په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠٢٠

سۆسیۆلۆژیای خوێندنەوە.

- کۆششێک بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەر و کرانەوەی کۆمەڵگە -

عەباس جەمیل جێماو  


دەبێ مرۆڤ پرسیار لە خۆی بکات، کاتێک پرسیار لە خۆی ناکات واتا پرسیار لە سۆسیۆلۆژیا ناکات، کە پرسیاریش لە سۆسیۆلۆژیا ناکات کەواتا لە ئەدەب ناکۆڵێتەوە، بۆیە دەبینین ئەم ھەموو دەقە ناکامڵە بەسەرماندا تێدەپەڕێت و چاپ و بڵاو دەکرێنەوە کەسیش قسە ناکات، دواتر سەرھەڵدانی گرفتگەلێک بێ ئەوەی کەسێک بیری لێ بکاتەوە و چارەیەکی بۆ بدۆزێتەوە، منیش ناچار بکات لەم فەزایە جێم نەبێتەوە، خۆم نادۆزمەوە.


بالزاک توانی روئیای فیکری چینایەتی بگۆڕێ، باسی جوتیار دەکات، باسی ژیانی فەرەنسا دەکات لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەم، ھاوکات توانی دەیان ئەدیب و بیرمەندی گەورە بخاتە ژێر کاریگەری نووسینەکانی، مارکس باس لە واقیع گەرایی دەکات و پێی وابوو بالزاک راستگۆترین شتی وتوە لەمبارەوە.


مۆلێر بەکۆمیدیا باس لە تاکی بۆرجوازی دەکات، ئەگەر ئەم بیرۆکەیە براکتیک بکەینە سەر ژیانی ھونەری کوردی و ھەروەھا ژیانی ئاسایی، دەبینین ھەم بۆ ھونەرمەند و ھەم بۆ بینەر و گوێگر، فەزاکە دوو شتی جیاوازە، بەڵام لە تێکستی کوردیدا چارەسەری ئەم ئیشکالیاتە ھونەری و سۆسیۆلۆژییە نابینین، بۆیە ئەمە ئیشی سۆسیۆلۆژیایە، کە لەکایەکاندا کەمتر گرنگی پێ دراوە.


لێرەدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، کە ئەوە سۆسیۆلۆژیایە ھۆکاری بەرھەمھێنانی تیۆرە، بۆ نموونە بونیەی واقیع گەرایی دروست کرد.


لەمڕوانگەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەڕستۆ و ھیگڵ، کە چۆن دەڕواننە ھونەری شیعر، یان ھیلیس میلەر لە کتێبی ئەخلاقیاتی خوێندنەوەدا، بە چ شێوەیەک خوێندنەوەی بۆ لایەنی ئەخلاقی لە دیراسەی ئەدەبی کردووە، کە سایکۆلۆژیای کەسایەتی لەدەق جوداکردۆتەوە، نموونەی ئیشکردن لەسەر دەقی فەلسەفی و ئەدەبییەکانی زۆرێک لە ئەدیب و نووسەری وەکجۆرج ئەلیوت و ھینری جێمس و ھتد.


ھەروەھا رۆڵان بارت باسی مردنی نووسەر ئەکات، دەلیلی ئەوە دێنێتەوە، کە دەقی ئەدەبی لەدەستی نووسەر دەرئەچێت و ئەبێتە موڵکی خوێنەر، چونکە خوێنەر بە دوای مەعریفەوەیە، خوێنەر چاوەڕێی بەرھەمی ئەدەبی دەکات، فیکر و مەعریفە لەیەک جیا دەکاتەوە و وەکو چاودێرێک بەسەر تێکستەکانەوەیە ئینجا بەسەر دەقنووسەوە.


لەمبارەیەوە بەرھەمێکی سارتەر وەرئەگرین لەدەقی (مێشەکان) یان لەگرێی ئەلکترایسۆفۆکلیس، چەندین روداوی تاقانەی تێدا دەبینین، وەختێک بەدیققەت تەماشایان دەکەین، بەبەراورد بەیەکتر دەقگەلێکن خاڵی ھاوبەشیان تێدا نییە، نە لە رووی دەرونناسیەوە نە ستایلی نووسین نە خوێندنەوەی کارێکتەر، بەڵکوھەر دالێک لەوانە مەدلولەکەی لەبەرھەمە ئەدەبییەکەدا بەئاسانی بۆ خوێنەر دەرئەکەوێ، چونکە ئەمانە سروشتێکی یەکپارچەییان ھەیە (الوحدە الموچوعیە)، کە ئەویش پەیوەندی راستەوخۆی بە کۆمەڵگەوەیە، بەومانایەی ھەر نووسەرێک یان دەقنووسێک بەتەواوی کۆمەڵگەی نەخوێندبێتەوە، ناتوانێ لە دەقەکانیدا رەنگبداتەوە.


ئەمە دەبێ لەناخی خودی نووسەردا ھەبێ، بەواتای جیاوازی بەرھەمێک لەگەڵ بەرھەمێکی تر، لەکۆمەڵناسیدا وەکو ئەوە وایە، کە دوو کارەکتەرمان ھەبێ یان فرە پاڵەوان، ھەر یەکەیان باس لەبابەتی خۆیان بکەن، بۆ نموونە ویستی شێتێک لەگەڵ کەسێکی عاقڵی ئاسایی یان بیرمەندێک.


ئەوەی کە گەورەترە لەناو کۆمەڵناسیدا مەسەلەی شرۆڤەکردنی حاڵەتە یان دیاردەکانی کۆمەڵگە، نمونەی نووسەرێک لە چیرۆکێکدا باس لە گرەوی ژیان دەکات، کە ئەمەیان دەروونناسیە، بەڵام لایەنەکەی تری واقیعی کۆمەڵایەتییە، بۆ نموونە کارەکتەری دەقەکە لەگەڵ کەسێکی ئەرستوکرات یان دەوڵەمەند خۆی بەراورد دەکات، یان پرۆتستانتی یان کاسۆلیکی، لەژیانی کۆمەڵگەی عیراقیش (شیعە و سونە).


ئەدەبناسی گرنگیدانە بە وێناکردنی ژیانی مرۆڤایەتی چ لە رووی فیکری و مەعریفیەوە بێت یان سۆز و ھەڵچوونەکان و تاد، لە گشت قۆناغەکاندا لەنێو بازنەی سروشت و کۆمەڵگە و بیرکردنەوەکاندا، لەسەر بنەمای بەڵکە و توێژینەوەی زانستی، کە لە بوارەکانی ژیان دەستی بۆ دەبردرێ،ھەروەھا پۆلێن دەکرێت بە شێوە زانستی و ھونەرییەکەی، چونکە بەپێی تیۆری لۆسیان گۆڵدمان بێ، دەبێ ئەدەب گرێدراوی باری کۆمەڵایەتی بێ، بەپێچەوانەوەجگە لە فانتازییەکی بێ ئامانج شتێکی تر نییە.

 

مانای ھەر بەرھەمێکی ئەدەبیش وەک راپۆرتێک نییە، تاکو لەتەوەرێک یان دووان گینگڵ بدات، لەکاتێکدا بەدنیایەک گفتوگۆ و دەنگی جیاواز دەوردەدرێت، بۆ بەستنەوەی بەکایەکانی تری کۆمەڵگەوە چ لەرووی بابەتییەوە بێت یان مەعریفی یان شوناسی ئەدیب لەناو دەقدا .. تاد.


ئامانجیشی داکۆکی کردنە، سوسیۆلۆژیای ئەدەبیش شرۆڤەکردنی ئەو ئامانجەیە، نموونەی رۆماننوسێک، کە واقیعی ئەنووسێ و ئەوی تر خەیاڵی و فانتازی، مارکیز یان سێرڤانتس لەگەڵ ماکسیم گۆرگی سێ فەزای زۆر جیاوازن، عەبدوڵڵا سەراج و بەختیار عەلی ھەروەھا زۆر جیاواز.


بابەتێک ھەیە لەناو تیوری ئەدەبی پێ دەوترێت بنەماخوازی ئەدەبی، ئەدەبیات شیکاری تایبەت بەخۆی ھەیەو پەیوەندی دژەکان لێک دەداتەوە، نموونەی فۆرمالیستێک لەگەڵ ئەزمونگەرێک.


ھەروەھا دۆخی مێژوویی و رواڵەتی مرۆڤ لەناو دەقدا، بەواتای ئەوەی کۆمەڵناسی جیاوازی بەرچاو ئەکات، جیاوازی مێژوونووسێکی ئەدەب لەگەڵ شرۆڤەکارێکی ئەدەب وەکو مێژوو، چونکە ستراکتۆری دەقەکان لەناو ئەدەبەکاندا دەخوێنێتەوە، بۆ نموونە ئێمە خاوەنی ھەندێ گرێین لە سایکۆلۆژیای دەقدا، لە دەقی ئەلکترا کچ حەز لەباوکی دەکات، ئۆدیبیش دایکی،ئەگەر چی عوقدەیەکی سایکۆلۆژیە، بەڵام پەیوەندی بەسۆسیۆلۆژیاشەوە ھەیە،گرێی ئەلکترا زاراوەیەکە لەلایەن فرۆیدەوە دانراوە، کە ئاماژە بە ھۆگربوونی بێ ھۆشانەی کچ بەباوکی دەکات و ھەروەھا چۆن ئیرەیی بەدایکی دەبات و رقی لێدەبێتەوە، فرۆید توانی ئەم زاراوەیە لە ئەفسانەی ئەلکترای یۆنانی وەربگرێ و لەبەرامبەردا گرێی ئۆدیب لەلایەن نێرینەوە.


ئێمە ئەمانە وەک دەق وەردەگرین، دەسەڵاتی دەقی رابووردووش ئەیەوێ بەسەر داھاتوودا جێگیر بێت، بەواتای نەمری دەق، لەدوای ھاتنی ئازادی بۆ دەقیش قۆناغێکی تری دەقی رەسەن دێتە ئاراوە، کە ھەمیشە بخوێنرێتەوە.


ئازادی بۆ دەق، ئازادی بەواتای خۆ دوورخستنەوە لەو کۆت بەندەی ھەیە، بۆ نموونە دوورکەوتنەوە لە کێش و سەروا، ھەروەھا لە مۆسیقاشدا چەندین ستایلی نوێ سەریھەڵداوە،نمونەی ئەرەبێسک، کەواتا ئێمە قسە لەسەر بابەتێک ئەکەین بەواتای دەقی کراوە، کە بەدەقی رەسەن ناسراون.


شرۆڤەکاری کۆمەڵناسی ئینتیمای نییە بۆ ھیچ یەک لەمانە، لەیەک حاڵەتدا نیگای ھەیە ئەویش خیانەت لەدەقدا بەواتای دزی لەدەقدا، خوێنەری ماتریالیش ئینتیمای ھەیە، ھەروەھا چەپ گەراکان و دەروونشیکارەکانیش ئینتیمایان ھەیە، بۆ نمونە رۆبن ھود وەکو پاڵەوانێک تەعامولی لەگەڵدا ئەکرێ وەک ئەوەی خۆی خۆی دروست کردبێ لەدەقەکەدا.

کاتێ قسە لەسەر ئەو بنەماخوازیە ئەکرێ بۆ خوێنەری وشیار و شیاو، بەرھەمی دەق و توێژینەوەی دەق لێرەوە دەست پێدەکات، لێرەوە ئاستی خوێنەر باڵاتر ئەبێ و ئەچێتە پێشەوە، چونکە لێرەوە باسی فاکت ئەکرێ، ئەو فاکتەی خوێنەری ئاسایی لەدەقدا نایبینێت.


مەبەستی نووسەری جدیش لێرەوە سەرھەڵدەدات وەک ئەوەی بیەوێ بڵێت پێویستە خوێنەر ئاڕاستە بکرێت، کرانەوە بەرەو فەزای کۆمەڵایەتی، بەرامبەر بە فیکری نامۆکان، ئەمەش بەھەڵسەنگاندن دەکرێ، کاتێک بەراوردکاری بۆ زیاتر بەرچاوروونی خەڵکی و بەرەو پێشبردنی کۆمەڵکە و رزگارکردنیان لەجەھل و تێگەیشتنی نەرێنی.


بەڵام ئەوەی مایەی ھەڵوەستەکردنە خوێنەری ئێمە لەم فەزایەدا، وەک بڵێی لەناو زەلکاوی جەھلدا ئەیانەوێت گەنگەشەی بابەتەکان بکەن، ئەوەندەی لەھەوڵی خوێندنەوەی حیکایەتەکانی نێو تێکستەکان بوونە، نیو ئەوەندە بەلای خوێندنەوەی فاکتەکاندا نەچوونە، بەواتای تێنەگەیشتن لەشێوەکانی پەیوەندی نێوان دەق و ماناکانی پشتی دەق.


ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، تاچەند خوێنەری کورد توانیوێتی خوێنەرێکی جددی فکری ئەدەبی بێت و میتۆدەکان بناسێ، ھەروەھا لەناو دەقی کوردیدا خۆی بدۆزێتەوە؟


ھاوکات نووسەری کورد تاچەند توانیوێتی شۆڕبێتەوە ناو ئەو واقیعی کۆمەڵایەتییەوە، کە لە فەزای بیرکردنەوە یان لەپەراوێزی بیرۆکە و ھەنگاوە فیکرییەکانیدا وێنای کێشەکانی کۆمەڵگە بکات، پشت بەستوو بە گرینگیدان بە خوێندنەوەی چالاکییە مرۆییەکان لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، چونکە نووسەر یان ئەدیب گوێزەرەوەی بونیادی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن لە ژیانی مرۆڤایەتی.


ئایا نووسەر تا چەند توانیویانە خوێنەر بە ئاڕاستەی وشیاری چینایەتی و کێشەکانیدا ببەن، یان تا چەند ھانی خوێنەریان داوە فکر و جوگرافیا و.. تاد، بخوێننەوە؟


لە کتێبی رەخنە لە ئایدۆلۆژیای سمکۆ محەمەد ھاتوو (ئێمە باس لە کائینێک دەکەین (رۆشنبیر) نابێت دەست و پێ سپی بێت، چونکە ئەم کائینە ھیچ نەبێت دەزانێ نادادپەروەری کامەیە و لە کوێوە دەستیپێکردووە و بۆ کوێ دەچێت و ھیچ نەبێ دژی بوەستێتەوە).


ئەمەیە ئەو گرفتەی ئەمانەوێ پەنجەی بۆ درێژ بکەین، نوسەر و رۆشنبیری ئێمە وەک پێویست نەیانتوانیوە ئەو ئامانجە بپێکن، کە پێ دەوترێت ئاڕاستەی تاکی گۆمەڵگە، بەپێچەوانەوە بەپێی ویستی خوێنەر دەقیان نووسیوە، وەکو ئەوەی ئێستا ھەر قەڵەم بەدەستێک بوونە بە رۆماننووس.


ئێمە پێویستیمان بە پراکتیک کردنی ھەڵوەشانەوەگەرایی ھەیە بۆ دەقی کوردی،کە لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئێمە لەمبارەیەوە دەستبەتاڵین، بتوانێ لەتێکستەکاندا شێوازی پەیوەندی نێوان دەق و ماناکەی شی بکاتەوە، شرۆڤەکارمان نیە، رۆشنبیری ئاڕاستەکارمان نیە، ململانێی ئەدەبیمان نیە، وەرگرتن و پێدانمان نیە، نازانین مێژوو چیە، جوگرافیا ناخوێنینەوە، رۆشنبیرییەک بەدی ناکەین لۆژیکیانە خوێنەر ئاراستە بکات، لێرەوە تێدەگەین، کە کورد لەئەدەبدا بەتایبەتی لەدەرەوەی ئەو مێژووەیە کە مۆدێرنە تۆماری کرد.


بۆیە ھەر بەم ھۆیەوە خوێنەرمان نەیتوانیوە لەرێی سوسیۆلۆژیاوە شۆڕبێتەوە نێو دەقەکان (واقیعی نیە)، فاکت ناخوێنێتەوە، خۆی لائەدا ئەترسێ، بەزۆری خوێنەری رووکەشن، یان روونتر بڵێم ترسنۆک، ئەنجامی ھەموو خوێنەرێکی ترسنۆکیش، ئایکۆنی بەتاڵ و ترسنۆک بەرھەم دێنێ، ئایکۆنی وەھمی، دوور و نزیکیش خوێندنەوەمان بۆ کێشەکانی چینایەتی نەبووە.


کاتێکیش پەی بە کێشەی وشیاری چینایەتی نەبردرێت، ناتوانین بەشداری ململانێیەک نەکەین لەکایەکاندا، کە بگونجێت، ھەر کۆمەڵگەیەکیش بەم چەشنە لە جەھلدا ژیان بگوزەرێنێ، بەدڵنیاییەوە بۆ دەسەڵاتی سیاسیش وەک ئەوە وایە ھەنگوینی لە داردا بەدەستھێنابێت، کورد واتەنی کاڵا بەقەد باڵا.


بیریشمان نەچێت جۆرێکی ترمان ھەیە لە خوێنەر، جیاواز لەوەی باسمان لێوەکردن، کاتێ لە خوێندنەوەی تێکستێک ئەبینەوە،ئەوەندە ئەزانین بڵێین دەقێکی خۆشەوە، نمونەی دوو کەسی ھاوسەفەر، یەکەمیان سەفەر بۆ چێژ وەرگرتن دەکات و دووەمیان وەکو گەریدەیەک شت ئاشکرا دەکات، کە بەوردی ئەڕوانێتە ئەو چەمکانەی دێنەبەر زیھنی یان خوێندنەوەو لێکۆڵینەوە لەو کەرەستەو بابەتانەی دێنە بەردیدی تا ئاستی توێژینەوەی زانستی و سودوەرگرتن لە مەبنا ھونەری و زانستیەکەی.


نمونەی کۆڵۆمبۆس وەک بارزگانێ، کە بەردەوام لە گەشتدا بوو، توانی لەھاوشانی کارەکەی یان پیشەکەی، شت بدۆزێتەوە، جیھانێکی نوێ بدۆزێتەوە (ئەمریکا) و ھەروەھا بڵێ زەوی خڕە، رامبۆ بەھەمان شێوە بۆ بازرگانی ھاتە رۆژھەڵات، کەچی بوو بەخاوەنی دەقی کراوە.


لە ھونەریشدا گۆرانیبێژ جۆرێکی ترە لە خوێنەری دەق، ھەروەھا مەقام بێژ و شانۆکار و شێوەکار تاد، وەکو موخاتبێک ئیش لەسەر دەقەکان دەکات و بەشێوەی زارەکی (شەفەیی) یان دەست و فڵچەکەی، بیرۆکەکان ئاڕاستە دەکات و بیاگوازێتەوە.


کاتێک ئەڕوانینە مەقامەکان، ئەوانیش ئەچنەوە بابی کلتوورەوە، کە ئەکرێ بڵێین کورد لە کۆندا خاوەن گوتار یان ھونەری رەسەن بووە، کە ئەبینین بەزۆری ھەوڵێک بوونە بۆ کرانەوە بەرووی کۆمەڵگەدا، چ وەک دەق یان وتن، وەکو مەقامەکانی سیاچەمانە و ھۆرە و ئای ئای و لاوک و حەیران...تاد.


لێرەدا یەکێک لە ستایلەکانی مەقامی حەیرانی دەشتی ھەولێر بە نمونە دێنینەوە، کە لەتێکستەکەیدا (ئەسمەر و مامەر) وەک دوو پاڵەوانی دەقی مەقامەکە ھاتووە، کاتێ ھەواڵی برینداربوونی مامەر دەگاتە ئەسمەر، بێ سڵەمینەوەو زۆر بوێرانە بەمەبەستی چوونی بۆ لای مامەر، روو دەکاتە باوکی دەڵێت، (ئیزنیشم بدەی ھەر دەچم، ئیزنیشم نەدەی ھەر دەچم) ئایا لێرەدا لەرووی سۆسیۆلۆژی ئەدەبییەوە چی خوێندنەوەیەکمان بۆی ھەیە، سەرباری رەھەندە مێژووییەکەی، کە دەبوو رەخنەگرانی بواری میوزیک و ئەدەبی، لەسەر ئەو چەمکە بوەستابان و قسەیان ھەبوایا، چونکە بوارێکی فراوانی بۆ ھێشتوونەتەوە بۆ گەنگەشەی بوعدی فیکری و رەھەندی کرانەوە،وەک باسمان لێوەکرد، بەتایبەت لە ناوەندە ھونەری و مەعریفییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، بەتایبەت دەرووبەر.


دەق گەلێک کە لەچوارچێوەی ئەو مەقامانەدا ناسیومانن،کەبانگەشە بۆ فەراھەمکردنی ئازادی ژن و وەدەستھێنانی شوناسی کەسی لەناو کۆمەڵگەیەکی داخراودا دەکات، ھەروەھا وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو عورفەی، کە بەدرێژایی مێژوو بەسەر ژندا سەپێنراوە.


لەبەرامبەردا وەک بەراوردێک بۆ ئەو دەقانە، تێکستی مەقامەکان، پەنجە لەسەرھەندێ تێکستی پێچەوانەی ئەو تەوژمە فیکرییە دابنێین، کە گوایە بانگەشەی ئەدەبی مۆدێرنەی بۆ دەکەن، نمونەی ئەو دەقە شیعرییەی پەشێو، کە دەڵێ (لەدەستم دێ ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێدەم، نامەی بەختت بسوتێنم)، پاشان جەزای گۆرانیبێژ وەک خوێنەر، رێک ئەو جۆرە خوێنەرەمان بیردێتەوە، کەدەڵێ بابەتێکی خۆشبوو، بێ ئەوەی چاوێک بخشێنێت بە رووە سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییەکەیەوە، کە دوای سەدان ساڵ لە بانگەشەی فیکری ئەدیبان و ھونەرمەندانی مێژووی دێرینی کورد، ئەمانە (نمونەی پەشێو) دێن ئیتیکی ئەدەبی ئەشێوێنن و رۆئیای توندوتیژی دەرھەق بەژن ئەھۆننەوەو نەوەیەکی بێ چاو و رووی پێ بەرھەم دێنن لەناو گۆمەڵگە، کەچی شاعیری ناسراوی عەرەب نزار قەبانی بەپێچەوانەوە بەشێکی بەرچاو لەگوتار و مەبەستی دەقەکانی، بۆ ئازادی ژن و فەزای کرانەوە بوو لە کۆمەڵگەی رۆژھەڵاتی.

 


abas.jemaw1@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک