١٢\١١\٢٠٢٢
سوێدیش دەیەوێ خۆی
بکاتە تۆپی شەقشەقێنی خواستە پیسەکانی تورکیا.

هەڵۆ محەمەد
سوێد لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی لە هەڕەشەکانی رووسیای پۆتین،
لەوەتەی شەڕی ئۆکراینا بڵێسەی سەندووە، داوای کردووە ببێتە ئەندامی
ناتۆ، تورکیا ڕێگری بوونە ئەندامێتییەتی! کۆمەڵێ مەرجی داناوە بۆ سوید
و فینلەندە، تا جێبەجێی نەکەن، تورکیای ئەندامی ناتۆ، رەزامەندی نادات
لەسەر بە ئەندامبوونی ئەو دوو دەوڵەتە لە ناتۆدا.
مەرجەکان: رادەستکردنەوەی کۆمەڵێ ناوی کورد و تورک کە لەو وڵاتانە
دەژین!
رەگەزنامەی سوێدییان هەیە و هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و تورکی بەهێز لە
وڵاتەکەکانیان هەن... بڕینی یارمەتی و پەیوەندییە لەگەڵ یەپەگە و پەکەکە
و تەنانەت هەدەپ دا، واتە بە قوربانی کردنی کورد، کرۆکی ئەم گەمەیەیە؟؟
بەڵام لە پێناوی بوونە ئەندامدا، ئێستا سوێد بەسەرۆکایەتی
سەرەکوەزیرانی نوێ ئولف کریستەرسۆن دەیەوێ مل بۆ مەرجەکانی تورکیا بدات
و وڵاتەکەی بکاتە بارمتەی سیاسەتی ئەردۆغان؟!
دیارە ئەوەی کورد کردی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەشەڕی (داعش)دا و ئەو
نموونە هەرە باشتر و جوانتر و دیموکرادییانەترەی لە ناوچەکەدا لەوانی
تورک و عەرەب و فارس و زۆر شتی تریش بەها و سەنگیان نییە؟! لەبەرانبەر
بەرژەوەندی نێودەڵەتیدا!؟
کریستەرسۆن سەردانی تورکیای کردووە و ڕازییە بە مەرجەکانییان و بڕیارە
ئەردۆغانیش کە لە ٢٠١٣ نەچۆتە سوێد سەردانی ئەو وڵاتە بکا!
ئەو یاسا و هاوکێشەیە روونە: هەمیشە قوربانی بە بچووک و لاواز دەدرێ بۆ
گەورە و بەهێزەکان... کوردیش لە یەک شتدا زۆر لاوازە، ئەویش خاوەن دەوڵەت
نییە؟!
بۆیە بۆ شەقشەقێنی گۆڕەپانەکە هەر وەک تۆپ دەمێنێتەوە، لەم دیدەوە
هەرچی گلەیی و گازندەیی و نەفرەت هەیە بیکەین و بیگرین لە کۆمەڵگای
نێودەوڵەتی هەر کەمە!!، لێ چرکەساتی ئەوەش لەمێژە هاتووە، بەهەمان
پێوەر بەگژ ئەوانەی ناوخۆشدا بچینەوە و لۆمەیان بکەین، ئەوانەی کە دژی
سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان و مافە نەتەوەییەکانی کوردن!
ئەوانەی دوێنێ بۆ ئاینی ئیسلام و سۆسیالیزم و دەوڵەتی پرۆلیتاریا
خەباتیان کرد و خەونی پرتەقاڵیان بینی و ئەوانەی ئیمڕۆی بۆ تیۆری و
قسەی سەوز و سووری ناو دەقی کتێبە دەق ئەستوورەکان دەژین و هەر باسی
برایەتی گەلان و پێکەوە ژیان و قسەگەلێکی تری بێ رۆح و گیان دەکەن و
بەردەوام کچی کورد دەکەنە قوربانی کوڕی خەڵکی؟!
ئەوانەی بێ هیچ بەرپرسیارێتییەک لە سەر مافەنەتەوەییەکانی کورد سازش
دەکەن و ئامادەن ببنە سوورەی بەرلەشکری هەر بیر و هێزێکی بێگانەی دوور
لە بەرژەوەندی باڵا و ستراتیژی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان!؟
باشە خۆ ئەوە رەوەندی کوردە لە سوێد و فینلەندە و جیهان لەگەڵ ئەوان
دەژی و ژنی لێهێناون و کچی داونەتێ و کاردەکەن و باج دەدەن و بەهرەیان
خستۆتە خزمەتی ئەوانەوە و سەرمایەگوزاری دەکەین و سامانێکی مرۆیی
هاتوونەتە وڵاتیان و زمان و کولتووریان فێربووین و خزمەتیان دەکەین،
کەچی ئەوان پێکەوە ژیانی ئێمەیان ناوێ و وەک کاڵا و شمەک دەمان کڕن و
دەمان فرۆشن.
شایانی گوتنە هەڵوێستی ئەو دەوڵەتانە نابێت زۆر جێی گلەیی بێت!
میللەتان ئاسایشی ستراتیژی نەتەوەیی و سیمبۆل و بەهاکانی خۆیان دیاری
کردووە و هەرکاتێ ئەم چەمک و خاڵانە کەوتنە بەردەم مەترسی و هەڕەشە
خۆیان و دەوڵەتەکەیان لەپێشترە و هەموو شتێکی بۆ دەکەن بە قوربانی هەر
لە دیموکراسی و لیبەراڵیزم و بانگاشەی مافی مرۆڤەوە تا دەگاتە پێکەوە
ژیان و لێبووردەیی و هەموو خەون و خەیاڵییەکانی تۆی شاعیر.
کەواتە ئاغای ناموبارەک!
بەڵێ.. ئەوەی ئێمە چاوڕێی دەکەین بە شۆڕشەکەی تۆشەوە کتومت خەونی
شاعیرانەیە! نەک دەوڵەتی کوردیییییییییی.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|