٢\٣\٢٠١٣
سوریا، ئۆپۆزسیۆن
و سیاسه‌تی سازان له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د!

نوری به‌شیر
ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی نیشتمانی سوریا، ئه‌حمه‌د مەعاز ئه‌لخه‌تیب،
سه‌باره‌ت به‌ئاماده‌بوونی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی
به‌شار ئه‌سه‌ددا، له‌سه‌ره‌تاوه کاردانه‌وه‌ی جۆراجۆری لێکه‌وته‌وه.
به‌شێک له‌لایه‌نه‌کانی ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی
و به‌کارێکی فه‌ردی له‌قه‌ڵه‌میاندا و به‌شێکی تریش، به‌تایبه‌تی ڕه‌وت
وگروپه ئیسلامی وسه‌له‌فیه‌کان به‌توندی دژایه‌تی ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی
سه‌رۆکی ئۆپۆزسیۆنیان کرد و گوێیان نه‌دا به‌باسی رێکه‌وتنێکی له‌م
جۆره. له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌سه‌د، ئه‌م بانگه‌وازه‌ی
مه‌عاز خه‌تیبی به‌جدی نه‌گرت و وه‌ڵامێکی پێنه‌دایه‌وه. به‌ڵام
بارودۆخی سیاسی‌و ناوچه‌که‌و رکبه‌ری و
پێشبڕکێی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی له‌به‌رامبه‌ر ڕوسیا وئیراندا، که‌هێشتا
به‌ئاستی یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌سه‌د نه‌گه‌یشتووه،
هاوکات درێژه‌کێشانی جه‌نگێکی کاولکاری‌و هه‌ڵکشانی ڕه‌وت وگروپه
ئیسلامیه توندڕه‌وه‌کانو به‌رینبوونه‌وه‌ی شه‌پۆلی ئاواره‌یی.. هه‌موو
ئه‌مانه مه‌سه‌له‌ی ”ڕێگاچاره‌ی سیاسی“ کردۆته واقعیه‌تێک له‌به‌رده‌م
ته‌واوی لایه‌نه ده‌رگیره‌کانی دۆخی ئێستای سوریادا.
به‌م پێیه‌ش باسی دانوسانی ئۆپۆزسیۆن وڕژێمه‌که‌ی
ئه‌سه‌د تادێت له‌کرده‌وه نزیک ده‌بێته‌وه‌و پشتگیری بۆ په‌یداده‌بێ.
له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌م هێزانه ڕوسیا و
ئێران، وه‌ک دوو هێزی جیهانیو ناوچه‌یی که‌لا‌یه‌نگری ڕژێمه‌که‌ی ئه‌سه‌دن،
به‌گه‌رمیه‌وه مه‌سه‌له‌ی دانوسان‌و ڕێکه‌وتنی نێوان ئۆپۆزسیۆن و
ئه‌سه‌د پێشوازی لێده‌که‌ن و به‌ڕێگاچاره‌یه‌کی سیاسی ناوزه‌د
ده‌که‌ن. ئه‌مریکا و ڕۆژئاواش هه‌نگاوه‌ی
دانوسان‌و ڕێکه‌وتن به‌باش ده‌زانن، به‌تایبه‌تی که‌ئیتر بۆیان
ئاشکرابووه جه‌نگو داهاتووی سوریا له‌ناوخۆدا مسۆگه‌ر نییه که‌به‌ده‌ست
لایه‌نگرانی خۆیانه وه‌بێت که‌ئێستا له‌ئۆپۆزسیۆندا کۆبوونه‌ته‌وه.
ئه‌مریکا نایه‌وێت له‌سه‌ر مێزی قومارێک
بمێنێته‌وه که‌تادێت دۆڕان وزیانه‌کانی له‌یاریه‌که‌دا بۆته واقعیه‌تێکی
ئه‌کید.
تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی که‌به‌خودی ئۆپۆزسیۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه،
بڕیاردان له‌سه‌ر ڕێکه‌وتن وه‌ک گیرکردنی ته‌په‌تۆرێک وایه له‌ملی
شوشه‌ی شه‌رابدا. ئۆپۆزسیۆنێک که‌دابه‌شبووه به‌دوو به‌شی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا
وهه‌ر به‌شه‌شیان کۆکتێلێکه له کۆبوونه‌وه‌ی جۆره‌ها هێزی ڕامنه‌کراو
وجێگای گومان له‌لایه‌ن ئه‌مریکاو ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپاوه، هاوکات
ئۆپۆزسیۆنێک که‌توانای حه‌سمکردنی جه‌نگێکی خوێناوی نییه‌و ڕێناکه‌وێت
له‌سه‌ر حکومه‌تی داهاتووی دوای به‌شار ئه‌سه‌د، ناچاره ئه‌مجاره‌یان
بانگه‌وازی سه‌رۆکه‌که‌ی وه‌ک سیاسه‌تێک به‌ده‌سته‌وه بگرێ وهه‌رچۆن
بووه باسی ڕێکه‌وتنو دانوسان وه‌ک ڕێگا چاره‌یه‌کی سیاسی ڕه‌تنه‌کاته‌وه.
بۆ ئه‌وه‌شی ئه‌م سیاسته پاساو بکات، له‌گه‌ڵ دروشمی ڕووخانی ڕژێمدا،
باسی مه‌رج وشه‌رتی هێناوه‌ته‌کایه‌وه، له‌وانه‌ده‌ستکێشانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د
له‌ده‌سه‌ڵات وه‌ک پێشمه‌رجێک بۆ ڕێکه‌وتن.
هه‌رچۆنێک بێت ئێستا باسی ڕێکه‌وتن وه‌ک ڕێگا چاره‌یه‌کی سیاسی گه‌ر‌مه.
جه‌وله‌ی کۆبوونه‌وه‌و دانیشتنی نێوان سه‌رانی ولاتانی عه‌ره‌بی و روسی
وئه‌مریکی و ئێرانی به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که له‌سه‌رانی ئۆپۆزسیۆن
وده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌ددا، هه‌مووی نیشانه‌ی گه‌رمای ئه‌م سیاسه‌ته‌ن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌دا ده‌رکه‌وتووه دوو باڵی جیا‌و دوو هه‌ڵوێستی
جیای ئۆپۆزسیۆنه. باڵێکیان ئۆپۆزسیۆنێک نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات که‌زیاترین
نفوزی ده‌ره‌کی هه‌یه‌و له‌ژێر ده‌ستی ئه‌مریکادا سازدراوه که‌تیکه‌ڵه‌یه‌که
له‌لایه‌نه قه‌ومی و ئیسلامیه معته‌دله‌کان وئه‌مانه زیاتر ئاماده‌یی
دانوسان نیشانده‌ده‌ن. باڵه‌که‌ی تریشیان، ئۆپۆزسیۆنێکی ئیسلامی توندره‌وی
سه‌ر به‌قاعیده‌یه که‌له‌به‌ره‌ی نه‌سره‌و چه‌ند لایه‌نی تردا خۆی ده‌بینێته‌وه.
ئه‌مانه که‌ڕازی نین به‌دانوسان له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د و زیاتریش ڕه‌وتی به‌ره‌کانی
شه‌ڕی له‌ناوخۆی سوریادا به‌ده‌سته‌وه‌یه، بوونه‌ته به‌ربه‌ستی چونه‌پێشی
سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکاو هاوکات هه‌وڵه‌کانی روسیاشی قورس‌تر کردوه، که‌بتوانرێ
به‌ساده‌یی، پڕۆسه‌ی دانوسانه‌کانی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن به‌ئه‌نجامێک
بگه‌یه‌نێ.
به‌ڵام نابێ ئه‌و راستیه له‌بیرکه‌ین که‌ئه‌م دۆخه پاڵیداوه
به‌مه‌سه‌له‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی تره‌وه، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی چۆنیه‌تی
کۆتاییهێنان به‌ده‌سه‌لاتی به‌شارو دامه‌زراندنی حکومه‌تی ئینتقالیه.
به‌جۆرێک که‌داهاتووی سوریا له‌ده‌ستی ئه‌مریکاو لایه‌نگرانیدا مسۆگه‌ر
بکاو مه‌ترسی کۆنترۆڵی سوریا له‌لایه‌ن هێزه چه‌کداره ئیسلامیه‌کانی
سه‌ر به‌قاعیده‌وه، دورخاته‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌مریکای ناچار به‌دانیشتن
وڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ روسیادا کردووه. به‌تایبه‌تی که‌هه‌ردوکیان ڕۆشتنی
به‌شار ئه‌سه‌د، به‌پێویست ده‌زانن وهه‌ردولاشیان به‌چاوی گومانه‌وه
له‌پێکهاتوه‌کانی ”سوپای ئازاد“و گروپه چه‌کداره‌کان ده‌ڕوانن و هیچ
لایه‌کیشیان ئاماده‌نین سیناریۆی ئه‌فغانستان دوباره بکه‌نه‌وه. که‌وایه
ئه‌وه لێکنزیکبوونه‌وه‌و ڕێکه‌وتنی ڕوسیا‌و ئه‌مریکایه که‌باسی
دانوسانی نێوان ڕژێمی سوریا‌و ئۆپۆزسیۆنی هێناوه‌ته کایه‌وه‌و به‌رگی
ڕێگاچاره‌ی سیاسی کراوه به‌به‌ردا.
مەعاز خه‌تیب ناچاره که‌ڕاشکاوانه باسی دانوسان له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د ڕاگه‌یه‌نێ
وبچێته‌پشتی ڕێگاچاره‌ی سیاسیه‌وه بۆ دۆخی سوریا. چونکه له‌لایه‌ک
ئه‌مریکاو غه‌رب کۆمه‌کی ئۆپۆزسیۆن ناکه‌ن بۆ ڕوخانی حکومه‌تی ئه‌سه‌دو
تائێستاش به‌ڵێنێکی ڕاستیان به‌کرده‌وه ده‌رنه‌هاتوه، ته‌نانه‌ت هێشتا
جدیه‌تێکیان نییه له‌دانپێدانان به‌ئۆپۆزسیۆن وپێکهێنانی حکومه‌تی
ئینتقاڵی لێی. له‌ولاشه‌وه، ماشێنی جه‌نگێک که‌به‌ڕێکه‌وتووه،
ڕۆژانه له‌گه‌ڵ خۆی کۆمه‌ڵگا کاولده‌کا وڕێژه‌ی کوشتارو وئاواره‌یی
به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌بات. ئه‌مه‌ش له‌حاڵێکدا که‌ئۆپۆزسیۆن هێزی ئه‌وه‌ی
نییه جه‌نگ به‌لایه‌کدا بخات.
ئه‌مه ئه‌و چوارچێوه‌یه‌یه که‌سیاسه‌تی دانوسان‌و ڕێکه‌وتنی نێوان
ئۆپۆزسیۆن و ڕژێمی سوریای مومکین کردووه.
به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌دا ئه‌و ڕاستیه ڕۆشنتر ده‌رده‌که‌وێت
که شۆڕشی خه‌ڵکی مه‌زڵومی سوریا له‌مێژه
له‌خاوه‌نه‌که‌ی دزراوه‌و که‌وتۆته ده‌ستی چه‌ند تاقمێکی کۆنه‌په‌رست
و دژی ئینسانیه‌وه که‌له‌پشتی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکاو ڕوسیا و
ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌دا ڕاوه‌ستاون
و ئێستاش وه‌ک ئه‌ڵقه‌یه‌کی ته‌واوکردنی ئه‌م دزینه‌ی شۆڕش خه‌ریکی
ده‌ستبردنن بۆ سیاسه‌تێک که‌ڕاگرتنی پایه‌کانی حکومه‌ته‌ی ئه‌سه‌د و
خوڵقاندنی تراژیدیایه‌کی تر به‌سه‌ر خه‌ڵکی کرێکار
و زه‌حمه‌تکێشه‌وه، یه‌کێک له
ئاکامه‌کانیه‌تی..
ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر
|