١٤\١٠\٢٠١٥
سیاسییە دۆڕاوەکان
تەپڵی جەنگ و براکوژیی لێدەدەن..
گەمژەکانیش بەو
تەپڵە هەڵدەپەڕن..
براوەکان ئەوانن..
گەمژەکانیش هەمیشە دۆڕاو!!

شۆڕش محەمەد عەلی
زمانی گوللـە.
سەرانی کورد ئاخرتان خێر..!!
لێرە.. لەم وڵاتە وێرانەیە.. تەنها زمانی گوللـە قسە دەکا...
بۆیە پەپوولەی عەشق و پێغەمبەری خٶشەویستیی و فریشتەی نان ڵاڵ بوون و
لە گفتوگۆ و ئاخاوتن کەوتوون..
لێرە.. هەر کە سیمای گوللـە.. لە سەری قەڵا، منارە، چیا و باڵاخانەکانی
شار وەدەر دەکەوێ... کۆشکی گەورەی مرۆ و مرۆڤایەتی هەرەس دێنێ و بەسەر
خۆیدا دەتەپێ...
لێرە.. ئەوەی ئاغا و گەورە و کوێخا و دەستڕۆیە.. گوللـەیە..
گوللـە...!!!
ئـــاخخخخ.. وڵاتی من.. چ وڵاتێکە خەریکە زمانی گوللــە لەم بەهەشتە
دۆزەخەی کوردستانی ناوە، ببێ بە زمانی فەرمیی پەرلەمانتار و وەزیر و
گوزیر و گەدا و ئاغا و فێرخواز و مامۆستا و عەرەبانچی و سەختەچی و..
ووو... تەنانەت ئەو منداڵەی لە نێو سکی دایکیشیتی گەر بەو زمانە
نەجوولێ ئەوا لەباری دەبەن و زیندانی چووکەڵەی دایکی پێ رەوا نابینن!!
چین و توێژێکی ئەم گەلە بەستەزمانەی
گرتۆتەوە... هەر کە ئەدیب و نووسەر و رۆشەنبیرانیش تووشی ئەم دەردە
بوون... چاوەرێی کارەسات بووین... بەڵێ کارەساتە کاتێ نووسەرێ..
هونەرمەندێ دەبێ بە داردەستی فڵان سەرکردەو پێڵاوی لەبەر پێێ دادەنێ..
فڵان هونەرمەند یا نووسەر.. لە نووسینگەی فڵان بەرپرس کاردەکات و تا
نانێکی رەقی خوساوەشی دەداتێ بێ ئەوەی گەدەی برسی نیمچە تێر کات.. رۆژێ
سەدان کەرەت مەرگی نیشان دەدات... کارەساتە بۆ هونەر و ئەدەب و
شارستانیەت... و بۆ خودی هونەرمەند و نووسەریش کە خۆی بەم پارت و ئەم
پارتەوە هەڵواسێ بێ گوێدانە دوا رۆژی شارستانیەت و مێژوو...
هەر چەند خۆشبەختانە هێندێ لە نووسەر و هونەرمەندان کە بە پەنجەی دەست
دەژمێردرێن... سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتیی و قاتوقڕیی و گرژ و
ئالٶزییە.. توند توند قاچی خۆراگرییان لە زەوی گیر کرد و چۆکیان دانەدا
و کەوتنە سووڕی سڕبوون... نە بە خراپ نە بە چاک نوقەیان لێوە نەهات و
زمانیان نەهاتە گۆ... بەڵام موژدەی ئەوەیان پێ بوو لە کات و ساتی خۆی
بتەقنەوە و بە گژ ئەو واقیعە تالە بچنەوە.. کەچی لە پرێکا تەپڵی
براکوژیی زەنگی مەترسیی لێدرا و.. گەمژەکانیش بە بیستنی ئەم تەپڵە
کەوتنە هەڵپەڕین.. کارەسات بوو بە سەرووی کارەسات..بێ هێز و بەهێز
خۆراگر و خۆرانەگر، بە بیستنی ئەم دەنگە.. ئەم زەنگە قاچی بۆ مەرگ شل
کرد... تەڕ و وشک وێکرا سووتا... بێ ئەوەی سەرانی کورد لە خواردن و
خواردنەوەی خۆیان بکەون... وەک بڵێی نەبایان دی بێ نەباران..!!!
{بەڵێ .. گەلی کورد.. نیشتمانی کورد...کێشەی کورد.. کورد و کەسایەتی
کورد.. ئەمانە و سەدان شتی تری کوردی بۆتە بنێشتە خۆشەی سەرزاران و
سەدان ساڵە کاوێژی پێوەدەکەین.. بێ ئەوەی تاکە رێگایەک بدۆزینەوە بۆ
چارەسەریان... هەر ئەو دووبارەبوونەوەی مێژووە و خەباتی چەواشەییە..
وای کردووە عەقڵیەتی کورد و کەسایەتی کورد رابگڕێ و لێکترازانێک،
کەلێنێک، بۆشایەکی گەورە دروست ببێت و دوژمنان لەو کەلێن و بۆشاییەوە
بەسانایی خەنجەری ژاراوی لە هەسانی ملی کورد و کوردایەتی بخشێنن...
رۆژانەش لە راگەیاندنەکانیان بەناوی کوردی زوڵم لێکراو و مرۆڤایەتیەوە،
فرمێسکی تیمساحیمان بۆ برێژن و لە خۆمان و جیهانیان بگەیەنن کە ئەوان
خەمخۆر و پشت و پەنامانن... وڵاتانی رۆژئاوا و زلهێزەکان لەم چەندو
چوونە دەگەن، بۆ سوودی مەرامی خۆیان مەست دەبن.. ئێمەی کوردیش بە بێ
ئەوەی (مەسینەی ئاودەستیشمان نیشان) بدەن. نەک هەر سەرخۆش غەیبیش دەبین..
ئەمە واقعێکەو بە بەرچاوی هەموومانەوە و نکوڵی لێ ناکرێ.. ئەوەتا لە
کوردستانی باشوور...دوای راپەرین و دروستبوونی بەناو پەرلەمان.. کورد و
کورد بەشەر هاتوون.. تورکیا و ئێران بوونەتە نێو بژیوان و خەمخٶری
کێشەکان (کێشەی ناوخۆ) جونکە ئەو دوو وڵاتە کێشەی کوردیان نییە و کێشەی
کوردی باشوور چارە دەکەن.. سەرانی کوردیش (پەزیان بە گورگ) سپاردوە و
ئاسوودە و بێ خەم دەستیان ناوەتە ژێر سەر و قاچیان ناوەتە بان قاچ...
دەڵین چش لە خوێنی شەهید.. چش لە کۆشکی نیمچە تەپیوی پەرلەمان.. چش لە
کورد و دواڕۆژی کورد.. بژی کورسی .. بژی حیزب.. بژی سەرکردە... بژی
پەرۆ!!!}.
لێرەدا ئەز وەک و کەسێکی بێ لایەن .. کە سەر
بە هیچ پارت و گرووپ و رێکخراوێک نیم... وەک
و کوردێکی بە لایەنیش.. چرکە بە چرکە..
خولەک بە خولەک .. هەنگاو بە هەنگاو.. لەگەڵ رووداو و
گۆڕانکارییەکانی وڵاتەکەم دەژیم.. مافی ئەوە بە خۆم دەدەم دوو پرسیار
بکەم.. خٶشم کەم و زۆر ترووسکایەکی باوێمە سەر:
یەکەم: ئایا سەرانی کورد تا چ رادەیەک
خاوەنی بوون و رای خۆیانن؟ دروست بوونی جەنگەکان و رووداوەکان و
گۆرانکاریەکان لە دەست خۆیانە یا.....؟
دووەم: ئایا چ هەنگاوی وورد نراوە بۆ دروست
بوونی ژێرخان و سەر خان و مێژوویەکی پڕ سەروەر و درێژ خایەن .....؟
وەڵامی پرسیاری یەکەم (هەویرێکە و ئاوی زۆری
گەرەکە) ئەم نووسینەش درێژ دادڕیی وەخۆ ناگڕێ، بۆیە بە چڕوپڕیی دەڵێـم
:
دەبێ ئاوڕێک لە رابووردوو بدەینەوەو زۆر بە ووردی ستراتیجیەتی ئەمەریکا
بخوێنینەوە و لێکۆڵینەوەی لێ بکرێ.. دروست بوونی جەنگی هەشت ساڵەی
نێوان ئێران وعێراق.. جەنگی کەنداو و هەرەس پێهێنانی سەرخان وژێرخانی
عێراق... راپەڕین و کۆچڕەو.. ئامانەو چەندانی شتی تری چاوەڕوان نەکراو،
ئاماژەی ئەوەمان بۆ دەکەن کە ئەم هەموو گۆڕانکاریانە لە ناوچەکە لە نێو
کۆمپیوتەری ئەمەریکیی و ئەوروپاییەکان نەخشەی بۆ کێشراوەو دراسەی قووڵی
لەسەر کراوە... بڕوا ناکەم هیچ سەرکردەیەکی ئەمەریکیی و ئەوروپی لەسەر
ئەمە ناکۆک بن.. تەنها ناکۆکیان تەراتێنە لەسەر ناوچەکەو بەس!!
تەراتێنە لەسەر ئەوەی کام زووتر چنگی لە پانتایی سینگی (عێراق و
رۆژهەڵاتی ناوەراست) گیر بکا و قەڵای دڵی ئەو ناوچەیە بکا بە نێچیری
درێژخایەنی خۆی.. ئەو دڵەی وەکو دەریایی سەیر دەکرێ کە پڕیەتی لە نەوت
و مەرجان و یاقووت و... هتد و هەم قەڵایەکە بۆ حەوانەوەی کۆمپاکانیان و
فرۆشتنی سەمفۆنیای دەهۆڵ و زوڕنای مرۆڤ حەسانەوەی هەمیشەیی.. مەبەست
ئەو چەکە قورسانەیە ،کە شەوانە خەومان دەزڕێنن و بە بۆنی بارووت هێڕ و
وڕمان دەکەن.. نابێ دوا رۆژی ئێران و ناوچەکەمان لە بیر بچێ کە بۆی
هەیە تەڵە نانەوە بۆ ئەوان و زەبرلێدانی ئەوان هیچ لە هی ئێمە کەمتر
نەبێ.....
ئەی سەرانی کورد.. بە بێ چەواشەیی و خۆ خەڵەتاندن ئێوە چین؟
مەگەر تەنها سەربازێکی نێو مەیدانی شەترنجی بەردەم کۆمپیوتەری ئەوان
نەبێ،،ئەوان دەزانن کەی (کش مەلیک) دەبێ ولە چ کات و ساتێکا یاری برا
کوژی و مرۆڤ کوژی کۆتایی دێ... درێژ کردنەوەی یاریەکانیش هەر بەدەست
خۆیانە....بەڵام تا ئێوە لە سووچێکا تارمایی شاشەی کۆمپیوتەرەکانیان
دەبینن..کار لە کار دەترازی و هەموو شتێک کۆتایی پێ دێت..جا خێرتان
دەگاتێ بە خێر تا زیاتر چەواشە نەبین ..بارکەن بڕۆن و بڵێن..( ئاخرەباغ
کورد)...!!!
وەڵامدانەوەی پرسیاری دووەمیش داوێمە ئەستۆی ئێوە.. ئێوەی سەرکردە...
تەنها ئەوەندە دەڵێم کارێکی وا مەکەن ئێوە و ئێمە وێکرا بکەوینە
زبڵدانی مێژوو!
__________________________
تێبینیی:
ئەم نووسینە لە ٢\١\١٩٩٥
لە یەکێك لە رۆژنامە کوردییەکان بە (سەقەت و پەقەتیی) بڵاوبۆتەوە.
ماڵپەڕی شۆڕش محەمەد عەلی
|