په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٣\٢٠٢٠

سۆشیاڵ میدیا وەک جێگرەوەى پانتایى گشتى.


ناودار زیاد       


نەخۆشى پەتاى ڤایرۆسى کۆڕۆنا ناسراو بە (نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩) بە سەرانسەرى جیهاندا بڵاوبۆتەوە، بەهۆیەوە هەزاران کەس تووشبووە و هەزاران کەسى کوشتووە و مەترسى و هەڕەشەى لەسەر ژیانى ملیۆنان کەسى تر دروستکردووە. ئەم پەتایە تا ئێستا چارەسەرى نەدۆزراوەتەوە، بۆیە تاکە ڕێگاى خۆپارێزیى ئەوەیە بەر بە تەشەنەسەندنى بگیرێت. لەم چوارچێوەیەدا چەندین وڵات هەستاون بە ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتووچۆ و کۆبوونەوە و، داخستنى بازاڕ و خوێندنگا و زانکۆ و شوێنە گشتییەکان. هەرێمى کوردستان و عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەى زیاد لە مانگێکە قەدەغەى هاتووچۆى ڕاگەیاندووە و بازاڕ و شوێنە گشتییەکانى داخستووە و دەوامى لە دامەزراوە و دەزگاکاندا کردۆتە پشوو. هەموو ئەمانە دەیان لێکەوتە و دەرهاویشتەى ئابورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى و کولتورى و دەروونى و مەعریفییان لێکەوتۆتەوە، لەنێویاندا بە زەقى هەست بە پیوار و غیابى پانتایى گشتى دەکرێت.


پانتایى گشتى هەموو ئەو شوێن و جێگایانە دەگرێتەوە کە خەڵکى تێیدا کۆدەبنەوە و یەکترى دەبینن، لەم میانەیەدا گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ یەکتریدا دەکەن. ئەم پانتایى گشتییانە کراوەیە بۆ هەمووان و هەر تاکێک بیەوێت دەتوانێت بەشداریى تێدا بکات. لە پانتایى گشتیدا تاکەکان گفتوگۆ و ڕاوێژ و دیالۆگ لەگەڵ یەکتردا دەکەن دەربارەى پرس و بابەت و کێشە و دیاردە گشتی و ڕۆژانەییەکان، بەجۆرێک هەر ئەم ڕوانگە و بۆچوون و باوەڕانەى تاکەکانە هۆشیارى گشتى و دەستەجەمعى بەرهەمدێنێت و ڕاى گشتى دروست دەکات.


ئەم پانتایى گشتییانە لە وڵات و کۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەکێکى تر دەگۆڕێت. لە هەرێمى کوردستاندا دەکرێت چایخانە، کافتریا، مزگەوت، ڕۆژنامەکان، باخچە و پارکەکان، شەقام و گۆڕەپانەکانى پیاسە و کۆبوونەوەى خەڵکى و هاوشارییان، کۆڕ و کۆنگرە و سیمینارەکان و، هەموو ئەو شوێنە گشتییانەى چالاکییە بەکۆمەڵى و ڕۆژانەییەکانیان تێدا بەڕێوە دەچێت بە پانتایى گشتى دابنرێن. بەڵام لە غیاب و پیوارى ئەم پانتاییە گشتییە بەرجەستە و مەیدانییانەدا ئەوەى جێگاى گرتووەتەوە سۆشیاڵ میدیا و تۆڕەکانى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، کە دەشێت بڵێین دیجیتاڵى و ئەلکترۆنى و مەجازییە، چونکە تاکەکەس لە هەر شوێنێک بێت دەتوانێت بە سمارت فۆن، لاپتۆپ، یاخود ئایپادێک لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ ئەوانیتردا و، بەشێوەى گروپ و دەستەجەمعى و پێکەوەیى چالاکى و کردەى گشتى بنوێنێت و ئاگادارى ئەو زانیارى و بڕیار و ڕێوشوێنانە بێت کە بڵاودەکرێنەوە و چرکە بە چرکە بزانێت چى ڕوودەدات و چ پێشهاتێکى نوێ چاوەڕوانکراوە.


