٧\١٢\٢٠٢٠
سزا.

ئەحمەد
شاملو |

و: هێمن ئەمانی |
لێرەدا چوار زیندانە
بۆ هەر زیندان دووهێند داڵان
لە هەر داڵان چەند هێندە ژوور
لە هەر ژوورێک کۆمەڵێك پیاو پێبەستکراو...
ئەلەم پێبەستکراوانە، کەسێک،
ژنەکەی خۆی لە گەرمەی رەشی بوختانێک
بە زەوری خەنجەرێک کوشتووە.
کەسێک لەم پیاوە بەندیانە
بە گەرمای نیوەڕۆی هاوین، لەسەر کۆڵان،
ژەمە نانی کۆرپەکانی لە خوێنی نانفرۆشی چیڕی زێدە خواز
خەڵتاندووە.
لەمانە چەند کەسانێکیان
لە رۆژێکی تەریکی باراناویدا،
لەسەر رێگەی بەهرە خۆرێک دانیشتبوون.
کەسانێکیان، لە بێدەنگیی کۆڵانێکا
بەسەر دیوارێکی کورتدا
بۆسەر سەربان بازیان دابوو.
کەسگەلێکیان، نیوە شەوان،
ددانی زێڕی تازە مردوویان، لە گۆڕستانەکان دەشکاند.
بەڵام من هیچ کەسم بە تاریکیی و شەوی زریان نەکشتووە
من سەر رێگام لە هیچ پیاوێکی بەهرەخۆر نەگرتووە
بەڵام من نیوەکانی شەو
لە سەربانێک بۆ سەربانێک، هەنگاوێکم نەبزاوتووە.
* * *
لێرەدا چوار زیندانە
بۆهەر زیندان دوو هێند داڵان
لە هەر داڵان چەند هێندە ژوور
لە هەر ژوورێک کۆمەڵێك پیاو پێبەستکراو...
ئەلەم پێبەستکراوانە
کەسانێک هەن
جەستەی بێ گیانی ژنانیان خۆشتر دەوێ.
ئەلەم پێبەستکراوانە
کەسانێک هەن
لەبیریاندا ژنێک هەر شەو
لە ترسی مەرگ، بە ناخی دڵ دەکا هاوار.
من ئەمما لە ژناندا هیچ نابینم
ئەگەر ئەم نیوەیەی کۆمەڵ نەبینم من لە پڕ، بێدەنگ.
بەڵام من
لە ناو دڵی کوێستانانی خەیاڵی خۆم،
جگە لە زایەڵەی بەستووی ئەهوەندی بانگی ئەم سەوزە گیا کێویانە
کە شین دەبن و دەژاکێن و وشک هەڵدێن و دەوەرێن،
هیچ نابیستم.
من ئەگەر
ئەم کۆت و بەندە نەبووایە
لە کازیوەی بەیانێکدا، لەوانەیە
وەک تارمایی یادەوەرییەکی دوور،
تێدەپەڕیم
بە پانتایی بێ بەرهەمی ئەم خاکە سارد و سڕەدا...
تاوان ئەمەیە!
ئەمەیە تاوان!
hemnamani@yahoo.com
|