په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠٢٣

سوودەکانی وێنەکێشان بۆ منداڵان.

محەمەد بەرزی      


بە گشتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا منداڵان زیاتر حەزیان لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و ڤیدیۆ و یارییە ئەلکترۆنییەکانە ، کە سوودیان زۆر کەمترە لە وێنەکیشان، چونکە وێنەکیشان دیاردەیەکی هیوا بەخشە ، مێشکی منداڵان چالاک دەکات ، شێوازێکە بۆ دەربڕینی تێگەیشتنی خۆیان دەربارەی جیهان و هەموو ئەو شتانەی گرنگن لایان . یان کردارێکە ، کە هەموو منداڵیک لە تەمەنی دە مانگییەوە تا تەمەنی گەورەیی ، بە شێوەیەکی سروشتی بەشداری تێدا دەکەن ، بە تایبەتی لەو کاتەوەی بۆ یەکەمجار پێنووس دەگرن بە دەستییانەوە و لەسەر پارچە کاغەز و ڕووبەرێکی بەردەمیان هێڵێک ، یان چەند هێڵێکی خواروخێچی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشن و بە ڕەنگەکانیش سەرسام دەبن. سەرئەنجامیش بە شێوەیەکی خۆرسکی بەشداری لە وێنەکێشاندا دەکەن و لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا پەرە بەو هێڵانە دەدەن . پاشان وردە وردە وێنەکانیان باشتر و جوانتر دەبێ و سەرەتایەکیش دەبێ بۆ فێربوونی نووسین . بە گشتیش سوودەکانی وێنەکێشان بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە:

١- وێنەکێشان ماسولکەکانی دەست و پەنجەکانی منداڵان بەهێز دەکەن ، وەرزشێکە بۆ ماسولکە گەورەکانی شان و قۆڵیان ، لە ئەنجامیشدا مەشقی جوڵاندنی دەست و پەنجەکانییان ، یارمەتیدەرێکی زۆر چاکن بۆ فێربوون و ئاسانکردنی نووسین . هەر بۆیە پیویستە بە گوێرەی توانا ، ئامراز و کەرستەی جۆراوجۆریان بۆ دابینبکرێت ، تا هێزی پەنجە و گرتنی پێنووس و جووڵەی دەستیان باشتر بێت و بتوانن فێری نووسین بن.


٢- لە سەرەتای منداڵیدا بە خێرایی پەیوەندی لە نێوان دەمارەکانی مێشکی منداڵدا دروست دەبێ . کاتێک وێنە دەکێشن زۆرێک لە هەستەکانییان بەکاردەهێنن ، بەمەش مێشک دەکەوێتە بیرکردنەوە ، وەک ناسینەوەی ڕەنگ و نەخش و هێڵکاری ... و هتد . بەگشتیش وێنەکێشان و ڕەنگکردن ، نیشانەی گەشەکردنی ئاستی بیرکردنەوەی منداڵانە و مێشکیان ڕادەهێنن باشتر و وردتر بیربکەنەوە و پەرە بە بەهرە و داهێنانەکانیان بدەن.


٣- وێنەکێشان وا لە منداڵ دەکات چاوەکانی بە ئاڕاستەی جوڵاندنی دەستەکانی بەکاربهێنێ . هەماهەنگی چاو و دەستیش خۆی لە خۆیدا وەرزشێکە و سودی بۆ نووسین و خوێندنەوە و کاری ڕۆژانە هەیە ، وەک گرتنی : پێنووس ، کەوچک ، چەقۆ ، چەتاڵ ، فڵچەی دان و بەکارهێنانی ئامێرەکانی مۆسیقا و پۆشینی جلوبەرگ و داخستن و کردنەوەی قۆپچە و بەستن و کردنەوەی قەیتانی پێڵاوەکانیان.


٤- لە ڕێگای وێنەکێشانەوە هەلی پەیوەندی لە نێوان وشە و ئەو وێنانەدا دروستدەبێت ، کە دەیکێشن و ناویان لیێ دەنێن . زۆرجار لەگەڵ گەورەکان و هاوتەمەنەکانیاندا باسی ئەو وێنانە دەکەن ، کە دەیانەوێت ئەنجامی بدەن . لەکاتی وێنەکێشانیشدا بیر لەو وشانە دەکەنەوە ، کە لە مێشکیاندایە . دوای تەواو بوونیێش باسی وێنەکان دەکەن . گفتوگۆش دەربارەی وێنەکانیان پەرە بە تواناکانی زمانیان دەدات ، کارێکیش دەکات بە شێوەی زارەکی بیرۆکەکانییان دەرببڕن . بێگومان وا باشترە داوا لە منداڵان بکرێت سەیری وێنەکانیان بکەن و هەر خۆشیان ناویان لیێ بنێن .


٥- هونەری وێنەکێشان ئاسۆی خەیاڵی منداڵان فراوان دەکات . مێشکی بچووکیان دەست دەکەن بە تێگەیشتن لە جۆرە جیاوازەکانی ڕەنگەکان ، بە تایبەتی کاتێک ڕەنگەکان تێکەڵ دەکرێن . لەوەش دەگەن کاتێک دەست لە پێنووس دادەگرن ، هێڵەکان تۆختر دەبن ، کاتێکیش دەست سـووک دەکــەن کـاڵ دەبنەوە.


٦- لە تەمەنێکی بچووکدا چێژ لە وێنەکیشان و ڕەنگکردن وەردەگرن، ئەمەش کارێک دەکات منداڵ بیربکاتەوە و باشتر وردبێتەوە و زووتریش فێری نووسین و خوێندنەوە بێ و پێویستی بە کاتی زۆر و بێزارکەری بۆ ئەو دوو بوارە نەبێ . لە ڕاستیدا توێژینەوەکانیش زۆر بە جوانی ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە ، ئەو خوێندکارانەی خەریکی وێنەکیشان و هونەرن ، لە چاو ئەو منداڵانەدا ، کە بەلای وێنەکێشاندا ناچن ، لە بابەتەکانی : بیرکاری و زانست و دۆزینەوەی چارەسەری کێشەدا ، ئاستێکی زۆر بەرز و باشتریان هەیە.


٧- منداڵان لە کاتی وێنەکێشاندا ئاشنای شێوە جیاوازەکان دەبن . دروستکردنی ئەو شێوانەی ، کە چەمکی بیرکاری لە خۆ دەگرن ، کارێک دەکەن تا ڕادەیەک لە ئەندازە تێ بگەن . ئەمەش یارمەتی منداڵان دەدات بۆ ڕێکخستنی زانیارییە بینراوەکان و گرنگی دان بە وردەکارییەکان . هەر بۆیە واباشترە باسی ئەویان بۆ بکرێت ، کە خۆر لە تۆپی باسکە دەچێت ، یان هەندێک شەو مانگی ئاسمان لە بازنەیەکی تەواو دەچێت و هەندێک جاریش لە نیوبازنەیەکی چەماوە دەچێت . پاشان یارمەتییان بدرێن شێوەکانی دەوروبەریان بناسنەوە و لەسەر کاغەزیش وێنەیان بکێشن.


٨- وێنەکیشان و ڕەنگکردن کاریگەریان لەسەر هێورکردنەوە و پاراستنی تەندروستی دەروونی منداڵاندا هەیە ، هەر بۆیە پێویستە یارمەتییان بدرێن و بە شارەزایی ڕینموونی بکرێن ، تا وێنەکێشان ببێت بە بەشێک لە خولیاکانییان و لە کاتی پەستی و بێزاریدا خەمەکانییان لە بیربکەن.


٩- منداڵی بچوک لە هەندێک شت تێناگات ، وەک دووری ، بەراوردکردنی قەبارە و جیاوازی نێوان پێکهاتەکان . بێگومان وێنە کێشان دەرفەتێکی تەواو بۆ منداڵ دەڕەخسێنێت ئەو چەمکانە فێربێ . هەر بۆیە وا چاکە هانی منداڵ بدرێت ئەو جۆرە وێنانە بکێشێت ، کە جیاوایان لە نێواندا هەیە . وەک : وێنەی گەورە و بچوک ، ڕاست و خوار ، زبر و ساف و دوور و نزیک و... هتد.


١٠- منداڵ ئەو توانایەی نییە بە وشە هەستەکانی خۆی دەرببڕێت . بێگومان وێنەکیشان ڕێگا دەدات بە منداڵ هەست و بیرکردنەوەکانی دەرببڕێت . جگە لە دەربڕینی هەستەکانی ، دەتوانێ خەیاڵەکانیشی بخاتە بەرچاوی هاوڕیێ و ئەندامانی خێزانەکەشی . ڕۆڵێکی سەرەکیشی هەیە بۆ پەرەپێدانی کەسایەتییەکەی و بە ئاسانیش پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک و هاوتەمەن و دراوسێکانی دا بۆ دروست دەکات.


١١- وێنەکێشان یارمەتی منداڵان دەدات تواناکانی جوڵەی ورد ( دقیق ) ی دەست و چاوەکانیان باشتر بێ . دیارە جوڵەی وردیش بریتییە لە بەکارهێنانی جوڵەی مەچەک و دەست و پەنجەکان بۆ : پۆشینی جلوبەرگ ، خواردن ، پاککردنی سەوزە و میوە ، بەکارهێنانی مەقەست ، ڕێکخستنی کەلوپەلەکان ، ژەنینی ئامێرەکانی مۆسیقا و وەرزشکردن و .. هتد. بێگومان وێنەکیشان هۆکارێکە بۆ پەرەپێدانی ئەو جوڵەیە.


١٢- دروستکردنی پێشانگایەکی تایبەت لە ناو ماڵدا ، وەک دانانی وێنەکانی منداڵان لەسەر دیوار ، یان لە شوێنێکی دیاریکراوی ماڵدا ، ورە و خولیا و ئارەزووی منداڵ بەرزدەکەنەوە و زیاتر باوەڕیان بە خۆیان دەبێ ، پاڵنەرێکیش دەبی بۆ بەردەوامی و دروستکردنی وێنەی نوێ ، لە هەمان کاتدا دیکۆرێکی جوانی دڵڕفێنیش بۆ ماڵەکە زیاد دەکات . پاشان ئەگەر منداڵەکەت توانا کێبڕکێی هەبوو ، وا باشترە لە پیشانگاکاندا هاوبەشی بکات ، تا وزە و حەز و ئارەزووی زیاتر بێ و بە شەوقەوە بەردەوام بێ.


لە دوجاردا و بۆ ئەوەی هانی منداڵەکەت بدەی لە وێنەکێشاندا بەردەوام و سەرکەوتوو بێ ئەوا:
١- هەموو پێویستییەکانی وێنەکێشانی بۆ دابین بکە .
٢- وێنەی لەگەڵدا بکێشە ، تا بزانێ تۆش حەز و ئارەزووی وێنەکێشانتان هەیە.
٣- گرنگی تەواو بدە بە وێنەکانی ، پرسیار و قسە لەسەر شێوە و ڕەنگ و هیڵ و بیرۆکەی وێنەکانی بکە .
٤- پرسیاری ئەوەی لێ بکە بەنیازە لە داهاتوودا چ وێنەیەک دەکێشێت ، تا هاندەرێک بێت بۆ بەردەوامی و وێنەی زیاتر .
٥- نابێ بەهێج جۆرێک وێنەیەکی دیاریکراوی بەسەردا بسەپێنیت ، پێویستە خۆی لە وێنەکیشاندا بە تەواوی ئازادبێ .
٦- وەک سایە لە دەوری بە ، هانی بدە و وێنەکانی بە هەند وەربگرە ، هەمیشە دەرگای دڵ و مێشکی خۆتی بۆ بخەرە سەر پشت ، تا ئەستێرەی بەختی بەرەو دواڕۆژێکی گەش و ڕووناک بکشێت .
______________________________________
تێبینی: ئەم بابەتە لە چەند سایتێکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە. وێنەکەش منداڵە جوانەکانی (باخچەی دڵسۆزی)ی سلێمانییە.

 

 

mkbarzy@hotmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک