په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٥\٢٠١٣

ستەم و تاوانە مەزنەکانی عوسمانییەکان لە ررۆمانی (پردەکەی سەر رووباری درینا) دا.


یاسین برایم        

ستایشکردنی داگیرکەر، وەک ئەوە وایە شانازیی بەو کەلەپچەیەوە بکەی کە بە ناهەق کراوەتە دەستت! (د. قاسملو).


مێژووی عوسمانیەکان مێژووێکی دەولەمەندە لە چەندین سەدە لەخوێن ڕشتن و شەر و وێرانکاری وڵاتان ، بە خوێن ئیمپراتۆرێکی گەورەیان دروستکرد ؛کۆشک و قەڵای پتەویان لە سەر لاشەی مرۆڤە بێگوناھەکان بنیات نا .تا نەمانی دەسەڵاتەکەیان ئەو مێژووەیان قیزوەنتر و خوێناویتر و ڕەشتر دەبوو. ئەوان دەستھەڵاتدارو برا گەورە ، نەتەوەکانی تری ژێر دەستەو کۆیلەو چەوساوە ، مێژووش ناتوانێ ئاوڕلەو ھەموو زوڵم و ستەمانەی ئەوان بداتەوە و تۆمار بکات .تاوان و کردەوەکانیان ئەوەندە گەورەن مێژوو لە ئاستیدا شەرمەزاردەبێت.ئێمەش لەم روانگەیەوە روو دەکەینە رۆمانێک ، کە دەرگایەکی بچووک لە دونیا بەرفراوانەکەی عوسمانیەکان و ئایدیا و کردەوەو یاسا و فەرمانە نەزۆک و پەڕچۆیەکانی ئەوان دەکەینەوە.دونیای رۆمان خۆی دونیایەکی ئاڵۆزو پڕکێشمەوقوڵ وبەڕفرەیە. جا رۆمانێک بەو قەبارە گەورەیە باس لە گەورەیی دەسەڵاتی عوسمانیەکان و تاوان و کردەوە بێژومارەکانی ئەوان دەکات ، بۆ ئێمەش ئاسان نییە بە رێگایەکی بچووک روو بکەینە ئەم رۆمانەو لاپەڕەکانی ھەڵدەینەوە ، ئەوەندەش دەتوانیین ڕاستگۆیانە بە سەر قەڵەمێک تیشک بخەینە چەند لاینەکی ئەم رۆمانەو، چەند رووداوو کارەسات و چیرۆِکی تراژیدیای ئاماژەپێدراو ، بۆ خوێنەر بگوازینەوە ، ئەمەش بەسە بۆتێگەیشتنمان لە کاکڵی رۆمانەکەو زوڵمی عوسمانیەکان ، وەک کورد دەڵێت: ئەمەش مشتێکە لە خەروارێ!.


رۆمانی (پردەکەی سەر ڕووباری درینا)ی لە نووسینی( ئیڤۆ ئاندریچ*)ە ، بە یەکێک لە شاکارە مەزنەکانی نێو بواری ئەدەب دادەندرێت .کە باس لە دروستکردنی پردێک دەکات.لە شاری (فیشیگراد)کە بۆسیناو سیبریا بە یەکەوە دەبەستێتەوە ، کە ئەوکات دوو ھەڕێمی گەورە بوون لە ژێر قەڵەمڕەوی عوسمانیەکان . باس لە پردێکی جوان دەکات لە ساڵی ١٥٧١ دەستکرا بە دروستکردنی ، چەندین رووداوەی جۆراوجۆرلە مێژووی ئەم پردەمان بۆ دەگێرێتەوە : شەرەکان و داگیرکاری و دەردو نەخۆشی و لافاو وپیاسەو جێی ژوانی عاشقان و منداڵان و کوشتنی خەڵک لە سەر پردەکەو ھێنانی ھێلی شەمەندەفەر و بایەخ و گەورەیی و پردەکە لە رۆژگارە جیاوازەکان ، چەندین چیرۆک و ئەفسانەو رووداوی سەیرتا ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانی یەکەم لە مێژووی پردەکە بەرچاودەکەون ، بەمێژوویکی گەورەمان ئاشنادەکات.ئێمەش ئاوڕێک لە سەردەمی عوسمانییەکان دەدەینەوە ، کە چۆن ھەڵسوکەوتیان کردووە.دەبینین چۆن عوسمانییەکان منداڵانی نەتەوەکانی ژێردەستەیان بە زۆرەملێ بردووەو بۆ ئەستەمبۆل. ناویان دەگۆری وبێ ویستی ئەوان دەیان کردنە مسوڵمان و سەرباز لە لەشکری عوسمانی و لە سۆزو خۆشەویستی خێزان و دایک و باوک و نیشتمان دووریان دەکردنەوە و دەیان چەوساندنەوە .عوسمانییەکان بە ناوی( باجی خوێن) چۆن مامەڵەو ڕەفتاریان بەرامبەر بەم خەڵکە رەش و رووتە دەکردو چەوساندنەوەی منداڵ و گۆرینی رەگەزو ئاین و دوورخستنەوەیان لە زێدی خۆیان ، ناشیرینترین تاوانی عوسمانییەکان بووە، کە لە ژێر پەردەی ئاین و دەسەڵات ، لەماف و ئازادی و ژیانیان بێبەش کردوون بە تایبەتی منداڵی نێرینە. "شەش ساڵ بە سەر دوایەمین جاری کۆکردنەوەی ئەو باجەی (خوێن) دا تێپەڕیبوو. بۆیە ھەڵبژاردنی ئەم جارەیان ئاسان و بە پیت بوو .ئەوە بوو بێ دەردە سەری ژمارەی پێویستی منداڵی نێرینەی ساغ و سەلامەت و ژیرو بەھێزیان دەست کەوت، ئەوانەی لە تەمەنی دە تا پازدە ساڵیدا بوون، ئەگەر چی ژمارەیەکی زۆر لە باوکان منداڵەکانی خۆیان لە دارستانەکاندا شاردبووەوەو فێریان کردبوون گێل و گەوج خۆ دەربخەن و بشەلن و ، جلی دڕاویان لە بەرکردبوون و ، بە پیس و ناشیرینی بە جێیان ھێشتبوون ، بۆ ھیچ نا ، تەنھا بۆ ئەوەی ئاغا دەستنیشانیان نەکات و نەیانبات . بگرە ھەندێک لە باوکەکان دیمەن و ڕوخساری منداڵەکانی خۆیان شێواندبوو ، بۆ نموونە ، یەکێک لە پەنجەکانی دەستیان بڕیبوون.١".


لە ترسی بردنی منداڵەکانیان ، خێزانەکان ، جگەرگۆشەکانیان بە کەمئەندام و شێت لە قەڵەمیان دادان.یاخود لە ماڵ و کون و قوژبن و دارستان و شوێنە سەختەکان دەیانشاردنەوە، تاکو نەکەونە دەست ئەو ئاغاو نۆکەرو سەربازە توندرەوەکانی عوسمانی کە بە زۆرە ملێَ دەیان بردن بۆ خزمەت سەربازی و دەوڵەتی عوسمانی .کاروانی بێژوماری ئەو منداڵانە تاوانێکی گەورە بوو نەک ھەر بەرامبەر بە منداڵەکە بەڵکو دایکو باوکیان .کە خۆشەویستانیان لێ زەوت دەکردن و ئیدی بۆ ھەتا ھەتایە دوور دەخرانەوەو کاروانی ئەسپەکان دوورو درێژ، ملی رێگایان بری بوو ، ھەر ئەسپێک دوو سەبەتەی بە پشتەوەیەو ھەر سەبەتێکیش منداڵێکی تیدا داندرابوو ، لە گەڵ بوخچەیەک و چەند پارچە نانێک ، کە دوا شیرینی ماڵە باوکیان بوون لە گەڵ خۆیان دەبردن.منداڵەکان رووخسار شێواو کزو چاو تۆقیوو پڕ فرمێسک ، گریان وھاواری ئەم منداڵانە دەگەیشتە ئاسمان و لەولایەش گریانی و پارانەوەی دایک و خوشکەکان و لە دوای ئەم کاروانە دونیای خراپ دەکردو لە رۆژی حەشر دەچوو. "بە چەند شەقاوێکیش لە دوای ئەسپەکانەوە ، چەند دایک و باوک و کەس و کارێکت دەبینی ، پەرت و بلاًو بە ھەسکە ھەسک ، ئەو منداڵانەیان بەڕێ دەکرد کە برابوون و چی دیکە نەدەگەڕانەوەو ،لە چارەیان نووسرابوو لە وڵاتێکی بیانیدا ژیان بگوزەرێنن و ، ببنە موسڵمان و سونەت بکرێن و ئایین و وڵات و نەژادی خۆیان ژ بیر بکەن و، ژیانیان لە سوارەی پاسەوانانی سوڵتان یان لە بەڕێوەبەرایەتییەکی باڵای کارگێڕییەکانی ئەمپراتۆریەتی عوسمانیدا بگوزەرێنن٢....


سەربازە قامچی بەدەستەکان ، دەستیان کردبە شاپ و تێھەڵدان و جنێو سوکایەتیپێکردنی دایک و خوشکی منداڵە دوورخراوەکان ئەوانەی دەگریان و دەیانقیژاند و قژی خۆیان دەرووچاندنەوەولە خۆیان دەدا.ئەم دیمەنە خەمناک و ویژدان ھەژێنە بەردەوام دەبوو ، بەڵام لە کۆتایی نەیاندەتوانی بەردەوام بن لە دوا سەفەری منداڵە کانیان .بێھیوا وبێچارە دەمان و ئەوەندەی بگریێن ماندوو دەبوون و ھێزیان تیدا نەدەماو ھەر ئەوەندەیان لە دەست دەھات ، دوا نیگا ببڕنە منداڵەکانیان تا لە چاویان وون دەبوون.وەک دەڵێن چەکی ئافرەت فرمێسکە ، ئیدی بەم جۆرە ڕەشپۆش دەبوون و بۆھەتا ھەتایە خەونیان بە گەڕانەوەی منداڵەکانیان دەبینی.


رۆژگارێک ، یەکێک لەو منداڵانەی نێو ئەم سەبەتانە ، تا مردنی لە خزمەت دەوڵەتی عوسمانی دابووەو تا لە دوایی دەبێتە گەورە وەزیری (سەرۆک وەزیران)ئەویش (محەمەد پاشا سۆکۆلۆڤیچ)ە. بۆ پاداشتی گوندەکەیان بریار بە دروستکردنی پردی سەر رووباری درینا دەدات کە درێژیەکەی ٢٥٠ گەزو پانیەکەی ١٠ گەزبوو، کە چەند ساڵێک ژمارێکی زۆر کرێکار کاریان تیدا کردووەو تا تەواو دەبێت. دەبینین لە دەسپێکی بنیاتنانی پردەکەدا ، ترس و تۆقان و چەوساندنەوەو کار بە زۆرەملێ و دەست پێدەکات ،(عابدئاغا) کە سەرپەرشتیاری دروستکردنی پردەکەی لە ئەستۆیە ، لە یەکەم کۆبونەوەیدا بەرامبەر بە کرێکارەکان، کەڵەرەقی و رق و تورەیی و بێویژدانی خۆی دەردەبرێ : (من داوا لە ھەموو کەسێک دەکەم کار بکات و گوێڕایەڵ بێت . ھەر کەسێکیش وەک پێویست کار نەکات وتاک چاوانەو بێ ھیچ وەڵامدانەوەیەک بە گوێم نەکات و نەجوڵێتەوە فەلاقەی دەکەم و دەیکوژم ، من لە وشەی (ناکرێت) و (نییە) تێناگەم و ، لە بەر ھەر وشەیەک بێت و بە ھۆی وشەیەکەوە سەری دەپەڕێنم و لە سەر دەدەم ، واتە بە کورتی ، من کابرایەکی شەڕانگێزم ، حەزم لە خوێنڕشتنە....٣).

 

ئەمەش وایکرد کرێکارەکان ، ھیچ ھیواو خەونێکیان نەمینێ و ترس و دڵەڕاوکێ ژیانی ئەوانی گرتەوە و ئایندەی گەشیان لەم پردە بەدێ نەدەکرد و رەشبینبوون بەم کارەی عوسمانیەکان ئەنجامیان دەدا .ئەوان ناچار بوون دەبێ ڕۆژانە کار بکەن و بە بێوەستان، وەک کۆیلەو خزمەتکار دەبوایە لە خزمەت دروستکردن و بنیاتنانی پردەکە بووان.قسەی خراپ و جنێوو سوکایەتی پێکردنیش پیشەی ڕۆژانەیان بوو، کەس نەدەوێرا دەنگ ھەڵبرێت.لەھەمووی خراپترو ئازاربەخشتر زۆربەی ئەم کارانەش بە سوخرەو زۆرەملێ دەکرا ، شتێک نەبوو ناوی پاداشت و کڕێی ڕۆژانە.ئەمەش زیانی ھەم بە کرێکاران و ھەم بە خێزانی کرێکاران دەگەیاندو ژیان و گوزەرانیان ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتردەبوو.بە ناچاری بە زگی برسی و کاری بەردەوام ، ڕۆژانیان دەگوزەراند.خۆ ئەگەر کرێکارێک کەمتەرخەمی نواندبوایە وپێی بە خواری دابنابایە ، ئەوا عابد ئاغاو دارودەستەکەی چ بەزمێکیان پێدەکرد....( کە دیتبای کاتی خۆی بە فیڕۆ دەدات یان وەک پێویست کار ناکات، پاسەوانەکان دەست بە جێ دەستگیریان دەکرد و لە شوێنی خۆیدا دەستیان بە فەلاقەکردنی دەکرد تا لە خۆی دەچوو ، خوێن فیشقەی دەکرد و بەسەرو پۆتەڵاکیدا چۆڕاوگەی دەبەست.ئەوکات ھەڵیان دەگرت و لە ئاویان ھەڵدەکێشاو پاشان دەیانھێنایەوە سەر ئیش کردن....٤).


دروستکردنی پردێکی درێژ ، لە سەر رووبارێکی گەورە ، ئاسان نەبوو.نەخاسمە بۆ دانیشتوان و کرێکارانی ناوچەکە. بەردەوام کارکردنی قورس لە وەرزەکانی ساڵ بووە خەمێکی ھەمیشەیی و چەوساندنەوە و گوێ پێنەدان و بێبەھاکردنی کەسایەتییان ئەمەش وایکرد کەسانێک بەم ملکەچیەو شەرشۆرییە رازی نەبن و ھەڵوێست وەربگرن . ترسی کارکردنی بە زۆرەملێ لە پردەکە ، وایکرد خەڵکانی دەوروبەر بە ھیچ شێوەیەک نزیک پردەکە نەکەون ، چونکە دەیانزانی دەربازبوون لە سەربازەکانی عابد ئاغا ئاسان نییە. زۆر جار ئەم سەربازە دڵرەق و بێویژدانانە بە سەر گوندەکانی ناوچەکەیان دادەداو جوتیارو کرێکاریان بۆ کارکردن دەھێنا. ھەندێکی تریش ، ملی چیاو دەشت و دارستانەکانیان دەگرت و خۆیان حەشاردەدا. کریستانە ھەبووەکانی شاریش ، لە بڕی کارکردن ئامادەبوون بە دۆلکە مەی بە سەربازەکان بدەن وچاوپۆشیان لێبکەن. لە ساڵی سێیەمی دروستکردنی پردەکە لە بەر ھەڵاتن و خۆشاردنەوە پیاوو لاوەکان ، ژنان باجەکەیان دەدەن ، ئەوان دەبنە بارمتە.(لاوی دەشتەکانیش ھەوڵیان دەدا ، بەرەو دارستانەکان ھەڵێن، بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو یاساوڵەکان ھەندێک لە ئەندامانی تیرەکانیان بە بارمتە دەگرت ، بە تایبەتی ئافرەتانیان ھەڵدەبژارد ، بۆ ئەوەی لە جیاتی ھەڵاتوەکان کار بکەن.٥).


دڵرەقی و خراپی و ڕەفتار پیسی عابد ئاغا ئەوەندە قیزوەنە ، باس ناکرێت. سوکایەتی پێکردن بەخەڵک و کرێکارو جوتیارو تەنانەت شاگردو قوندراتچیەکانی بەردەستیشی ، کە بەردەوام خەریکی کارکردن بوون. سەرای ئەو ھەموو کارەش ، کاری پردەکە سیست و لاوازە ، وەک پێویست بەڕێوە ناچێت. دەبینین ئەو ھەموو زوڵم و ستەمی ئەم عابد ئاغایە لە خەڵکەکە دەکات .کەچی خۆشی گەندەڵکارێکی بێوێنەیەو تابڵێ دەستپیسە ، ئەمەش وادەکات لە کار لابدرێت و ڕیسوایەکی گەورەی بۆ بمینێتەوە.


دروستکردنی پرد ، مانگ و وەرزو ساڵ درێژە دەکێشێت. چەوساندنەوەو کارکردنی بە زۆرە ملێ و لێدان و سوکایەتی و خەم و خەفەت و دەنگۆو بەسەرھاتی تراژیدیا بەردەوام لە زیادبوون دا دەبێت. لەوکاتەی (ڕادیسۆن) دێتە مەیدان و یاخی دەبێ لە بەرامبەر عوسمانییەکان، ئازایانە دێتە دەنگ و تۆی شۆرش و یاخیبوون بڵاو دەکاتەوە لە نێو خەڵکی ناوچەکەولە رێگریکردن لە دروستکردنی پردەکە، بەڵام چارەنوسی مەرگ دەبێت و بە دڕندەترین شێوە سزا دەدرێت. لە بەر چاوی خەڵک بە قازووخ لە ناوی دەبەن و لە دیمەنێکی وا پڕ ترس و تۆقێنەر بینین و باسکردنی ئاسان نییە ، وەک چۆن کاوڕ لە سیغ دەدڕێت.ئەمەش مێژوێکی ناشیرینەو ڕۆژێکی ڕەش و خوێناویە کە لە مێژووی پردەکە تۆمار دەکرێتو دەبێتە بنێشە خۆشەی سەر زاری خەڵک.بەشی زۆری ئەو چیرۆک و رووداوو ، کارەسات و زوڵم و ستەمی عوسمانییەکان لەم رۆمانە خراووتە روو، مێژووێکی قیزووەنەو مرۆڤ لە خوێندنەوەو زانینی ئەم مێژووە ، مووچڕکێکی تۆقێنەرو سامناک بە لەشی دادێت.کردەوەو رووداو و تاوانەکانی نێو ئەو رۆمانە ، بەڵگەنامەو گەنجینەومێژوویەکی رەشی عوسمانییەکانمان بۆ دەگێرێتەوە .بەدەیان لایەنی تری شاراوەو لە نێو رۆمانەکە دا ھەیە کە ئاسان نییە پەنجەی بخەینە سەر.


یاشار کەمالی رۆمانووسی گەورە ، ھەمیشە لە چیرۆک و رۆمانەکانی خۆی ئەم مێژوەمان پێدەڵێت.ئەگەرسەیری رۆمانی (بڕوانە فورات خوێناویە) بکەین دەبینین (عەلی پاشا) لە بەرامبەر (پۆیراز موسا) دەڵێت:"تۆ نەزانیت ئەم عوسمانیە چەند فێڵبازو خوێنمژە.ئەو ، بۆ بەپەنددانی دنیا قەڵاو منارەی دروستکردوون لە کەللە سەری مرۆڤەکان. نییە لە دونیا بۆ مرۆڤ دوژمنتر لەم عوسمانییە....٦).


رۆمانەکەی ئیڤۆ ، لایەنیکی مێژووی گەورەی لە خۆ گرتووە ، شاکارێکی ئەدەبی ناسراوە. بۆیە قسە لە سەر ھەر کون و قوژبنێکی ئەم مێژووە بکەین، مێژوێکی ڕاست ، بەڵام تاڵمان بۆ دەگێرێتەوە .لە نێو دێرەکان خۆێنی مرۆڤی بێگوناھی لێ دەچۆرێت .مێژوێکی پڕخەم وخەفەت وتاوانمان پێدەناسێنێت؛کە ھەموو مرۆڤایەتی لە ئاستیدا شەرمەزار دەبێت ، ئەگەر چی ئەم مێژووەش ھەر مرۆڤەکان دروستیان کردووە.

_____________________________
سەرچاوە و پەڕاوێزەکان:
* ئیڤۆ ئاندریچ ، لە ساڵی ١٨٩٢ لە گوندی (دۆلاس) سەر بە شاری ترافنیک لە کۆماری بۆسنیا و ھەرزۆ گۆڤینا لە دایکبووە .لە ١٣ی ئاداری ١٩٧٥ لە شاری بەڵگراد کۆچی دوای کردووە.بەبنەچە (کرواتی) یە ، بەڵام دوای کۆتایی ھاتنی دووەمین جەنگی جیھان.رایگەیاندبوو کە (سیبری)یە.بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی (گرانتس ) لە نەمسا بە دەستھێناوە.لە رۆمانی(پردەکەی سەر ڕووباری درێنا کە شاکارێکی مەزنی ئەدەبیەولە ساڵی ١٩٦١ لیژنەی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ لە سەر ئەم رۆمانە خەڵاتی نۆبڵیان لە ئەدەبدا ئیڤۆ بەخشی.رۆمانی ڕووداوەکانی شاری ترافنیک و رۆمانی قەیرە و کۆمەڵێک چیرۆک و شیعر و وتار و لێکۆڵینەوەی بڵاوکردۆتەوە. بڕوانە: ئیڤۆ ئاندریچ ، رۆمانی گۆرەبانی نەفرەتی ، وەڕگێرانی موکەڕەم رەشید تاڵەبانی ، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی ،ھەولێر ، چاپی یەکەم ، ٢٠١١ ، ل ٧-١٩.
١- ئیڤۆ ئاندریچ، رۆمانی (پردەکەی سەر ڕووباری درینا) ، وەڕگێرانی موکەڕەم رەشید تاڵەبانی، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی ،ھەولێر ، چاپی یەکەم ، ٢٠١١ ،٣٥-٣٦.
٢- سەرچاوەی پێشوو ، ل٣٦.
٣- سەرچاوەی پێشوو ، ل٤١-٤٢.
٤- سەرچاوەی پێشوو ، ل٤٣.
٥- سەرچاوەی پێشوو ، ل٤٧.
٦- یاشار کەمال ، رۆمانی (بڕوانە فورات خویًناویە) ، وەرگێڕانی رێباز مستەفا، چاپخانەی رۆژھەڵات ، ھەولێر، ٢٠٠٨، ل٣٢١-٣٢٢.
 

ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک