په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

سوتاندنی کتێب.


عه‌بدوڵا مەحمود


بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەری “سبەی " دا بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەک لە لاوانی کەلار کتێبەکانی فەرهادپیرباڵی نووسەریان سوتاندووە بەوهۆیەوە کە زانیویانە! ناوبراو دەنگی داوە بەلیستی کوردستانی و بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێم. بەدوای ئەویشدا یاسین بانیخیلانی کتێبەکانی فەرهاد پیرباڵی سوتاندووە. چ موسەبەتێکە!


فەرهاد پیرباڵ فایلی پەیوەندی بەبەعسەوە نەبووە، قارەمانی هیچ کام لەشەرە ناوخۆیەکان نەبووە، هاندەری ئەو جەنگە خوێناویانە نەبوو کە بەسەدان ئینسانی لەسەر تەپۆڵکەکانی کەپکی حەمەدئاغاو ......خەڵتانی خوێن کرد. پشتیوانی لەشکرکێشی وڵاتانی ناوچەکەی بۆسەر کوردستان نەکردووە، دەنگی دژی ئازادی و مافە فەردی مەدەنیەکانی خەلکی کوردستان نەبووە، ناوی لە لیستی گەندەڵەکان و تاڵانچیەکاندا نییە،... تاد. کەواتە هۆی چییە کتێبەکانی ناوبراو ئەسوتێنرێت؟ ئەمە بەیانی چ شتێک دەکات؟


ئەم ڕەفتارەی گەنجەکانی کەلارو پاشان ڕەفتاری یاسین بانیخیلانی بەسوتاندنی کتێبەکانی ناوبراو بەوهۆیەوە کە دەنگیداوە بەلیستێکی دیاریکراوی دڵخوازی خۆی، ڕەفتارێکی قێزەون و دژی ئازادییە، کە بەیانی هیچ ناکات ئەوە نەبێت کەئەمانەی بەوکارە هەڵساون کراونە قوربانی، بەلام قوربانی دیدگاو روانینیک کە ڕیشەی لە بەعسیزمدایە، دەیانەوێ بە نمونەکردنی فەرهاد پیرباڵ هێرشی خۆیان بۆسەر سەرجەم نووسەران و خەڵکی کوردستان کە دەنگیان نەداوە بەلیستی دڵخوازی ئەوان دەست پێبکەن. ئێستا لەسوتاندنی کتێبەکانی فەرهادەوە دەستپێدەکەن تا دەگات بە ئیهانەکردنی کەسانی ترو سەرئەنجامیش زیندانی کردن و لەسێدارەدان و سوتاندنی ئەوانەی کتێب و ڕوانینی یاساغ بەفەرهەنگ و راونینی ئەوانیان هەیەو بەکردەوە لەدژیان دەوەستنەوە.


ئاخر چ لەوەسادەترە ئینسان ئازادانە بچیت دەنگ بدات بەلایەنی دڵخوازی خۆی، وەچ لەمە دیموکراسییانەترە. تەنها ئەو کەس و لایەنانە ئەمەیان بۆ هەزم ناکریت و قوت ناچیت کە هەر کەس وەک ئەوان بیرنەکاتەوە مەحکومە، ناواقعی یە، لەبەرەی دوژمنە!، ئەم فەرهەنگەی یان لەگەڵمیت یان دوژمنیت، فەرهەنگی بەعسە. زۆر بەداخەوە ئەو لاوانەی کەلار و یاسین بانیخێلانی بۆنەتە قوربانی ئەم فەرهەنگە نەفرت لێکراوە کە لەواقعدا ئەبوو شەڕی ئەم فەرهەنگە بکەن.


ماڵپەری سبەی ئەم هەواڵانە بڵاو دەکاتەوە، بەوەش ڕوانین و فەرهەنگی زاڵی ناو لیستی گۆڕان وکۆمپانیای وشە، دەکاتە کاراکتەرو بکەری واقعی ئەم فەرهەنگە دژی ئازادییە. کە بەداخەوە ڕیزێک لە نوسەرو ڕۆشبیری شەقامی کوردی جەژنی سەرکەوتن لەگەڵ هەڵگرانی ئەو فەرهەنگە دەگێرن.


دەبێ بپرسین ئەگەر ئەم جەنابانە کە پشتیوانی یان باشتر بڵێین هاندەری ئەوەن کتێبی نووسەرێک بسوتێنرێت یان تەنانەت ئامادەن هەواڵی لەوبابەتە بڵاوبکەنەوە چونکە دەنگی داوە بە لیستی رکەبەری ئەوان، ئەگەر بەهێز بن و دەسەڵات بگرنە دەست، دەبێ چی بکەن لەوانەی کەخەڵک هان ئەدان بۆ دەنگنەدان و بایکۆتکردن؟ یان چۆن مامەڵەی ئەوانە بکەن کە خۆپیشاندان و مانگرتن بەرامبەریان دەکەن؟ وەڵام ڕۆشنە ئەمانەی هەر لەئێستاوە ئاوا مامەڵە بکەن هەر لەئێستاشەوە هەگبەکەیان دیارە هەڵگری چ فەرهەنگێکی سەرکوتگەرانەو دژی ئازادی و دیموکراتییە.

 


1-8-2009
abdulla.mahmud@gmail.com