ستایشەکانى ئاوێنە .
فەرەیدوون سامان ئاوێنەش لە سیمام راماوە دەڵێى نامناسێتەوە بەگومانە من خۆم بم
منى میراتگرى عیشقێکى ئەفسانەیى لەوەرزى خنکانى هەناسە و بەدمەستى ئەفیونى گوڵەکان
منى جێماو لەدووریانێ سەرە رێیەکى مەرگە و ئەویدیکەش لێژدەبێتەوە بەرەو چاڵى بزربوون
لەمەملەکەتى یۆتۆپیاى عیشق سەفەرى خەونى مەحاڵ نەگەیشتن بە بۆنى گوڵەکان
ئاوێنەش بەگومانە کەمن خۆمم یان ئەو نیم
ئەرێ تۆ بڵێى ئەوە من بم ئەدى بۆ لەخۆم ناچم
ئەوە رووبارى رۆحى کێیە وشک بووە کەنارەکانى حاشا لەجەستەى دەکەن ترۆپکى کام کێوە بوومەلەرزەى نائومێدى هەپروون بەهەپروونی کردووە گڕکانى کام گوناهە سەراپا جەستەى داگرتووە
نا ئەوە من نیم من دەمێکە ژیانم کاتژمێرێکى خەوتووە ئیدی چما ئاوێنە بمناسێتەوە جارێکى دی ئامێز بۆ سەر گەردانیم بکاتەوە من پیرێکى هەزار ساڵەم لەوەتەى هەم سەرگەردانى شارەکانم کەچى هێشتا لە سوچێکى کوچەى عیشقی ئەودا بەجێماوم بێهودەیە خەیاڵ خەو بینین لەنێو ژوورێکى تاریک گۆرانی چڕین
رۆژگار تێپەڕى هێشتا پاسارییەکان نەگەڕانەوە لەئێوارەیەکى پاییزیدا بەنێو هەورەکاندا پەرت بوون هەڵفڕین
نەبەرەبەیان نە دەمەو ئێوارە هەنووکە شتێکم وەبیر نایێ خەیاڵم تەنها لاى گوڵەکانە
بەڵام ئەو وێنەى تاوسێکى لەخۆبایى جیلوەیەکى نیشاندام و ڕۆیى ئاوازى شڵپەى شەپۆلێکى رەنگاورەنگى بۆ هێنام لەگەڵ گۆرانى ماڵاوایى کەنارەکان دەنکە ترێیەکى بۆ کردمە دیارى .
|