١٨\١٠\٢٠١٣
سوێندخواردن!

جەلال قادر
دەلێن ئەگەر شەریکی باشبوایە خوا شەرکێکی بۆ خۆی دادەنا. جاران ئەم
پەندەم نەدەزانی، بۆیە لە کارێکدا شەریکێکم هەبوو. ئەم شەریکەم لەخوا
ترس و نوێژکەربوو. کەچی پاش ئەوەی پارە و داخیلەم لەبەردەستی بەجێهێشت.
ڕۆژبەڕۆژ داخیلەکەم کورتی دەهێنا و پارە دیار ناما.
ڕۆژێکیان تەڵەیەکم بۆ دانا و کلکی کەوتە تەلەکەوە. کەچی سوێندی دەخوارد
و دەیگوت من دزیم نەکردوە. منیش پێموت : سوێند مەخۆ، داوای لێبوردن بکە
و پارەکە بگەڕێنەوە شوێن خۆی با دۆستایەتیمان تێکنەچێت.
- قورئان بێنە دەستدەکەمە بانی کە من بێتاوانم.
- زۆر باشە وادەچم لە مزگەوتێ قورئانێک پەیدا دەکەم و دەیهێنم.
شەریکەکەم جێهێشت، پەست و بێزار تووڕەبووبوم و مووی لەشم ڕەپ
واستابوون، وەک شێتێک شەقم لە وردە بەردو قووتی سەر جادەکان دەدا. لە
کۆلانەکان تووشی دەیان ڕێبواربووم کەس نە سلاوی لێدەکردم و نە ئاوڕیشی
لێدەدامەوە. چەند کووچە و کۆلانێکم بڕی تا گەیشتمە بەردەرگەی مزگەوتێک.
خۆم پیاکرد.
مەلایەک بەخێرهاتنی کردم و وتی : برا دەلێیت ڕێگات ونکردوە؟
وتم : مەگەر ئێرە مالی خوانییە...هاتوم بۆ کارێکی خێر.
- فەرموو.
- لەگەل ناسیاوێکم بووم بەشەریک، ماوەیەکە هەستدەکەم دزیم لێدەکات.
ئەمڕۆ لەدزیکردن گرتم کەچی سوێند دەخوات دەلێت شتی وانییە. لەسەر ئەوە
ڕێککەوتین کە دەستبنێت بە قورئاندا و سوێند بخوات. ئینجا وازی لێبێنم.
- کوڕی خۆم سوێند خواردن بە قورئان زۆر دژوارە.
- بۆ مامۆستا؟
- لەبەرئەوەی ئەم قورئانە ئەوەندە پیرۆزە دوورنییە چاوی شەریکەکەت
کوێرکات.
- خوا نەکات مامۆستا..شەریکەکەم نوێژکەرە لە خوا دەترسێ باوەڕناکەم
دەستبنێتە سەر قورئان، لی من دەمەوێت بیترسێنم.
- کەواتە ئەگەر بۆ ترسە، من لەگەلتا دێم و کاری خێر ئەبێت ، ئینشاللە
دەبنەوە برای جاران. منیش لەوبەینە شیرینیەکم پێدەبڕێت.
- بەسەرچاو مامۆستا بە بوون و نەبوون من شیرینت دەدەمێ.
مامۆستا قورئانەکەی لە پەڕۆکێکی سەوز ئالاندو پێکەوە بەناو کۆلانەکاندا
ڕێگامان بڕی. ئەو خەلکەی ڕووبەڕوومان بهاتایە قورئانەکەی بەدەستی
مامۆستا ببینیایە وەک ڕێزلێنان سلاویان دەکرد و نزایان بۆ خوادەبرد.
لە مامۆستام پرسی : تووبلێی ئەم شەریکەم سوێند بەم قورئانە بخوات؟
- دوورنییە، کوڕەکەم. ئەگەر کەسێک دزی بکات و لەخوا نەترسێ، بێگومان لە
قورئانش ناترسێ!.
- ئەگەر بەدرۆ سوێند بخوات، کوێر دەبێت؟
- مەرج نییە کوێربێت. بەلام خوا تۆلەی لێدەکاتەوە. دوور نییە ئفلیجی
بکات یان جەرگی بسووتێنێ!.
- نا مامۆستا من نامەوێت هیچی لێبەسەربێت.
- ئەی چیتدەوێ؟
- بترسێ و داوای گەردن ئازاییم لێبکات و پارەکەم بۆ بگەڕینێتەوە.
لەپاش نیو کاتژمێر ڕێکردن گەیشتینە ماڵی شەریکەکەم.
ئاوی ساردمان خواردەوە. مامۆستا یەک دو قسەی خێریکرد و لە شەریکەکەم
پاڕایەوە کە واز لەسوێند خواردن بهێنێت و کێشەکە وەک برا چارەسەرکەن و
بەردێک بنێنە سەری.
کەچی شەریکەکەم بە تووڕەییە دەیوت: مامۆستا، من ئامادەم سوێندبخۆم
چونکە فێڵم نەکردووە بەلکو ئەمە بوختانە لە خۆڕا پەلپم پێدەگرێ.
منیش وتم : براکەم، ئێستا بەڕاستی ئامادەی سوێند بخۆی؟
- بەلێ!
مامۆستا وتی : دەکەواتە بڕۆ دەستنوێژ هەلگرە.
شەریکەکەم لە ژوورەکە چووەدەرەوە.
منیش ڕووم لە مامۆستا کرد و وتم : مامۆستا، ئەوە شەریکەکەم ئامادەیە
سوێند بخوات، ئایا تۆ دڵنیای ئەگەر سوێند بخوات شتێکی لێبەسەردێ؟
- بەلێ، کوڕی خۆم.
- دەکەواتە، من پەشیمانم و نامەوێت سوێند بخوات و دەیدەمە دەست خوا و
ویژدانی خۆی!
- ئافەرین کوڕم. زۆرباشدەکەی.
شەریکەکەم گەڕایەوە. هەندێک بسماللەی خوێند و دەمی تەتەلەیدەکرد.
مامۆستا پێیوت : پێویستناکات سوێند بخۆیت. ئەوە شەریکەکەت گەردنی
ئازادکردی و هەر برای جارانی.
- نا. ماۆستا، بۆچی گەردنم ئازاددەکات خۆ هیچم لێنەدزیوە.
- نا مەبەستمان ئەوە نییە، بەلام شەریکەکەت دڵنەرمبووە و فکریگۆڕیوە.
تۆش ناو خوابێنە دەستکەنە مڵ یەک و شان بە شانی یەک وەک دو برا کاری
خۆتان بکەنەوە.
لەپاش چای خواردنەوە ، من و مامۆستا بە پێ تا مزگەوت ڕۆیشتین.لە ڕێگا
زۆرهەولمدا مامۆستا شیرینیەکەی لێوەرنەگرتم و دەیووت : تۆ کارێکی جوانت
ئەنجامداوە با ئەم کارەم بەخێر بنووسرێ.
کە گەیشتینە بەردەم مزگەوتەکە مامۆستا پێیوتم : فەرموو کوڕم وەرە
ژوورەوە کاتی نوێژکردنە!
- مامۆستا من نوێژکەر نیم!
مامۆستا هەلوێستەیەکی کردو قورئانەکەی یەکدووجار ماچکردو وتی : کوڕم
بەوەدەچێت تۆ کەسێکی خوێندەواربیت، حەزدەکەم ئەم قورئانە بەدیاری بدەم
بە تۆ بەلکو خوا ئیمانێکت باتێ.
قورئانەکەم لە ماۆستا وەرگرت و بەناو کۆلانەکان بەرەوماڵ شۆڕبوومەوە.
ڕاستی لە ڕیگا قورئانەکەم کردبووە بنباخەلم. دوای ئەوەی تووشی چەند
ڕێبوارێک بووم سلاویان لێکردم و لێیانپرسیم : برا گیان. ئەوە قوریانی
پیرۆزە لەژێر دەستت ناوە؟
- بەلێ.
- دەکەواتە جوانتر هەلیگرە، بیخەرە بان هەردوو لەپی دەستت ئینجا ڕێگە
بکە.
قورئانەکەم خستە باندەستم، تا گەیشتمە ماڵ دەیان ڕێبوار سلاویان
ئاراستەکردم و دەنووشتانەوە. منیش قورئانەکەم بەرزتر هەلدەبڕی تا ترسی
خوایان لە دڵدا ببزوێ و ژیانی خۆیان و خێزان و هاوسێکانیان بەخۆشی
بگوزەرێنن.
ماڵپهڕی جهلال قادر
|