په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠٢١

سیەمین ساڵیادی سنووری ناوچەی ئارام.

مەهدی یوسف      


سیەمین ساڵیادی دانانی سنوورێك بە ناوی هێلی ٣٦ لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکان، لە ٥\٤\١٩٩١ کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لە رێگەگرتن لە هەر هێرش و پەلامارێك چ لە زەوی چ لە ئاسمان بۆ ئەو ناوچەیە، لە لایەن رژێمی پێشووی عێڕاق. ئەوەش پاش کۆڕەوەکەی کۆتایی ئاداری سالی ١٩٩١ هات کە هەموو خەلکی کوردستان لە ترسی هێرشەکەی رژێمی ئەو کات روویان لە سنوورەکانی رۆژهەلات و باکووری کوردستانی ژێر دەسەلاتی ئێران و تورکیا کرد، کە تێیداا سەدان کورد هەر لە پیر و پەککەوتە تا منداڵ لە سەرمان و لە برسان و هیلاکیی بوونە قوربانیی و گیانیان لە دەست دا.

 

ئەگەر کورد غەمخۆری هەبووایە دەکرا سوود لەو بڕیارە ببیندرێ بەلام بە داخەوە، یەکەم هەنگاوی سەرکردایەتی کورد خۆ ئاشتکردنەوە بوو لەگەڵ سەدام، کە بە رای من و زۆرانێکی تر لەو رۆژەوە خەونەکانی کورد لە گۆڕ نران و خەبات و قوربانییەکانی سەد ساڵەی گەلی کورد بوونە قوربانیی چەند ماچێك. پاشانیش لە جیاتی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکان و گەیاندنی کورد بە شوێنی مەبەست و کۆششکردن بۆ ئازادیی و زگاریی کورد و خاکی دابەشکراو و داگیرکراوی کوردستان، دوو بنەمالە کەوتنەوە ئەو ململانێیەی کە لە ساڵی ١٩٦٤ەوە هەر نەبڕایەوە تا رۆژی ئەمڕۆ، بەڵام ئەو جارە جیاوازییەکەی ئەوە بوو شەڕ و ململانێیەکان لە سەر پارە و دابەشینی قوتی گەلانی هەمیشە چەوساوەی کوردستان بوو، کە جاران لە سەر خۆسەپاندن و پاوانکاریی بوو.

 

ئەوە بوو لە ئەنجامدا شەڕی کورد بە کورد بەکوشتن دانی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا (سی و شەش) هەزار لاوی کورد بوونە قوربانی. تا گەیشتە ئەو رادەیەی بنەماڵەیەك لە ژێر ناوی پارتی و بنەماڵەیەك لە ژێر ناوی یەکێتی پەنا بۆ دوو رژێمی دوژمنی کورد ببەن و بیانهێنن بۆ شەڕ و یارمەتیدانیان بۆ کورد کوشتن، ئەوانیش (عێڕاق) و (ئێران) بوون.. پاشان دوو میرنشینی سەردەمی سەفەوی و عوسمانیان ژیاندەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێ بوون بە ئەلقە لە گوێی ئێران و تورکیا. لای هەمومان ئاشکرایە، ئەوەش لە خۆفرۆشی و کارکردن لە دژی بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتیمان پتر هیچ واتایەکی دیکە هەڵناگرێ. چونکە ئەو دوو ولاتە پێویستیان بەوان نییە ئەگەر لە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و کوردستان کاریان بۆ نەکەن. کە دەکرا لەو ماوەیەدا لەجیاتی ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەر کوردیان هێنا، ولات بەرەو ئاسۆیەکی ئارام ببەن و وەبەرهێنان و داهێنان بکەن، لە رووی سیاسیەوە پەرە بە ناوچەی ئارام بدەن. لە ساڵی ٢٠٠٤ دەرفەتێکی چاك بوو بۆ سەربەخۆیی لە جیاتی خۆ لکاندنەوە بە عێراقی عەرەبی بە مەبەستی حەز و بەرژەوەندییە تایبەت و چاوچنۆکەییەکانیان. پاش ١٣ ساڵ دابڕان لە عێڕاق.

 

 

mahdi@live.no

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک