په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\۴\٢٠١٠

چامە:
    
ستایشەکانی عیشق.

فەرەیدون سامان

لە مەڕ چوار کڵۆقەندى شیعردا.


فەرەیدوون سامان بەردەوام لەناو شیعردا یارییەکانى منداڵى خۆى دەکاتەوە، هەمیشە هەوڵدەدات، لەو کاتانەدا دابڕژێ، کە چەمکەکان داڕشتنى شیعر لە زەینیدا یەکانگیرببنەوە، ئەویش دژەکان کۆکاتەوە ، لە هەر چوار شیعرى( ستایشەکانى ئاوێنە، ستایشەکانى عیشق، توخمەکانى عیشق چامەکانى عیشق)دا،لە هەر هەموویاندا نائومێدییەک بەدى دەکرێت، نائومێدى بەسەرهۆى ئەوینە جوانەکان و چەمکە پیرۆزەکانى ئەوین بێت، ئەو پێى وایە لەهاودژکردنى وێنەکانى عیشق، عیشقى ڕاستەقینە دێتەکایەوە، بۆیە لە سەرجەمى ئەم چوار چامەیەدا، دۆزێنەوەى ئەم دژانە لەتەک یەکەوە بەدى دەکرێن، گرنگ ئەوەیە شاعیر بە عیشقەوە لەناوعیشقدا دەژى، من باوەڕم بەوەیەکە فەرەیدوون سامان وەک شاعیرێکى گەنج هەوڵدەدات خۆى لە ئاماژە خراپەکانى شیعر بەدووربخاتەوە، هیوام بەوە زۆرە کە داهاتووى خۆى تژى ئاسۆى رستە پڕ چەمکەکانى شیعر دەکات.


ئەمڕۆ گەنجانێکى زۆر بەناو رێگەى دژوارى شیعردا بەرەو ئەو داهاتووە پرشنگدارە دەچن، بەڵام من یەقینم هەندێکیان دەگەنء شتە جوانەکانى خۆیان تۆمار دەکەنء هەندێکیش بوارى تر دەدۆزنەوە.


ماوەیەکى کەم نییە فەرەیدوون سامان دەخوێنمەوە، چ لە بوارىشیعر، چ لە بوارەکانى دیکەى نووسین لەمەڕ شیعرو بۆچوونەکانى شیعر، پێم وایە لەم ڕووەوە ئەزموونێکى باشى بۆ خۆى خوڵقاندوە، ئەوانەى کە لەمەڕ شیعر نووسیویەتى بیروڕاى خوێنەرن، دیارە شێوازى خوێندنەوەى جۆرێک لە دیقەتء هێمنى تێدایە، من یەک تێبینى بۆ فەرەیدوون تۆماردەکەم، ئەویش ئەوەیە، ئەگەر بەگوێم بکات هەوڵ بدات هەندێک لە روونیەتى شیعر بپارێزێء نەچێتەو سەر ئاڵۆزییى شیعرەکانى ساڵا،َنى زوو چونکە ئیقاعى سەردەمە ئەمانەمان لێ داوا دەکات.


کەریم دەشتی
هەولێر - 20\12\2009


   ستایشەکانى عیشق.
وەرزێکى دیکە ماوە بۆ عیشق
ژوانێک بۆ ئاوێتەبوونى هەست
ئاوێتەبوونى رۆح

بەرلەوەى مانگ ئاوا بێ
چۆلەکەکان بەسەر درەختەکانەوە بمرن
شڵپە و شۆرى تاڤگەکان کۆتاییان بێ
بەفرەکانى بتوێنەوە
سەراپاى زەوى ببێتە ئاو
ئاو جوانى خۆى لەدەست بدات
خۆرەتاو بەرائەتى خۆى بدۆرێنێ
ئەى عیشق وەرە
تۆ نەبیت
پەپولەکان روو لەگوڵ و باخچە ناکەن
روناکى پاڵتۆى تاریکى دەپۆشێ
منداڵەکان خەون بەیارییەکانەوە نابینن

فرمێسک ژەنک دەگرێ
هەناسە دەبێتە چەقۆ
سێبەر، تارمایى
شەقامەکان بەمین دەچێنرێن
درەخت دەبێتە خۆڵەمێش
هەور قامچى گڕ دەوەشێنێ
جوانى دەبێتە برین
ماڵ، گۆرستان
نیشتیمان، تاراوگە.

تۆ نەبیت
منداڵەکان زوو پیر دەبن
پیرى کەنەفت و ئۆفتادە
باڵندەکان لەپەل و پۆ و فڕین دەکەون
رەنگەکان دەمرن
قسەکردن دەبێتە لاڵى
گۆرانیەکان، کەڕ
رێگاکانیش ناچنەوە سەر یەک

ئەى عیشق تۆ نەبیت
تەمى خەمۆکى رووخسارى ئاسمان دادەگرێ
شەممە دەبێتە سێ شەممە

ئەمرۆ، دوێنێ
دارستان دەبێتە بەرد
سەرەتا، کۆتایى
بەهانام وەرە
ئەى عیشق.