بە خواستن لە فەیلەسوفى ئەڵمانى (یۆرگن هابرماس) (١٩٢٩-) دەزانین کە پانتایى گشتى سەکۆیەکە بۆ بانگەشەکردن و شوێنێکە بۆ دروستکردنى ڕاى گشتى. بەو پێیەى لەم بارودۆخەدا کە خەڵکى هەرێمى کوردستان بەگشتى لە کەرەنتین یاخود هاوێر و ڤارێزدایە و، خزاونەتە ماڵەوە و حەسر بوونە، سۆشیاڵ میدیا جێگەى هەموو پانتاییە گشتییەکانى دیکەى گرتووەتەوە و کردە و چالاکییە گشتییەکانى تاکەکان لەوێدا چڕبووەتەوە. سەربارى لایەنە باش و ئەرێنییە زۆرەکانى، کەچى ناتوانرێت نکۆڵى لە لایەنە خراپ و نەرێنییەکانیشى بکرێت، کە لەنێویاندا و بە تێڕوانینى ئێمە گرنگترینیان ئەوەیە چاودێرى و ڕێکخستن و دیسپلین و ئاکار لە سۆشیاڵ میدیادا زەحمەتە و بەئاسانى ڕەچاوناکرێت. لێرەوە پرسى هۆشیارى و ئاستى مەعریفى و فیکریى ئەو کەسەى بەکاریدێنێت دەبێتە بابەتێکى زەرورى و پێویست. هەرچەندە پێویستە بڵێین کە مەبەستمان لەوە نییە هەموو ئەو کەسانەى سۆشیاڵ میدیا بەکاردەهێنن دەبێت بیرمەند و فرەزان بن و بڕوانامەى بەرزیان هەبێت و خاوەن مەعریفەیەکى زۆر بن، چونکە ئەمە دنیابینیى و خواستێکى ئایدیاڵییە، لە هەمان کاتدا کەتوار و واقیع و کۆمەڵگە و ژیانى مرۆڤیش مۆزاییک و فرەڕەنگ و فرەجۆرە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە پسپۆڕى و پیشەزانى ورد برەوى هەیە، بەجۆرێک کەسێک تەنها دەپەرژێتە سەر بازرگانى، یەکێک دوکانداریى، ئەویتر مامۆستایەتى، کۆمەڵێکى تر شۆفێریى، کەسانێک توێژینەوە و نووسن و,,, تاد، بەڵام ئەوەى لەم پانتاییە گشتییەدا، کە سۆشیاڵ میدیایە، پێویستى بە هەڵوەستە و وریایى هەیە ئەوەیە ئێمە بڕوا بەچى بکەین؟ کام زانیارییانە بە فەیک و هەڵبەستراون؟ چۆن تەماشاى ناکۆکى و ململانێى ئایدیۆلۆجیا و ئایینى و تەوژم و حزبە سیاسییەکان بکەین؟ ئەو زانییارییانە کامانەن کە لێکەوتى نەرێنى لەسەر دەروون و فیکرمان دروست دەکەن؟ لە هەمووى گرنگتر ئەوەیە ئێمە هەر پۆستێکى سۆشیاڵ میدیا: وتار، بۆچوون و سەرنجەکان، ڤیدیۆ، زانیارى، ڕەخنە، تەنانەت نوکتە و کۆمیدیا و گاڵتەیەکیش بە ڕایەڵەى بەها و ئاکارە باڵاکانەوە گرێ بدەین، هەموو ئەو بەها و ئاکارانەى موڵکى هیچ گروپ و چین و نەتەوە و ئایین و ئایدیۆلۆجیا و ڕەگەز و کۆمەڵگە و ناوچەیەکى دیاریکراوى جیهان نین، بەڵکو تەنها موڵکى مرۆڤن، جا ئەو مرۆڤە سەر بە هەر گروپ و چین و نەتەوە و ئایین و ڕەگەز و ئایدیۆلۆجیا و کۆمەڵگە و ناوچەیەکى جیهان بێت. ئەستەمە هیچ مرۆڤێک نەزانێت کردە و چالاکى و هەڵوێستە مەدەنییەکان چین، ئاشتى و ڕێز و ڕاستگۆیى و ...تاد چییە. بە دەربڕینێکى تر، وێڕاى ئەوەى لە سۆشیاڵ میدیادا مرۆڤ ئازادە لە گوزارشتکردن لە هەست و سۆز و بۆچوون و باوەڕەکانیى، بەڵام تاکو لە دەربڕین و نیشاندانیاندا ڕەچاوى ئاکار و بەها و فەزیڵەت بکات بەو ئەندازەیە هونەریتر و ئیستاتیکیتر دەردەکەوێت. بەو پێیەى بە خوێندنەوەى (فینۆمینۆلۆجیاى هۆش)ى (هیگڵ) (١٧٧٠-١٨٣١) "لە کۆمەڵگەیەکدا دژایەتى و ناکۆکییەکان گەرموگوڕ و توند بێت، هێشتا ئامادەیى خەیاڵى هونەریى و جوانیى برەوى هەیە". لەکاتێکدا دەزانین کە بانگەشەکردن بۆ سەروەربوونى ئاکار هاوکاتە لەگەڵ بانگەشەکردن بۆ جیهانێکى دروستکراو کە ناکۆک و دژە لەگەڵ کەتوار و واقیعدا و لە هەمان کاتیشدا لە پەیوەندیدایە لەگەڵیدا و دەسبەردارى نابێت.


 

znawdar910@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک