![]()
|
٢٧\٩\٢٠٢٦ سۆسیالیزم لە نێوان دوێنێ و ئەمرۆدا!
ئەوە بوو کۆمۆنەی پاریس ساڵی ١٨٧١ وەک یەکەم ئەزموونی سوسیاستی هاتە کایەوە، شایانی باسە ئەم ئەزموونە ٧٢ رۆژی خایاند، هەرچەندە مارکس پێ وابوو زەمینەکەی لە رووی بابەتی یەوە پێ نەگەیشتووە بەڵام بەشداری تیا کرد وەک یەکەم ئەزموونی شوڕشگیریی سوسیالیستی، دوا بەدوای ئەوە لەساڵێ ١٩١٧ شوڕش لە روسیای تزار تەقییەوە، گەرچی مارکس پێشبینی یی وابوو کە شوڕشی سوسیالیستی لە ئینگلتەرا یان ئەڵمانیا دەتەقێتەوە لەبەر ئەوەی چینی کرێکار لەو وڵاتانە پێشکەوتووە بەڵام لینین گوتی روسیا لاوازترین ئەڵقەی سەرمایەداری هەر بۆیە شوڕش لەوی بە ڕابەرایەتی خۆی و پارتی بەلشەوی تەقییەوە ئیدی یەکیتی سوڤیەت بونیاد نرا وەک ناوەندی وڵاتانی سوسیالیستی لە جیهان، لەپاڵ ئەمەش لە ئەوروپای رۆژهەڵات لە چەندین وڵات سیستەمی سوسیالیستی ڕاگەیەنراو لە دوای جەنگی جیهانی دووەم جیهان بووە دووبەرە لە نێوان هاوپەیمانیەتی وارشۆ و هاوپەیمانیەتی ناتۆ!
ئیدی لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەک سەردەمی کومپیوتەرو دونیای دیجیتاڵ هاتە کایەوە، چەمک و پێناسەی سوسیالیزم گۆڕا، کارخانەکان بە سیستەمی ئۆتوماتیکی بەڕێوە دەچن، کرێکاری یەقە سپی هاتەکایەوە، روڵ درا بە سەندیکاکانی کرێکاران و فەرمانبەران هەرچەندە لەسەردەمی لینین پێناسەی سەندیکای سوور و زەرد هەبوو، گوایا سەندیکای زەرد هی سەرمایەدارانە! بەڵام لە رۆژگاری ئەمرۆدا ئەم سەندیکایە روڵی کاریگەر دەبینێ لە داکۆکی کردن لە مافی کرێکاران لە ڕێگرتن لە چەوساندنەوەی کرێکاران و فەرمانبەران، چەمکی سوسیالیزم جاران چەمکێکی ڕەها بوو بەڵام لە رۆژگاری ئەمرۆ چەمکێکی ڕیژەیی یە، جاران لینین پێ وابوو ئیمپریالیزم دوا قوناغی سەرمایەداری یە، رۆژ لە دوای رۆژ سەرمایەداری گۆڕکەنانی خۆی بەرهەم دێنێ بەڵام دەرکەوت سەرمایەداری بە سود وەرگرتن لە دەستکەوتەکانی سوسیالیزم خۆی تازە ئەکاتەوە، وەک مار هەر وەرزەو کاژی کۆن فڕێ ئەدا و کاژێکی تازە دێنێتەوە.
دوزینەوەی تەکنولوجیاو دونیای دیجیتاڵ تەمەنی سەرمایەداری درێژ کردەوە، سەرمایەداری بە سود وەرگرتن لە ئامێری پێشکەوتووی روبۆت، پلەی چەوساندنەوی کرێکاران کەم بۆتەوە، کریکاران وەک جاران بە خاکەنازو قازمە کارەکانیان ئەنجام نادەن هەر بۆیە چەمکی سوسیالیزم لای پارتە کۆمۆنیستەکان گۆڕانی بەسەر هاتووە، حزبە کۆمۆنیستەکانی وڵاتانی سەرمایەداری کەوتوونەتە پەراوێزەوە بەڵام روڵیان گرنگە بۆ ڕیگرتن لە چەوساندنەوە لە نێو کۆمەڵگا بە هەموو جۆرەکانییەوە، داکۆکی لە توێژی پەراوێزخراوەکانی نێو کۆمەڵگا، ئەوانەی تا ئێستا ئیشی فیزیکی ئەکەن و ماندوو دەبن، ماندوو بوون هەر ئارەق ڕشتن نییە، ماندوو بوون ئەوەشە هەشت سەعات بەردەوام لە پیش کۆمپیوتەرەوە دانیشی کاری ئیداری و خزمەتگوزاری بکەیت، ماندوو بوون ئەوەیە بۆ چەندین سەعات کاری سەختی پروگرامسازی ئەنجام بدەیت، سوسیالیزم تەنیا یەکسانی ماددی نییە بەڵکو یەکسانی مەعنەوویشە، سوسیالیزم تەنیا دروشم نییە بەڵکو ئیش کردنە لە نێو دام و دەزگایەک خزمەت بە مرۆڤایەتی بکا، سوسیالیزم چەمکە، بەهایە، پێناسەیە، شێوازی دابەشکردنی داهاتە، سوسیالیزم موراڵە پێش لە چاوچنۆکی و تەماحی بێ سنوور ئەگرێ، سوسیالیزم پەروەردەکردنی نەوەکانە بە بەهای هاوکاری و هارێکاری و هەماهەنگی، سوسیالیزم هیوای گەلان و چینی چەوساوەیە، سوسیالیزم خاوەن ڕەنگی سوورە لە نێو ڕەنگەکان، سیمبولی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی یە بە تایبەت یەکسانی ئافرەت و پیاو، سوسیالیزم رێگاگرتنە لە کاری مناڵان، سوسیالیزم بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی یە، سوسیالیزم ئاسۆیە کە گەلان و چینی چەوساوە بە ئاسودەیی لە سایەی بژێن، پانتایی ئیش کردن لەسەر چەمکی سوسیالیزم بەرفراوانە تەنانەت پاراستنی ژینگە ئەرکی سوسیالیستەکانە، سوسیالیزمی ئەمرۆ لێ تێگەیشتنی تاکە لەسەر ئاستی تاکگەرایی و داهێنان!
|