٦\٨\٢٠١٤
سۆزێک لە غەریبی
بۆ گیانبەختکردوانی نیشتمان.

هۆگر
سلاو بۆ گیانی بەرزەفڕتان، تەنها مرۆڤی مەزن
دەتوانێ بەخشندە بێ، ئەویش بەخشینی گیان بۆ پاراستنی نیشتمان.
نیشتمان ئەو خاکەیە کە شکۆمەندیی مرۆڤەکانی تێدا پارێزراوە و
دانیشتوانەکەی خاوەنی یەک مێژوون و ئێستا و ئایندەشیان بەیەکەوە
گرێدراوە، یەکسانن لە ئەرک و لە ماف، دلسۆزترینیان سەربەرزترینیانە.
هەڤاڵانم رێگام بدەن بڕێک هاوسەفەری گیانی پیرۆزتان بم، هەندێک
بەیەکەوە بدوێین و کەمێک خۆم خاڵی بکەمەوە لە غوربەت.
کاتێک هەڤاڵەکانتان بە ئەوینەوە چوون بەرەو پیری مەرگ:
(رۆژانێك بـوو بیروباوهر له ههموو شـت
پیرۆزتر بوو
گرهوهی گیانبازی وابوو كێ لهوهی تر دڵسۆزتر بوو
كوا رۆژانی بـهرائهت و پـاكی و سادهیی و راستگۆیی
چهشـنـی كۆچی ئازیزانمان به شێنهیی ههمووی رۆیی)١.
ئێوە بۆ کێ گیانتان بەخشی بۆ نیشتمان؟ کام نیشتمان؟ زۆرە لەمێژە
جوانییەکان باریان کردوە لێرە، ئێستا ئەم نیشتمانە نابێتە باوکی
رۆلەیەک کە بێ باوکە.
بۆ شەڕ و قوربانی ئەم خاکە هی پێشمەرگەیە و
ئاشتی و خۆشگوزەرانیی هی ئەوانە و بۆ ئەوانە.
ئەوەی لەم خاکەدا روودەدا، لەو گەردوونەدا بێ وێنەیە:
پێشمەرگە بە قەناس شەهید دەکرێ، قەناسیش بۆ راوی کەو بەکاردێ.
پێشمەرگە بێ گوللەنەبڕە و بە هەزاران ترومبێلی گوللەنەبڕیش لە شارەکان
دەگەڕێن.
پێشمـەرگە بێ مووچەیە و خێر و کۆمەکی بۆ پێ دەدرێ، وەزیریش سێ دەفتەری
پێدەدرێ.
پاکیی و دڵسۆزیی نەزانییە. ماستاو و درۆ و کلاوات زۆرزانییە. هەڵگەڕان
بەسەر پشتی براکان زیرەکییە. وڵات بەش کراوە، لێرە کوڕی سەرۆک هەر
سەرۆکە، کوڕی وەزیر وەزیرە، کوڕی پێشمەرگە هەر پێشمەرگەیە، کوڕە
شەهیدیش دەبێتە شەهید.
چی ماوە پێمان نەکەن؟
گوتیان بکوژن.. کوشتمان، چـەک فڕێدەن..
فڕێماندا، یەکتر بکوژن.. یەکترمان قڕ کرد، رۆژئاوا ترسناکن.. خەندقمان
بۆ لێدان.. رۆژهەڵات بۆ چەک نابن.. چەکمان پێ فرێدان.. باکوور بۆ حوکم
نابن.. دەنگمان بە ئەردۆگان دا.
هـەڤاڵانم ئەو سەر دیارە دەمێکە هەڕاج کراوە، رۆژانە (روشدییەکان)٢
باشترین و جوانترین و بەنرخترین پارچە دەبەن و شکۆمەندیی رۆڵەکانی
دەڕووشێنن و دوای بردنی دەیان ملیۆن وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن.
لەم نیشتمانە بەرپرسیی دەسکەوتە نەک ئەرک و خزمەت، سەرۆک سێبەری خوایە
نەک خزمەتکاری گەل.
ساڵانێکە لەم دەڤەرەی ئێمەدا یاری شەترنج دەکرێ کە تێیدا هەموومان؛ من
و تۆ و ئەوی سەرباز، فیلەکان، ئەسپەکان، قەڵایەکان و رێزدار وەزیر هەر
هەموومان گیان لەسەر دەستین بۆ پاراستنی گیانی مەلیک، بێ ئاگا لەوەی کە
مەلیکیش تەنیا هەر داشێکی یارییەکەیە.
هەڤاڵەکانم یان دەبێ وەکو پەشێو بڵێین:
(کە من کەر بم، بارەبەر بم
کورتان لە پشت، هەشبەسەر بم
فەرقی چييە؟ دەرد هەر دەردە
کەری تۆ بم، يا هی جەردە)٣.
یان دەبێ راپەرین و کۆتایی بەم یارییە بێنین.
دەبێ سەرۆک خاڵی خاڵی بکەینەوە لە کوڕ و خزم
و خێڵ و شار و کورسی.. بۆ ئەوەی بتوانین پڕ پڕی بکەین لە خاک.
کاتیەتی ئەو رێرەوە بگۆڕین کە سەدان ساڵە خـوێنمانی پێدا دەروا و
بەرهەمەکەی هەر خەمە، گوڵاڵە سوورەکان سەردەردێنن بەڵام ناپشکوێن، وەرن
با دەستی یەکتر بگرین لە باکوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا و
هەردوو جەمسەری گەردوون بە خوێنی خۆمان لافاوێک هەڵبستێنین و جیهان
بهەژێنین، خاک پاک پاک بشۆین بۆ ئەوەی دوای نیشتنەوەی لافاو وڵات پڕ بێ
لە گوڵاڵە سوورە و بەفری سپی - سپی وەکو دادێی نیشتمان - هەموو
لووتکەکان داپۆشێ.
_____________________________
١- بەشێکە
لە هۆنراوەی (خۆرنەوەزان)ی ئیسماعیل محەمەدی شاعیر.
٢- دوکتۆر
روشدی ناوی کەسێک بوو کە لە لایەن بەرپرسانی هەرێم کۆمەڵێک پڕۆژەی پێ
درا و رۆژانەش لە ژێر ناوی یارمەتی و هاریکارییکردنی چینی دەستکورتی
کۆمەڵگامان لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان دەردەکەوت و بێڕێزیی بە شکۆمەندیی
تاکی کورد دەکرد، دواتر وەک سێبەری با ون بوو، نە پارە ما و نە پڕۆژە
ما و نە روشدی.
٣- بەشێکە
لە هۆنراوەی (دێوەرە و کەر)ی پەشێوی گەورە.
٤\٨\٢٠١٤
hogr_k@yahoo.com
|