10/11/2007

   ستایشەکانى ئاوێنە.
ئاوێنەش لە سیمام ڕاماوە
دەڵێى نامناسێتەوە
بەگومانە من خۆم بم

منى میراتگرى عیشقێکى ئەفسانەیى
لەوەرزى خنکانى هەناسە و
بەدمەستى ئەفیونى گوڵەکان

منى جێماو لەدووریانێ
سەرە رێیەکى مەرگە و
ئەویدیکەش لێژدەبێتەوە
بەرەو چاڵى فەنابوون

لە یۆتۆپیاى عیشقدا
سەفەر خەونى مەحاڵە
نەگەیشتنە بە بۆنى گوڵەکان

ئاوێنەش بەگومانە
کەمن خۆمم
یان ئەو نیم

ئەرێ
تۆ بڵێى ئەوە من بم
ئەدى بۆ لەخۆم ناچم

ئەوە رووبارى رۆحى کێیە وشک بووە
کەنارەکانى حاشا لەجەستەى دەکەن
ترۆپکى کام کێوە
بوومەلەرزەى نائومێدى
هەپروون بە هەپروونی کردووە
گڕکانى کام گوناهە
سەراپا جەستەى داگرتووە

نا ئەوە من نیم

من دەمێکە
ژیانم کاتژمێرێکى خەوتووە

ئیدی چما ئاوێنە بمناسێتەوە
جارێکى دی ئامێز بۆ سەر گەردانیم بکاتەوە،
من پیرێکى هەزار ساڵەم
لەوەتەى هەم
سەرگەردانى شارەکانم
کەچى هێشتا لە سوچێکى
کوچەى عیشقى ئەودا بەجێماوم
بێهودەیە خەیاڵ
خەو بینین
لەنێو ژوورێکى تاریک
گۆرانی چڕین

رۆژگار تێپەڕى
هێشتا پاسارییەکان نەگەڕانەوە
لەئێوارەیەکى پاییزیدا
بەنێو هەورەکاندا پەرت بوون
هەڵفڕین

نەبەرەبەیان
نە دەمەو ئێوارە
هەنووکە شتێکم وەبیر نایێ
خەیاڵم تەنها لاى گوڵەکانە

بەڵام ئەو وێنەى تاوسێکى لەخۆبایى
جیلوەیەکى نیشاندام و ڕۆیى
ئاوازى شڵپەى شەپۆلێکى رەنگاورەنگى
بۆ هێنام
لەگەڵ گۆرانى ماڵاوایى کەنارەکان
لەو هەموو گۆزەی شەرابە
دەنکە ترێیەکى بۆ کردمە دیارى.

   توخمەکانى عیشق.
عیشق کتێبى رازەکانە
هێشتا کۆدەکانى نەخوێندراوەتەوە

عیشقى ئەو خەونى رەنگاڵەیى
منداڵێکى ساوایە
خەستترین شەراب و
سادەترین خەیاڵە
عیشقى ئەو....
هەنگوینێکى تاڵە

عیشقى ئەو
کارمامزێکى چیایی بوو
دەستێک هات و هەڵیگرت
وێناى پڵنگێکى کاغەزى
نیو چیرۆکى منداڵان
لرفى کرد
بەڵام ئەو رەدووى
ئەندێشەى شاعیرێ کەوت ،
ئیدى لەو رۆژەوە
پیتەکان بوونە تەم
وشەکان لەشەقەى باڵیاندا
وێنەکان سڕانەوە
ئیستاتیکا واتایەکى نەبەخشى


لەوساوە نەکەس هەواڵى دەزانێ
نەچاوەکان شیعرەکانى دەخوێننەوە
نەباران سەردانى زەوى دەکات
نە سڵاوێکیش دەنێرێ
بۆ ئەستێرەکان ،
درەختەکان وشک دەبن
کەسیش نایەتە پرسەى گەڵاکان ،
لەو ساوە ساتەکانى دیدار پیربوون
کاتەکانى ژوان بەسەر چوون ،
ئەو لەوەتەی
هەوارى عییشقى جێهێشتووە
شیعریش هەوارى خاڵییە لە واتاکان
کەس نازانێ شاعیر
بەرەو کوێ ، کام تاراوگە بارى کردووە.

ئێستاش کە جار جارە وڕێنە ئەکەم
تاى شیعر دەمگرێ و بەرم نادات
رۆحم رووبارى خوێنى شیعرى
لێ دەچۆرێ

ئاسمان بەرەو ژوور هەڵمدەوکشێ
خاک بۆ هوندر رامدەکێشێ
ئاو دەمباتەوە نێو دەریا
هەڵمدەلووشێ
ئاگر بەرگى عیشقى ئەوم لەبەر دەکات
دەبمە کوانووى خۆڵەمێش
خەیاڵى عیشقى ئەو
ژیانم پێ دەبەخشێ.


28/11/2007

   چامەکانی عیشق.
وێڵە سێبەری من
بە شوێن هەنگاوەکانت ،
چاوی شار شەکەتە و
رێگا ون
بستێک نەما لە شەقامی نیگەرانی بۆت نەگەڕێ
کەچی نە پێکدەگەین
نە لێکترجوێدەبینەوە ،

شەو ناخەوێ
بەڵام کە تۆ
نیگات تیشکی رۆژە
فرمێسکت ئاوابوون
ماچت زەردەخەنەی مانگە
لێوەکانت خولگەی گەردون

تۆ چیڕەی درێژترین حیکایەتی عیشق بووی
لە درێژترین رووباری عیشق دەچووی
عیشقت خۆرەتاوێکە بە دەستمەوە
تاریکی شەو راودەنێ ،

کە ئاوێزانی یەکتر دەبین
با دەهۆڵ دەژەنن
هەور سەما دەکات
فریشتە لەبان سەرمان گۆرانی دەچرن
برین سارێژدەبێ
هەناسە دادەمرکێ
گڕکان خامۆش

تاریکی خۆی لە شەو دادەماڵێ
رۆناکی لە رۆژ
رەنگ لە خۆی
تۆش لە من

دوو ئاراستەی جیاوازین
من و خۆم ...
گوڵێکیم بەدەستەوە گرتووە
بە دەستێکی دیکەش شمشێر
کێڵگەی زامێک دەئاژنم

من هەمیشە گوناهێکم کردووە
بەرەو ئامێزی تۆش دەگەڕێمەوە

زەمەن قیتاریکە بێ ئاوڕدانەوە
دەڕِواو....دەڕواو
ناوەستێ
ویَِستگەکانی ئەزموونی شیرین و تاڵی
جێدەهێڵێ
بە هەموو وەرزەکاندا رابرد ،
رێگا سەخت و کاروان دوورە
گەیشتن بە تۆش خەونی مەحاڵە

ئێستا واگۆنێکی خاڵییە
زێدی من ،

دڵی تۆ تاشە بەردێک بوو
بە تەوشی عیشق هەڵم کۆڵی
تا بووی بە پەیکەرێک بۆ سیمبۆڵی
جاویدانەی عاشقان ،
خەرمانی گوڵەگەنمێک بوو

تۆ کە رەگت بە ناخمدا رۆچووە
عیشقی سەرشێتانەم خولیای هەورێک بووە
باران تاری بۆ دەژنێ
بروسکە ئاوێزان دەبێ بەتەم
هەناسەت ئاوێتە دەبێ بە هەناسەم

دووریت نزیکییە
بێدەنگیت تاریکییە
تاریکیت رۆناکییە
ئەگەر هاتی
لەو شەوە نووتەکە
لەم چاوەڕوانییە بێهودەیە
چرایەکت بۆ هەڵدەکەم

تۆ کە کانییەکی لە فرمێسک
تریفەی مانگە شەوێکی لە زەردەخەنە
خۆرەتاوی لێوانی تۆهەرگیز ئاوا نابێ ،


تۆ خەیاڵی وەک نیشتمان
هەگبەی خەمێکی دێرینی لە کۆڵمدا
سنورەکان دەبەزێنی
یاساکان پێشیل دەکەی
دەبی بە هاودەمی زیندان و
بە قوربانی ونێچیری چەقۆی
رەشی دەستی تاوان

تۆگەواڵە هەورو
من ژانی بروسکە
تۆ زەریاو
من شێتی شەپۆل
تۆ کێو و
من هەڵدێری لوتکە
تۆ ئاگرو
من مشتێ خۆڵ
تۆ ئازار
من چەشتن
تۆ شارو
من نامۆیی
تۆ وێستگەو
من نەگەیشتن

تۆ رێگای
هەموو رێگاکانیش بە تۆ دەگەن
منیش کوچەیەکی بن بەست
یەک هەنگاویش بە تۆ ناگەمِ


دەرگای عیشقی من
ئاوەڵایە
بە هاتنت
پشکۆو کڵۆبەفر
ئاوێزانی یەکتردەبن

شەوبووکێکی یەکشەوە
رۆژ پیرێکی هەزار ساڵە
هەموو شتێ کۆتایی دێ
تەنها سێبەری تۆ جێدەمێنێ ،


ئەیلولی 2009