په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٦\٢٠١٢

سیاسەت و پلانی نێودەوڵەتیی ئەمساڵ، کورد بەرەو کوێ دەبا؟

سۆما یەزدانپەنا      

 

سیاسەتی ساڵی تازە کە خەریکین ٦ مانگی یەکەمی تێدەپەڕێنین پێوەندە بە ھێندێک بابەتی ھەستیارەوە کە ھەوڵ ئەدەم بە کورتی باسیان بکەم.


جەمسەری دیکتاتۆرە زەبەلاحەکان و ھەژمونییان لە دنیای تازەدا بووەتە کێشەیەکی گەورە و لە جاران زیاتر پەلەقاژەی مانەویان دەکەن ئەمەش مەترسییەکی گەورەی بۆ گیانی ئازادییە گەردوونییەکانی مرۆڤ ھەیە.


چین و رووسیا وەک دوو جەمسەری زەبەلاح کە بە تازەیی خەریکن ھێند - ی پڕ لە ھەژاریشی تێوە دەگلێنن، بوونەتە مایەی خاوبوونەوەی ھەڵوێستی ناوەندە جیھانییەکان.


روسەکان ساڵانێکە باس لە قوربانیکردن ھەموو وڵاتان لەسەر بەرژەوەندییەکانیان دەکەن و بە سیاسەتێکی دوو لایەنەوە (دۆستین بەڵام خۆمان دەتکورۆژین!) درێژە بە ژیانی سیاسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیان لەسەر ئەم ھەسارەیە دەدەن.


یەکێک لە ئاواتەکانی "پێتر"ی مەزن پاشای بە ناوبانگیان کە دەتوانین بڵێین مامۆستای دەسەڵاتدارانی کۆن و تازەی ئیمپراتووریای رووس بووە لە باری دیپلۆماسییەوە، ئەوە بووە کە ئێران داگیر بکات و بگەن بە ئاوە گەرمەکان.


ئاوە گەرمەکان تەنیا کانگای ژیان نەبوون بەڵکو رێگای گرتنەدەستی دەسەڵاتی ئابووریی دنیا بوو، کە رووسەکان چەندین سەدەیە ھەوڵی داگیرکردنی دەدەن و لەم بوارەشدا خاوەنی ئەزموونێکی زۆرن و نایانەوێ ئێران و دۆستایەتیکردنی لە کیس بدەن.


چین - یش وەک لایەنێکی تازەی خاوەن پارە و بەرھەم بە دوای تێرکردنی ھەژدیھاسوورەکەیدا وێڵە و لەبەردەمیدا مەیدانێکی ئاوەڵا ھەیە کە جاروبار پێشی پیدەگرن. لەم نێوەدا بۆ رازیکردنی ئەم دوو لایەنە جاروبارە مانۆری سیاسی و تەھدیدی سیاسیش بەڕێوە دەبێت.


لە لایەکی دیکەوە ئیسلامی سیاسی بە ھەوڵەکانی خۆی و بە ئاراستەجیاوازەکانی خۆی شادەماری ئابووریی جیھان دەلەرزێنێ.


بوونی ٦٣% نەوتی خاوی دنیا لە رۆژھەڵاتی ناوینی ئیسلامیدا ئەوە بە جیھان دەڵێت کە نابێ ئەم ھەیکەلە سێ سەرە (ئێران و شیعەکان - ئیخوانییە تازە و کۆنەکان بە سەرکردایەتی تورکەکان - ئەلقاعیدە و توندئاژۆکان) زۆر تووشی کێشە و ئاڵۆزی بکەن و دەبێ بۆ دابینبوونی بەرژەوەندییەکانیان رێگەی ئاشتی و دانووستان بگرنەبەر.


یەکێتی ئوروپاش بە خۆی و کێشەکانی ناوچەی یۆرۆیەوە دەیەوێ ھەناسە مێژووییەکانی خۆی کە بریتییە لە مەیدانداریکردن و بەربەرەکانێی ئامریکا، بەرینتر بکات و گەشەی پێویستی خۆی پەرە پێبدات.


ئێرانیش بە خەونە مەترسیدارەکانیەوە بە تەنیایی خەریکە ھاوسەنگیی جیھانی تێک ئەدات.


لە راستیدا کێشەی ئێران بۆ ئورووپایی و بە تایبەت جولەکەکان وەک کێشەی ئاڵمانی نازی وایە، ئەوان نایانەوێ بە ھیچ شێوەیەک رووس و چین بە دەوریەوە بن و ئێرانیش بەم بابەتەی زانیوە کە ئەگەر بتوانێ رەزامەندیی رووس بەدەست بێنێ دەتوانێ بۆ ساڵانێکیتر درێژە بە ژیانی دەسەڵاتەکەی خۆی بدات. ھیتلەر بە ھۆی ئەوەوە تەنیا بوو شکستی ھێنا و لە چەند بەرەی شەڕدا نەیتوانی بەربەرەکانێ بکات. دیارە کێشەی ئێران جیاوازترە و ئێران بە شێوازێکیتر دەیەویً بەسەر گەمارۆکاندا باز بدات و بەردەوام لە جیھانی برسیی ئەمڕۆدا ئاڵتێرناتیڤ دروست بکات.

خاڵێک دەبێ بە تەوەری ھێرشی ئەمساڵ و پەلاماردان : ئێرانی ئەمساڵ ئەو خاڵەیە.


لە جیھانی ٢٠١٢ دا تەوەرێک ھەیە کە ھەموو لایەک لەسەری گرەو دەکەن و ئەمەش بۆ تەنیا یەک لایەن مایەی دڵخۆشییە.


ئێران ئەو تەوەرەیە کە تەنانەت لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئامریکاشدا گرەویان لەسەر بەستووە و ئەو لایەنەی زیاتر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە ئێران وەربگرێت لایەنی براوەیە.


بوونی ئاژاوە وەک رەگەزێک بۆ شەرعییەتی مانەوەی ھێزەکان لە خۆرھەڵاتی ناویندا و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان و ھاتوچۆیان بۆ ھەموو شوێنێک لەم ناوچەیەدا وەک بەشێک لە ئیمپراتوورییەتی رێگەپێدراوی خۆیان بۆ دەستێوەردان و سیاسەتگوزاری لە ئاستێکی بەربەریندا وا دەکات بە زوویی نەتوانن ئاراستەی سیاسەتەکانیان بگۆڕن. یانی زلھێزەکان پێشبینیی ئەم دۆخە ناسکەی ئێستایان نەدەکرد کە بەو شێوەیە تووشی راچەنینی جیھانی نووستووی رۆژھەڵاتی ناوین ببنەوە.

ئامریکا و ھەڵبژاردنی بژاردەی نوێی سەرکۆماری.


ئامریکاییەکان نایانەوێ جارێ و لەم قۆناغە ھەستیارەدا بەرەڕوی کێشەی ناوخۆیی ببنەوە. بە تایبەت حیزبەکانی کۆماری و دێمۆکرات لەبەردەم تاقیکارییەکی دیکەدان و دەیانەوێ سەرۆکی تازە دیاری بکەن و لەم کاتەدا و بە تایبەتیش کە دەوری دووھەمی سەرۆکایەتیی ئۆباما و دێمۆکراتەکانە، نایانەوێ لەسەر بابەتێکی وەک ئێران بدۆڕێن. چونکا دەتوانن بە بێ منەتی و لە دەوری دووھەمدا گورزی خۆیان لە ئێران بوەشێنن و بۆ ئەم بابەتە، خەڵکی ئامریکا و حیزبەکانیشی لەبەردەم دووڕییان و قەیرانێکی دیکەدان.


ئەگەر ئێران ببێتەوە بە ئامانجی لێدانی ئامریکا، ئەوا ئەمجارە بێگومان لە نەبوونی ھاوپەیمانی خاوەن وزەی وەک فەرانسە و وڵاتانی یۆرۆدا کە تووشی کێشەی ئابووری ھاتوون، چۆن دەتوانێ قەیراێکی دیکە و ھەڵشکانێکی دیکەی وەک ساڵی ٢٠٠٨ تێپەر بکات؟ ئەمە ئەو قەیرانە خوازراوەیە کە گەلی ئامریکا دەیەوێ کەمترین باجی بۆ بدات.

جوڵانەوەی کورد و دیپلۆماسییەتی تازەی: دەربازبوون لە قەیرانە کۆنەکە!


کوردەکان لەم قۆناغەدا بەرەوڕووی دۆخێکی تایبەتی مێژووی بوونەتەوە. لە تورکیا بەو ھەموو مانۆڕەی کە ئاکەپە لە ھەزارەی تازەدا داویەتی و تا ڕادەیەکیش تورکیای ھێنایەوە ناو بازنەی دەسەڵاتی جیھانی، کە لە خۆرھەڵاتدا وەک لایەنی دۆستی ئامریکا و سەرگرووپی موسڵمانانی سوننەکان بناسرێ، چیدی ناتوانێ بەو ھەناسەیەوە ٢٠١٢ تێپەڕ بکات.


ژێنڕاڵەکانی خۆی دەکا بە قوربانی. حیزبە کوردییەکان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەگرێت و بە بەردەوامی کێشەی لەگەڵ شۆڕشی کورد لە چیاکان ھەیە. ئەمەش وایلێکردووە کە بێت و بە بێ ئەوەی لەگەڵ کوردەکانی خۆی دانوستانی تەواو بکات و مافەکانیان بدات، تەنیا لەگەڵ کوردانی باشووردا دۆستایەتی و پێوەندی پەرەپێدەدات.و بەم شێوەیە وا خۆی دەربخات کە ئێمە دۆستی کوردین و کورد لە تورکیا کێشەی ییە.


لە لایەکی دیکەوە ئێران بەو ھەموو قەیرانەیەوە خاوەنی ئۆپۆزیسیۆنێکی نایەکگرتووە و ئەمەش وایلێکردووە لە قەیرانە ناوخۆییەکان تێپەڕبکات و دەروەستی کێشەی گەلانی وەک کوردی بندەستی خۆی نەبێت. یانی بە شێوەیەکی پاوانخوازانە لە ناوچە کوردییەکاندا پەل بھاوێ. لە باشووری کوردستانیشدا ئەوە ئێرانە قسەی یەکەم بۆ تیکدانی بارودۆخەکە دەکات و لە دوایین کرداری تێکدەرانەی خۆیدا پارلمانی کوردستانی کردە نیشان.


لە رۆژئاوای کوردستانیش بە چاوی خۆمان دەیبینین ھەژموونی ئێران دەسەڵاتی ئەسەدی راگرتووە و دەیان ھەزار قوربانیی بە شۆڕشی ئەو وڵاتە داوە کە ئەم دەسەڵاتە یەکێکە لە داگیرکارانی کوردستان.


لەو باوەڕەدام کە تا کۆتاییھاتنی ھەڵبژاردنەکانی ئامریکا سیاسەتی جیھانی سیاسەتی یاریکردنە. سیاسەتی خافڵاندنی ئێرانە و ئێرانیش ئەمەی پێ باشە. پاش ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی ئامریکا سیاسەتی جیھانی لە بەرانبەر ولاتانی ئێران و سووریا و رەشەکوژی و رەشبگیرییەکانی تورکیاشدا دەگۆڕدرێ. مالیکیش کە بە تازەیی ھەوساری پساندوە، لەوانەیە کابینەیەکی تازە دروست بکات کە کورد لەو کابینەیەدا، یان بوونی نەبێت، یان بەڵێنی یاسایی بە کورد بدات کە ھەموو مافە دەستوورییەکانی بۆ جێبەجێبکات و ناوچە جێناکۆکانیش بگەڕێنەوە بۆ باوەشی کوردستان، کە ئەمەش کێشەی دیکەی کورد لەگەڵ کۆتلە شۆڤینییەکانیتری عێراقدا زیاتر دەکات.


دەتوانم بڵێم: ئەم ٦ مانگەی لەبەردەمماندایە، چارەنووسی دیپلۆماسییەتی کورد و رۆژئاوا دیاری دەکات. ئەزموونی کورد دەباتە قۆناغێکی نوێوە و بە گشتی یەکێتیی ماڵی کوردان زیاتر دەکات و ئاگاداریی جیھانیش بۆ پاڵپشتیکردنی دۆزی کورد دەباتە ئاستێکی ھەستیاروەوە. دەبێ چاوەڕێی ھەڵبژاردنەکانی ئامریکا و رووخانی ئەسەد و دابەزینی مالیکی لە کورسیی خۆبەزلزانیی خۆی بین. کە ھەمووی ئەمانە پێوەندن بە پاشەکشەی ئێران لە ناوچەکەدایە.
 

 

ruk.party@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک