١٤\٤\٢٠١١
سوێندى ئێمە و
سوێندى ئەوان.

هیوا رەش
ئەو دەمانەى لە گرتنى بنکەیەکى حیزبیى و سەربازیى بەعسدا ، بە گوللەى
گڕدارەوە تەپڵى سەرکەوتنمان گوێى ئاسمانى کەڕ ئەکرد ، دواى هەموو
نیوەڕوانێک زۆربەى شەقامە سەرەکییەکانى نێوان شار و شارۆچکەکانمان
کۆنترۆل ئەکرد ، لە هەندێک شاریشدا پیاوانى بەعس لە کۆلیتەکانیان خۆیان
حەشار ئەدا و نەیانئەوێرا سەر دەربکەن ، ئەو دەمانەى سوپاى فاشیستى
بەعس سەرقاڵى شەڕى عێراق - ئێران بوو ، ئێمەى پێشمەرگە سەرمەستى وردە
سەرکەوتنەکانمان بووین ، ئیدى شتێک نەبوو سڵى لێ بکەینەوە ، بە گژ
مەرگدا ئەچووینەوە ، نەمانئەزانى دوژمن هێندە نامەردە بە مەرگى ئێمە
دەسبەردارى تۆڵە نابێت ، دوژمن کەڵبە تیژ بوو ، چڕنوک درێژ بوو ، تینوو
بە خوێن بوو ، سەوداسەرى بە دۆزەخ کردنى نیشتمانێکى بەهەشتیى بوو ،
گەلێک بە گشتیى (پیر و لاو - ژن و پیاو) هەواڵەى مەنجەنیق ئەکات ، دەست
لە ئاژەڵ و پەلەوەرى کێوى و ماڵیش ناپارێزێت ، کانیاوەکان وشک ئەکات ،
ڕەز و باخ گڕ تێ بەر ئەدات ، لادیوارێک بە پێوە ناهێڵێتەوە ، ئەوەى ئەو
ئەیکات بە هیچ خامەیەک نانوسرێت و بە هیچ زمانێک ناوترێتەوە!
بەو عێراقە عەرەبییە داگیرکارەى بەرپرسەکانمان سوێند بە پاراستنى
خاکەکەى ئەخۆن ، بەو قورئانە عەرەبییە پڕ لە غەنیمەتەى ڕێگەى ئەنفالى
بە دوژمنانمان پیشان دا و بەرپرسەکانمان سوێندى پێ ئەخۆن ، بەو خوایە
میهرەبانەى کە میهرەبانیى بەرامبەر مزگەوتەکانى خۆى نەنواند و
بەرپرسەکانمان لە حزوریدا دەست بە قورئانەکەیدا ئەدەن ، بەو خاکى
کوردستانەى بۆتە کۆمپانیا بۆ دوو بنەماڵە و بەرپرسەکانمان
تاڵانییەکانیان بۆ پینە ئەکەن ، بەو خوێنى شەهیدانەى گوێ لە خیزەى
هەناسەى دایک و خوشکیان ناگیرێت ، بە سەرى ئەو بەرپرسانەى بۆ دزى هێز
نیە ڕێگەیان پێ بگرێت ، بە گۆڕى ونى ئەنفالکراوەکانمان ، بە ناوى
سەرکردە بێزراوەکانمان ، کە لە زینداندا بووم ڕِاپەڕین دەستى پێ کرد ،
کۆڕەو بەرەو شاخەکان و ئەو دیو سنوور هەڵچوو ، دوایى بەرەو ناو شارەکان
و سنوورى نیشتمان داچوو ، کە لە زینداندا بووم بەعس لە کوردستان
کشایەوە و ئیدارەى خۆماڵى جێگەى گرتەوە ، کەسوکار کە ئەهاتن بۆ مواجەهە
و باسى بوونى پێشمەرگەیان لە شارەکاندا ئەکرد ، ئەیانوت لەولاى زاڵگەى
دوژمنەوە زاڵگەى پێشمەرگە هەیە ، بۆ پاراستنى ئاساییشى کوردستان
دانراوە ، بڕوا بکەن بڕوام نەئەکرد ، وام ئەزانى خەیاڵە ، وامئەزانى
خەونێکى بەتاڵە.
لەو کاتەوە سوێندێکى جیا لە سوێندى بەرپرسەکانم خواردووە ، بۆ ساتێک
پشت لە دەسکەوتەکانى گەلەکەم نەکەم ، هەمیشە پێشمەرگەى خاکەکەم بم ،
ئەو ئەزمونەى بۆمان هاتۆتە بەر هەمیشە خۆمى بە قوربان ئەکەم ، دژ بە
یەک پارچەیى خاک و ئاوى عێراق ئەبم ، هەمیشە داکۆکیکارى یەک پارچەیى
خاکى کوردستانى گەورە ئەبم ، قێزم لەوانە دێتەوە داڵدەى قاسم ئاغاکان
ئەدەن ، بێزم لەوانە دێتەوە تاریق ڕەمەزانەکان ئازاد ئەکەن ، قێزم
لەوانە دێتەوە سەرسامن بە ئایدیۆلۆژیاى ئەنفالى دوێنێ ، بێزم لەوانە
دێتەوە کوردستان بە تونس و میسر بشوبهێنێ!
کە باس لە ناعەدالەتى ئەکرێ پەرلەمانتارێکم لە بەر چاو ئەکەوێ ، کە باس
لە گەندەڵى ئەکرێ کۆپى ژمارەى پێڵاوى پێشمەرگەیەکى شاخم لە ڕوخسارى
سەرکردەیەکدا بەرچاو ئەکەوێ ، هیچ دڵێکم خۆش نیە بە وەزیر و گزیر ، کە
گیرفانى هاوڵاتى بۆ خۆیان ئەکەن بە نێچیر ، تفو لەو سیستمەى بەعس کە
تێر و بێ ئازادى بووین ، لە سایەیدا خاوەنى شەرەفى خۆمان نەبووین ،
نەفرەت لەم سیستمى حوکمڕانە خۆماڵییەى ئازادى تێیدا بێنان و بێکارە ، چ
لە پەرلەمانتارێک بکەم بۆ سەیارە کڕینى خۆى بە زوویى دەست بە کارە ، چ
لە وەزیرێک بکەم بە باسى خەباتى شاخ قەڵس و بێزارە ، چ لە ئۆپۆزیسیۆنێک
بکەم گاڵتە بە عەقڵى شاخ ئەکا ، چ لە ئیسلامییەک بکەم بە سەر وشترى
عروبەوە پەلامار ئەدا ! من ئێستا کوڕى جەماوەرم ، من ئێستا لە جاران
زیاتر خاوەن باوەڕم، بڕوام وایە ئەم ئەزمونە هى گەلە و پارتى و یەکێتى
ناشیرینیان کردووە ، ئەم خۆپیشاندانە هى برسى و بێمافە ئۆپۆزیسیۆن خۆى
بە خاوەنى کردووە.
سوێندى من لە سوێندى بەرپرس جیایە ، سوێندى من نە بە قورئان و نە بە
خوایە ، هى ئەوان بە خاک و ئاوى عێراقى داگیرکارە ، سوێندى من بە یادى
ئەنفال و چواردەى چوارە ، سوێندى من بە کوردستانى گەورە و بریندارە ،
سوێندى من بە یادى شانزەى سێ و چواردەى چوارە ، بە هەڵەبجە و ئەنفال و
زیندە بە چاڵ و پەتى سێدارە ، سوێندە تا هەناسەم تیا ما بێ ، سوێندە تا
خوێن لە جەستەما بێ . هەردەم سەربەخۆیى لە هزر و زەینما بێ ، سوێندە
سوێندى بەرپرسان وەکو پێڵاو لە پێما بێ ، هەزار تف لە سوێندى وا بێ ،
کە پارێزگاریى لە یەکێتى خاکى عێراقى تێدا بێ.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|