په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١٢\٢٠١٨

سیاسەت لە سوریا وەک سەما لەسەر پشتی دووپشک!


عەبدوڵا ساڵح    


لەگەڵ یەکێک لە ھاوڕیانم مشتومڕی ئەوەمان بوو ھێزەسیاسیەکانی ناوخۆی سوریا بخەینە چ خانەیەکەوە و چۆن وێنایان بکەین ، ئەو تەعبیرێکی وەک ناونیشانی ئەم بابەتەی بەکار ھێنا!


ھەڕەشەکانی ئەردۆگان لە یەپەگە ، جارێکی کە مەسەلەی پەیوەندی ئەوان وەک پێکھێنەری سەرەکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ( ھسد ) و ئەمریکای خسەوە نێو بابەتە گەرمەکانی سیاسەتی ناوچەکە لە ئەمڕۆدا.


ئەردۆگان پێویستی بە ھیچ بیانویەک نیە بۆ ھەڕەشەو پەلاماردانی نەیارەکانی، بەتایبەت خەڵکی کوردزمانی تورکیا ، تەنانەت ئەوەندە بەسە کە تۆ تورکزمان و ئیسلامی سوننەی باگڕاوندی عوسمانی نەبی بۆ ئەوەی بچیە خانەی نەیارانیەوە ، وەک ئەوەی ئەمڕۆ بازاڕە سیاسیەکەی خۆی پێ گەرم کردوە . ھەڕەشەکانی ئەم دوایانەی ، جیا لە ئامانجە ستراتیجیەکە کە پوچەڵ کردنی خەونی پێکھێنانی دەوڵەتێکی قەومیە لە کوردستانی سوریا ، چەند ئامانجێکی دیکەشی بەدواوەیە ، لەوانەش یەکلایی کردنەوەی کەیسی ئیدلیب کە چەکدارە ئیسلامیەکانی پاشماوەی داعش زوربەیان لەوێ نیشتەجێکراون ولەوێ گیریانخواردوە و ھەمیشە لە ژێر ھەڕەشەی پەلاماری ڕوسیا دان بۆ لەناوبردن ، ئەمیش دەیەوێ بەکاریان بێنێ وەک سەرڕمی ئەو پەلامارە ، بەوەش دوو چۆلەکە بە یەک بەرد بپێکێ ، لەلایەک ناوچەیەکی فراوان بخاتە ژێر دەستیان بۆ ژیان ومانەوە وەک لەعەفرین ئەنجامی دا و لەلایەکی تر پەیوەندی خۆی و ڕوسیا لەسەر ئیدلب تێکنەچێ ، وا دیارە ڕوسیاش بۆ ئەو کارە چرای سەوزی بۆ ھەڵکردوە !. ئامانجێکی تر پوچەڵ کردنەوەی ھەوڵەکانی سعودیە و ئیماراتە کە بەم دوایانە دەنگۆی ئەوە ھەبوو تیمی سەربازیان ناردبێ بۆ حەسەکە تاکو لەڕێی خێڵە عەرەبزمانە سونەکانی ئەو ناوچەیە بگەنە ( ھسد )و جێ پێیەک بۆخۆیان بدۆزنەوە دوای ئەوەی لە پاڵپشتی داعش و ھێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان لە سوریا شکستیانخواردو نا ئومێد بوون و کشانەوە، بەتایبەت دوای کێشەی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ قەتەر . لەلایەکی ترەوە ئەردۆگان ئەم پەلامارە وەک کارتێکی سیاسی بۆ ناوخۆی تورکیا بەکاردێنێ ومەبەستیەتی ھێزە نەتەوەپەرستەکان بەلای خۆیدا ڕا‌کێشی، دوا ئامانجیش پتەو کردنی پێگەی خۆیەتی لە سوریادا بۆ ھەر ئاڵ وگۆڕێکی سیاسی چاوەڕوانکرا و یا نەکراو لەو وڵاتەدا . ئەمانە ھەموو لە کاتێکدایە کە ترامپ بەناچاری ھەندێکی پەتەکە بۆ ئەردۆگان شل کردوە لە مەسەلەی کوشتنی وەحشیانەی قاشوقچی لەلایەن دۆستە نازدارەکەی ترامپ (محەمەدی کوڕی سەلمان) لە کونسڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ،‌ ترامپیش مەبەستیەتی ئەو دۆستەی لەو زەلکاوە دەربکا بەتایبەت کە ئەردۆگان کارتی ئەو گەمەیەی لایە!


ڕاستە ئەمڕۆ ھێزە محەلیەکانی ناو سوریا ناتوانن بەردەوام بن لە چالاکی سیاسی و سەربازیدا بێئەوەی پاڵ نەدەن بە یەکێک لە زلھێزە کاراکان لەسوریادا، ئەوەتا حکومەتی سوریا بەبێ ڕوسیا نەیدەتوانی و ناتوانێ بەردەوام بێت جا چ جای ھێزەکانی تری نێو گۆڕەپانەکە لەوانەش ( ھسد ) کە پاڵیداوە بە ئەمریکاوە، ئەگەر ھێزە سیاسیە نێوخۆیەکانی سوریا ئەوە حاڵیان بێ ،ئەوا ئەو زلھێزانەش کە قاچیان کەوتۆتە نێو ئەم زەلکاوە لەوان باشتر نین ، لەسەرو ھەموشیانەوە ڕوسیا، ئەمجا تورکیا، بەدوای ئەویشەوە ئەمریکا، ھەریەکەیان پەلەقاژەی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکە کە،‌ یەکەم بەرژەوەندیەکانی خۆی تێدا دەستەبەر بکا و دووەم بەرژەوەندیەکەش بە بارتەقای ئەو ھەموو تێچوە مالی وگیانیەبێ کە داویەتی. ‌


حکومەتی بەشار ئەسەد ڕەنگە لەو ھاوکێشەیەدا براوەی یەکەم بێت، چونکە ئەگەر پەلامارەکەی تورکیا ئەنجام بدرێ و سەرکەوێ وەک ئەوەی عەفرین، ئەوا ھێزێکی گەورەی وەک ( ھسد) زەربەیەکی توند دەخوا و لە دانو‌ستاندەکانی دواتر بەکارتێکی لاوازتر دێتە سەر مێزی گفتوگۆ بەرامبەر حکومەتی سوریا ، جیا لەوەش تورکیا ھەر بەشێک لە سوریا داگیر بکات لە دوائەنجامدا وەک وڵاتێکی داگیرکەر، دەبێ سوریا جێبھێڵێ ، بەپێچەوانەی (ھسد) کە مانەوەی و کۆنترۆڵ کردنی ناوچەیەکی فراوانی ژێر دەسەڵاتی خۆی وەک ئەوەی ئێستا، دەوڵەتی سوریا ناچاردەکا بە ڕازیبوون بەو دیفاکتۆیەو لەسەر ئەو بنەمایە بەناچاری مامەڵەیان لەگەڵ دەکا. گفتوگۆی ئەم دوو لایەنە لە ڕابردودا بە نھێنی و بە ئاشکرا بەردەوام بوو.


ڕاستە (ھسد) لە ئێستادا نمونەیەکی جیایان لە دەسەڵات لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیاندا پیادە کردوە لەوانە دانانی دەستورێکی عیلمانی کە تیایدا دین و دەوڵەت لێک جیان ، ڕۆڵی ژنان و یەکاسانیان بە پیاو لەزۆرێک لە مەیدانەکانی ژیاندا بوونی سیستمی ھاوسەرۆکی پشت بەستو بەھەڵبژاردن و ..... بەڵام بەوئەندازەیەی پشت بەستن بە ھێزێکی وەک ئەمریکا جەمسەرێکی ھاوکێشەکەبێ و ھەموو ھێلکەکان بخرێنە ئەو سەبەتەیەوە ، ئەوا جەمسەرەکەی تری بەھەمان ئەندازە دوورکەوتنەوەیە لە ویست و خواستی جەماوەری ھەژارو دەستەنگی ناوچەکە کە باجێکی زۆریانداوەو سوتەمەنی سەرەکی ئەم بارودۆخە بوون.


ئەگەر پاساوەکەی (ھسد)سەماش بێت لەسەر پشتی دوپشک، ئەوا لەدوا شیکردنەوەدا دواڕۆژی ئەم ھێزە لەوانەی کە لەڕێڕەوی مێژووی نەچەندان دووردا ھەمان سیاسەتیان پیادەکرد، بە نزیکبونەوەیان لە ئەمریکا، باشتر نابێ، تەنانەت ئەگەر جۆرێک لەدەسەڵات و حاکمیەتیشیان بکەوێتە دەست، ئەم نمونانە لە مێژوودا کەم نین، بارو دۆخی حوکمڕانی لە کوردستانی عێڕاق وەک نزیکترینیان.


١٥\١٢\٢٠١٨
a_salih11@hotmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک