٢٢\٨\٢٠١٣
سووکایەتیکردن بە
ژنان لە کەناڵەکانی راگەیاندندا.

بەهار مونزیر
لە ماوەی رابردوودا، بەتایبەتی لەمانگی رەمەزاندا، کە زۆربەی
کەناڵەکانی راگەیاندن و تەلەفزیۆنەکان خۆیان سەرقاڵی رەمەزان و بەها
و بەرنامە تەقلیدە رەمەزانی و ئسلامییەکان کردبوو، لە ماوەی یەک
هەفتەدا بە وردی سرنجی بەرنامە و بابەتەکانیانم دەدا. ئەوەی بینیم و
بیستم نموونەی ئاشکرابوون لە سووکایەتیکردنی ئاشکرا بە ژنان بە شێوەی
جیاواز.
لە لایەکەوە کەناڵەکان بە تەواوی دەستی مەلاکانیان نەک ئاواڵا کردبوو،
بەڵکو جێگایەکی یەکجار گرنگیان پێدرابوو، قسەکانیان وەکو قسەیەکی
یەکلاکەرەوە مامەڵە دەکرا.
لە کاتێکدا هەر خاوەنی ئەو کەناڵانەن کە لافو گەزافی پێشکەوتن و
مەدەنیەتمان پێدەفرۆشنەوە. ئەوەی جێگەی باسە، توندوتیژی و
سووکایەتیکردن بەژنان لە راگەیاندنەکاندا کەمتر بووەتە جێگای سرنج و
قسە و باسی خەڵک، تەنانەت خەڵکانێکیش کە کار لە مەیدانی ژناندا دەکەن!
شەوێک لە شەوەکانی کۆتایی رەمەزان، مەلایەک باسی توندوتیژی لە دژی ژنان
دەکرد. لە کۆتایی قسەکانیدا ئامۆژگاری ژنانی دەکرد کە بۆئەوەی
رووبەڕووی توندتیژی نەبنەوە لەلایەن مێردەکانیانەوە، ئاگاداری خواست و
داواکارییەکانی هاوسەرەکانیان بن، بەتایبەتی دەیوت لەکاتی "کاری
شەرعی"دا دەبێت رازییان بکەن. واتە داوای لێدەکردن کە وەڵام بە
ئارەزووە سێکسییەکانی پیاوەکانیان بدەنەوە بەوجۆرەی پیاوەکانیان
دەیخوازن و هەرکاتێک ئەوان دەیانەوێ! ئەمەی ئەم مەلایە باسی دەکرد لە
کەناڵێکی رەسمی یەکێک لە حزبەکانەوە، بەئاشکرا بانگەوازکردنی ژنان بوو
بۆ ملدان بە ئارەزووە سێکسییەکانی پیاوان بە بێ ئەوەی رەچاوی ئارەزووی
ژنان بکرێت.
لەو بانگەوازەدا دەبێ ژن ملکەچی ئارەزووی سێکسی پیاو یان مێردەکەی بێت.
واتە داوا لە ژنان دەکرێت کە مل بە "ئیغتساب"بدەن! چونکە سێکسکردن بەبێ
رەزامەندی ژنەکە مانای دەستدێژیکردنی سێکسیەو دەبێ بەتاوان ئەژماربکرێت
با لە لایەن مێردیشەوە بێت!
ئەم پەیامە ئاشکرایەی مەلا بەئاسانی دەیداتە ژنان و کۆمەڵگا بەرهەمی
ئەو 22 ساڵەی دەسەڵاتێکە کە بووەتە سەکۆیەک بۆ بەرەو دواوەبردنی
کۆمەڵگا، کەچی لەو لاشەوە زۆر بە ئاسانی دەڵێن ئێمە لە بەرامبەر توندو
تیژی لەدژی ژنان کاردەکەین و ئیمکانیاتی بۆ خەرج دەکەینو
بەڕێوبەرایەتی دژی توندوتیژیمان هەیەو…هتد!
ئەوەی روودەدات عەکسکردنەوەی ئەو نەهامەتیانەیە، کە ژنان لە کوردستان
بە تەواوی و هەموو رۆژێک رووبەڕووی دەبنەوە.
نمونەیەکی دیکە ئەوەبوو، کە لە کەناڵێکی دیکەوە شەوانی رەمەزان
درامایەکی کوردی پێشکەش دەکرد. ئەو زنجیرەیەی من بینیم نموونەیەکی
بچووکی ئەو سووکایەتیانەیە کە بە ژنان دەکرێ.
لەو زنجیرەیەدا باسی خانوو درووستکردنی خیزانێکی دەکرد. ناسراوێکی
خاوەن خانووەکە پێێ دەوت "با چێشتخانەکە لەگەڵ هۆڵەکەدا کراوە بێت،
لەبەرئەوەی ژنی ئەم زەمانەیە تەمەڵن! " ئەمە دەبێ چی بێت بێجگە لە
سووکایەتیکردن بە ژنو بەستنەوەی بە کاری ناوماڵو داوەریکردنی لەسەر
ئەوەی چەندە لەکاری ناوماڵدا سەلیقەو کارامەیی دەنوێنێ یان نا!؟
ئایا ئەمە دانانی ئەرکی ژن بە خزمەتی پیاوو هاوسەرو کردنی نیە بە
کۆیلەی ناوماڵ و چێشتخانە و …هتد.!؟
ئەم جۆرە سووکایەتیانە بە ئاسانی تێدەپەڕن و خەڵکیش پێی پێدەکەنن!
نموونەیەکی دیکە بەرنامەی خواردن دروستکردن بوو لە یەکێک لە کەناڵە
ئیسلامیەکاندا بە بۆنەی مانگی رەمەزانەوە. ئەو ژنەی کە خواردنەکەی
ئامادە دەکرد دەیوت: "خانمان دەبێت لە رێگەی خواردنەوە بە تایبەتی لە
رەمەزاندا ئاشتی لە ناوماڵدا دروست بکەین، لەبەر ئەوەی پیاوان هیلاکن و
پێویستە ئێوە ئەوە بزانن".
ئەم پەیامە کۆنەپەرستانەیە زنجیر لەدەستکردنی ژنان و بەستنەوەیانە بە
ماڵ و کاری ناوماڵ. ئەو نمونانەی سەرەوە چەند گۆشەیەکن لە بانگەشەکردن
بۆ سووکایەتی و توندوتیژی نەفسی بەرامبەر بە ژنان لە کەناڵەکانی
راگەیاندنەوە، بۆیە نابێ بە بێدەنگی بەسەرماندا تێپەڕێت و پێویستە
بەرامبەری بوەستینەوە.
پێویستە لەناو دراماکاندا ژنانی هونەرمەند زیاتر بە کاری خۆیانی بزانن
و نەهێڵین ئەم سووکایەتیانە بەسەریاندا تێپەڕێت..
ماڵپەڕی بەهار مونزیر
|