په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٩\٢٠١٣

ستراتیژە پێکەنیناویەکەی نەوشێروان مستەفا!


شێرزاد


بەر لە هەرچی پێویستە ئەوە یاد بخەینەوە کە پێش ئەوەی جەلال تاڵەبانی لە کورسیەکانی سەرۆکایەتی نزیک ببێتەوە، نەوشیروان لە چاوەڕوانیەکی ئێجگار کوشندەدا دەژیا. پێشتر تاڵەبانی، باسی لەوە کردبوو کە کاتی ئەوە نزیک بۆتەوە، جێگا بۆ کاکە نەوە چۆڵ بکات.

هەرئەوەندەی سەرۆکایەتی، تاڵەبانی بەکێش کردە بەغدا، نەوشیروان ئەو خەونە شیرینەی لێشێوا، بۆیە ناچار، هەوڵەکانی خستەگەڕ تا لە پشتەوە، خەنجەرێکی ژەهراوی لە پشتی تاڵەبانی بسرەوێنێت و لە پەلوپۆی بخات.


نەوشیروان باڵی ڕێفۆرمی ڕاگەیاند، ڕێفۆرم بەناو خۆیدا هاتوو چوو، بەڵام دواجار هیچی وەگیر نەکەوت. بۆ بەدبەختی ئەویش، کەوتنی تاڵەبانی لە جێگادا، کەوتە دوای چوار ساڵێک لەم هەیتوهوتە تازەیەی نەوشیروان. دەنا ئەو هەرگیز ئەم هەڵەیەی نەدەکردو (ی.ن.ک) ی جێنەدەهێشت و ئەم سەمەرەیەی بەخۆی نەدەکرد. ئەو هیچ ناکۆکیەکی لەگەڵ یەکێتی نیە کورسیەکەی لای سەرەوە نەبێت.


نەوشیروان ئەو هەلەی لەدەست چوو، ئەو خەونەی لە گۆڕاندا ناشت، خۆیشی خستە گێژاوی کۆمەڵە ووشەیەکی بێسەروبەرەوە کە مانا نادەن لە سەری چەند کەسێکی گێلۆکە یان چەند هەلپەرستێکدا نەبێت کە وەک نەوشیروان خۆی، لییک بە دەمیاندا دێتە خوارەوە بۆ گەیشتن بە کورسیە پڕ لە نازو نیعمەتەکان.

دوا بە دوای تێشکان، جەولەیەکی نوێی گەمەکانی نەوشیروان دەستی پێکرد. ئەو داوای لە تاڵەبانی کرد تەنها گردێکی چەند ملیار دۆلاری و بینایەکی چەند ملیۆنی و ١٠ ملیۆن دۆلاری پێ ببەخشێت بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای ووشەو بەس، کۆمپانیایەک کە بە تەنیا خۆی، ئەوەندەی هەموو حیزب و ڕۆژنامەو گۆڤارو تەلەفزیۆنەکان، ووشە سەرف دەکات، ووشەی بێ سەروبەر، قەبەو بۆش، بریقەدار، فووتێکراو، بە ئاستێک کە جارجار لێی دەشێوێ و تەنانەت دروشمەکانی حیزبی شیوعیی ساڵانی چلەکانیشی تێدەکەوێت. وە ئەگەر لە چاوی گووتەو میدیاکانی نەوشیروانەوە، بڕوانینە نەوشیروان و حیزبەکەی، هیچ بەدی ناکەین لافاوی ووشە نەبێت. ووشەو ووشەو ووشە، ئەمسەرو ئەوسەری میدیاکانی نەوشیروانە، بە ئاستێک کە ئەگەر وەک چاودێرێک لە نەوشیروان و حیزبەکەی بڕوانین، تەنها بۆشاییەکی گەورە دەبینین و هیچی تر. ئەو وەک تەرزەو بارانی بەهار، ووشەی گۆڕان بەسەرماندا دەبارێنێت. بەڵام کام گۆڕان؟ بۆچی گوایە سەرکەوتنی ئیخوانەکانیش لە میسر، گۆڕان نەبوو؟

گۆڕان ووشەیەکە لە داهێنانەکانی کۆمپانیای ووشە، کۆمپانیایەک کە زۆر بە زوویی بووە بازرگانێکی سیاسی گەورەی بازاڕی سیاسەت، بازرگانێک کە لە دووی ئەوە دەگەڕێت، هەر ووشەیەکی، دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ بەکێش بکاتە سەر گردەکەی زەرگەتە. لەناو ئەو ووشانەدا ئەوەی وونە، ووشەی ستراتیژو تاکتیکە. کەس نازانێت کام ستراتیژو کام تاکتیک، کام پرۆگرام و کام شێوازی خەبات، لەبەردەم ئەم حیزبەدایە، ئەمە هەروەک چۆن لە ڕابووردوویشدا، کەس لە ستراتیژیەتی (کۆمەڵە) نەدەگەیشت لە سایەی دەسەڵاتە تاکڕەوەکەی نەوشیرواندا، بە ئاستێک (کۆمەڵە) بووبووە حیزبێک بۆ تێرۆری تاکە کەسی و بەس. نەوشیروان خاوەنی یەک ستراتیژە: خڕکردنەوەی سەرمایەو گەیشتن بە کورسیەکەی سەرەوە! بۆیە حیزبی گۆڕان خاوەنی هەموو جۆرە ستراتیژە سیاسیەکانە، هەموو تاکتیکەکان و ڕێوشوێنەکانی خەباتی سیاسی، پەیڕەو دەکات، تا بتوانێت لە کەمترین ماوەی زەمەنیدا، زۆرترین سەرمایە بگەیەنێتە گردەکە. ئەو حیزبە لە پەرلەماندایەو پەنا بۆ شەقام دەبات، لە پەرلەمان تەپڵ لێدەدات و لەبەر سەرای سلێمانیدا نوێژەبارانە دەکات. ئەمە لە کاتێکا ئەم تاکتیک و شێوازانە تەواو جیاوازو دژ بەیەکن. ئەوەتا نەشیروان، جارێک خەڵکی دڵنیا دەکاتەوە لەوەی دەسەڵات دەگرنە دەست، جارێکی تر هیوای ئەوەیان دەداتێ لە حکومەتی داهاتوودا بەشداری دەکەن. ئەمەیش و ئەویشیان هەر بە گۆڕان وەسف دەکات. ئەمە لە کاتێکا ئەو دوو ستراتیژە، تەواو جیاوازو دژ بە یەکن بۆ حیزبێکی پەرلەمانی. ئەمە لە بناغەدا، هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو دەنگانەیشی لە دوو دڵیدان لەم سیاسەتە فێڵاویەی نەوشیروان، سیاسەتێک کە تەنها لەسەر زاری نەوشیروانەو چ پەیوەندیەکی بە واقیعی ژیان و ژیانی حیزبایەتیەوە نیە. ئەوەتا ڕەخنەکانی نەوشیروان لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان، لە ئاستی ڕەخنەی ئەو حیزبانە خۆیان لەخۆیان، تێپەڕ ناکات.


بەم مانایە، نەوشیروان پەرلەمانتاریستیشەو کۆدەتاچییش، لە هەردوو حاڵەکەیشدا، گەیشتن بە سەرمایە و دەسەڵات، دوا ئامانجی نەوشیروانە. ئەوەیش هەموو ناکۆکیەکی نەوشیروانە لەگەڵ تاڵەبانی. ئەگەر تاڵەبانی ئامادەی چۆڵکردنی جێگاکەی بوایە بۆ نەوشیروان، ئەوا نەوشیروان هەر کاکەنەوەکەی جاران دەبوو، وە هەرگیز ئەم سەمەرەیەی بەخۆی نەدەکرد، سەمەرەی کۆمپانیای ووشە بەڵگەنەویستەکان، سەمەرەی ناکۆکی لەگەڵ یەکێتی لە پێناوی چەند داخوازیەکی پەرلەمانی زۆر نزمدا، ئەو داخوازیانەی لە ئاستی خواستەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان تێپەڕ ناکات. دوا خواست و ئامانجی نەوشیروانیش لەم ساتە وەختەدا، هیچ نیە گفتێکی پڕ لە درۆو دیماگۆگیانە نەبێت.


دوێنێ ١٩/٩، نەوشیروان بەڕوونی، لە چەند گوتەیەکیدا ووتی: ئامانجمان ئەوەیە هێڵی هەژاری لەناو ببەین! ئەمەیە ستراتیژە پێکەنیناویەکەی نەوشیروان. ئەو هەرگیز داوای گۆڕینی سیستمێک ناکات هەژاری و بێکاری بەرهەمدێنێت. بۆیە ئەو گۆڕانەی ئەو داوای دەکات، دەشێت هەزاران هەنگاو، گەڕانەوە بێت بۆ دواوە، هەروەک ئێران و ئەفغانستان.

بە هەرحاڵ! دواین خواستی نەوشیروان لەناوبردنی هێڵی هەژاریە. ئەم خواستە درۆینەیەیش، نە ممکن ئەبێت وە نە لە گفتی پەرلەمانیشی زیاتر پێویستە. لەناوبردنی هەژاری، لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا ڕوو دەدات کە ئابووری کۆمەڵگا، لە بناغەوە هەڵدەتەکێنێت. نەک ئەم کارە مێژووییە، بەڵکو تەنانەت لەناوبردنی هێڵی هەژارییش، بە نەوشیروان ناکرێت، هەروەک چۆن بە هاوخوێنەکانی ئەو نەکراوە لە ئەمریکاو فەرەنساو ئیتالیاو سویدو سعودو ئێران و تورکیاو ئیسرائیل و ڕووسیاو هیچ جێگایەکی تری ئەم جیهانە بەرینەدا لە ماوەی چەند سەدەیەکدا لە بوونی هەژاریەکی بێشمار.

با ژیان لە نێوانماندا بێت: حیزبەکەی نەوشیروان هیچ نیە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ووشە نەبێت. چاوەڕێ بن لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەیش، بە کۆمەڵە بەڵگەنامەیەکی نهێنی، ئەو ڕاستیە دەسەلمێنین کە نەوشیروان هەرگیز لایەنگری هەژارەکانی کۆمەڵگا نەبووە، بەڵکو هەمیشە دژی بەرژەوەندیەکانی هەژاران بووە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی خۆی، شاگردئوتێل بووەو لە دەردی هەژاران بە ئاگا بووە. ئێستا ئەو دەیەوێت، بە خستنەگەڕی سەدان ملیۆن دۆلار لە هاوردە کردنی چیمەنتۆو دامەزراندنی دەیان پرۆژەی ملیۆنی وەک کارگەی چیمەنتۆو بازاڕی گەورە و داگیرکردنی هەزاران دۆنم زەوی لە خەڵکی و هەڵچنینی سەرمایەیەکی بێشمار، وە لەوێیشەوە، بە سەرکەوتن بەسەر پلەکانی دەسەڵاتدا بە چنگەکڕێ، ئەو ڕابووردووە پڕ لە ژان و ئازارەی خۆی، کە گەورەترین نەخۆشی سایکۆلۆژی بۆ نەوشیروان دروست کردووە، لەبیر خۆی بباتەوە. بۆ ئەو مەبەستەیش، ئامادەی بەکارهێنانی هەموو شێوازێکە بۆ هەڵخەڵەتاندنی لاوان، وە تەنانەت ئامادەیە، حکومەتێک لە ئیخوانەکان، بەسەر خەڵکیدا بسەپێنێت بۆ گەیشتن بە نیازە گڵاوەکانی. خودی گۆڕان خۆیشی، حیزبێکە لە بەرگی (ئیخوان المسلمین) دا.


بەڵام ئێمە ڕابووردووی نەوشیروانمان لەیاد ناچێت، نە ئەمڕۆو نەسبەینێ. وە بە پێچەوانەی هیواکانی ئەوەوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ئێمە هەمیشە بەو هیوایەوە دەژین، نەوشیروان لە دادگاکانی (کۆمەڵە) دا ببینین و خەڵکی، لە دادگایەکی ئاشکرادا، دوا بریار لەسەر ژیانی بدات و لێپێچینەوە لەو تاوانانەی بکات کە بە حەقی سەدان کەس و کۆمەڵەییەکان و برادەرەکانی کردووە، ئەمە بە کەسە هەرە نزیکەکانی خۆیشیەوە، بۆ نموونە جەبار فەرمان.


نەوشیروان هیچ نیە بازرگانێک نەبێت. هەیتوهوتەکانیشی بەرامبەر بە حیزبەکانی دەسەڵات، هیچ نیە هەوڵێک نەبێت بۆ خڕکردنەوەی سەرمایە بە ئاسانترین شێوە. سیاسەتبازی کاری نەوشیروانە. لاوە بێئاگاکانی دەوروبەریشی، دینەمۆی ئەو سیاسەتبازیەن. زۆریش ناخایەنێت، هەر ئەو لاوانە خۆیان، پلانەکانی نەوشیروان پووچەڵ دەکەنەوە. ئێمەیش بەر لە هەرکەس، بەڵگەنامە نهێنیەکان، ئەو بەڵگانەی تا ئێستا نەبینراون، بە خاتری ئەو لاوە دڵگەرمانە دەخەینەڕوو، کە دەیانەوێت خۆیان بەدەستی خۆیان، نەوشیروان لە خۆیان بکەنە دکتاتۆرێک، ئەوان هەرلە ئێشتاوە، بتێکیان لە سەرووچاوی نەوشیروان دروستکردووە. با پێکەوە ئەو بتە بشکێنین!

_________________________________
تێبینییەکی پێویست: بۆیە لەم ڕۆژەدا ئەم سەرەتایەمان لە باسێکی نوێ خستەڕوو، تا هەرگیز نەچێتە ڕیزی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە.
 

 

٢٠\٩\٢٠١٣

sherzad.s@outlook.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک