په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٢\٢٠١٥

    سۆزی غەریبیی (کوردستانم).

دایکی سۆلاڤ (سەبریە نوری قادر)

لێت راهاتووم.. وەک پێشمەرگە بە چیای سەخت
وەک باڵندە.. بە هەتاو و سەوزی درەخت


وەک شەهیدان.. بە بەرگی سپی و خوێناوی
بە نانە رەقەی گیرفان و نامەی (یاری) بە جێماوی


لێت راهاتووم.. وەک غەریبان لە تەنگی
وەک غەمباران.. لە ئاهی قوول و بێدەنگی


هەر وەک ئاسمان .. بە مانگ و خۆر و ئەستێرە
وەکو خەرمان بە (شەن) و کەوگا و گێرە


هۆگرت بووم.. وێنەی (هەڵۆ) بە لوتکەی شاخ
وەک هەنگ.. بە شیلەی هەڵاڵە و گوڵی ناوباخ


راهاتووم پێت.. وەک پەلکەزێڕینە و بەهار
وێنەی شەقامی شارەکەم لە هەژار و شێتی ناوشار


هەر وەک فرمێسک.. لە چاوی دایکی شەهیدان
وێنەی زەوی.. لە گوڵ و گیا و تەرزە و باران


راهاتووم پێت.. وەک شارەکەم لە تاریکی و خورپە و ناڵە!!
بە سواڵکردنی ئافرەت و پیر و مناڵ.. ئای کە تاڵە


لێت راهاتووم.. بە هاوار و بە خوێن رشتن
بە دەست دەست خستنە بینی یەک.. تاڵان.. کوشتن!


لێت راهاتووم وەکو (مەل) بە هێلانەکەی
هەر وەک کۆرپە بە لای لایە و جۆلانەکەی


پەرۆشتم.. لە تاڵیدا بێت یان خۆشی
تامەزرۆتم.. وەک هەژار بۆ نانی کۆشی


هۆگرت بووم وەک (دێوانە) لە عێشقی (شەم)
وەک بێ ئارامی خاتوو(زین) بۆ کاکە (مەم)


وەک مامە پیرەی ماڵ وێران بە بەرماغ و گۆچانەکەی
وەک سۆزی شمشاڵی شوان بۆ کار و بەرخ و رانەکەی


لێت راهاتووم .. وێنەی (سۆفی) بە دەف .. دەروێش و بەرماڵ!
هەر وەک سەرخۆشی راهاتوو.. بە شەراب و ئارەقی تاڵ!!


وەک فرمێسکی ئەم چاوانەم.. کە دێنە خوار نەرم نەرم..!
وەک شنەبا ورەشەباکەت.. تیشکی خۆری گەرم گەرم..


یادت ئەکەم.. ئەی وڵاتی بەفر و خوێنم
ئەی پەرستگا پیرۆزەکەی هەست بزوێنم


من هۆگری منداڵانی کوردســـــــــــــتانم
شێت و شەیدای ساماڵی چاوی گەشیانم

 
ئاخۆ ئەو رۆژە بێتەوە باوەشتان بۆ بگرمەوە
فرمێسک بۆ ئێوەی ئازیزم.. لەم دیدانەم سڕمەوە!


یادتان ئەکەم.... ئەژێمەوە
هەر ئەیڵێم و.... ئەیڵێمەوە.


٢\٢\٢٠١٥ - سوێد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک