په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٢\٢٠١٦

سوود و قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و

پەیوەندیی دیبلۆماسیانەی دەوڵەتان، ھیچ وەخت باکی بە مافی مرۆڤ نییە.


زاھیر باھیر      

 
ئەو کارەساتانەی کە ئەمڕۆ لە ڕۆژھەڵاتی ناوین-دا و لە ئەفگانستان و ڵاتانی دیکە دەگوزەرێ ، ‌ ملێونەھا خەڵکی بێچارەی کردۆتە قوربانی، کە بەشی زۆریان منداڵان و ئافرەت و پیر و پەککەوتوانن. ئەوەی کە لە ئێستادا بە بەرچاوەوەیە و ڕۆژانە میدیاکان دەیانھێننەوە یادمان ، سوریا و یەمەنن.


ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بریتانیا بەھۆی ئەو ڕاپۆرت و دەنگوباسانە کە لەسەر یەمەن دەگوترێت و کوشتنی خەڵکانێکی زۆر و قوربانیبوونی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان کە زۆرێکی ئەم قوربانیانە بە فڕۆکە و چەکی عەرەبی سعوودییە . ئامارەکانی ڕۆژنامەی گاردیان کە لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی وەرگرتووە نیشانی دەدەن ، لە سەدا ٦٠ ی ئەو٢٠٦٧ ی کە بوونەتە قوربانی لەیەمەن لە مانگی تەموزی پارەکەوە، خەڵکانی سیڤلن. (کە ئەم ئامارە زۆر کەمترە لە ئاماری حەقیقی) بۆ ئەمەش سعوودییە بەرپرسیارە. ھەروەھا لە مانگی جێنیوەری ئەمساڵدا ھەر ڕاپۆرتی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەڵێت، کە ١١٩ ھێڕشی ئاسمانی کراوەتە سەر یەمەن ھەر ھەموویان مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بەزاندووە ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە یەک ملێون کەس دەربەدەربوون . ‌ ھەموو ئەم ھێڕشانە ‌و ھۆکاری خەستکردنەوەی شەڕەکە و کوژرانی خەڵکانی زیاتر ، خودیی سعوودییە ، چەکەکانی سعودییەش بریتانین ، سعودییە بە تایبەتی و کەنداو بە گشتی بازاڕێکی گەورەی فرۆشتنی چەکن بۆ بریتانیا.


ئەمانە ھەمووی دەنگوباسێکی گەورەی لە لایەن میدیای ئێرەوە (بریتانی) دروستکردووە ھاوکاتیش بوووەتە سەریەشەیەکی گەورە بۆ حکومەتی ئێرە کە لەم ھەفتەیەدا ' تیرێزە مەی ' سەرەکوەزیرانی ئێرە چوو بۆ سەردانی کەنداو و لەوێ پاشای سعودییە و ئەمیری بەحرەینی دیت و وەلای بریتانیای بۆیان دووبارە کردەوە.


ھەر لەم کاتەشدا وەزیری دەرەوەی بریتانیا ، ' بۆریس جۆنسۆن' ھەفتەی ڕابوردوو لە کۆنفرانسەکەی 'ڕۆم ' پایتەختی ئیتالیا، باسی لە ھەڵسوکەوتی سعودییەو و ئێران کرد ، کە لەوێدا شتێکی جاوەڕوانننەکراو و نەشیاو ، بوو، کە بۆ کەسێکی وەکو ئەو کە نوێنەرایەتی حکومەتەکەی دەکات. وتی " سیاسیی ھەن کە دین دەشێوێنن و بەخراپ بەکاری دەھینن، پەڵەی جیاوازی ھەمان دین بەکاردەھێنن تاکو ئامانجە سیاسییەکانیان فراوانتر بکەن . ئەوەش یەکێکە لە گەورەترین گرفتە سیاسییەکەی ھەر ھەموو ناوچەکە ، تراژیدیاکەش بۆ من ئەوەیە کە لێرەدا تۆ ئەم شەڕانەت بە وەکالەت ھەیە و ھەموو وەختێکیش ھەر شەڕە لەو ناوچەیەدا - ئایا ئەمەش لەبەرئەوەیە کە سەرکردایەتییەکی بەھێز لەناو خودی ئەو وڵاتانانەدا نییە." درێژە بە قسەکانی دەداو دەلێت " ھەر لەبەر ئەوەشە کە سعوودییە و ئێران و ھەموو کەسێک دەچنە ناوەوە و ھەروەھا چەواشەکاریی دەکەن و کێشەکان دەشێوێنن و ڕۆڵی شەڕەکان بە وەکالەت دەگێڕن".

 ‌ ‌
گەرچی 'بۆری جۆنسۆن' ئەم قسانەی کرد بەڵام نە دانی بەوەدا نا کە چۆن و سعوودییە ئەو ئاگرە خۆش دەکات و بە چەکی کێش؟ نە حەلێکیشی ھەبوو و ھەیە بۆ ئەو کێشەیە ، تەنھا وەکو قسە دەرپەڕاندنێک بوو، نە شتێکی دیکە. بێ گومان ئەم قسانە پێچەوانەی سیاسەتی حکومەتی بریتانی بوو کە ھەرگیز ناخوازن بە ئاشکرا ڕەخنەی ھاوپەپیمانەکانیان بکەن ، چونکە ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە " بزنس بەردەوام بێت و بۆ ئەمەش پەیوەدنی لە تەکیانا ئاسایی بێت" ئیدی ئەوە گرنگ نییە چەندێک لە دانیشتوانی بێتاوانی وڵاتان دەکوژرێت. ئەوەی گرنگە دەروازەی کۆمپانیا چەکفرۆشەکان دانەخرێن و کرێکارەکانمان بێ کار نەبن تاکو سەریەشە بۆ حکومەت دروستنەکەن و جارێکی دیکەش دەنگیان بۆ بدەنەوە بییانکەنەوە بەمڵۆزمی گیانی خۆیان.


ئەوەی گرنگە لێرەدا کە تێبینی بکرێت ، ھەر ئەوە نییە کە دەسەڵات و کۆمپانیاکان بێ باک و بێ منەت بن لە کوژرانی خەڵکانێکی زۆر و وێرانکردنی وڵاتانی دیکە و ژینگەکەشیان ، بەڵکو ھاوڕێ کرێکارەکانیشمان دەستیان ھەر بەو خوێنە ، لە پێناوی بژێوی خۆیاندا و لەدەستنەدانی کارەکانیانا، ھەر سوورە.


کرێکارەکانمان کە لە ‌لایەن چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە دەپەرسترێن و دەیانەوێت جڵەوی شۆڕشیان بدەنە دەست و بیانکەنە مڵۆزمێکی دیکە بەسەرمانەوە ، کاتێک کە دەسەڵات دەگرنە دەست ، ھەمیشە لە دامێنی بێ کاران و قوتابیان و خانەنشینکراوان و پیر و پەککەوتوانەوەن لە ھەڵوێستی شۆڕشگێڕییانا و پەرۆشییان و بایاخیان بۆ شۆڕش.‌. نەک ھەر ئەمەش ، بەڵکو جاری وا ھەیە ، بە چەند میلێکیش لە دوای سەرکردە و ھەندێک لە پەڕلەمانتارە ‌ چەپەکانیشەوەن.


نموونە لێرەدا، لە بریتانیا، زۆرن، بەڵام من تەنھا ھەر دوو نموونە دەھێنمەوە:

 

یەکەم: ئەمساڵ لە کۆنفرانسی پارتی کرێکارانی بریتانیا کە 'جێرمی کۆربن' سەرۆکێتی و کابرایەکە کە ڕابوردوویەکی زۆر پاک و پڕ لە خەبات و تێکۆشانی ھەیە و زۆریش دژی چەکی نوەوی و ئوستولە حەربییەکانی بریتانییە و ھاوکاتیش دۆستی ژینگەیە ھەر وەکو ھەموو وەختێکی دیکەی دژی نوژەنکردنەوە و چالاککردنەوەی ئەوانە، وەستایەوە.


لە کۆنفرانسەکە پێشنیازێکی پێشکەش، کرد تاکو ‌ پەڕلەمانتارەکانی حیزبەکەی دژ بەو نۆژەنکردنەوە ئەوانەی سەرەوە دەنگبدەن کە نزیکەی ٣٧ ملیار پاوەندی تێدەچێت و گەر ئەم پارەیەش لە پرۆژەی باشتردا سەرف بکرێت باشترە . جێرمی کۆربن ویستی ئەمە بکاتە بڕیارێک و یەکەم: لە پەڕلەماندا دەرنەچێت ، دووھەمیش: گەر دەرچوو و جارێکی دیکە کە حیزبەکەی ( حیزبی کرێکاران) ھاتە سەر حوکم پەیوەستی ئەم بڕیارە بێت. بەڵام مەخابن، لەبری پشتگیریکردنی، ‌ھێڕشێکی گەورەی کرایە سەر، چونکە گەورەترین (نقابەی کرێکاران) لە بریتانیا، دژی وەستایەوە و کە گوایە کرێکارەکانیان، ئەندامەکانیان، بێ کار دەبن. دوای ئەوەش زۆرێک لە پەڕلەمانتارەکانیش بە جێگرەکەی خۆشییەوە ، دژی 'جێرمی' وەستانەوە ، لەم حاڵەتەدا جێرمی ناچارکرا کە ئەندامانی پەڕلەمان ئازاد بکرێت لە دەنگدانا لەسەر ئەو کێشەیە لە پەڕلەماندا و ھاوکاتیش بابەتەکە بۆ کۆنفرانسێکی دیکە، ھەڵبگیرێت تاکو قسەی لەسەر بکرێت.


دووەم: ماوەیەکی زۆرە کە حکومەت دەیەوێ پلاتفۆرمێکی دیکەی ھەڵفڕین و نیشتنەوەی فڕۆکە لە گەورەترین فڕۆکەخانەی بریتانیا، (ھیسرۆ) بکرێتەوە ، کە ئێستا ھەر دوانە و بزنس پێویستی بە زیاتر ‌ ھەیە. لەگەڵ ھەبوونی ئەم پێشنیارەشدا چەندە گروپی خۆجێی لە دانیشتوانی دەو‌رو بەری فڕۆکەخانەکە دروستبوون بۆ دژایەتیکردنی کردنەوەی پلاتفۆرمی نوێ، ھەم لەبەر پیسکردنی زیاتری ژینگە و ھەم دەنگە دەنگی زیاتری فڕۆکەکان، ئەمە لە کاتێکدا لە لایەن ژینگە دۆستان و ‌ چەپ و سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانیشەوە ‌ پشتگیرییان لێدەکرێت.


لەم کێشەیەشدا 'جێرمی کۆربن' ھەر وەکو ھەمیشە دژ بەم جۆرە کارانە، ڕاوەستایەوە و ویستی ئەمەش ببێتە بڕیارێک تاکو ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی کرێکاران دەنگ دژ بەو پێشنیارە بدەن و نەبێت بە یاساو جێبەجێ بکرێت. بەڵام دیسانەوە لە لایەن ھەمان نقابە ‌و نقابەیەکی دیکە و بەھاوکاریی ھەندێک لە ئەندام پەڕلەمانەکان دژایەتی بڕیارەکەی سەرکردەی پارتەکەیان کرا. ماوەیەک لەمەو پێش کە پێشنیارەکە چووە وتووێژی نێو پەڕلەمان و دەنگی لەسەر درا و بوو بە بڕیار و جێبەجێ دەکرێت . ھۆکاری ئەوەش کە نقابەکان لەگەڵ ئەم بڕیارەدا بوون چونکە وتیان ئەمە دەبێتە ھۆی زەمانەتی پاراستنی کاری کرێکارەکان و دانانی کرێکاری دیکەش . تەنانەت لەم کێشەیەدا ھەڵوێستی ئەندام پەڕلەمانتارەکەی ئەو گەڕەکە کە خۆی لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندەوە ھاتووە و سەر بە حیزبی موحافیزینیشە ، چاکتر بوو لە نقابەکان ، کە ئەو لە دژی ئەوەی کە ئەو پێشنیارە بوو بە بڕیار و جێبەجێدەکرێت ، دەستی لەکار لە وەزیفەکەی کێشایەوە.
 

١٠\١٢\٢٠١٦ - لەندەن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک