٨\١١\٢٠١٧
سیاسیی زیرەک.

محەمەد بەرزی
سەدان ساڵە ئەوەی بە خوێن و خەبات بە دەستی دەهێنین ، بەهۆی سیاسەتی
نەزانەوە ، زۆر بە ئاسانی لە دەستی دەدەین . هۆکارەکەشی تەنها ئەوەیە ،
ئەو کەسەی لە وڵاتی ئێمەدا سیاسەت دەکات ، لە هونەری سیاسەت نەگەیشتووە
، جا ئەو کەسە سەرۆک بێت ، یان سیاسییە ئەڵقە لە گویی کانی دەوروبەری
سەرۆک بن .پاشان ئەوەی جێگای سەیروسەمەرەیە و هۆکاری هەرە گەورەی
شکستەکانمانە ، کاتێک سەرۆکێکمان بە مردن ، یان بە هەرەس و نسکۆوە
بەجێماندەهێڵێت ، ڕاستەوخۆ نەوەیەکی لەسەر تەختی قۆرخکراوی باوکی
دادەنیشێت و خۆیمان لێدەکاتەوە بە سیاسی و دەبێتەوە بە سەرۆکمان و
کوێرانە و سۆزەکی دوای دەکەوین ، تا سەرلەنوێ ڕووبەڕوی شکستێکی
گەورەترمان دەکاتەوە .بێگومان هۆکاری ئەو شکستە یەک لە دوای یەکانە ،
چەند لە ئەستۆی سیاسییە هەلپەرستەکاندایە ، ئەوا سەدان جار لە ئەستۆی
ئەو میللەتەدایە ، کە بیر ناکاتەوە و بە مێژووی خوێناوی خۆیدا ناچێتەوە
و جیاوازی لە نێوان سیاسی دڵسۆز و سیاسی پۆست و پارە و ڕابەری
بازرگاندا ناکات ، کە بەردەوام بوونەتە بــەڵای سەری کورد . جا لێرەدا
جێگای خۆیەتی تیشکێک بخەینە سەر سیفاتەکانی کەسانی سیاسی زانا ، کە
خەمی گەل و نیشتمانەکەیان لە کۆڵ دەنێن، بەو هیوایەی سودێکی هەبێت و لە
سیاسییە نەزان و ومشەخۆرەکانیش دوورمانبخاتەوە ، کە جگە لە کۆست و
کەسەر و نسکۆ و ئاشبەتاڵ ، هیچ شتێکی تریان لیێ چاوەڕوان ناکرێت.
سیاسەت خۆی لە خۆیدا هونەرە ، سیاسەتی ڕاستودروست بەرەو کەنارێکی
ئاراممان دەبات ، هەڵەی سیاسیش کارەساتی گەورە و گرانی لیدەکەوێتەوە ،
هەر بۆیە پێویستی بە بیری ورد و شارەزایی زۆر و کەسانی زیرەک و بلیمەتی
خۆڕاگرە ، چونکە دنیای فراوانی سیاسەت ، پڕە لە ململانێ و ناکۆکی
بەربڵاو ، بە پلەی یەکەمیش هونەری سیاسەت بە ندە بە شیکاری ورد و
تاکتیکی زیرەکانەوە ، ئەمەش پێویستی بە ئەزمون و بەهرە و بیری تیژە، تا
بە سەرکەوتوویی و بێ زیان لەو کێشەو ناکۆکییانە بێینە دەرەوە . بێگومان
کەسانی سیاسی ڕاستەقینەش ، ئەو کەسە زیرەک و بلیمەتە خۆنەویستانەیە ،
کە دوور لە بەرژەوەندی خۆیان ، دەبن بە دەمڕاستی میللەت و بە هەموو
شێوەیەک خزمەتی گەل و نیشتمانیان دەکەن و لە شکست و نسکۆ و کارەسات
دەمانپارێزن .پێویستیشە سیاسی هەڵکەوتوی زرنگ و سەنگین، هەڵگری ئەم
سیفەتانە بێت:
١- بەهرەدار و دیدەفراوان بێت ، تا بەهرەکەی یارمەتی بدات بە باشی لە
ڕووداوە سیاسییە ئاڵۆزەکان بگات و بە زیرەکی و شارەزاییەوە
خوێندنەوەیان بۆ بکات، بە بێ ئەوەی سۆزی تێکەڵ بە هەڵویست و بڕیارەکانی
بێت.
٢- خاوەنی ڕاستگۆییەکی تەواوبێت . نابێت بە هیچجۆرێک شەرم لە دەربڕینی
بۆچوونە سیاسییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی خۆی بکات ، پێویستیشە بە
شێوەیەکی ئاشکرای سوکوئاسان باری سەرنجی دەربخات ، تا هەمووان بە باشی
لیێ تێبگەن.
٣- بایی نەبوون ، یەکێکە لە سیفاتە گرنگەکانی سیاسی زیرەک ، کارێک
دەکات لای خەڵکی جێگای ڕیز و خۆشەویستی بێت و بۆچوونەکانی بە هەند
وەربگرن، بە پێجەوانەشەوە ، کەسانی لوتبەرزی لە خۆ بایی ، ناتوانێ لە
ناو دڵودەروونی خەڵکی دا جێگا بۆ خۆی بکاتەوە و هەمیشەش لوتبەرزی ملی
مرۆڤی شکاندووە.
٤- نزیک بێت لە بیرکردنەوەی خەڵکی و ئاگاداری ژیانی ڕۆژانەو بارودۆخیان
بێت و لە هیچ چاکەیەک خۆی نەبویرێ ، تا بتوانێت زۆر بــە باشی گوزارشت
لــە خواست و کێشە و داواکانیان بکات.
٥- هێمن و سنگفراوان بێت و دوور بێت لە هەڵچوون و توڕەبوون ، چونکە
تووڕە بوون و هەڕەشە و هەڵەشەیی دەبێتە دیوارێک لە نێوان خۆی و خەڵکی و
رووداوە سیاسییەکاندا و ڕاستەوخۆش بڕیارەکانی دەربارەی رووداوەکان هەڵە
و هەڵچوونی پێوە دیار دەبێێت.
٦- باوەڕی تەواوی بە خۆی هەبێت ، ئەمەش نیشانەی ڕاستگۆیی سیاسییە
بەرامبەر بە خەڵکی . بێگومان ئەو کەسەی باوەڕی بە خۆی نەبێت ، کەسێکی
لاوازی ترسنۆکە و ناتوانێ لە ڕووداوەکاندا باری سەرنجی خۆی بە ڕاستی
دەرببڕێت و ناشتوانێت بە چاوێکی سیاسییانەوە هەمـوو لایەنێکی کـێشــە و
ڕووداوەکـان ببینێت.
٧- پشودرێژ و خۆڕاگر بێت ، چونکە بیرۆکەی ڕاستودروست و دەربڕینی
سیاسییانە ، کە خۆی باوەڕی پیێ یەتی ، پێویستییان بە خۆڕاگری و
پشوودرێژی هەیە، تا خەڵکی باوەڕی پێبکات و بۆچوونەکانی پەسەند بکەن.
٨- خاوەنی بیرۆکەی زۆر ورد و بەرنامەی درێژخایان بێت ، چونکە پیلانی
پەلە و بیرکردنەوەی ڕاگوزاری تەمەنیان کورتە و ناتوانن ئامانجەکان
بپێکن . بەمەش ئەو سیاسییە ڕاستگۆیی خۆی لە دەستدەدات و خەڵکی باوەڕیان
پیێ نامێنێت ، هەربۆیە سیاسی سەرکەوتوو ، ئەو کەسەیە ، کە چەندین ساڵ
کار لە داڕشتنی پیلانێکی تۆکمەی بێ کەموکورتیدا دەکات.
٩- خاوەنی ورەیەکی بەرزبێت ، باوەڕی تەواوی بە ئامانجەکانی هەبێت ،
سوربیت لەسەر جیبەجێکردنی بەرنامە سیاسییەکەی و توانای داهینان و
تازەکردنەوەشی هەبیت.
١٠- بوێر و ئازا و نەبەز و خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێزبێت ، بتوانێت
بۆچوونەکانی ڕاستەوخۆ و بێ تەمومژ دەرببڕێت.
١١- لە بیرکردنەوەدا توندڕەو نەبێت ، توانای قبوڵکردنی ڕەخنە هەبێت و
بەو پەڕی سنگفراوانییەوە ڕا جیاوازەکان وەربگرێت و بە حاڵەتێکی
تەندروستی زۆر باشی بزانێت.
١٢- ئەزمون و شارەزایی لە ڕابەرایەتیدا هەبێت و ئیداری بێت و بتوانێت
هاوسەنگی ڕابگرێت وبە باشیشکاربکاتە سەر خەڵکی.
١٣- قسەکەرێکی چاک بێت ، خاوەنی زمانێکی پاراوی بێگرێوگۆڵ بێت ، توانای
چاوپێکەوتنی هەبێت و گوێگریێکی زۆر باشیش بێت.
١٤- ڕێز لە کات بگرێت ، باشیش بزانێت لە چ ئانوساتێکدا پێویستە هەڵویست
وەربگرێت و لە چ کاتێکیشدا پێویستە بکشێتەوە.
١٥- توانای ڕازیکردنی خەڵکی هەبێت ، چاوبخاتە سەر ئەو کەس و لایەنانەی
بیروباوەڕی ئەویان بە دڵە و بە گەرمی پێشوازیان لێبکات ، پاشان پیویستە
زۆر بە وردی شارەزای هەموو بەندەکانی دەستور و ئەو یاسایانە بێت ، کە
خزمەتی ئامانجەکانی خۆی و دۆزی وڵات و میللەتەکەی دەکەن.
_________________________
تێبینی : ئەو خاڵانەی سەرەوەم بە دەستکارییەکی کەمەوە، لە نووسینێکی
(عاتکە البورینی)م وەرگرتووە ، کە بە ناونیشانی (کیف تصبح سیاسی محنک)ە
و لە نۆفەمبەری ٢٠١٥ دا لە سایتی (موضوع) دا بڵاوکراوەتەوە.
٤\١١\٢٠١٧
mkbarzy@hotmail.com
|