په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٣\٢٠١٦

سیاسەت بەزمانێکی سادە، دەربارەی پرسی دابەشکردنی سوریا!


عەبدوڵا ساڵح    


دوای ئاگر بەستە کەی سوریا کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕاگەیەنرا ، ھێزە ئەکتیڤەکانی مەیدانی شەڕ ، حکومەتی سوریا ، یەپەگە و یەپەژە وەک باڵی سەرەکی ئۆپۆزسێونی سوریای دیموکرات و ھێزە نەیارەکانی دیکەی دەوڵەتی سوریا ، جگە لە داعش و بەرەی نوسرە کە لەدەرەوەی بازنەی ئاگر بەستەکەن، پابەندی خۆیان بە ئاگر بەستەکە ڕاگەیاند ، تورکیا ئەگەرچی سەرزارەکی پێیەوە پابەند بوو بەڵام بەدزی و بەئاشکرا ئاگربەستەکەی بەبەردەوامی پێشێلکرد و تا ئێستاش بەشێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە.


گەورە بەرپرسانی ڕوسیا و ئەمریکا وەک دوو ھێزی چارەنووس ساز کە کلیلی چارەسەری کێشەی چەندین سآڵەی سوریایان بەدەستە ، ھاتنە سەر ھێڵی قسەکردن لە ئاگر بەستەکەو ئەم بارو دۆخەی دوای ئەوە دێتە ئاراوە ، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ھوشیاری دا کە ئەگەر ئەنجامی ئەو ئاگربەستە بە ئاقاری ڕێکەوتن دا نەڕوا نەخشە ڕێگای (B) دێتە ئاراوە کە بریتیە لە دابەشبوونی سوریا، ھاوکات جیگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو زەنگی پێکھاتنی سوریای فیدڕاڵی لێدا!


لە ژوورە داخراوەکانی سیاسەتی نێو دەوڵەتیدا دەبێ وا لێکبدرێتەوە کە ئەم ماستە بێموونیە ! ئەمڕۆ بێشک کلیلی چارەسەری قەیرانی سوریا بێ سێ و دوو کەوتۆتە دەست ئەم دوو زلھێزە ، لێدوانەکانی گەورە بەرپرسانی ئەوان دەبێ بە ھەند وەربگیرێ ! وەک ئەوەی نیاز بێ لە بری سایکس بیکۆ ( جۆن سێرغی )یەکی دیکە لە ئارادا بێت!
شک لەوەدا نیە کە سوریای ٢٠١٦ ناتوانێ سوریای ٢٠١١ بێت ، لە بەردەوامی ئاگر بەستەکەی ئێستا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی دەست ڕۆیشتوو لە سوریادا دەبێ کارتی ئەم نەخشە ڕێگایەی دووزل ھێزەکە باسی دەکەن بکەوێتە سەر مێزی گفتوگۆ.


شۆفێنزمی عەرەب و تورک ھەراسانیان پێکەوتوە لە پیادەکردنی ئەم نەخشە ڕێگایە ، بۆیە ھەموو ھەوڵ و تواناکانیان وەگەڕ دەخەن بۆ پوچەڵکردنەوەی.


قسە لێرەدا ئەوەیە ئایا بەرەی پێشکەوتو و ئازادی خواز بە تایبەت ئەوانەی داستانی کۆبانی و پێکھێنانی کانتۆنەکانی (کۆبانی - جزیرە - عەفرین ) ، و نەخشی ژنان تیایدا وەک نمونەیەکی بەرچاو و ئاشکرا لەخەباتی جەماوەری یەکسان کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کەم وێنەیە ، پیادەکردنی یاساو ڕێسایەکی مۆدێرن کە دەوڵەت و دینان لێک جیا کردەوە و چەندین دەسکەوتی تر ، دەتوانن بەردەوامی بەو سەرکەوتنانە بدەن و توانای ئەوەیان ھەیە لە خەباتی سیاسیاندا ھەمان سەرکەوتن بەدەست بێنن وبە ھەڵوێستێکی پەیگیر بەرەو پیری ئەم نەخشە ڕێگایە بڕون بە قازانجی خەڵکی بەشمەینەتی ئەو دەڤەرە و ئۆلگۆیەک بێننە کایەوە کە لە کوردستان بەتایبەتی و لە ناوچەکەدا بەگشتی دەرسی لێوەبگیرێ ؟ پرسیارێکە لە ئایندەی نزیکدا دەکرێ بەدوای وەڵامەکەیەوە بین.

 

٢\٣\٢٠١٦

a_salih11@hotmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک