ستیڤان شەمزینانی لە کۆڕێکدا لە شارۆچکەی سەیدسادق باس لە پرسی توندوتیژیی دژی ژنان دەکات .
ئامادهکردنی : کوردە
رۆژی سێشەممە 21/8/2007 کاتژمێر پێنجی سەرلەئێوارە ماڵی گەنجانی سەیدسادق بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی گەنجان و رۆشنبیران و ژنان وجەماوەری شارۆچکەی سەیدسادق لەهۆڵی ماڵی گەنجان کۆڕێکی بۆ نووسەرو رۆژنامەوان(ستیڤان شەمزینانی)رێکخست لەژێر ناونیشانی(کێشەکانی ژنان وپرسی توندوتیژیی ..ئەرک و هەنگاوەکانمان) . لەسەرەتای کۆڕەکەدا شەمزینانی ئاماژەی کرد بۆ سروشتی کێشەکانی ژنان و پرسی توندوتیژیی لەکۆمەڵی کوردەواریدا دژی ژنان وجیاوازیی ئاستەکانی توندوتیژیی لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای شیکردەوە .پاشان هاتە سەر ئەرک و میکانیزمەکانی هەوڵدان بۆ گۆڕانکاریی و کەمکردنەوەی ئاستەکانی توندوتیژیی ، کۆڕگێڕ لەسەرەتا بۆ کارێکی لەو چەشنە هاتنە مەیدانی ژنانی بە فاکتەری بنچینەیی لەقەڵەمدا و بەوردی پەنجەی خستە سەر گرنگی ئەکتیڤکردنەوەی جەماوەری ژنان ، پاشان باسی لەگۆڕینی یاساکان کرد کەدەتوانێ یارمەتیدەرێکی باشی کۆتایی پێهێنانی توندوتیژیی دژی ژنان بێت ولەورووەوە کۆمەڵگە خۆرئاواییەکانی وەک نموونە هێنایەوە ، دواتر باسی لەگرنگی فەلسەفەی پەروەردە کرد بەتایبەت گۆڕینی میتۆدی خوێندن لەکوردستان بە میتۆدێکی نوێ کەئەمە دەبێتە هۆی پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ و دەرچەیەکیش دەبێت لەراستای گۆڕانی کۆمەڵایەتی ، لەبەشی کۆتایی کۆڕەکەشدا باسی لەرۆڵی باشکردنی باری ئابوریی و سەقامگیریی ئابووریی کرد کەدەتوانێت یارمەتی باشی پرۆسەی گۆڕانی کۆمەڵگە بدات ، دواجار هەنگاوە عەمەلی و هەنووکەییەکانی دەستنیشان کرد وبەکورتەیەک دەربارەی چەمکی شەرەف کۆتایی بە کۆڕەکەی هێنا . لەبەشی دووەمی کۆرە ِکەدا دەرگای پرسیارو گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و ژمارەیەکی بەرچاویش لەئامادەبووان بە سەرنج و پرسیار و تێبینییەکانیان کۆڕەکەیان دەوڵەمەندتر کرد ، پاشان شەمزینانی وەڵامی پرسیارو پێشنیارەکانی دایەوە و بەمجۆرە لەکاتژمێر حەوتی ئێوارە کۆڕەکە بەسەرکەوتوویی کۆتایی پێهات .جێگەی ئاماژە بۆ کردنە وابڕیارە لەم چەند هەفتەیەدا ( ستیڤان شەمزینانی ) چەند کۆڕێکی تر ببەستێت لەهەریەک لە شارەکانی ( کەرکووک – رانیە – سۆران – دەربەندیخان – هەڵەبجە).
|