەسەری رێکەوتون و ئەم ماددەیان لەماددەکەی رەشنووسی
دەستووری ئابی 2006توند و خراپتر نوسیوەتەوە کەرێگرە لەهەڵوەشاندنەوە و
دەرکردنی هەر یاسایەکی مەدەنی بەقازانجی ژنان، بەڵام ئەگەر هەوڵ بدرێت
خەڵک هۆشیار بکرێـتەوە دەنگ بەدەستوور نەدەن و بمێنێتەوە بۆ خولی
داهاتوی پەرلەمان ئەگەری گۆڕانکاریی زۆر لەماددەکانی دەستوور دەبێت بەم
ماددەیەشەوە هەرچەندە ئێستا راپرسی لەسەر دەستوور دواخراوە بۆ 10/8ی
ئەمساڵ بەڵام هەوڵێک لەلایەن دەسەڵات و ئیسلامی سیاسییەوە هەیە
کەهەڵبژاردن بۆ هەمان کات دوابخرێت تەنها لەبەر خاتری ئەوەی دەستوور
کەئەوان رەزامەندن لەسەری و بەگوێرەی بەرژەوەندییە تەسک و
نامرۆییانەکانی خۆیان دایانڕشتۆتەوە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان و
سەرۆکی هەرێمدا پەسند بکرێت و دەنگی بۆ بدرێت، جا بۆ ئەوەی ئەم
پیلانەیان سەرنەگرێت دەبێت ئێستا ئێمەی راگەیاندنکار هەوڵ بدەین
هەڵبژاردنەکان بۆ کاتی راپرسی لەسەر دەستوورەکە دوانەخرێت، کە
بمێنێتەوە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان دەتوانرێت گۆڕانی بەسەردا بێت و
لەو باوەڕەدام پەرلەمانی داهاتوو چالاکتر و بەهەڵوێستر دەبێت و ئیرادەی
مردوو بەدیلگیراوی ژنانیش سەرهەڵبداتەوە. مەبەستم ئەوە نییە کە رێژەی
لە30% دەتوانێت ئەو گۆڕانکاریە بکات هەرچەندە رێژە وەک ژمارە گرنگە و
چەندایەتی لەبواری گۆڕینی ژینگەکەوە دەتوانێت رەوشێکی نوێ و ژنانە
بهێنێتە ئاراوە، بەڵام گرنگ ناوەڕۆک و تێکۆشانی ئەندامانی ژنی
پەرلەمانە کەزانایانە و تێکۆشەرانە لەپێویستی خەبات بۆ دۆز و مافەکانی
ئێمەی ژنان تێگەیشتبن و هەوڵی جەوهەریی بۆ بدەن.
ئاسۆ عوسمان: چەندین قەوارەى سەربەخۆو
بێلایەن خۆیان راگەیاندوەو ئامادەى کێبڕکێن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى
کوردستان، پرسیارەکەم ئەوەیە لیستێکى سەربەخۆى ژنانیش پێویست نەبوو؟.
ستارە عارف: نابێت وا هەست بکەین ئەگەر
لیستێکی سەربەخۆی ژنانە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی راگەیاند وا
بزانین بەم شێوەیە تەواوی مافەکا نمان دەستەبەر دەکەین، چونکە لەخەباتی
رەوای ژناندا ئامانج نابێت جیاکاری رەگەزی بێت وەک لایەنی
جەستەیی"فیزیکی" خۆمان لەپیاوان دوور بگرین، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ژنان
لەلایەنی رۆحی و ئیرادە و کارکردنەوە پشت بەخۆیان ببەستن و هێز و توان
و رێنمایی پیاوان بۆ خۆیان نەکەن بەپاڵپشت، دەبێت ژنان خۆیان لەکڕنۆش
بردن بۆ پیاوان و بەخودا تەماشاکردنیان بهێننە دەرەوە و هێز و توان و
هرسی خەبات کردنی خۆیان بناسن و پێویستی پیشاندانی هێز و ئیرادەیەکی
ژنانە کە کار بۆ کۆمەڵێکی مۆدێرن دەکات ژن خاوەن بڕیاری سەربەخۆ و دوور
لەدەستتێوەردانی پیاو بێت لەهەر لایەنێکەوە نمایش بکات.واتە خەباتی
فێمینیستانەی ژنان تەنها ئامانجی بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانەی رایکال
رەتکردنەوەی کۆمەڵ و پیاو نەبێت، بەڵکو کار بکات بۆ سیستەمێکی جێندەری
یەکسان کە هەوڵی گۆڕینی عەقڵیەتی توندوتیژانە و باڵادەستی پیاو بێت و
رەگەزی بەرامبەریش کەپیاوە ژن وەک رەگەزێکی سەربەخۆی خاوەن ماف و
مرۆڤێکی تەواو بژمێرێت و راهێزانی تەواوی ماف و ئەرکی لەهەر بوارێکدا
بەئازادی و مافی خۆی وەک مرۆڤێک بناسێت و توانای رێگری نەبێت بەشداری
ژنان بەلیستێکی سەربەخۆ مافێکی رەو و ئاسایی و یاسایە، بەڵام واتای
دەستگیرکردنی تەواوی ماف و ئازادیەکانی ناگەیەنێت، پاشان لەکۆمەڵێکی
پیاوسالاری وەک ئێمەدا کە پێویستمان بەخەباتکردن بۆ گۆڕینی عەقڵیەتی
پیاوکردووە توندوتیژەکانیەتی، ئەم خەباتەش سەرکەوتنی لەوەدایە کەژنانی
چالاک و خەباتکار لەناو هەمان سیستەمدا بەتێزی تازە و ئیرادە و هوشیاری
نوێوە بەرەوڕووی ببینەوە بێ ئەوەی خۆمان بخەینە ژێر کاریگەری و ببینە
دووبارەکەرەوەی کردەوەکانیان.
ئاسۆ عوسمان: حزب وقەوارە سیاسییەکان
لەسەر چ بنەمایەک ژنان دەستنیشان دەکەن بۆ پەرلەمان؟ شارەزایى
ولێهاتوویى یان گوێڕایەلێ وپاپەندبون بۆ پیاوانى نێو حزبەکان؟.
ستارە عارف: ئاشکرایە کە لەسەر بنەمای
شارەزایی و لێهاتویی نیە، بەتاک و تەرا ئەگەر ژنانێکی چالاک و دوور
لەرێنماییەکانی پیاو لەپەرلەماندا بدۆزیتەوە ئەمە بەو قسە و لێدوانانە
نابێت کەخۆیان دەڵێن حزب دەست لەکاروبارمان وەرنادات و خۆیان بەو پەڕی
سەربەخۆ و لێهاتو لەقەڵەم دەدەن، بەڵکو ئەگەر بتەوێت کەسێک باش بناسیت
دەبێت تەماشای کردار و هەنگاوەکانی بکەیت، بەداخەوە کە دەڵێن لەسەر
بنەمای گوێڕایەڵی و پابەند بون بۆ پیاوان کەدڵنیام ئەمە رەنگدانەوەی
واقیع و کرداری ئەو کەسە بەناو ژنانە بۆی سەلماندین کەببینین ژنانێک
ئەندام پەرلەمانن و لەبنەڕەتدا دەبێت نوێنەری گەل بن، کەچی نەک نوێنەری
گەل و بەتایبەتیش ژن نین، بەڵکو لەنوێنەرایەتی حزبە پیاوانەکانیانەوە
نەیانتوانیوە نوێنەرایەتیەکی تر بکەن، لەچەند ژنێک زیاتر کە بەپەنجەی
دەست دەژمێردرێن.کەحزبی مۆدێرن و بەرنامەی تازە و نوێخوازمان نەبێت،
ناتوانیت چاوەڕوانی ژنێک لەو حزبانە بکەیت، ژنی نوێخواز و هوشیار
بهێننە پێشەوە لەدروستکردنی کابینەی پێنجەمی حکومەتدا بینیمان چەند
ژنێکی کەم لەکۆی 42وەزیر دانرابون، دەیانگوت چی بکەین ژن نیە ئەو
پۆستانە وەربگرێت لەکاتێکدا ئێمە چەندین ژنی چالاک و هوشیارمان هەیە،
بەڵام لەبەرئەوەی سەربەخۆن و سەر بەو حزبە کۆن و دیکتاتۆرانە نین،
پەراوێزن و بۆ پۆستی وا هەڵنابژردرێن وێڕای خەرجکردنی چەند ساڵ هەوڵ و
کارکردن و چالاکی نواندن ئێمە کۆمەڵێک ژن بوین لەدژی ئەو هەڵوێستەی
دەسەڵات کەهەمیشە هەوڵی بچوکردنەوە و بێ نرخکردنی ژنان و دۆزەکەیانی
داوە هەفتەیەک چالاکیمان رێکخست بەناوی "هەفتەی هەڵوێست" کەچی مەلا
بەختیار لەسیمینارێکیدا بۆمان نمونەی وڵاتانی ئەفغانستان و سعودیەی بۆ
دەهێناینەوە کەئەوانیش وەک ئێمە رێژەی ژنانیان لەناوەندی بڕیاردا کەمە
یان نیە، ئیدی بۆ ئێمەش چاو لەوان نەکەین واتە هەرچی ئەزمونی وڵاتانی
دواکەوتوو ستەمکارە دەبێت دووبارەی بکەینەوە چونکە قۆناغن و دەبێت
ئێمەش تێیپەڕێنین چونکە بەرژەوەندی حزبی دەسەڵاتی تێدایە.
ئاسۆ عوسمان: بەبێ بوونى ڤیزاى حزب هیچ
ژنێک ناتوانێت بچێتە نێو پەرلەمانى ئایندەوە، پرسیارەکە ئەوەیە ژنان
لەپەرلەمانى ئایندەدا دەبنە نوێنەرى حزبەکان یان بەپێچەوانە دەبنە
نوێنەریی ژنان لەپەرلەمان؟.
ستارە عارف: من ناتوانم پێشبینی ئەوە
بکەم ئەو ژنانە نوێنەری ژن دەبن یان حزبەکان چونکە ئێمە کۆمەڵێکی
مەدەنی و رۆژئاوایی نین، راوەستە لەسەر بەڵێن و وتە و قسەکانمان بکەین
و هەمیشە خۆمان بەرپرسیار ببینین بەرامبەر بەڵێنەکانمان و خۆمان
بەکۆیلەی وتەکانمان بزانین و لەکاتی قسەکردندا ژمێرە بۆ وشە بە وشەمان
بکەین بۆ ئەوەی سبەینێ نەکەوینە بەردەم دادگای لێپرسینەوەی بەڵێن و
وتەکانمان.بەپێچەوانەوە تاکی رۆژهەڵاتی کەئێمەش بەشێکین لەوان
لەکارنامەی حزبەکانماندا زۆر شتی باش و بەنرخ باس دەکرێت کەهەندێکجار
سەرسام دەبیت و بەڵێنی وەهات پێدەدرێت کەجوانترین خەیاڵت لا دروست
دەکەن و لەکرداریشدا وەها پێچەوانەی ئەو هەموو شتە جوان و بەنرخەی
باسیانکردوە و نوسیویانە، وەها پراتیکێکت پیشاندەدەن، کە تووشی و شۆک و
شکستی خەیاڵ و بێزاریت دەکەن ئەمە بەئاشکرا لەکار و کردەوەی حکومەت و
سەرکردە و دەسەڵاتی کوردی لەماوەی ئەم 18ساڵەدا بینیمان، کەئیدی
بونیادنانەوەی ئەو هیوایە و رەخساندنی بارێکی دەروونی وەها ئارام
کەتوانای بڕوا پێکردنی بەو بەڵێن و نرخانە هەبێت ئاسان نابێت، بەڵام
دەرکەوتنی لیست و کەسی جیاواز لەدەسەڵات کە کار لەسەر لاوازیەکانی
دەسەڵات بکات و لەو خاڵە لاوازانەوە هەنگاو هەڵبگرێت و بەڵێن بدات
هەمان کلتوری ئەوان دووبارە نەکاتەوە هیوایەکی تازە بونەوە دەدات
بەخەڵک، بەمەرجێک رابردوو هەڵوێستی کەس و رێبەرانی دیار و ناسراو بن و
هیو و هێزی گۆڕانیان تێدا بەدی بکرێت لەناو هەموو ئەمانەدا من زۆر
بڕوام بەتوانای ژنان هەیە، لەبەرئەوەی لەژناندا نوێکاری زیاترە و
بەئیرادەترن بۆیە توانایان هەیە کەلەخولی پەرلەمانی ئایندەدا رۆڵێکی
کاراتر و باشتر لەم خولە ببینن، هەرچەندە ژنانێکی حزبیش بن، بەڵام
کەسانێک هەن کە بەویژدان و بەهەڵوێستن و کار دەکەن، لەبەرئەوەی
لەپەرلەمانی داهاتودا لیست و کەسایەتی نوێتر لەکۆن شوێن دەگرن و 18ساڵە
خەڵک لەم دەسەڵاتە ناڕازییەو پەرلەمان نەیتوانی رۆڵی سەرەکی خۆی بگێڕێت
و راگەیاندنە ئەهلی و سەربەخۆکان باش روماڵی ئەرک و کارەکانی
پەرلەمانیان کردووە، کە سەربەخۆ نیە و ماوەکەی بەناشەرعی درێژکردەوە و
لەم کاتە ناشەرعیەشدا بڕیاری لەسەر دەستورد و هیچ کاتێک پەرلەمان
نەیتوانیوە هەڵوێستی خۆی هەبێت و هەمیشە ئاراستەکراو بووە و بەنوستوو
گوزارشتی لێکراوە، بۆیە پەرلەمانی داهاتوو ناتوانێت و لەلایەن
راگەیاندنە ئەهلی و کەسایەتی و رێکخراوی مەدەنی و رۆشنبیر و دڵسۆزەکانی
ئەم ئەزمونەوە چاودێری دەکرێت و هێزی ئۆپۆزسیۆن لەئێستاوە پەیدا بووە،
بۆیە پێم وایە پەرلەمانی داهاتوو ژنانی پەرلەمان بەتایبەتی چالاکتر و
وریاتر دەبن و دەروازەیەکی باش بۆ پێشکەوتنی مەسەلەکانی ژنانیش
دەکرێتەوە.
|