٢٦\٩\٢٠١٣
سیاسەتبازیی واتە
درۆکردن و ئەوپەڕی بێ چاوەڕوویی!

دارا خونچە
هیچ کەس لەو جیهانە پان و بەرینە نییە درک بەوە نەکا کە
زۆربەی هەرە زۆری سەرۆک و سەرکردە سیاسییە
حیزبییەکانی نێو دەسەڵات لە تێکڕای جیهان
درۆزنترین و هەلپەرستترین و رەگەزپەرستترین و نێرسالارترین و
پاشاداماترین و بێ رەوشتترین و چەوسێنەرترین و نامرۆترین خەڵکی سەر ئەو
گۆی زەوییەن، وەلی ئەفسووس لەبەرئەوەی هێشتا سەرجەمی توانستە زانستیی و
مادییەکان لەبەردەستی ئەوان دان لە رێی هێز و بەوپەڕی دڕندەیی و
مافیایی خۆیان وەسەر دەسەڵات دادەسەپێنن!!!:
ئۆباما شەکری شکاند کە گۆتی: دەیگۆڕین، شەڕ و هێرشی سەربازیی سەر
وڵاتان رادەگرین، جوایەزیی نێوان سۆر و سپی و بۆر و رەش و ژنان و
پیاوان و هەرچی رەگەزپەرستییە کۆتایی پێدەینین، بێکاریی و هەژاریی و
برسیێتیی لەنێو دەبەین و... هتد، کەچی وەک دیتمان؛ سەت خۆزگە وە
دەسەڵاتی شەلاتییانەی (دەبلیو بۆش) و ئەوانەی پێش ئەویش!!!
دێڤید کامیرۆنی دەرباری دیوەخانی شاژنی بەریتانیای (مەزن!) پەتکی پساند
کە گۆتی: ئەز بەریتانیا لە قەیرانی ئابووریی رزگار دەکەم، کەچی وە
هەموو هۆشە تەنک و ساویلکەییەکەی خۆی باشترین و نایابترین چارەسەری
ئەوەبوو کە نەداران و زەحمەتکێشانی خستە بن
باری چەندین باجی قورس و سەخت تەنانەت باجی شارەوانیی خستە سەر بێکاران
و پەککەوتانیش، ئیدی لەو دەمەوە نەک هەر قەیرانەکان قۆڵتر و قۆڵتر
دەبنەوە بەڵکە کرێکاران و نەداران و زەحمەتکێشان ماوە ماوە لە بەرانبەر
پاشگەزبوونەوەی دەسەڵات لە ماف و ئازادییەکانیان شەقامی شارەکان وە
تایبەتییش لەندەنی دڵی دیموکراسییە پەڕپووتەکەیان
لێدەگرن و رق و تووڕەییان دەڕژێننە سەر دەسەڵاتداران و
سەرمایەداران!!!
سیاسەتبازە میرڕۆستەم و خاوەنشکۆیەکانی سوێد و ئەڵمانیا و فەرەنسا و
تەواوی دەسەڵاتدارە راستڕەو و چەپڕەوە عەنتیکەکانی ئەورپا سەرەڕای
ئەوەی توانستی مادیی زۆریان لەبەردەست دایە و زانست و تەکنەلۆژیاش لەوێ
بەردەوام لەگەشەکردن دان کەچی تا دێ لە دانی بیمەکان و خزمەتگوزارییە
گشتییەکان پەژێوان دەبنەوە و ئاستی بێکاریی و ژیان و گوزەرانی خراپ
بەرەو سەرێ دەچی و ئاستی مافی مرۆڤ و دیموکراسییەکەشیان بەردەوام لە
دابەزین دایە!!!
جوولەکە رەگەزپەرستە تەپلەک وەسەرەکانی ئیسرائیل کە گوایە
دیموکراسییترین وڵاتیان لە رۆژەڵاتی ناوەڕاست چێکردییە، کەچی تا ئێستا
بەوپەڕی دڕندەیی لە بەرانبەر مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیی و مرۆییەکانی
خەڵکی فەلەستین راوەستانە و هیچ گیروگرفت و شەڕ و کارەساتەکی وڵاتانی
رۆژەڵاتی ناوەراست و ئاسیا و ئەفەریقا و تەنانەت جیهانیش نییە راستەوخۆ
یان ناڕاستەوخۆ دەستی پیسی ئەوانی تێدا نەبی!!!
یوئێن و ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی و چاودێری مافەکانی مرۆڤ و
دادگەی نێودەوڵەتیی و خاچی سۆر و رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوی
پاراستنی ژینگە و دژە چەکی کۆمەڵکوژ و نیوکلیاریی وە تێکڕای جاڕنامە و
رێکەوتنامە و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانیانەوە لەوەتەی (یەکێتی سۆڤیەتی
جاران) داڕووخایە وە تەوایی وەک کۆیلەگەلەکی فرە ملکەچی وڵاتە زلهێزە
دڕندەکان خۆدەنوێن و نەک هەر ناتوانن گچکەترین چارەسەری شەڕ و
ململانێیە کۆنەپەرستیی و رەگەزپەرستییەکانی نێوان
دەسەڵاتداران و هیچ کێشەیەکی مرۆیی و ژینگەیی و سروشتیی بکەن
بەڵکە خۆتێهەڵقورتاندن و خودی بڕیار و پڕۆژە و هەڵسوکەوتەکانیشیان کێشە
و گرفتەکان پتر و پتر قۆڵ دەکەنەوە و وە
قازانجی سیستەمی چەوسێنەری جیهانیی کۆتییان پێدەینن!!!
ئیدی باسکردن لە رژێمە کۆیلەکانی لای خۆمان وەک رژێمەکانی عێراق و
لیبیا و تونس و ئێران و میسر و پاکستان و ئەفغانستان و سوریا و... هتد
هەر فرە فرە کۆمیدییە! چونکە هەر هەموویان وە دەسیسەی زلهێزەکانی
رۆژاوا هاتنە سەرکار و پاشانیش وە پێی سیاسەتەکانی رۆژ و بەرژەوەندییە
نامرۆییەکانی خۆیان زۆربەیان رووخاندن و ئێستاش خەریکی رووخاندنی
ئەوانی دیکەن، لێ چ رووخاندن و چ جێگرەوەیەک؟! تەنێ باسی یەک نموونەی
دەکەین:
هەرچی رێکخراوە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانی جیهان هەیە وە ئیخوانەکانی
میسریشەوە وە دەسیسەی زلهێزەکانی رۆژاوا دروست بوون و گەشەیان کرد، پتر
لە نیو سەدەیە لە رێی ئیخوانەکان و دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی میسر
گەلانی میسریان تووشی چەندین شەڕ و ئاژاوە و زیندانکردن و ئازار و
ئەشکەنجەی دڕندانە کردییە و باری ئابووریی وڵاتیشیان وە تەواویی
داتەپاند، پاش ئەوەی لە بن گوشاری خەڵک (موبارەک)یان لادا و (مورسی)یان
هینایە سەرکار لە ماوەی یەک ساڵ وڵاتیان دووچاری توندوتیژیی و
زندییکردنەوەی خولیای رگەزپەرستیی و کۆنەپەرستیی دینیی کرد و وڵاتیان
لە خین و رۆندک هەڵکێشا، ئێستاش لەگەڵ ئەوەی وە هۆی ناڕەزایەتی خەڵک (مورسی)یان
لادا و وە یاساش ئیخوانەکانیان قەدەغە کرد لێ هێشتا دەستبەرداریان نابن
و ئەگەر نەتوانن لە ئایندەدا کارەساتی گەورەتریان وەسەربینن ئەوە ئەگەر
لۆیان بلوێ سیستەمەکی وەهایان وەسەردا دەسەپێنن کە ماف و ئازادییەکانی
خەڵک بەرتەسک و بەرتەسکتر بکاتەوە!!!
دەربارەی کوردستانیش؛ وەک دەیبینین لەبەرئەوەی سەرۆک و سەرکردە عەنتیکە
و (نەدیی و بدیی)ەکانی خۆمان دەستی سێیەم و چارەمن لە سیاستبازیی -
ئەگەر بیرە نەفتەکان نەبووایەن ئەوەشیان لێدەرنەدەچوو! - لە
هەر سەرۆک و سەرکردەیەکی جیهان درۆزنتر و
چوختییتر دەرچوونە. جا ئەوە هەر دەسەڵاتدارەکان نا بەڵکە
بەرهەڵستکارەکانیش هەر ئەوهان و ئەگەر بەشەکی باشی کێکەکەی دەسەڵاتیان
بەربکەوی ئەوە بە هەر چار پەلان خۆیانی تێدەخەن، سیاسەتبازانی رۆژاوا و
ناوچەکە هیچ تشتەک نەما پێیان نەکەن؛ (شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوخۆ،
پەڕاوێزخستن و نابڕین و سەرکوتکردن و ئازار و ئەشکەنجەدان و گرتن و
کوشتنی ئازادییخوازان، زندییکردنەوە و برەودان وە پیاوسالاریی و
ژنکوشتن و فەرهەنگی دەرەبەگیی و خێڵەکیی و ئەفسانەی پووچ و کۆنەپەرستیی
ئیسلامیی، پیشێلکردن و ناسەرەوەریی یاسا و رێسایەکان و برەودان وە چەک
و توندوتیژیی و دانانی چەندین یاسای ناشارستانیی و دژەمرۆیی، تێکدان و
کاوڵکردنی وڵات و لەنێوبردن و بنەبڕکردنی ئاژەڵ و بەروبووم و پیشەسازیی
نێوخۆ و پیسکردنی ژینگە، برسییکردن و بێکارکردنی نەداران و زەحمەتکێشان
و داگیرکردنی بژێوی ژیانیان، دزینی بودجە و سەروەت و سامانی خەڵک و
نوقمکردنی وڵات لە نێو گەندەڵیی، و... هتد) تا وەیان لێکردن وەک
ملکەچترین کۆیلەگەلەک کڕنووشیان لۆ ببەن و بێجگە لەوەی وە بێ بڕیاری
ئەوان خاوەنی هیچ بڕیار و سەروەت و سامانەکی وڵات نین.. وە پێی
گرێبەستەکانی وە ناو حکومەتی هەرێمیش لەگەڵ کۆمپانیا نەفتییە
جیهانییەکان لەو ٥٠ ملیار بەرمیلە نەفتەی کە لە کوردستان هەیە کۆمپانیایە
نەفتییەکان خاوەنی ١٢ ملیار بەرمیلن هەروا
بڕیاردەرن لەسەر چۆنییەتی هەڵسوکەوتکردن وە ٣٨ میلیار بەرمیلەکەی دیکەش!!!
واتە ئەو حکومەت و هەرێم و پەرلەمان و هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان و
رێژەی دەنگ و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و هەراوهۆریان لەسەری هەمووی
درۆگەلەکی فرە گەورەن و لە (نەفتفرۆش) پتر بترازێ هیچ تشتەکی دیکە نین.
دەبی درۆ لەوە گەورۆنەتر چ بی کە لە کاتەکدا رێژەی دەنگەکان لەو
هەڵبژاردنەدا وە پێی راگەندراوی رێکخراوی (شەمس) کە تا دوا کات لە نێو
پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەدا بووە هەروا وە پێی دیتن و وەدووداچوونی خەڵک و
هێندەک لایەنی دیکەش لە خوار (٥٠٪) بووە کەچی تێکڕای حیزب و
لایەنە درۆزنە بەشداربووەکان و کۆمیسۆنی هەڵبژاردن کە فرە گومان لە (بێلایەنیی
و راستگۆیی)ی دەکرێ دەبێژن رێژەی دەنگەکان (٧٣،٩٪) بووە!!!
دەبی درۆ لەوە گەورۆنەتر چ بی کە لە کاتەکدا ئەو کەسانەی بەشدارییان لە
هەڵبژاردن کرد ئەگەر بیاندوێنی و ترسیان نەبی ئەوە زۆربەی هەرە زۆریان
وە راشکایی دەبێژن لە ترسی نابڕین و پەراوێزخستن و بێکارکردن و بێ
پشتوپەنا مانەوە و لۆ خۆدانەپاڵ بەرپرسان وە مەبەستی خۆپارستن و (واسیتە)کردن
و کارڕاییکردنی خۆمان دەنگمان دا، سەڕەڕای ئەوەش پڕ توندوتیژییترین و
ناشارستانییترین هەڵبژاراردن بوو لەسەر رووی جیهان؛ پتر لە ٣٠ کەس
تێیدا بریندارکران و کوژران و دارکاریی کران و ماوەی یەک مانگ کاتی
خەڵکیان کوشت و بێزاریان کردن و مندڵانیان لە بانگەشەکان وەکاربردن و
سامانەکی زۆری گەلیان وەفیڕۆ دا و لە کاریان دابڕین و سەرلەبەری ژیان و
گوزەرانیان پەکخستن، کەچی تێکڕای حیزبەکان و کۆمیسیۆن و نوێنەرانی
بەریتانیا و ئەمەریکا و تەنانەت نوێنەرانی یوئێن و چاودێرە
نێودەوڵەتییەکانیش وە بێ هیچ شەرم و چاوەڕووەک گۆتیان: هەڵبژاردنەکی
ئازاد و فرە باش و هێمن و دیموکراسییانە بوو
و وە شێوەیەکی فرە مەدەنییانەش وەڕێوەچوو!!!!
ئیدی هەر ئەوە مایەوە بێژین ئەو وە ناو سەرۆک و سەرکردە و نوێنەرانە
سیاسەت ناکەن و فڕیان وەسەر نوێنەرایەتییکردنی خەڵک و
بەرژەوەندییەکانیانەوە نییە بەڵکە تەنێ سیاسەتبازیی دەکەن..
سیاسەتبازییش لە درۆکردن و ئەوپەڕی بێ چاوەڕوویی پتر بترازێ هیچ
واتایەکی دیکە ناگەینێ!
٢٦\٩\٢٠١٣
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|