په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٣\٢٠٢٢

سزا و گەمارۆی ئابووریی و کاراییان لەسەر کامیان؟


زاھیر باھیر       


پێش ئەوەی بێمە سەر باسەکە سێ خاڵی گرنگ ھەن. یەکەم: سزا و گەمارۆی ئابوریی لە سەرەتادا ھێچ ڕۆڵێکی نییە لەسەر وڵاتی سزادراو. پرۆسەیەکی درێژ خایەنە و ھەندێک جاریش ڕک و کینەی دانیشتوانی وڵاتی سزادراو دژ بە بەدەوڵەت یا دەوڵەتانی سزادەر دروستدەکات. گەرچی بازرگانانی جەنگ ھەر کە تەقە دەستی پێکرد ئەوان زۆربەی کەرەسەکان لە ئەمبارەکاندا خەزن دەکەن و ئەوەشی کە بەدەرەوەیە ھەر دوای ڕۆژێک نرخەکەی بەرز دەکەنەوە. دووەم : سزای ئابووریی کە بەسەر وڵاتانی گەشە نەکردوی پیشەسازییدا دەسەپێنرێت زۆر جیاوازە لەو سزایەی کە کۆمەڵێک لە وڵاتان بەسەر وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو دەیسەپێنن، ھەر ئاواش کاراییان دوولایەنەیە . سێیەم: ھەر لایەک ئەو سزایە بەسەر ھەر لایەکی دیکەدا بچەسپێنێ باجەکەی دانیشتوانی وڵاتی سزادراو دەیدات نەک حوکمڕانانی وڵاتەکە. باشترین بەڵگەش سزادان و گەمارۆخستە سەر عێراق، ئێران، ڤێنزویلا، کۆریای باکور و زیمبابۆیە.

لەم نوسینەدا مەبەستم پەیوەندی ئاڵووێر و بازرگانی نێوانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا لەگەڵ روسیادایە بە ھۆی ئەم شەڕەی کە ھەیە. ھەر ئاواش قسەکە لەسەر سزادانی وڵاتانی پیشەسازیی پێشکەوتووە لەسەر وڵاتێکی دیکە کە تا ڕادەیەک ئەویش خاوەن پیشەسازیی پێشکەوتوە کە ڕوسیایە. لێرەدا سزای ئابوریی و گەمارۆدانی ئابوریی و ئابورییانە دوولایەنەیە واتە لەسەر دانیشتوانی ھەردولا دەکەوێت، ئەویش بە گوێرەی ئاستی گەشەی پیشەسازییەوە و ڕێژەی ھەناردەکردن و ھاوردەکردنی شمەک و کاڵاکانە لە نیوانیانا.

بۆڕونکرننەوەی ئەوە چەند داتایەکی نوێ کە سەبارەت بە بازرگانیی نێوانیانە دەخەمە ڕوو، ئەو کاتە دەتوانین ئەنجامگیرییەک بکەین.

بەگوێرەی داتاکان، لە ١٠ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ سەرجەمی ھەناردەی ڕوسیا بۆ جیھان ٣٨٨.٤ ملیار دۆلار بوە کە بە شێک لەو وڵاتانە ئەم ٥ وڵاتەن: چین بە بڕی ١١٢.٤ ملیار دۆلار، ئەڵمانیا بە بڕی ٤٦.١ ملیار دۆلار، ھۆڵندە بەبڕی ٣٧ ملیار دۆلار، ئەمەریکا بە بڕی ٢٨.٨ ملیار دۆلار و تورکیا بە بڕی ٢٥.٧ ملیار دۆلار. ئەوەی ڕوسیا ھەناردەی بۆ ئەم وڵاتانە دەکات نەوتە و غازە و بەرھەمھێنراوی کیمیاوییە و مەعدەنە. لەسەرجەمی ھەناردەی ڕوسیا لەسەدا ٥٣ ی نەوتە و غازە وەبەرھەھێنراوی کیمیاوییە. لە سەدا ١٣ ھەناردەی ڕوسیا دەچێت بۆ وڵاتانی CIS ، واتە ئەو ١١ وڵاتەی کە کاتی خۆی لە فەلەکی یەکێتی شورەویدا بوون.

بێ لەوانەی سەرەوە ڕوسیا ئەمانەش ھەناردە دەکات : جۆ ، ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە، مریشک، شیر و پەنیر ، گۆشتی بەستوی بەراز ، پێویستی کارەبایی و کەرەسەی میکانیکی و تەختە. ڕوسیا و ئۆکرانیا پێکەوە سێیەکی ھەناردەی گەنمی جیھان و ٨٠%ی ڕۆنی زەیت دابیندەکەن ئەمەش وای کردوە ھەر لە ئێستاوە لە بۆرێەی جیھانیدا گەنم نرخەکەی بە ڕێژەی لە سەدا ٥٠ زیادی کردووە.

بازرگانی ئەمەریکا و ئەورروپا لەتەک ڕوسیا:

بازرگانی و ئاڵووێر و خزمەتگوزاریی و کاڵای نێوانی ئەمەریکا و ڕوسیا لە ساڵی ٢٠١٩دا تەنھا ٣٤.٩ ملیار دۆلار بووە کە لەمەش ھەرناردەی ئەمەریکا بۆ ڕوسیا ١٠.٩ ملیار دۆلاربووە و ھاوردەی ٢٤ ملیار بووە، کەواتە نوقسانی [ عەجزی] ئەم ئاڵووێرە بۆ ئەمەریکا ١٣.١ ملیار دۆلار بووە ، بە زمانی ئاسایی یانی ھەناردەی ئەمەریکا بۆ ڕوسیا کەمتر بووە لە ھاوردەی. ھەر لەو ساڵەدا، ٢٠١٩ دا ، ئەمریکا ٢٦ ھەمین دەوڵەتی مامەڵەی بازرگانیی ڕوسیابووە، کە ٢٨ ملیار دۆلار بووە. لە ھەناردەکردندا ڕوسیا بۆ ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٩ دا، ٤٠ ھەمین وڵات بووە، بەڵام لەھاوردەی کاڵادا لە لایەن ئەمەریکاوە ھەر لەو ساڵەدا، ڕوسیا لە ڕیزبەندی ٢٠ دا بووە، کە بە بەھای ٢٢.٣ ملیار دۆلاربووە. سەبارەت بە نەوت و وزەش ئەمریکا لە سەدا ٥ نەوت و وزەی لە ڕوسیا ھاوردە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە BlackRock کە گەورەترین کۆمپانیای ئیدارەدانی سامانە لە جیھاندا کە بارەگاکەی لە نیو یۆرکە و سامانی ١٠ تریلۆن دۆلاری لە ژێردەستدایە، ئەم کۆمپانیایە ١٧ ملیار دولاری لە کاری سیکوێرێتیدا لە ڕوسیا لە دەست چووە، بە ھۆی ھەڵپەساردنی سامانییەوە لە ٢٨/٠٢ دا.

ھەرچیش سەبارەت بە ئەوروپایە ، لە ساڵی ٢٠٢١ دا بازرگانی و ئاڵووێر لە نێوانی ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپیدا ٢٥٧.٥ ملیار یورۆ بووە. بڕی ھاوردەی ئەوروپا لە ڕوسیا ١٥٨.٥ ملیار یورۆ بووە کە بریتی بووە لە نەوت و غاز و وزە و کانزاکان و تەختە و پۆڵا و ئاسن ھەروەھا سەمادی کیمیاوی. ھەر ئاواش لە ساڵی ٢٠٢١ دا ڕوسیا پێنجەم شەریکی ئەوروپا بووە لە ھەناردەدا و سێھەم شەرییکی ھاوردەی ئەوان بووە. سەرجەمی ھەناردەی ئەوروبا بۆ ڕوسیا لە ساڵی ٢٠٢١دا بایی ٩٩ ملیار یورۆ بووە کە بریتی بووە لە مەکائین و پارچەکانی و سەیارە و داو و دەرمان و ئالەتی ئەلەکترۆنی. لێرەشدا بە ئاشکرا دیارە کە مامەڵەی بازرگانی ئەوروپا لەتەک ڕوسیادا لە عەجزدا بووە، ھەناردەی ئەوروپا بۆ ڕوسیا زۆر کەمتر بوە لە ھاوردەی.

ھەرچیش بریتانیایە تا ئێستا سزای زیاتر لە ٣٥٠ ڕوسیی کە زیاتر لە ٥٠ کەسیان ئۆلیگارگییەکان و خێزانەکانیانن و بڕی گشتی داھاتیان دوای باج ١٠٠ ملیار دۆلارە. لە لایەکی دیکەوە حکومەت بە بڕی سەدەھا ملیۆن پاوەن لە کاڵای زۆر گرانبەھا و ناوازە [لەکشەری] بلۆک کردووە. ئەمە لە کاتێکدا ساڵی پار، ٢٠٢١ ، بریتانیا بایی٢.٦ ملیار پاوەند کاڵا و شمەکی بە ڕوسیا فرۆشتووە، ٤٠٠ ملیۆن لەمە پارەی فرۆشتنی سەیارەی دانسقە و تایبەت دروستکراو، بووە. لەگەڵ ئەوەشدا بە گۆێرەی داتاکان بریتانیا بازاڕێکی بچوک بووە بۆ کڕینی سەیارە لە لایەن ڕووسەکانەوە، کە نیشانی دەدات کە شتێک زیاتر لە ١٠ ھەزار سەیارە بە ڕوسیا فرۆشراوە، کە لە کاتێکدا بڕی بەرھەمھێنانی سەیارە لە بریتانیا بەھاکەی ٨٥٠ ھەزار پاوەند بووە.

کاردانەوەی جەنگەکە و سزا ئابوورییەکان لەسەر دانیشتوانی بریتانیا زۆر گەورەیە ھەر لە مانگی ڕابوردوودا، مانگی شوبات، نرخی خۆراک و خوردن لە سەدا ٢٠ گرانتر بووە بە بەراورد بە ھەمان مانگی ساڵێک لەمەوبەر. کولفەی ژیان لە بریتانیادا لە پایزدا بە ڕێژەی لە سەدا ١٠ دەچێتە سەرەوە. ھەر بە گوێرەی ئەو ئامارانە ژیان ئەوەندە گران دەبێت کە ٢٣.٤ ملیۆن خەڵک لە بریتانیا بۆ ئەوەی بژین دەبێت دەست بە جیھازەکانی گەرمکردنەوەی خۆیانەوە بگرن و ھاوکاتیش کەمکردنەوەی ھەندێک لە کەرەسەی خواردنی بنەڕەتی کە لە خۆیانی بگرنەوە.

بێ گومان کشانەوەی کۆمپانیای پیترۆڵی بریتانی لەژێر فشاری حکومەتی بریتانیا و کۆمپانیاکانی دیکە لەژێر فشاری حکومەتەکانی تردا ھەر وا بە ئاسانی بەسەرماندا تێناپەڕێت و دەبێت ئێمەی باجدەری بریتانیا ئەم باجە قورسە بدەین . ئەم باجەش دێتە سەر ئەو باجەی کە ماوەیەک لەمەوپێش نرخی غاز و وزەیان بۆ ساڵێک لانی کەم بە ٧٠٠ پاوەند خەمڵاند لەسەر ھەر ماڵێک یا بزنسێک.

سەرەڕای ئەمانەش نوقسانی بوجەی بریتانیا لە ٢٠١٩ دا گەیشتە ١٤٠ ملیار پاوەند بەھۆی پەتای کۆرۆناوە، ئێستا پێشبینی دەکرێت ئەم نوقسانییە [عەجزە] بە ھۆی ئەم جەنگەوە زیاتر ھەڵکشێت کە ئەمە لە کاتێکدا لەسالی ٢٠٠٠ دا تەنھا ٤٠ ملیار پاوەند و لە ٢٠١٠ دا ٩٨ ملیار بووە. لەم بارەشەوە، مارک کەنری کۆنە سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئینگلەند ماوەیەک لەمەوبەر وتی " بریتانیا سەبارەت بە ئیدارەدانی عەجزی میزانییەکەی متمانە دەکاتە سەر بەڕەحمیی ساماندارانی بێگانە" . گرانیی لە لایەکەوە و نوقسانی میزانییە ، بە بڕوای ئابوورییناسەکان ھەڵئاوسانی پارە لە پایزدا دەباتە سەروی لە سەدا ٨ .

ھاوکاتیش حکومەتی بریتانیا دەڵێت " ئەوەی لە توانامانا بێت دەیکەین بۆ پارێزگاریکردن لە بەکاربەر و خەڵک" بەڵام چۆن دەتوانێت ئەمە بکات ؟ ئەی ئەگەر نەیکرد چی ڕوودەدات؟ بێ گومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ڕەنگە لە ئایندەدا دەستمان بکەوێت.

ئەنجامگیریی:


بە گوێرەی ئەو داتانەی سەرەوە غاز و نەوت بەشی سەرەکی ھەناردەی ڕوسیایە بۆ ئەوروپا کە دەکاتە لە سەدا ٣١ بۆ ئەڵمانیا و ئەوروپا، بریتانیا لە سەدا ٧ بۆ ئەمەریکا لە سەدا ٥ . لە ئێستادا کە نرخی نەوت لە بەرزبووندایە بێ گومان لە قازانجی ڕوسیایە نەک بریتانیا و ئەوروپا کە تا ئێستا جێگرەوەی نەوت و وزەی ڕوسیایان نییە. گرانبوونی زیاتری غاز و وزەمەنیی زۆر لەسەر دانیشتوانی ئەوروپا و بریتانیا دەکەوێت. ھەمان شتیش بۆ ھاوردەکردنی سەمادی کیمیاوی کە کێڵگەوانەکان بە پلەی یەکەم زیانیان لێدەکەوێت و لە پلەی دووھەمیشدا بەکاربەران. باشە لەم بارە ناھەموارەدا کاردانەوەی ئەوروپییەکان و بریتانییەکان چییە و چۆن دەبێت؟ ئەی حکومەتەکانیان چۆن چۆن چارەسەری ئەم کێشە گەورەیە دەکەن؟ کاتێک کە لە پایزدا ئاو و ھەوا دەگۆڕێت.

لە ڕاستیدا زۆر گرانە کە ئەوروپا و بریتانیا جێگرەوەی بڕی نەوتی ھاوردەی ڕوسیا وا بە ئاسانی پڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەوە بکرێت زیادکردنی بڕی دەرھێنانی نەوتی زیاترە لە لایەن دەوڵەتانی ئۆپیکە وە کە خودی ڕوسیا کارایی خۆی لەسەر ھەندێک لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپیکدا ھەیە وەکو ئێران و لیبیا و ڤێنزویلا، خودی ئەمانیش لایەنگری ڕوسیان، تەنھا وڵاتێک کە بیەوێت ئەو بڕە زیاتر بکات کە ئەویس دەبێتە شکاندنی پەیمان و ڕێکەوتنی نێوانیان، سعودییەیە . چارەیەکی دیکە ھەیە کە ئەویش لابردنی سزا و گەمارۆی ئابووریی ئەمەریکا و ئەوروپایە لەسەر ئێران. رەنگە ئەم روداوانەی ئەم ڕۆژانە ھەنگاوی یەکەم بێت بۆ ئەوە، لەوانە گەرمکردنەوەی وتووێژ و بەردانی نازەنین زەگھاری ڕەتکلیف لە بەرانبەر نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن پاوەن کە ئەمەریکاش رازی بوو بەوە کە وەکو بڕێک بۆ کاروباری مرۆڤانە دەبێت سەرفبکرێت.

شتێکی دیکەش ھەیە ئەویش دابەزینی بەھای ڕۆبڵە، دراوی ڕوسیا ، کە لە دەستپێکردنی جەنگەکەوە شکاوە بەڵام لە ھەناردەی کاڵادا ھێشتا ھەر قازانج دەکات.

لە مەسەلەی ھەناردەی دانەوێڵەدا لە کاتێکدا کە بە ڕوسیا و ئۆکرانیا سێیەکی دانەوێڵەی دونیا زامن دەکەن زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوین و ھەروەھا و باکوری ئەفەریقا متمانەی سەرەکییان لەسەر دانەوێڵەی ڕوسیا و ئۆکرانیایە. بۆ نمونە لەسەدا ٤٠ ی پێویستی دانەوێڵەی یەمەن لە ڕوسیادا دەڕوێنرێت، ھەر ئاواش میسر گەورەترین ھاوردەی دانەوێڵەیە کە لە سەدا ٧٠ی گەنمی لەوێ دەھێنیت. ئەمە کارەسات دەھێنێت. ئایا ئەم وڵاتانە لێدەگەڕێن کە میسر و یەمەن و وڵاتانی دیکە گەمارۆ ئابووریییەکە بشکێنن و ئاسانکاریشیان بۆ دەکەن؟ یاخود حکومەتانی ئەوروپا و بریتانیا قەرەبوی ئەوەیان بۆ دەکەنەوە؟ ھەر بارێکیان بێت ڕوو لە باشی نییە بۆ ئەم حکومەتانە.

لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا ڕوسیا وڵاتێکە کە قەرزەکەی ئێکجار کەمە کە ھەتا دوو مانگ لەمەوبەر تەنھا ٣٨ ملیار دۆلار قەرزار بوو، کە لە چاو بریتانیادا ھەر ھیچ نییە، وێڕای ئەمەش متمانەی، کرێدتی، ٦٥٠ ملیار دۆلاریشی ھەیە، کە بڕێکیان نەختینەن و بڕێکی تریان ئاڵتون و ئەڵماس و کانزای گرانبەھای دیکەن.

لە لایەکی دیکەوە ئایا ئەو کۆمپانیانەی کە مامەڵەی بازرگانی و ئاڵووێر لەتەک روسیادا دەکەن تاکو چەندێک دەتوانن تەحەمولی ئەوە بکەن کە پەیوەست بن بە سزادانی ئابوری ڕوسیاوە وەکو کۆمپانیاکانی نەوت، مەکدۆناڵدا، کۆکاکۆلاو، بیبسی بێرگەرکینگ ، ستاربێرکس، کارتە بانکییەکان، ماستەرکارت، ھەرە گەورە کۆمپانیای جیھان ' بلاک ڕۆک ' کە ھەر لە ئێستادا ١٧ ملیار دۆلاری لە ڕوسیادا لە دەستداوە.

ئەوەی کە لێرەدا دەردەکەوێت ئەوروپا و ئەمەریکا و کۆمپانیا گەورەکانیانە کە زیاتر پاشکۆی ڕوسیان، نەک پێچەوانەکەی. لە لایەکی دیکەشەوە مەتریسیەکی دیکەش لەسەر کۆمپانیاکانی ئەوروپا و ئەمەریکا کە لە ڕوسیان، ھەیە. ڕوسیا ئێستا بیر لە دەستبەسەراگرتن و خۆماڵیکردنی کۆمپانیا و کارگە نزیکەکانی ئەوروپا کە لەوێ ھەن ، بێ ھیچ قەرەبووکردنەوەیەک، دەکاتەوە.


ڤلادیمێر پوتین چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وتی " کرملین دەتوانێت ڕێگایەکی یاسایانە لە دەست بەسەراگرتنی کۆمپنایا جیھانییەکان بدۆزێتەوە ...دەتوانێت ئیدارەیەی دەرەکی بدۆزێتەوە بۆ گواستنەوەی ئەمانە بۆ ھەر کەس بیەوێت کاریان لەسەر بکات ... یاسا و بازاڕی کافی ھەیە بۆ ئەمە" ھاوکاتیش دیمەتری میدڤیدیڤ-ی کۆنە سەرۆکی ڕوسیا وتی " وەڵامی گونجاو" ھەیە بۆ سزا و گەمارۆی ئابوریانەی کە لە سەریانە لەوانە " دەست بەسەراگرتنی سەرەوت و سامانی بێیانە و گریمانی خۆماڵی کردنیان" دواتر ئەوەشی بۆ وتەکانی زیادکردو وتی " ھۆکارەکانیان ھەرچۆن بێت ، کۆمپانیا بێیانەکان دەبێت لەوە بگەن گەڕانەوەیان بۆ بازاڕەکەمان ئاسان نابێت".

گەرچی ئەمانە ھەڕەشەن لە ئێستادا بەڵام ڕوسیا ڕەنگە بتوانێت بیانکاتە کردار و ئەوەی کە دەیەوێت بیکات، ئەمەش زۆر گران نییە بۆ ڕوسیا کە لە کاتێکدا ڕوسیا دەتوانێت سەرپێچی ئەو یاسا و برگە یاسایانەی بازرگانی و بزنسانەی نێوانی خۆیان و کۆمپانیا بێیانەکان بکات، چونکە لە حاڵەتی ئاوادا ئەوروپا و ئەمەریکا چی تر دەتوانن بکەن جگە لە سزا و گەمارۆی ئابوریانەی زیاتر؟ کە ئەمانەش ھەموویان کراون.

 

١٩\٣\٢٠٢٢
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک