په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠١٠

سوتاندنی سه‌رپۆش،
چەپ لە پاڵ ره‌گه‌زپه‌رستیی رۆژئاوا.


سامان سەعید  


رۆئاوا پێشتر لە سەدەمی گەشەی ئابووریی و بۆ راکێشان و هێشتنەوەی کرێکارانی پەنابەر لە ناو فەرهەنگ خۆیاندا، بۆ ڕاگرتنی نزمی تێڕوانین و له‌خۆڕابینین و خواستەکانیان بۆ ئامادەبوونی هەموو رۆژەی هێزی کاری هەرزان سیاسەتی فره‌فه‌رهه‌نگیی داهێنا، وەک هۆیه‌ک بۆ رێگرتن لە تێکه‌ڵاوبوونی پەنابەران و هێشتنەوەیان وەک کۆمه‌ڵه‌ی تایبەت و دابڕاو لە ناو کۆمەلگا رۆژئاواییه‌کان.

بەڵام لەگەڵ زیادبوونی رۆژبەرۆژی قەیرانی ئابووریی سەرمایەداریی، بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاریی و بێ توانایی ووڵاتانی رۆژئاوا لە وەڵامدانەوە بەو کێشانە، شه‌پۆڵی دژە پەنابەریی دەستیپێکرد.


رۆژئاوا کە پێشتر، بۆ سود وەرگرتن لە هێزی کاری هەرزانی کرێکارانی وولاتانی تر سنوورەکانی ئاوەلاکردبوو، ئیتر پێویست بوو دەرگاکان دابخات و بۆ شاردنەوەی بێ توانایی خۆی لە رێگەی هەلخراندنی هەست و سۆزی دانیشتوان بە بانگەشەی پارێزگاری کردن لە کەلتوری دیموکراسی رۆژئاوایی ، دژ وەستانەوە بە رووی فەرهه‌نگ و دینی پەنابەران سەرتای هێرشێکی رێکخراو بە دژی پەنابەران بە رێبخات. لەم نێوەدا دەیان پارت ره‌گه‌زپه‌رست کە پێشتر بە پێی یاسا یاساغ بوون سەریان هەڵداا و بەرنامەو سیاسەتە دژی پەنابەریەکانیان خستەڕوو.


یەکێک لە گەورەترین هێزی کاری پەنابەری لە ووڵاتانی رۆژئاوایی ئەو کرێکار و خێزانانەن کە پێشینه‌یه‌کی دینی و ئیسلامیان هەیە. وەک ئاماژەم بۆ کرد سیاسەتی فره‌فه‌رهه‌نگیی رێگر بووە بەوەی ئەمانە تێکەلێ کۆمەلگاکانی رۆژئاوا ببن. بەجیا لەمانە فره‌فه‌رهه‌نگیی هەمیٍشە پالنەرێک بووە بۆ ئەو کەسانە بۆ گرێدانەوە و تەنانەت دروستکردنەوەی شوناسی نەتەوەیی و دینی خۆیان ، تەنانەت بۆ منداڵانێکیش کە لەجەرگەی رۆژئاوا لە ناو ئەو خێزانانە دێنە دنیاوە. دیارە بەجیا لەمانە، سیاسەتی فره‌فه‌رهه‌نگیی ده‌رفه‌تی داوە بە دروست کردن و دامەزراندنی سەدان رێکخراوەی دینی و نەتەوەپەرستی و ئەمانیش بە گوێرەی توانای خۆیان رۆڵیان گێراوە لە ڕاگیرکردنی پەنابەران لە ناو کۆمه‌ڵه‌ی دابڕاوی خۆیان و نەتوانین بۆ تێکه‌ڵابوون.


ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا ڕوویەکی دیاری دەرکەوتنی راسیزم ، دژ وەستانەوەی ئەوانە بە ڕووی پەنابەران بەگشتی و بەتایبەتیش دژ بە پەنابەرانێک لە کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی لە ناو ئەوانیشدا بۆ سەر ئەو ژنانەی سه‌رپۆش دەپۆشن. راسیستەکان خراپەکاری و تیرۆر و تۆقاندنی بزووتنەوە و رێکخراوە ئیسلامیەکان( ئەوانەی پێشتر خۆیان دروستیان کردن) یارمەتی زۆری داون تا بۆ ئەو سیاسەت و پلانانەیان و گەشەکردنیان سوودی لێ وەربگرن. دیارە ره‌گه‌زپه‌رستیی رۆژئاوا بۆ ره‌وایی دان بە پلانەکانیان بانگەشە بۆ مەترسیەک دەکەن کە ناویان ناوە (ئیسلام فۆبیا - مه‌ترسیی ئیسلام) و دەلێن ئیسلام خەریکە رۆژئاوا داگیر دەکات و دیموکراسی و سیکۆلاریزمی رۆژئاوا لە مەترسی دایە. بەلام لەراستیدا ئەگەر سەرهەلدانی بانگەوازەکانی سیکولاریزم و دیموکراسی رۆژئاوا کە بەگشتی هەوڵدان بوو بۆ دوورخستنەوەی دین لە دەولەت و سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی، ئەوا زۆر بە ئاسانی چییه‌تیی درۆزنانەی ئەم ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ دەبینی، کە بە پێچەوانەی بانگەوازی ئەوان ئەوە حکومەتەکان و سەرماداری رۆژئاوایە دەیەویت جارێکی تر دەسەلات و هەژمونی دینی لە رێگای یارمەتی گەورە بە ڤاتیکان و دامەزراوە دینیەکانی کرستیانیی و جولەکەکان بدات و بۆ خۆیان دەیانەوێت خەنجەر لە سنگی فه‌رهه‌نگی دیموکراسی و ئازادی بدەن.


راسیسم کارێکی وای کردووە کە رۆژ بە رۆژ کرێکارانی ژن کە سه‌رپۆش پۆشن بێکار بکرێن ئەم رێژەیە بەردەوام لە زیاد بوون دایە، قورسایی بێکاری ئەمانە لەسەر خێزانەکانیان بارگرانی دروست کردوە، بەجیا لەمانە دواکاری بۆ لادانی سه‌رپۆش لەلایەن خاوەنکارەکانەوە لە لایەک و پیاوسالاری ناو خیزانی ئەوکرێکارانە لە لایەکی ترەوە بووە بەهۆی سزادانی ئەو ژنانە بە وازهینان لە کارکردن و رێگا گرتن لە چونەدەرەوە و چوونە ناو چواردیواری ماڵ و رێگا گرتن بۆ کارکردی هەموو کارو کاردانەوەیەکی کۆمەڵگا لەسەریان.


چەپی ولاتانی رۆژهەلاتی لەناو ئەم گەمەی ره‌گه‌زپه‌رستییه‌دا.


بەشیکی زۆری چەپ ( هەموویان نا) ئەوانەی لە بواری کۆمەڵایەتیدا هیچ رەگ و بنج و بنەوانێکیان نیە و تەنها دەتوانن هەراچی و هات و هاوارکەری ناو رۆژنامەو و راگه‌یاندنه‌ بەرتەسک و لاوازه‌کان بن . وەک پیشەی هەمیشەیان شوێن هەربزووتنەوە و کارێک دەکەون کە قسە بە ئیسلام بڵێ، بەبێ لێکدانەوەی کرۆکی ئەو کارە و زیانەکانی. دیارە لە زۆر شتی تریش دا هەروا هەڵە تێگەیشتوون بە نموونە ئەو چەپە ماوەی چەندین سالە سیکولاریزم و کۆمەلگای مەدەنی بۆرجوازی بە نرخی ئازادی و یەکسانی سۆسیالیستی دەفرۆشێتەوە و گۆڤار و (تیڤی)یه‌کەی بەوە ناوناوە.


ئەو چەپە شەڕی نێوان کەمالیسمی شوفێنیسمی تورک و ئیسلامیەکانیان لێ بووە بە بەرهەڵستکاری مەدەنیانەو پێیان وایە ئەوەی لە کێشمە کێشی تورکیا کۆمەلێک ژن بۆ به‌رگریکردن لە کەمالیزم (ئەو شۆفێنیزمەی ناویان ناوە کۆمەلگای مەدەنی تورکیا) لە بەرامبەر ئیسلامیەکان سەرپۆش و دەدڕێنن و دەیخەنە ژێر پێ ، بەشیکە لە خەباتی ژنان لە بەرامبەر بە فەرهەنگی ئیسلامی.


راستیەکەی بە هۆی ناوچه‌ییبوونی دوورایی تێڕامانیەوە ئەو چەپە هەموو کێشەی ژنان بەرتەسک دەکاتەوە بۆ مەسەلەی سه‌رپۆش پێیوایە ئەگەر ئەو چەند ملیۆن ژنەی دنیا سه‌رپۆشه‌کانیان فرێ بدەن ئەوە کیشەی ژنان کۆتایی دێ. بڕواهێنانی ژنان بە لابردنی سه‌رپۆش تەنها هەنگاوێکە .


ئەمساڵ لە هه‌شتی مارس و لە جەرگەی ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکانی ژنان لەووڵاتانی ڕۆژئاوا ، لە کاتێکدا ڕابەرانی بزووتنەوەکانی ژنان سەرگەرمی قسەو باس بوون لە سەر ئەو کێشانەی بەرۆکی بە ژنانی ئەم وولاتانە گرتووە و خەریکی رێکخستنی هیزی ژنان و خیزانەکانیان بوون بۆ ئامادکردنیان بۆ خەباتێکی هەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی دژی حکومەتەکان و لە پێناو سەپاندنی خواستی بیمە کۆمەلایەتیی و تەندروستییه‌کان ، کە کەمکردنەوەی هەموو رۆژەی ئەو بیمانە بەرۆکی بە خیزانەکان و بەتایبەت بە ژنان گرتووە. ئا لەم کاتەدا کۆمەڵێک کەسی چەپی ووڵاتانی رۆژهەڵاتی کە ئەوانیش رۆژانە بەهۆی کەمکردنەوەی بیمە کۆمەڵایەتییه‌کان لەو ووڵاتانەی لێی دەژێن دەرگیرن. لە جیاتی هاوبەشبوون لە گەل سەرجەم بزووتنەوەی ژنان ، سوود لە ئاپۆڕه‌ی خۆپیشاندانی گەورەی ژنان وه‌رده‌گرن، لەوێ سه‌رپۆشیان سوتاند و لە گەڵ سوتاندنی سه‌رپۆشدا خۆیانکرد بە سوتەمەنی ره‌گه‌زپه‌رستیی دژە کرێکاری په‌نابەریی رۆژئاوا.


ئەگەر لە و ووڵاتانەی ئیسلام دینی فه‌رمییه‌، حکومەتەکەیان ئیسلامییه‌، حیزب و دەستەڵاتی ئیسلامیی بەهەرەشە یان بە بەخشینەوەی پارە ژنان ناچار دەکەن سه‌رپۆش و جل و بەرگی ئیسلامیی بپۆشن، ئەوا لە ناو پەنابەرانی رۆژئاوا مەسەلەی سه‌رپۆش پۆشین سەرچاوەی سەرەکی هۆکارەکەی پاڵه‌په‌ستۆی فره‌فه‌رهه‌نگیی و شوناسە. دیارە لە پاڵ ئەم فاکتە بەهێزەدا، فاکتی پاڵپه‌ستۆی کۆمەلگا، پیاوسالاری ناو خیزانەکان، هەروەها پاڵه‌په‌ستۆی رێکخراوە ناسیونالیست و دینییه‌کان رۆڵی خۆیان ده‌گێڕن.


ئەگەر لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیی ، یاسای دژە ژنانەی ئەو ووڵاتە فرێدان و سوتاندنی سه‌رپۆشی ئیسلامیی بکاتە هێمایه‌ک بۆ خەباتی ژنان، ئەوە بە دلنیایەوە لە رۆژئاوا مەسەلەی سه‌رپۆش بەو جۆرە نییه‌، هەولدان بۆ ئازادکردنی ژنان پەیوەستکردنی ژنانی پەنابەرە لەگەڵ خەباتی ژنانی ئە ووڵاتەی لێی دەژین.


ئەگەر بریارە هێزیک به‌رگریکه‌ر لە ئازادی مرۆڤ بکات، بەر لە هەر شتێک دەبێ دژی هەوڵی ئەو ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ بێ کە دەیەوێ سه‌رپۆش بکات بە بیانوویەک بۆ دژایەتیکردنی کرێکارانی پەنابەر. ڕیگا بگرێ لەوەی بیرو بۆچونی ره‌گه‌زپه‌رستیی بەوەی( کاری خۆمان بۆ کرێکاری خۆمان) پەرە بسێنێ. چونکە ئەگەر ئەو ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ گەشە بکا ئەوە سبەینێ لە روانگەی ئەوانەوە ئەوانەشی سه‌رپۆشه‌کەیان سوتاند هەر موسوڵمانن و دەکەونە بەر شەق و دەرکردن. لە روانگه‌ی ووڵاتانی رۆژئاوا ئەو پەنابەرانەی لە وولاتانی ئیسلامنشینەوە هاتوون بە سه‌رپۆش پۆش و بێ سه‌رپۆش هەردووکیان وەک یەک سەیر دەکرێن.


ئەو کارە ئاژاوه‌گێڕییه‌ی چەپ هیچ خزمەتێک بە کەمکردنەوەی کێشەکانی ژنان ناکا، بەردێک ناخاتە سەر بەرد لە ڕاستای خەباتی ژنان بۆ یەکسانیی هەمەلایەنەی ژن و پیاو ، چەپ لە کوردستان زۆربەی زۆری ووزه‌ و تواناکانی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوە لەم جۆرە کارانە بە خەرجدا و قوربانی دا ، بەلام هیچ دەرئەنجامێکی نەبوو بۆ راوەستاندنی رووباری خوێنی کوشتنی ژنان بە بیانووی ئابڕوو، کیشەی ژنان کێشەیەکی هاوبەشی سەرجەم کۆمەلگای مرۆڤایەتییە و پەیوەندیی بە چییه‌تیی پیاوسالارانەی کۆمەلگاوە هەیە. ئەگەر هەموو سەرپۆشەکانی دنیاش فرێبدرێن و بسوتێنرێن، پیاوسالاریی لە کۆمەلگا کۆتایی پێنایێ، کێشەی ژنان لە جێی خۆی دەمێنێته‌وه‌.



9\3\2010