په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٤\٢٠١٧

سیاسەتی نوێی ئەمەریکا لە رێگای سوریاوە.


نوری بەشیر      

ترامپ و فرمێسکی درۆزنانە بۆ کۆمەڵکوژیی منداڵانی خان شەیخون.


کوشتاری بەکۆمەڵی ژنان و منداڵان و خەڵکی مەدەنی شارۆچکەی خان شەیخونی سەر بە پارێزگای ئیدلیب بەهۆی بۆردومانی کیمیاییەوە لە ڕۆژی ٤ی نیسانی ٢٠١٧ دا، کە ١٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٥٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون. ئەم کارەساتە مرۆییە فرسەتی دایە ئەمەریکا بۆ دەورەیەکی تازە جارێکی تر لەکێشمەکێش لەسەر سوریادا دەوری هەبێ و لێرەوە سیاسەتی تازەی ترامپ لەئاستی دنیادا راگەیەنێت. لە کاتێکدا ئەمە چەندەمین جارە لەسوریا کۆمەڵکوژیی دەکرێت و چەکی کیمیایی بەکاردێت وە تراژیدی کۆمەڵکوژیی منداڵ دەکرێت، ئەوەبوو لە ئابی ٢٠١٣ چەکی کیمیایی لە ناوچەی غوتە لەدەوری دیمەشق بەکارهات و نزیکەی ١٠٠٠ کەسی کوشت، لە سێبتەمبەری ٢٠١٦ دا بەپێی راپۆرتی چاودێری مافی مرۆڤی سوری بەرئەنجامی بۆمبارانی ئاسمانی بە خستە خوارەوەی بەرمیلی گازی کلۆری ژەهراوی لەبەری رۆژهەڵاتی حەڵەب ٧٠ کەس خنکان، هەر لە ٢٠١٦ لەژێر ناوی ئازادی حەڵەبدا، کۆمەڵکوژیی خەڵک کراو ماڵ و نەخۆشخانەکان بەسەر خەڵکی مەدەنیدا کاولکرا.


لەسەر هەموو ئەوانە نە ئەمەریکاو نەهاوپەیمانانی ئەوەی ئەمجارە دەیکەن نەیانکرد. ئەمجارە بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتانی بۆرژوازی و سەرمایەداریەوە لەدنیادا، بەتایبەت لەسەر سوریا، بۆرژوزای و میدیاکانی گوێ لەمستی سەرمایەداری پێویستیان بەم کەیسە بوو، نەیانتوانی وەک ئەوەی لەشەنگال و موسڵ دەگوزەرێ بەدەست داعش و هێزەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانیەوە بیشارنەوە، ئەوەنەبێ ناو بەناو هەواڵیک دزەی دەکرد، بەناچار ئەمجارە رایان گەیاند و ئەو مرۆڤکوژییەی سوریایان نەشاردەوەو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیان جارێکی تر بەدەست جەنگی مرۆڤکوژییانەوە توشی شۆک کردەوە.


بەدوایدا ڕۆژی ٧ی نیسان واتە سێ رۆژ داوتر، ئەمەریکا لە دەریای ناوەڕاستەوە ٥٩ موشەکی تۆماهۆکی دا بە فڕۆکەخانەی شەعیرات لە پارێزگای حومسی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، کە ئەمەریکا دەڵی ئەو هێرشە کیمیاییە بۆ ناوچەی خان شەیخون لەوێوە ئەنجامدراوە، ئەمەی بە تۆڵەی کۆمەڵکوژیی ئەو منداڵە نازدارانە!! ناوبرد. ئەگەرچی روسیاو ئەسەد ئینکاری ئەمە دەکەن و هەندێ لایەنی هاوپەیمانی ئەمەریکا بە حەزەرەوە دەڕواننە ئەم مرۆڤکوژییەو دەڵین دەبێ بەشوێندا چوونی بۆ بکرێت و هەندێ لایەنی تر دەستی تاوان بۆ تورکیا و لایەنە ئیسلامیەکانی سوریا رادەکێشن. بەڵام بەدوور لەهەموو ئەو بۆچوونانە، دوو مەسەلە گرنگە؛ یەکەم هەر لایەنێک ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەنجام دابێت هیچ لەماهیەتی مەسەلەکە و ئەو هێزانە و کارنامەیان ناگۆڕێت، دووەم هەر لایەنێک بوبێت، بەهانەیەک بوو بۆ ترامپ و دەسەڵاتەکەی لەئەمەریکا کەسیاسەتی جەنگخوازانەی خۆی و فەزای جەنگی لەجیهاندا بهێنێتە پێشەوە بەشێوەیەکی ترسناک، ئەمەش سیاسەتێکی تایبەتی ئەمەریکای لەئێستادا لەپشتەوەیە.


بەڵام کەم نین ئەو کۆمەڵکوژییانەی لەسوریا، عێراق و بەتایبەت موسڵ و شەنگال، یەمەن و لیبیا، نایجیریا و سۆماڵ، بەبەرچاو و لەژێر سایەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەوە لەلایەک و روسیاو هاوپەیمانانیەوە لەم چەند ساڵەی رابردوودا روویان داوەو تا ئێستاش رۆژانە روو دەدەن، هەر مانگی پێشوو بوو دنیا شاهیدی بۆمب بارانی ئاسمانی هێزەکانی ئەمەریکاو هاپەیمانانی بوون کە چ کۆمەڵکوژییان لەموسڵ ئەنجامدا. هەر لە ساڵی پاردا بوو کوشتارگایەک لەحەڵەب لەلایەن روسیاو هێزەکانی بەشار ئەسەدو جمهوری ئیسلامی ئێران وحزبوڵاو تورکیاوە لەژێر ناوی ئازادکردنی حەڵەب لەدەست ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی، بەڕێخرا، هەروەک ئەوەی ئێستا لەموسڵ لەژێر سایەی ئەمەریکاو هاپەیمانە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی لەژێر ناوی ئازادی موسڵ لەدەستی داعش دەگوزەرێت، بەڵام ترامپ و حکومەتە تازەکەی بۆ هەموو ئەو تراژیدیە مرۆییە نە دەنگیان لێهات و نە فرمێسکیان رشت.


بەڵام خێرە ئەمجارە ترامپ وەک سەرۆکی دەورەیەکی ئەزمەگرتووی ئەمەریکا، ئەم کۆمەڵکوژییەی ٤ نیسانی سوریا، توشی هیستریای کردوە، ئیحساساتی جوڵاندوە! و دەستوبرد لەژیر ناوی تۆڵە لەدەسەڵاتی بەشار ئەسەدا، موشەک بارانی دەست پێکرد و دەیەوێ فەزای جەنگ و ترس بەسەر جیهاندا بسەپێنێی ، ئەمە بووەتە بابەتی گەرمی جیهان و ترسی لەدڵی سەدان ملیۆن مرۆڤدا دروستکردوە، وە کۆبوونەوە جیهانیەکانی هێناوەتە سەر ئەم مەسەلەیە بەئاکاری سیاسەتی ئەمەریکادا، ئەوە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکانی ئەم رۆژانە و لە کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی پیشەسازی جیهان G7 لەئیتالیا بە بەشداری ژماریەک لەوڵاتەکانی تری ناوچەکە لە سعودیە و تورکیا و ئەردەن و قەتەرو ئیمارات و هاوکات هەر دوێنێ ڕیكس تیله‌رسن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا پاش گفتۆگۆی تەلەفونی چەن رۆژی پێشوو لەگەڵ سەرانی روسیا، بەپەلە گه‌یشته‌ مۆسكۆی‌ پایته‌ختی‌ ڕوسیاو له‌گه‌ڵ سێرگی‌ لاڤرۆڤی وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ڕوسیا لەسەر دۆخی‌ سوریا قسەوباس دەكه‌ن.


ئەمەریکاو رەقیبە جیهانیەکەی روسیا، بەهاوپەیمانەکانیانەوە، خۆیان سەرچاوەی کۆمەڵکوژییەکانی ئەو وڵاتانەن، خۆیان رۆژانە کۆمەڵکوژیی منداڵانی نازدار دەکەن لەرێگای هاوپەیمانەکانیانەوە، جمهوری ئیسلامی ئێرانی هاوپەیمانی روسیا لە زیاتر لە سێ دەیەی رابردوودا چ بەڵایەکی بەسەر منداڵان و ژنان لەئێراندا هێناوە و بەرژێمی دژی ژن و سەد هەزار ئیعدام ناسراوە. عەبادی و مەسعود بەرزانی هاوپەیمانانی ئەمەریکا، بەدوای ئازادکردنی عێراق لەسەدام حسێن چ بەڵایەکیان بەسەر خەڵکی بەگشتی و بەسەر منداڵانی عێراق و کوردستاندا هێناوە، لەبرسیکردن و بەزۆر بەشودان و زەواجی منداڵان و بێ دایک وباوکردنی منداڵان و چەند ژنە و فەزای داسەپاندنی جۆرەها دەستەجاتی ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگادا، کام یاساو رێسای کۆنەپەرستانە هەیە زیندوویان نەکردبێتەوە، هەر لەم هەفتەیەدا بە هەزاران لاشەی تری یەزیدیەکان لە٣٠ قەبری تری بەکۆمەڵدا لەدەوری شەنگال دۆزراوەتەوە، تەنیا قوربانیەکانی مانگی رابردوو هەزاری تێپەڕاندووە. کەم نەبوون ئەو منداڵە نازدارانەی موسڵ کە دوو هەفتە لەمەوبەر کەوتنە بەر رەحمەتی فرۆکە جەنگیەکانی ئەمەریکاو هاپەیمانانی، بەڵام ترامپ یەک فرمێسکی نەک نەڕشت بەڵکە ویستیان لەژێری دەرچن و بەهانەشی بۆ بهێننەوە، ئەوە بوو ئەمنستی ئینتەرناسیوناڵ لەراگەیاندنێکدا ئەمەریکا تاوانبار دەکات بەکوشتنی خەڵکی سڤیڵی موسڵ کە هەوڵی نەداوە رێکاری کونجاو بگرنە بەر بۆ رێگری کردن لەمەرگی هاوڵاتیان لەموسڵدا.


ئەمانە هەمووی نموونەیەکی کەمن لەخەرواری دیاری و دەستەگوڵەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لەجیهاندا. بەڵام ئایا موشکی تاهومایی ئەمجارەی ئەمەریکا لەدژی بەشار ئەسەدە لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژییەک کەئەنجامیان داوە؟، ئایا ئەم موشکەکانە لە تۆڵەی منداڵە نازدارەکانی قوربانی چەکی کیمیایی خان شەیخونە؟، یان بەهانەو هەوڵێکی تازەی ئەمەریکایە لەدەورەی ئەزمەو شکستیدا و بۆ هەڵسانەوەی جێگاو رێگای خۆی وەک زلهێزی جیهانی لە بۆشاییەک کە سەرمایەداری لە پەرتەوازەیی وکێشە بەسەری دەبات. هاوکات هەڕەشەو هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ بەرێخستنی فەزای جەنگی لەبەرامبەر کوریای باکوردا دەستی پێکردووە، بۆ خۆسەپاندن وەک هێزی سەربازی گەورەو کۆکردنەوەی غەرب لەدەوری سیاسەتەکانی و وەستانەوە لەبەرامبەر بە روسیادا.


ئایا ئێستا ئەمەریکا بەشوێن چیەوەیە لەسوریا؟


بەجیا لەئەزمەیەکی ئابووری کەسەراپای سەرمایەداری جیهانی داگرتووەو ئەمەریکای زلهێزی جیهانیش بەدەر نیە لەوە، خودی دیاردەی هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ رەنگدانەوەی ئەو هەلومەرجەیە و بۆ وەڵام بەو هەلومەرجە هاتووە، بەڵام شکست و پاشەکشە یەک لەدوای یەکەکانی دوو دەیەی رابردووی ئەمەریکا لەعێراق، لیبیا و دوایی لەسوریادا، وە جێگاگرتنی روسیا لەسوریا و دروستکردنی هاوپەیمانیەک لەگەڵ تورکیا و ئێران و هێنانە ناوەوەی حزبوڵای لوبنان و نزیکایەتی لەتورکیا، درێژەدانی دەسەڵاتی ئەسەد لەو زەرورەتەوە سەرچاوەی گرت، هەروەها گرتنەوەی حەڵەب مۆری خۆی نا بە نێوچەوانی ئەمەریکاوە، کە سوریاو رێگاچارەی قەیرانی لەدەست ئەمەریکا دەرچووە. لەبەرئەوە ئەمەریکا هەر هەنگاوێکی بەبێ روسیا ناتوانێت لەسوریا بڕواتە پێشەوە، کۆبوونەوەکانی ئەستانەو ئەزموونی چەند ساڵی رابردووی هەوڵەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانە غەربیەکانی و کۆبوونەوەی جنێفی پێنجی مانگی رابردوو نیشانەی ئەو راستیەن. ئەو واقیعیەتەی ئێستای جێگاو رێگای ئەمەریکا، بەناچار ویستی لە عێراقەوە هەستێتەوەو دەست پێبکاتەوە و پشت راست بکاتەوە، ئەویش بەرێکخستنی هاوپەیمانیەک بۆ دەرکردنی داعش لەموسڵ، بەڵام کێشەکانی عێراقی دوای دەرکردنی داعش کەمتر نابێت لەئێستا کەیەخەی ئەمەریکا دەگرێت، کە موسڵی دوای داعش و کێشەکان لەعێراقداو دەستەجاتی تری لەنەوعی وەحشیگەری داعش کەم نابن.


هەر بۆیە هەوڵە چەند لایەنەکانی ئەمەریکا بۆ دەرچوون لەو شکستانەی پێشووی، لەلایەک هاوپەیمانی ناوخۆ و جیهانی بۆ پرۆسەی ئازادی موسڵ لە داعش، لەلایەکی ترەوە لەرێگای هاوکاری هێزە کوردیەکانی سوریاوە بۆ نفوز پەیدا کردن لەسوریا و ئێستاش لەرێگای سازدانی هێزێکی تازەوە لە لەسنوری ئەردەنەوە بەهاوبەشی و لەگەڵ حکومەتی ئەردەن ئامادەی کردووە بۆ هێرش بۆسەر داعش لەخوارەوە و هەروەها هەڕەشەی هێرشی تر بۆ سەر ناوچە سەربازیەکانی ئەسەد ئەگەر پێویست بکات. بەمانە ئەمەریکا دەیەوێت وەک زلهێزی ئەسڵی و چاوترسێنی جیهان دەرکەوێتەوە. هەموو ئەوانە شتێکی زیاتر نیە لە سیاسەتی تازەی ئەمەریکا بۆ هەستانەوەی پێگەی شکستخواردووی خۆی و راگرتنی تەوازنێک لەگەڵ روسیا. بەهانەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، فشار خستە سەر روسیایە لەلایەک بۆ وازهێنان و لەسەر پێداگری هەلومەرجی سوریا و مانەوەی ئەسەد، هەروەها لەهەوڵی درێژە دان بەپرۆسەی شەڕ وەستانی نێوان سوپای ئەسەدو ئۆپۆزسیۆن، وە بۆ خۆئامادەکردنی بۆ درێژەی کۆبونەوەکانی جنێف بەتایبەتی کەجنێفی ٥ بێدەسکەوت لەکۆتایی مانگی پێشوودا هاتە دەرەوە، بۆ ئەوەی لەکۆبوونەوەکانی ئایندەی جنێفدا هەموو لایەک بەتایبەت ئەسەد ملبدات بەچوار خاڵەی لەرێگای ستیڤان دیمستوراوە تەرحیان کرد کە بیبەنە پێشەوە ئەویش مەسەلەی؛ دەسەڵات، دەستور، هەڵبژاردن و تیرۆر، کە ئەمەریکا بۆی روونە کە تا داعش مابێت و هێزگەلی ئیسلامی جۆراوجۆرو دەخالەتی وڵاتانی ناوچە بەبەرژەوەندی جیاوازەوە و بەتایبەت دەخالەتی تورکیا، هەبێت بۆ دەورەی گوستنەوەی دەسەڵات ناتوانن حساب لەسەر بەشار ئەسەد نەکەن، بەپێچەوانەوە هێزی دڕندەی وەک دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان بۆ ئەم دەورەیە لەبەرامبەر هەلومەرجی سوریا دا پێویستەو بۆ ئەم پرۆسەیەش ناتوانن حساب لەسەر روسیا نەکەن، هەروەک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، زيگمار گابرييل، لەکۆبوونەوەی G7 دووپاتی کردۆتەوە چارەسەری ئەزمەی سوریا بەبێ بەشداری روسیا ئەستەمە.


موشەکەکانی ئەمەریکا بۆ سوریا و ئامادەکردنی هێزو چەکی گەورە لەبەرامبەر کۆریای باکورداو ئەگەری موشەکی تریش هەیە بەسەر سوریادا، دروستکردنی فەزای جەنگیە لەجیهاندا هەروەک ئەوەی بوش ئەنجامی داو چ کارەساتی لەدنیادا بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمانە هەمووی قابیلی روودانە لەژێر هەژموونی سیاسەتی ئەمەریکا کەدەیەوێ غەربیش لەدەوری خۆی یەک دەست بکات، بەتایبەت لەبەرامبەر روسیا و هەڵخراندنی فەزا لەدژی کوریا.


لەکاتێکدا هەموو ئەم هاتوو هاوارانەی ئەمەریکاو هاوپەیمانە غەربیەکانی دەکرێت بەدژی ئەسەد، بەڵام تەکیدی ئەمەریکا لەسەر لەناوبردنی تیرۆرو دژی تیرۆر و دژ بە داعشە، کەخاڵی هاوبەشی هەموویانە بە روسیا و بەشار ئەسەدیشە. قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕیكس تیله‌رسن لەسەر ئەزموونی شکستخواردوی ئەمەریکا لەلیبیا خاڵێکی ترسناکە بۆیان کە تا داعش لەناو نەبەن، مەسەلەی بەشار ئەسەد کێشە نیە بۆ ئەوان، ئەمە بەڕۆشنی لە قسەکانی نیكی هالی نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دەردەکەوێت و رایگه‌یاند؛ ئەولەویەتمان رۆیشتنی ئه‌سه‌د نییه‌، جارێ ده‌مانه‌وێت به‌سه‌ر داعشدا سه‌ربكه‌وین. هەموو فشارەکان بۆ لێک نزیکردنەوەی لایەنەکانی سوریایە بۆ ئەو چوار خاڵەی لەجنێفی ٥ دا تەرحیان کرد و نەچووە پێشەوە، بۆیە هەموو هەوڵەکانی ئەمەریکا و غەربن دووپاتکردنەوەیە لەسەر چاره‌سه‌ری سیاسی‌و گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتە بەزوویی.


هەولومەرجی جیهانی بەجۆریک ئاڵۆزو پڕ لەگۆڕانکاریە، کەبێ ئاسۆیی و بێ ئەلتەرناتیفی دەوڵەتە سەرمایەدارە زلهێزەکانی جیهانیشی توشی قەیرانی گەورە کردوە، دەستەوسان ماون و رۆژانە سیاسەتیان ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت، بۆیە بەناچار ئەمەریکاو روسیاو هاوپەیمانەکانیان لەدنیادا لەژێر فشاردان، بەناچار دەبێ خاڵی هاوبەش پەیدا بکەن ئەویش تیرۆرو دژی تیرۆر و دژی داعشە، کە لەرۆژهەلاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لەسوریا ئێستا کۆیان دەکاتەوە، خاڵی هاوبەشی ئەمەریکا، روسیاو بەشار ئەسەدیشە.


هەر بۆیە تا بەسوریا دەگەڕێتەوە، بەجیا لەسەپاندنی فەزای جەنگی لەلایەن ئەمەریکاوە کەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی خان شەیخون کەبەهانەیەک بوو بۆ ئەمەریکا، وە هەنگاوێکە لەراستای هەوڵەکانی بۆ دەرچوونی خۆی لەو ئەزمە ئابووری و سیاسی و سەربازیەی تێیدایە، وە هاوکات فشارێکە بۆ تەوازنی لایەنەکان بۆ درێژەدان بە کۆبونەوەکانی جنێف و هەوڵدان بۆ دەرکێشانی هەلومەرجی ئێستای سوریا و پاکرنەوەی هێزەکانی داعش هەم لەموسڵ و هەم لەسوریا، کەلەئێستا ناتوانن دەوری بەشار ئەسەدو هێزەکەی بۆ دەورەی پاکردنەوەی داعش و راگواستن نادیدە بگرن.


بەڵام هەموو ئەوانە دادی ترامپ و ئەزمەیەک یەخەی ئەمەریکاو سەرمایەداری گرتووە نادەن، هەروەک چۆن دادی بوش و ئۆبامای نەدا، بۆیە جارێکی کە دنیا لەبەرامبەر ئەو بەربەریەتەی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانیدا، لەبەرمبەرا کوشتارو کاولکاری و برسێتی و هەژاریەک کە بۆرژوازی و دەسەڵاتەکانیان دایان سەپاندووە، پێویستی بە هاتنەمەیدانی چینی کرێکار و کۆمۆنیزم و بەرەی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست هەیە، بۆ سوریاو عێراق و کوردستانیش هەر ئەمە تەنیا رێگای گونجاو مرۆییە و دەبێ کاری بۆ بکرێت.


١٢\٤\٢٠١٧
ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک