په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٠

سی و یەکی مانگ.


گۆران دوکانی  


ئەو دارەی دەمێک بوو هەزارانی هەرێمی قەرقستان هیوای خۆیانیان پێ هەڵواسی بوو و بەتەما بووم چرۆ دەربکات و لەبەر سێبەرەکەی بحەسێتەوە. لەپڕ توشی دەردێک بوو 1996 گەڵای زەردی وەری. ئێستاش هەرچی پیری مەتیقە هەیە نەیانزانی ئەو هەموو گەڵا زەردەی ئەم پیرە دارە بۆ وەری. هەندێک ئەو دارەیان بە پیرۆز دەزانی و پەڕۆی سەوزیان پێ هەڵواسی بوو. هەندێک کە ددانیان دەهێشا دەچوون بزمارێکی ژەنگاوییان لێ دەدا بەهیوای چاکبوونەوە.


ئەوەی گاڵتەی بەم هەڵاو بەزمە دەهات مام لوقمانی پور حەلاو بوو. مام لوقمان رۆژێک تەنیا وتبووی ئەو پیرە دارە خێری نییە، ئێستاش نەمانبینیوە. ئەوێ رۆژێ چەند هەنگاوێک لە دووری ئەو پیرە دارەوە منداڵێکی ژیکەڵانەم بینی بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە پاڵی بە تاشە بەردێک دابوو، لەبەرخۆیەوە دەیگوت"ئاخر پیرۆزی ئەم پیرە دارە رووتە لە کوێیە خودایە! بابم تەنیا گوتبووی ئەو دارە پیرۆز نییە، ئێوارەیەک حەسحەسەکان هاتن و لەماڵ بردیان، هەتا ئێستاکێ نەماندیتەوە".


خوا پێم نەگرێ لە هەندێکم گوێ لێبووە رۆژێک خاوەنی دارەکە کفرێکی زۆر گەورەی کردووە، بۆیە خواش لە تۆڵەی ئەو کفرە وای لێ کردووە. ئاخر ئەوەی ئەو خەڵکەی توشی سەرسوڕمان کردووە ئەوەیە خاوەنەکەی ئێستاش پێیوایە وەرینی ئەو هەموو گەڵایە سەروەرییەکی گەورەیە بۆ بنەکاڵەکەیان، چونکە هەر لە کۆنەوه‌ داپیری باپیری ئەو پیرە پیاوەی ئێستا خۆی بە خاوەنی دەزانێ ئەو دارەی رواندووە.


رۆژێک بە سودفە رێم کەوتە هەرێمی قەرقستان و بەلای ئەو دارەوە گوزەرم کرد. پیرە پیاوەکەم بینی لەولاوە دەسەسڕێکی دانابوو دەرۆزەی دەکرد. ئەو ئاماژەی بە پیرە دارەکە دەکرد و دەیگوت "ئەوە نیعمەتێکی گەورەی خودایە و نیعمەت بەخشیشە، ئەوەی شتێک لەسەر ئەم دەستەسڕە دانێ خوا نیعمەتی بەسەردا دەبارێنێ!"من ئێستاش نەمبینی کەسێک بەهۆی ئەم پیرە دارەوە نیعمەتێکی بەسەردا باریبێ، کەچی ئەو خەڵکە هەموو رۆژ وەکو شانە هەنگ دەورەی ئەو پیاوەیان داوە و گوێی بۆ ئەگرن.


ئای لەودارە شومە ئاااای. وای لە گەمژەیی ئەم هەموو خەڵکە وااای. هەرچی داری دونیا هەیە خەڵک میزی لەژێر دەکا، کەچی لەم هەرێمی قەرقستانە خەڵک ئەو پیرە دارە بێخێرە دەپەرستن. ئاخر دارێکی بێبەری رووتوقوت کوا شایانی تەماشا کردنیشە نەک پەرستن؟! خۆ ئەو دارە هێندە رووتە سێبەر لە لقەکانی خۆشی ناکات. هەر رێبوارێک بەو هەرێمەدا تێپەڕیبێت گاڵتەی بەو خەڵکە کردووە کە بە سالڕ بەدیار قسە هەڵەقومەلەقەکانی ئەو پیاوە دەوەستن و بەبێ جوڵە گوێی بۆ دەگرن، پێیانوایە ئەوە کەشتیی نەجاتیانە. کەچی هەرچی جوانی هەیە فەرامۆشیان کردووە.

 

ماڵپه‌ڕی گۆران دوکانی