سووتان به‌بۆنى بارانى نامۆ بوون
ده‌قى: ته‌هاسلێمان ئه‌م ده‌قه تێڕامانێکه له شیعر‌و چیرۆک و په‌خشان و گوزارشته له یاده‌وه‌رى ئه‌نفال،...هاوکات هه‌وڵى خوێندنه‌وه‌یه‌کى نوێیه بۆ بابه‌تگه‌له بزر بوه‌کانى قوربانیانى ئه‌نفال... نامیق نامیقه(1) فه‌قیره‌که فه‌رنجیه‌که‌ت دانێ! ئاخر خواردنى به‌رکوڵى ئه‌م عه‌سره چایه‌مان به‌سه‌لکێ دووان دۆینه‌ى گه‌نمه قه‌نارییه‌وه، بێئاماده‌بوونى تۆ، بێشمشاڵ ژه‌نینێکى تۆ مانایه‌ک نادا، مه‌ڕۆ هۆ نامیقى فه‌قیر(!) ئه‌م ئێواره‌یه کیژانى کانى فاتم له‌چاوه‌ڕوانى هاتنى تۆدا، دواچۆڕى سیلاوى فرمێسکى چاویان ڕشت، بگه‌ڕێوه ئینسانه فه‌قیره‌که‌ى هۆگر به‌سرووشتى مازووخ(2)، به‌ڕۆشتنت خوا لێڵایى داهات و نه‌یتوانى به‌که‌س بڵێ ئێوه عه‌بدى منن، ده‌مه‌ڕۆ هه‌ى پاکتر له‌ته‌هاره‌تى نوێژ، که‌تۆ ڕۆشتى ئاوه‌سپى(3) به‌سه‌روچاوه‌ى ووت ئیتر ئاو مه‌نێره‌و فرمێسکى گریانم بۆ نامیق نایه‌ڵێت ئه‌م ڕووباره وشک بکات(خوێنه‌رى به‌ڕێز په‌له مه‌که نامیق و نامیقه‌کانى هاوڕێى ده‌بنه قاره‌مان و که‌ره‌سته‌ى ئه‌م ده‌قه ، به‌ره‌و دوا ئاوڕێ! ئه‌وه باڕه‌ى پڕ هاوارى مه‌ڕێکى گه‌رحاى تۆیه به‌ده‌ست ئه‌م ڕۆشتنه‌وه ئینسان ده‌کاته قه‌ره‌برووت، ده‌ى ئاوڕێ به‌ره‌و دوابده‌وه ئه‌وه ده‌زگیرانه‌که‌ى تۆیه بانگت ده‌کاو ده‌ڵێ: هۆ نامیق! هۆ نامیق بێسیغارو توتنه‌که‌ت مه‌ڕۆ، هۆ نامیق! هۆ نامیق ئه‌م کل و کلدانه‌ى که‌نیشانه‌ى یه‌که‌م یادگارى نێوانمانه له‌گه‌ڵ خۆت ببه بۆوه‌ى بیرت نه‌چێ بۆ هه‌میشه خۆشم ده‌وێى، ئاوڕێ به‌ره‌و دوا، ئه‌ى سپى ترین ئینسان، دایکت وه‌ک کاراب زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌و قه‌ده‌م خێر وه‌یلۆ وه‌یلۆیه‌تى و بێًهاتنه‌وه‌ى تۆ ژیر نابێته‌وه، ئاوڕێ تکایه، ئه‌م ڕۆشتنه‌ت ڕۆحى شمشاڵ ژه‌نه‌کانى له‌ت و په‌ت کرد و ئاوێنه‌ى عه‌شقى ورد‌و خاش کرد، مه‌ڕۆ نامیق(!) به‌رگه‌ى سووتانى ئه‌م نامۆبوونه ناگرین و که‌ڵۆز به‌یاغاریش له‌دوا دیداردا به‌گریانه‌وه ئیزنى داین، ڕه‌شبه‌ڵه‌کێک بوو به پشکۆو که‌مه‌ره‌ى زیوینى ناو قه‌دى نۆبوو کێک پڕ به‌گه‌روو هاوارده‌کا : چۆڕێ ئاو نه‌ختێ ڕۆشنایى فریادڕه‌سێ بگه‌ڕێوه ته‌ماشایه‌کى پچڕانى ملوانکه‌ى زه‌نگیانه‌ى گه‌ردنى ئێوارانى پڕ له‌عه‌شقى ئاسۆى ده‌م که‌لى مازووخ بکه و بنواڕه ئه‌وه پۆلێک کۆتره شینکه‌ى په‌ڕو باڵ کراوه له‌پێشوازیتا کڕنۆش ده‌به‌ن، ئاوڕێ قه‌تار ئه‌ڵاوه‌یسى بۆنى ڕۆشتن و نامۆبوونى تۆى لێدێ و ژووانى حیکایه‌ت و نووکته خۆشه‌کانى عه‌شق چاوه‌ڕێى گه‌ڕانه‌وه‌ته، بگه‌ڕێوه به‌یانى باش و ئێواره‌باش و ژووانى کانى و ئینسان و مه‌ڕو پشیله و کۆترو چۆله‌که و گوێدرێژ‌و بزن و نوێژى ته‌ڵاقدانى خوا‌و شمشاڵ و باران و هه‌رچى زیڕۆح هه‌یه، چاوه‌ڕوانى گه‌ڕانه‌وه‌ى تۆن.. په‌راوێز 1. نامیق شمشاڵ ژه‌ن و شوان کاره‌یه‌کى هه‌ژارى گه‌رمیان بوو ئه‌نفال بردى و له نوگره سه‌لمان کۆچى دوایى کرد 2. زنجیره چیایه‌که له ناوه‌ڕاستى گه‌رمیان و ئێجگار به‌رده‌ڵانى و بێئاوه 3. ڕووبارێکه له گه‌رمیان مه‌حمود(1 ) مه‌حمودى هاجه‌ر ماڵى نیه ، ئه‌و.... له‌گۆى زه‌ویدا، له‌سوێسکه‌یه‌ک و قه‌فه‌سێک و مه‌تاره‌یه‌ک ئاو زیاتر شک نابا، ئه‌و.... هێشتا ساڵى باڵقبوونى تێنه‌په‌ڕاندبوو، تووشى تێک چوونى ده‌روونى ببوو، وه‌لێ له هاوه‌ڵه‌کانى ژیرترو تیژتربیرى ده‌کرده‌وه، ئه‌و.... پێش ئه‌وه‌ى ئافات ئێسک و پرووسکى هه‌رچى زیڕۆح هه‌یه تێک بشکێنێ و کوژه‌که‌ى به‌رته‌وێڵى مناڵه‌کانمان بدزێ، ڕۆژێکیان دواى گریانێکى بێهووده وتى: هه‌مووتان به‌مه‌رگێکى نائاسایى ده‌مرن و بۆ هه‌تایه ئێره نابیننه‌وه، ئه‌وده‌م دانیشتوان دایانه قاقاى پێکه‌نین و وتیان : ئاى که‌شێت خۆشه بۆ پێکه‌نین ... بیست ساڵ دواى کۆچکردنى مه‌حمود ، ده‌چێته خه‌وى پوره زه‌ریف(2) و پێى ده‌ڵێ: سۆماى چاوت له‌چاوه‌ڕوانیدا، نه‌ماو بووى به‌پارچه‌یه‌ک له سووتان و نامۆبوون، ده‌ستم به‌رێ من هاتووم دواهه‌واڵى جه‌میله‌ت بده‌مێ، ئه‌و....، جه‌میله(3)، له‌لێوارى زه‌ریایه‌کى مۆندا، وه‌ک دره‌ختى به‌ڕوو ڕه‌گ داده‌کوتێ و یێژێ ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه، ئه‌و....، جه‌میله، تژى بوه له‌سووتان و نامۆبوونى لێده‌ڕژێ، ئه‌و....، جه‌میله، ته‌نانه‌ت منیشى نه‌ناسیه‌وه و پێى وتم: من بیرم نایه مه‌حمود ناوێک بۆ ڕۆژێك له‌ڕۆژان پرچمى شانه کردبێ، ئه‌و....، بیرى چووبوه‌وه که‌من وه‌ختێ لێره نه‌ڕۆیشتبووم، جه‌میله‌م ده‌گرته باوش و فێرى ئولفه‌ت و جوانیم ده‌کرد، ئێستا ئه‌زنکێ بده‌و ....، زه‌ریف له‌خه‌و ڕاده‌په‌ڕێ و ده‌ڵێ: خوایه به‌خێرى بگێڕى و یه‌ک ڕاست خه‌ونه‌که‌ى بۆ شه‌وبۆ ده‌گێرێته‌وه، شه‌وبۆش ده‌ڵێ: هیچ نیه ئه‌وه غایله‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى جه‌میله‌ت کردوه..؟؟؟؟ زه‌ریفیش ئه‌م به‌یتانه له‌به‌رى خۆیه‌وه ده‌ڵێته‌وه: کچى نوور، جه‌میله‌ى جوان، هه‌ناوم ئازارى لێده‌تکێ و تۆ هه‌ر هه‌واڵێکت نه‌بوو.. ئاخر بۆچى ده‌ستى محمودت نه‌گرت و بگه‌ڕێیته‌وه؟ کچى خۆم جه‌میله‌ى گوڵ، کانى فاتم و ئاوازى شمشاڵه‌که‌ى نامیق و ده‌سته خوشکانى هاوڕێت، چاوه‌ڕێى گه‌ڕانه‌وه‌تن... سوێند به کچ و دایکێتیمان، ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره که‌سێک هاته خه‌ونت بێره‌وه...... په‌راوێز: 1. شێتێک بوو له گه‌رمیان و له عاقڵه‌کان باشتر بیرى ده‌کرده‌وه 2. ته‌نها خۆى له په‌لامارى ئه‌نفال به‌جێما وه 3. کچى پوره زه‌ریفه و ئه‌نفال کراوه زه‌ینه‌ب(1 ) ئه‌و....، سوێندى به‌برایم سه‌مین خوارد بۆ هه‌تایه پێنه‌که‌نێ و کراسى ئه‌نگۆره‌ى گوڵ گوڵى له‌به‌ر نه‌کا، ئه‌و....، سوێند ى به پیر خدر(2) خوارد بۆ هه‌تایه نوێژ بۆ قیبله‌ى مه‌نجه‌نیقى ئه‌وه‌ڵ شه‌وى بووکێنى به‌هارى تاقانه کچه‌که‌ى نه‌کاو بۆ ته‌نها جارێکیش ناو له‌پى نه‌گرێته خه‌نه، ئاخر ئه‌و....، کاتێ که شکارته‌ى پشته‌وه‌ى ماڵى بژاره ده‌کردو به ئومێدى ئه‌وه‌بوو، کراسێکى تر‌ى به‌هارییانه بۆ به‌هار بدروێ به‌هارییان بۆ هه‌تایه دزى و ئاوێنه‌ى دڵى خۆشیان شکان، ئه‌و....، ڕۆژێ بیرى نایه که‌ى بوو به‌نامیقى وتبوو: به‌هار ئالووده‌ى سۆزى شمشاڵه‌که‌ى تۆیه، بژه‌نه شمشاڵێک وه‌ک هه‌ناسه‌ى فه‌قیرى خۆت.. بیرته نامیق گیان ، له ڕۆژى زه‌ماوه‌ندى من و ئه‌حمه‌دا نۆبه‌ى که‌ست ندابۆ شمشاڵ ژه‌نین.. بژه‌نه شمشاڵێ، قوربانى ڕۆحى شمشاڵه‌که‌ت بم.. ئێستا بیر ده‌کاته‌وه پاش خه‌ون بینینێکى قووڵ، کاتێ قوڕه ژیلکه جاڕى سه‌ره‌تاى هاتنى به‌هار ده‌دا، ئه‌میش دواچۆڕى فرمێسکى چاوى خۆیى له‌جیاتى په‌رداخێ ئاو ده‌خواته‌وه‌و له‌به‌ر خۆیه‌وه بانگ ده‌کا: به‌هار( (3 نامیق ئه‌حمه‌د(4 ( براهیم(5 ( ئه‌وه بۆ ده‌نگى شمشاڵ نایێ و له‌کوێن وا ده‌نگم نابیستن، ئیتر چاو لێک ده‌نێت و ده‌بێته گۆڕێکى گووم ناو.....
په‌راوێز 1. ژنێکى ئه‌نفال کراوه 2. ئیمامێکه و خه‌ڵکى ناوچه‌که سوێندى به‌سه‌ر ده‌خۆن. 3. ته‌نیا کچى زه‌ینه‌ب بوو ئه‌نفال کراوه. 4. هاوسه‌رى زه‌ینه‌به 5. کوڕى زه‌ینه‌به و ئه‌نفال کراوه ته‌قى(1 ) ته‌قى شه‌و دره‌نگانێک بێئه‌وه‌ى که‌س پێى بزانێ و به‌که‌س بڵێ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناو ژاژو قه‌ڕه‌مى گه‌وه‌ڵ عه‌ساف، له‌وێ له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌رییه‌کانى خۆیدا بیر ده‌کاته‌وه‌و پێیان ده‌ڵێ : که‌س نه‌ماوه‌و ئێوه‌ش وریایى خۆتان بن نه‌بادا، باووبۆرانى ئه‌مشه‌و له‌ڕه‌گه‌وه هه‌ڵتان که‌نێ.. پاشان گوێ‌بگرن ، من بۆ دوایه‌مین جاره دێمه‌وه لاتان لێم ببوورن، ئه‌گه‌ر که‌سێ پرسیارى منى کرد خۆشم نازانم بۆکوێ ده‌ڕۆم .. ئیتر ته‌قى دیارنامێنێ و تائێستاش گه‌وه‌ڵ عه‌ساف و بیره‌وه‌رییه‌کانى سۆراخى ده‌که‌ن و هه‌واڵێکى نازانن؟
په‌راوێز: 1. خۆیى و هه‌موو مناڵه‌کانى جگه له‌ته‌نیا کوڕێکى ئه‌نفال کراون. لاله(1 ) ئه‌گه‌ر لاله نه‌بوایه ئێمه مناڵانى ئه‌وێ نه‌مانده‌زانى، بۆهه‌میشه نه‌مانده‌زانى تامى چوکلیت و جابرى و نوقڵ و پسیکێت چییه؟ ئه‌و ئیسنانێک له گوڵ، وه‌ختێ ئه‌و به‌پیاده‌ڕێکاندا به‌ره‌و لاى ئێمه ده‌هات و ئێمه‌ش به‌دوورایى چه‌ندین میل ده‌مانبینى، ئیتر کێچ ده‌که‌وته که‌وڵمان و به‌سیخوورمه دایکمان شێت و هارده‌کرد، دایکه ئه‌وه لاله‌یه/ دایکه ئه‌وه لاله‌یه/ دایکه تووخوا ده‌فلس / دایکه تووخوا بانه‌ڕوا ، لاله ته‌نها زه‌مبیله‌یه‌کى ده‌کرده‌شان و فه‌قیر فه‌قیر ده‌یوت هاى ورده‌واڵه، ئیتر لاله و ورده‌واڵه و ئێمه‌ى مناڵ تێکه‌ڵ ده‌بووین، ئێستا ده‌زانم لاله هاوسه‌رى نه‌بوو، چوونکه بیرم دێ خه‌ڵکى دێ ده‌یانوت لاله ڕه‌به‌نه، ئه‌م ڕۆژانه‌ش لاله‌م دیت لێم پرسى : لاله ده‌م ناسیه‌وه؟ وتى نه‌خێر... پرسیم بۆ؟ وتى کوڕم من ئه‌وه‌ته‌ى سۆزى شمشاڵه‌که‌ى نامیقم گووم کردووه که‌س ناناسمه‌وه.. ووتم لاله ببوره به‌مناڵى چووکلێتێکم لیت دزیوه.. ووتى ڕۆڵه من خۆم دزراوم، ویژانم دزراوه، چوکلێت نۆشى گیانى تۆبێ.. دایکه ئه‌وه لاله بوو مه‌هێڵه بانه‌ڕوا.. دایکه ئه‌وه لاله بوو تووخوا بانگى که دواوه.. دایکه ئه‌وه لاله بوو توو خوا بزان چووکلێتى پێماوه؟ بنوو کووڕى خۆم ئه‌وه خه‌ونت دیوه‌و لاله دواى سووتاندنى قوورئانه‌که‌ى مه‌لا ئه‌و ڕه‌حمان(2) سوێندى به‌ئاوه‌سپى خوارد، که‌س نه‌یبینێته‌وه!
په‌راوێز: 1. هه‌ژارترین مرۆڤى ناوچه‌که‌بوو 2. مامۆستایه‌کى ئاینى ناوچه‌که بوو مه‌لا ئه‌و ڕه‌حمان(1 ) چیمه‌ن بانگى مه‌لا عبدول ڕه‌حمانى کرد‌و پێى ووت: مه‌لا به‌م مه‌غریب و ناوه‌خته بۆ ده‌ڕۆى؟ چیمه‌ن (2)له ئه‌وى پرسیبوو بۆچى قورعانه‌که‌ت له‌بیر چوه‌و له‌گه‌ڵ خۆتت نه‌هێنا..قورعانه‌که‌ت ئیتر دووعاى خێرمان بۆ ناکاو پیرۆزى مزگه‌وته قوڕینه‌کانیش نایانگرێته خۆ.. مه‌لا من بیرم دێ ڕۆژى لێکترازان به‌باوکمت وت مریه‌م به عه‌زره‌تى دوادیدارى تۆوه ده‌مرێ و هه‌رمێ(3) بۆ هه‌میشه یادگار(4) نابینێته‌وه‌و شه‌ونم(5) وه‌ک چاوى چه‌پى بێکه‌سى و فه‌قیانه‌ى سپى گڕ تێبه‌ر بووى ماڵ و قوورعانه‌که‌ى من ده‌سووتێ.. مه‌نسوور(!)(6) ئێژم بیرت ماوه ئه‌و ئێواره‌یه‌یى قوڵپى گریان ڕێگه‌ى نه‌داین سه‌رو ماچى ڕووخسارى دووکه‌ڵ لێنشتووى لانکه‌ى مناڵیمان بکه‌ین و سه‌رو جه‌وه‌نه ئاو له‌کانیه‌که‌ى خه‌یرى(7) له‌گه‌ڵ خۆ ببه‌ین.. مه‌لا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆرنه‌وه‌زان(8)، له‌وێ په‌ڕه په‌ڕه‌ى دڕاوى قوورعان و پابووجى پێى کچه یه‌ک ساڵانه‌که‌ى و مێزه‌ره‌که‌ى خۆى و گواره‌ى گوێى حه‌سیبه(9) و هێمنیه‌کانى لوقمانى(10) بینى ، به‌باڵاى دار هه‌نارێکدا هه‌ڵواسراون و گوێ له سۆزى شمشاڵ ژه‌نینى نامیق ده‌گرن، ده‌که‌وێته دوو دڵیه‌وه و پاش که‌مێک ڕامان بانگێک دێته گوێى : مه‌لا تائێره عه‌زیه‌ت بخۆ.. دوودڵ مه‌به ته‌شریف بێنه بۆ ئێره.. (11)غفور ئه‌وه‌تۆى؟ غفوور پرسیارى فرمێسک(12) ده‌کاو ده‌ڵێ: پاژنه‌ى پێم پڕه له‌دڕکى خه‌م و ته‌مه‌نم گشت سووتان به‌بۆنى نامۆیى هه‌واڵێکى فرمێسکم هه‌ر نه‌زانى، مه‌لا ئێستا له‌میعه(13) هۆگرى چیه؟ ئایائێستاش وه‌ک یه‌که‌م ساتى یه‌کتر ناسینمان بیر له‌چنینى گووڵ و وه‌نه‌وه‌شه ده‌کاته‌وه؟ ئه‌و ئێستاش وه‌کى سه‌رتاى یه‌که‌م مانگى بووکێنى سه‌رپه‌نجه‌کانى ده‌گرێته خه‌نه و چاوى به‌کل ده‌ڕێژێ؟ ئیتر غفور دیار نامێنێ و مه‌لاش وه‌ک گه‌دایه‌ک تائێستاش ئه‌و ده‌ورو به‌ره ده‌گه‌ڕێ و .... ده‌سووتێ و ده‌برژێ و تینووى ته‌نیا هه‌واڵێکى .....
په‌راوێز: 1. مامۆستا ئاینیه‌که‌ى پێشوه 2، 3، 4: خوشک و بران و ئه‌نفال کراون و دانشتویى گوونده‌که‌ى ماۆستاکه بوون 6. دایکی ئه‌و ئه‌نفالکراوانه‌یه 7. خێزانی مامۆستاکه‌یه 8، 9: منداڵی مامۆستاکه‌ن و ئه‌نفال کراون 10. باوکی مناڵه‌کانى پێشوه‌و ئه‌نفال کراوه 11، 12: کچ و باوکن و ئه‌نفال کراون هه‌نار(1 ) هه‌نار وه‌ره‌وه دایکت بانگت ده‌کا، تۆ که‌ى وا دره‌نگ له‌سه‌فه‌ر گه‌ڕاویته‌ته‌وه؟ کانى شاواز چاوه‌ڕێته و بیرى ماچێکى هه‌نارى چوون خۆتت ده‌کا، کانى کڵاو کوڕه پڕبووه له‌ئاوو ده‌ڵێ وه‌ره قاپله‌مه‌یه‌کى تر ئاو ببه‌وه، هه‌نار ماڵێک بوو له‌ماریفه‌ت و دڵێک بوو له شووشه و ڕووخسارێک بوو له ڕه‌نگى مانگ و ته‌مه‌نێکى که‌م بوو له عه‌شق، هه‌نار بیرى نه‌ماوه که‌ى بوو لێره به‌به‌رچاوى گشتمانه‌وه دزراو ئێستاش که‌سمان ناناسێته‌وه..
په‌راوێز: 1. ته‌نیا کچى خێزانه‌که‌ى بوو له‌گه‌ڵ براکانى و دایکى ئه‌نفال کران و نه‌هاتنه‌وه فه‌زیله( 1) مه‌حمه‌د (2) ئێستاش که‌ده‌چێته سه‌ر به‌رزترین لووتکه‌ى مازووخ و له‌ئاوێنه‌ى ڕووبارى ئاوه‌سپیدا ته‌ماشاى گوندییه‌کانى گه‌رمک ده‌کا، تارمایى فه‌زیله دێت و پێى ده‌ڵێ: ڕۆحى شرین ئه‌وه‌ى ده‌یبنى من نیم ئه‌وه ئاوێنه‌ى ڕۆحمه لیره‌و جه‌سته‌م زوو، زۆر زوو ئه‌و ده‌مه‌ى تۆ سه‌رقاڵى ته‌واو کردنى خه‌تمه‌ى عشق بووى دزرا، بگه‌ڕێوه بۆ لاى دلبه‌ر خان و پێى بڵێ: فه‌زیله ئێستا ته‌نها گریان ده‌ناسێ و هیچى تر،(.) بیرت نه‌چێ پێى بڵێ: فه‌زیله ئیتر ناتوانێ بۆ ته‌نها جارێکى تر زوڵفى له ئاوى پاکى کانى کوچکینه بشواو بۆڵێک ترێ بۆ ئه‌ڤینداره‌که‌ى بنێرێ، پێى بڵێ: فه‌زیله ناتوانێ بۆ ته‌نها یه‌ک جاریش پێى بڵێ به‌یانیت باش و ته‌نانه‌ت ناتوانێ بڵێ: له‌ئیمام مه‌حه‌مه‌د گه‌زێک زه‌وی بۆ ته‌رمه‌که‌م جێبهێڵن و خواتان له گه‌ڵ(له‌گه‌ڵ)، مه‌حمه‌د ده‌ستێ به‌پشتى چاویدا دێنێ و ده‌ڵێ: فه‌زیله توانى عاشق بێ، وه‌لێ به‌په‌له ڕۆیى و ته‌نانه‌ت نه‌یپه‌رژا بڵێ ماڵ ئاوا.. فه‌زیله نایه‌ته‌وه و مه‌حمه‌دیش له غووبارى تیاچوونى فه‌زیله دا وون ده‌بێ و مناڵێک که‌دایک و باوکى لێ وونبوون، به‌ئاوازى شمشاڵه‌که‌ى نامیق کارمامزه کێویه‌کان له ئافات به‌ئاگا دێنێ..
په‌راوێز: 1. شۆخترین کچى گوونده‌که‌ى خۆیان بوو ئه‌نفال کرا 2. خۆشه‌ویستی فه‌زیله بوو ئه‌نفال کرا چاوشین (1) ئه‌م به‌یانیه حاجى چاوشین سه‌رى له‌گه‌وڕى ئاژه‌ڵه‌کان هێنایه ده‌رو بانگى ده‌کرد و ده‌یوت: هۆ به‌دیع هۆ به‌دیع (2) که‌س و‌ڵامى نه‌ده‌دایه‌وه ، هۆ به‌دیع به‌دیع که‌س و‌ڵامى نه‌ده‌دایه‌وه، باجه‌تى قادر گوێى له‌بانگه بانگى چاوشین ده‌بێ و به‌به‌ڵێ حاجى ئه‌وه چیت ده‌وێ؟ و‌ڵامى ده‌داته‌وه که‌ته‌واویش نزیک ده‌بێته‌وه چاو شین ده‌بێته تارمایه‌کى دوور و ده‌ڕواو دیار نامێنێ، کیژانیش به‌م بانگه بانگه‌وه دێت و ته‌نها ئه‌م گۆرانیه ده‌ڵێته‌وه: حاجى سه‌ڵامه‌ت خۆت له‌ڕێگا ئاگادارى شرین به.. ته‌ماشایه‌ک وا ئاوه‌سپى کراسێکى ئاڵ ئاڵ وه‌ک خوێنى ئاڵى دڵى نامیق ده‌ڵێنه‌وه‌و خورشید جارێکى تر نه‌ئه‌ڵاوه‌یسى و نه‌ئایى ئایى و نه‌خاوکه‌ر ناڵێته‌وه.. ئۆغرت خێر حاجى ، به‌ڵام بیرت نه‌چێ له‌وێ خرمه خرمى تفه‌نگ و زرمه‌ى پێى پۆستاڵ و زریکه‌ى ئێمه بۆ عه‌رشى بێئاگاى خوا بگێڕیته‌وه.. حاجى وه‌رزى شۆخێتى ئێمه و مه‌ڵاسه‌ى پیاوه چڵێسه‌کانى جه‌هل، بۆ سه‌رو چاوه‌ى ئاوه‌سپى بگێڕه‌وه.. حاجى ته‌ماشایه‌ک ، ئاوه‌سپى عاجز عاجز ده‌ڕواو قوڵپى گریان ڕێگاى نادا ته‌نها سڵاوێک بسه‌نێته‌وه.. وه‌هاب حه‌کیم(3) له‌به‌رى ڕۆژئاواى ئاوه‌سپیه‌وه گوێى له‌م گورانى و لاوانه‌وه ده‌بێ ، خۆى پێناگیرێ و ده‌داته پرمه‌ى گریان، زه‌ریف ده‌ڵێ: وه‌هاب ئه‌وه چیت گوێ لێبوه وا به‌کوڵ ده‌گریت وه‌یلێ وه‌هاب جه‌میله‌ى من چى لێبه‌سه‌ر هاتوه‌و کێ ئه‌م هه‌واڵه‌ى هێنا؟ شه‌مسه‌ش(4) به‌م قسانه ده‌ست ده‌خاته که‌له‌که‌ى چه‌پى و ده‌ڵێ: زه‌ریف ئه‌وه وه‌هاب هه‌واڵى که‌سران و فه‌ریدى(5) هێناوه؟ دایکى نامیق به‌پڕتاوێک ده‌گاته لاى وه‌هاب و ده‌ڵێ: ئه‌وه‌چیه وه‌هاب باسى شکاندنى شمشاڵه‌که‌ى نامیق ده‌کا؟ لفته(6) له‌دوور ڕا ده‌رده‌که‌وێ و گۆرانى یار خه‌زاڵ ده‌چڕێ.. فاتم(7) خه‌ونه‌که‌ى ده‌زڕێ و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێ: به‌یانى ده‌چم بۆ لاى وه‌کاشه و پێى ده‌ڵێم ئیتر ناتپه‌رستم و چوارشه‌موان نایه‌مه دیده‌نیت..
په‌راوێز: 1. پیاوێکی که‌ته و قسه خۆشى گووندى بانزیخاڵ بوو. ئه‌م گونده له‌ناوچه‌ى زه‌نگنه‌یه و ده‌که‌وێته سه‌ر ڕووبارى ئاوه‌سپى. 2. کوڕی مام چاوشین بوو ، دواى نوسینى ئه‌م تێکسته کۆچى دواى کرد. 3. قسه خۆشترین پیاوى ناوچه‌که بوو، دانشتووى گووندى که‌ریم باسام بوو، نزیک به گووندى بانزیخاڵ. 4. سه‌رپاکی خێزانه‌که‌ى له ئه‌نفالدا تیا چوون و خۆیشى له نوگره سه‌لمان گه‌ڕایه‌وه. 5. دووان له کچه ئه‌نفال کراوه‌کانى شه‌مسه‌ن. 6. مقاموێژێکی ده‌نگ خۆشى گه‌رمیان بوو. 7. ئافره‌تێکی هه‌ژارى گووندى قه‌ڵاچه‌رمه‌له‌ى گه‌رمیانه و ئێستا به‌ته‌نیا و له ئۆردگاى ڕزگارى ده‌ژێ. گوڵستان گوڵستان( 1) به‌کونه جه‌فتینه‌یه‌ک ئاوى کانى گوڵ مژییه‌وه ، به‌یانى باشى له جه‌بار(2) کرد و به‌هه‌نارى (5) وت: ئه‌وه بۆچى وا ڕه‌نگت هه‌ڵبزڕکاوه‌و لێوت قه‌یماغه‌ى(قه‌تماغه‌ی) به‌ستوه؟ پێش ئه‌وه‌ى هه‌نار وه‌ڵام بداته‌وه، جه‌بار ووتی گوڵستان به سه‌عید(4) بڵێ مناڵه‌کان جێنه‌هێڵێ و ئیتر له‌سۆماى چاو وونبوو... له‌م ڕۆژانه بۆى گێڕامه‌وه و وتى: ئێژن جه‌بارو گوڵستان چوونه‌ته خه‌ونى نه‌نه(6) شه‌ممه‌م و پێیان وتووه حه‌یران(7) له بیابانێکدا کچێکى بوو ، ناوى لێنا (لم)..... ئابیرم نه‌چێ پێى وتبوو: ئامین له‌کانى گوڵ مژییه و سۆزى گریانه‌کانى هه‌ناومى سووتان، ئێژم دایه ئه‌وه بۆچى گوڵستان وه‌ک جاران کراسى چاوه چۆله‌که له‌به‌ر ناکاو فه‌سیح (8)گۆرانى بۆ محه‌مه‌د(9) ناچڕێ و ته‌مین(10) هه‌ڕه‌زاڵه ناچنێ و شوانه‌کان دۆزه دۆزه‌ى دۆمه‌ڵان و کیژان ناچن بۆ پیشۆک و کوڕانیش ناچن ڕه‌شبه‌ڵه‌ک؟ ئه‌و هه‌ر قسه‌ى کردبوو، وه‌لێ نه‌نکم هیچى نه‌ژنه‌فتبوو، ئه‌و ووتبووى : جاران گه‌وره‌و بچووک سیغارو تووتنیان بۆ کاکه خوله(11) ده‌پێچایه‌وه‌و یارى ترێ ترێیان ده‌کردوله واده‌ى به‌فر باریندا شه‌ڕه به‌فرو له‌زه‌ماوه‌ندا ژووانى پڕ له‌ترسیان ڕێک ده‌خست وبێپرسى گه‌وره‌کان سیغارییان پڕ ده‌کرد له‌تووتن و ده‌یانکێشا، ئاخر دایه ئێستا بۆچى بۆنى مێخه‌ک به‌ن و سه‌وڵ وڕیحانه‌ى ناو گیرفانى سوخمه‌ى کیژان نایێ و تامى نه‌عنا تفته‌کانى ناو نامه‌کانى دڵدارى تاڵن؟ دایه ئه‌وه بۆچى گاڵته و گه‌په‌کانى کوڕه‌که‌ى ده‌روێش حوسێن(12) وه‌ک جاران نین وکه‌س چیرۆکى عه‌شقى خۆراسان ناگێڕێته‌وه؟ چنار(13) ده‌ڵێ: نه‌نکم سوێند به قوورعانه په‌ڕه په‌ڕه کراوه‌که‌ى ته‌قى ده‌خوا که‌جه‌بارى کوڕى خۆى بوه‌و پرسیارى سێوه‌ى(14) کچى غه‌زێمى کردوه ، وتوویه‌تى : شه‌وێک سێوه هاتوه‌ته خه‌ونم و تکاى کردوه هاڵ و هه‌واڵى تۆى پێ‌بڵێم ، ته‌نانه‌ت وتوویه‌تى : نیگارم(15) به هه‌ردوو چاوى خۆم دیوه بۆبینینى هه‌نارو سۆران(16) ته‌واو دڵته‌نگ و په‌رێشان بووه.... ئه‌و جه‌بار واى گێڕاوه‌ته‌وه، محه‌مه‌د به‌گورانى یارخه‌زاڵ و نامیق به شمشاڵه‌که‌ى هه‌مان ئاوازى بۆ وتوه‌ته‌وه ، و ئیتر دیار نه‌ماوه‌و له ده‌فته‌رێک لێى به‌جێماوه ئه‌م نوسینه‌ى تیایه که‌ڕه‌نگه له‌شیعر بچێ: خه‌یاڵ و عه‌شقم هه‌رزان ڕۆیین دنیا وه‌ک ته‌مه‌ن تاڵى پێفرۆشتم گه‌ر نه‌هاتمه‌وه به‌ئامین(17) بڵێن هه‌میشه دووعایه‌ک له عشق و چاوه‌ڕوانى بکاته به‌ر به‌رده‌ڵانى لاى خۆر ئاوابوون من ده‌ڕۆم و که‌س شوێن و ناو نیشانم پێنازانێ تکایه بیرتان نه‌چم
په‌راوێز: 1. خۆی و مناڵه‌کانى له ئه‌نفالدا بێسه‌رو شوێن کران 2،3 کچی جه‌بار بوون و کوڕه‌زاى شه‌مسه بوون له‌گه‌ڵ دایک و خوشک و براکانى بێسه‌رو شوێن بوون. 4. مێردی گوڵستانه و بێسه‌رو شوێنه. 5. یه‌کێکی تره له کچه‌زاکانى شه‌مسه 6. هه‌مان شه‌مسه‌یه که‌پێشوو تر باسمان کرد 7. له زیندانى دبز مناڵى ده‌بێ و هه‌مان ڕۆژ بۆ بێسه‌رو شوێنکردن ده‌برێن 8. کچێکی کوندى قه‌ڵاچه‌رمه‌له‌یه و ئه‌نفال کراوه 9-مێردى حه‌یرانه و سه‌رپاکى خێزانه‌که‌ى بێسه‌رو شوێنن 10. ده‌سته خوشکى ئامین بوو ئه‌نفال کرا 11. له جێگایه‌کى تر باسمان کرد بارى ده‌روونى ته‌واو نه‌بوو(شێت) 12. مرۆڤێکی قسه خۆش بوو ئه‌نفال کرا 13. کچی حه‌سه‌نى کوڕى ده‌روێش حوسێنه که‌ناوى له تێکسته‌که هاتوه 14. دیان کچه‌زاى شه‌مسه‌یه و ته‌نها یه‌ک که‌س له خێزانه‌که‌یان له ئه‌نفالدا ڕزگارى بوه 15. کچی جه‌بارو خوشکى هه‌نار بوو ، ئه‌ویش ئه‌نفاله 16. کوڕێکی تر‌ى ئه‌نفال کراوى جه‌باره 17. یه‌کێکه له‌و ئافره‌تانه‌ى دوو مناڵى له نوگره‌سه‌لمان گیانیان له ده‌ست داوه ئاواز(1 ) ئاوازێ، ئاواز گیان ... یادگارى(2) بچووک چاوه‌ڕوانى هاتنه‌وه‌ى تۆ و یادگارى مامى بچووکى تۆیه، ئاوازێ ئه‌خته‌ر(3) به‌تاسه‌ى له‌به‌رکردنى کراسێکى که‌تان و جووتێ گواره‌ى زێڕه‌وه دواین هه‌ناسه‌ى به‌مشتێ لم تاسێنراو مه‌ڕه شکێریش که‌باوکى بۆى کردبوو به‌نه‌زر دزرا، ئاوازێ، ئاواز...، ئه‌م به‌یانییه دلبه‌رێک(4) له خۆشه‌ویستى چاوه‌ڕێته و مه‌نسوورێک (5)خاڵى له گووناهــ غه‌ریبت ده‌کا، ئاواز له 14/4ى هه‌موو ساڵێکدا دێته خه‌ونى مه‌ریه‌م(6) و پێى ده‌ڵێ: من جوانم یان مانگ؟ پرسیارى جاخه لێره‌که‌ى کوڵێنان(7) ده‌کاو ده‌ڵێ: مه‌رێمه سپیه‌که‌ى له خواسپى تر، کوڵێنان چه‌ن مه‌ن سه‌برى پێ‌بوو که‌هه‌میشه به‌ته‌نهایى ده‌ژیا؟ ئه‌و نامه‌یه‌ک ده‌داته ده‌ستى مه‌رێم و مه‌رێمیش به‌ده‌م وه‌نه‌وزى خه‌ون بینینه‌وه ده‌چێته لاى هاشم(8) ئه‌فه‌نى و پێى ده‌ڵێ ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ بخوێنه‌وه، وه‌ک ده‌گێڕنه‌وه نامه‌که ئه‌م دێرانه‌ى تیابووه هۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆووو.. شوانه ده‌نگ خۆشه‌که‌ى بان مووروو، ئه‌رێ یادگارى مه‌نسوورى پڕ له سه‌برت نه‌دیوه لێره‌وه تێپه‌ڕ بووبێ؟ هۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆووو.. سه‌پانه فه‌قیره‌که‌ى وه‌رزى خه‌زانى ته‌مه‌ن، تۆ گوێت لێبووه ئینجى دایکى نامیقى شمشاڵ ژه‌ن ئه‌م به‌یانیه لێره‌وه تێپه‌ڕ بووبێ و هه‌واڵى مه‌رگى چیمه‌نى(9) ده‌سته خوشکى منى باس کردبێ؟ ئه‌ى تۆ به‌چاوى(به چاوی) خۆت بینیوته کڵاو کوڕه‌یه‌ک پڕاو پڕ ده‌نووکى ئاوى بۆ مه‌لۆتکه‌که‌ى باوشى فه‌رید(10)هێنابێ و شه‌هید کرابێ؟ خاڵۆى سه‌پان تۆ شیرى دایکت وه‌ک خۆى بۆم بیگێڕه‌وه، تۆ ئاگات لێیه سڵێمانى (11)کوڕى عیسا سوێندى به‌سه‌ر خه‌یرى خواردوه ئیتر نه‌یه‌ته‌وه؟ مه‌رێم که خه‌به‌رى ده‌بێته‌وه تائێستاش هه‌ر ده‌گرى و ..... په‌راوێز: 1. کچێکی ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵان بوو، له ئه‌نفالدا بێ سه‌روشوێن کرا. 2. برای ئاوازه‌و له ته‌مه‌نیشدا له‌و مانڵتره ، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یان ئه‌نفالکران. 3. کچی خاڵى ئاوازه‌و سه‌رپاکى خێزانه‌که‌یان ئه‌نفالکران . 4. داپیری ئه‌خته‌رو ئاوازه. 5. باوکی ئاوازه و ئه‌نفال کراوه. 6- پورى ئاوازه‌و به‌گرێى چیرۆکى ئه‌نفالکردنى ئه‌وانه‌وه هه‌میشه چاوه‌ڕوانى ده‌یگوشێ. 7. باپیره‌گه‌وره‌ی ئاوازه و هێمنى ترین مرۆڤى ده‌ڤه‌ره‌که‌ى خۆى بوه . 8-مامۆستا دێکه‌ى مریه‌م بوو پێش ئه‌نفال و شه‌ش ساڵ مامۆستاى نوسه‌ربوه . 9. خوشکی ئاوازه‌و ئه‌نفالکراوه . 10. ئافره‌تێکی قه‌ڵاچه‌رمه‌ڵه‌بوو ، له زیندانى دبز منداڵى بوو. 11. خاڵی ئاوازه‌و تاکۆچى دوایى بۆ ئه‌نفال گریان یاخه‌ى به‌رنه‌دا. غوربه‌ت(1 ) غوربه‌ت به فاتیحى(2) وتبوو ڕۆڵه ده‌خیله ده‌رگاى کۆزه‌ى ساوه کۆرپه‌کان ته‌قه‌ت که و ڕه‌وێڵه‌ى جووجه‌ڵه‌کانیش بگه‌ڕێنه‌وه نێو به‌هار به‌نیه‌که.. دایکه بۆ؟ ڕۆڵه ئه‌مڕۆ لاى به‌یانیه‌که‌ى به‌به‌رده‌م مه‌جلیسى ریش سپیانى دێ‌دا تێپه‌ڕبووم ، گوێم لێ‌بوو ده‌یانووت ئاشووبى ئه‌م ساڵ سه‌رمان ده‌خوا.. بۆ دایکه؟ ڕۆڵه ئه‌وان ده‌یانووت ته‌نانه‌ت قوورعانه‌که‌ى مه‌لا وه‌هابیش(3) زه‌رد هه‌ڵ گه‌ڕاوه‌و زه‌رد ده‌ترسێ. ئێژم دایکه ئه‌ى ده‌زگیرانه‌که‌ى من؟ مه‌لا وه‌هاب له‌ده‌ره‌وه دێته‌وه‌و بانگى غوربه‌ت ده‌کا: غوربه‌ت غوربه‌ت غوربه‌ت غوربه‌ت له خه‌و ڕاده‌په‌ڕێ و بسمیلا بسمیلا بسمیلا چیه غوربه‌ت ئه‌وه تێک چووى؟ مه‌لا خه‌ونم ده‌دى له خه‌ونما جه‌بار گۆرانى ده‌چرێ و نامیقیش به‌شمشاڵ لێى وه‌ر ده‌گرێته‌وه ئائائا دیم فاتیح له‌ته ئاوێنه‌یه‌کى هه‌ڵگرتوه‌و به‌شانه پرچى ده‌زگیرانه‌که‌ى دادێنێ، بیلا درۆ له‌زاتمدا نییه قه‌ت کوڕه‌که‌ى ناو خاسم ئاوا به په‌شۆکاوى نه‌دیوه‌و په‌ڕه‌یه‌ک له قورعانه‌که‌ى تۆشم دى بردى و نه‌هاته‌وه، وه‌ى ڕۆ مه‌لا ئه‌وه چى بوو... فاتیح بۆ کوێ ڕۆیى؟ فاتیح مه‌لا جه‌بار ناوخاس(4 ( ده‌زگیرانه ناو له‌پ به‌خه‌نه‌وه‌بووه‌که‌ى فاتیح غوربه‌ت غوربه‌ت غوربه‌ت
په‌راوێز: 1. خێزانی مامۆستایه‌کى ئاینى بوو، ئێستاش له ژیانداماوه ، 2. کوڕی غوربه‌ته‌و ئه‌نفال کراوه. 3. مێردی غوربه‌ته‌و کۆچى دوایى کردوه. 4- که‌سایه‌تیه‌کى ناسراوىناوچه‌ى گه‌رمیان بوه‌ودانیشتوى گونده‌که‌ى (مه‌لاوه‌هاب)توکن بوه. نیعمه‌ت(1 ) ئه‌م به‌یانیه پێش ئه‌وه‌ى سوێسکه‌کان له دووغه دووغى خۆیان بکه‌ون و کڵاو فشه‌نه‌کانیش له‌بن بنجگێ ئاگوڵ و کڵناشک و گوێبه‌رخه و سڕناتکه‌کاندا نووستبوون ، هێشتا ده‌نگى ده‌هۆڵ و زووڕنا و خرمه و زرمه‌ى ڕه‌شبه‌ڵه‌کى ئه‌و شه‌وه کاڵنه‌بووبوه‌وه، له دووکه‌ڵ کێشى سۆپاکانه‌وه دووکه‌ڵ ده‌هاته ده‌رو ئانگۆى سه‌ر گیایى به‌هاره پرشه‌ى ده‌هات، نیعمه‌ت سه‌رو ماچى مناڵه‌کانى ده‌کات و به‌ده‌م خه‌یاڵى گوێگرتن له ئاوازى شمشاڵه‌که‌ى ساڵه‌حه(2)وه به‌په‌له و تاچاو بڕکا دیارنامێنێ، حیکایه‌تێک له‌باره‌ى نیعمه‌ته‌وه هه‌یه و ئاوا ده‌ڵێ: نیعمه‌ت ڕۆیى و نه‌هاته‌وه، ئه‌و به‌دوو شت هێوه‌ر دبوویه‌وه یه‌که‌میان شمشاڵه‌که‌ى نامیق و دووه‌میان هه‌ر شمشاڵه‌که‌ى ساڵح، که‌شمشاڵه‌که‌ى ئه‌و دوانه‌یان شکان ئه‌میش ده‌ڕواو چیمه‌نى(3) کچى نیعمه‌ت ئه‌م نوسینه‌ى له‌سه‌ر تاوێره به‌ردێکى گه‌وره‌ى نزیک کانیه‌که‌ى وه‌لى(4) بۆ هه‌ڵده‌کۆڵێ: دایکم له نوورى خوا پاکترو له‌ته‌نهایى خوا ته‌نیاترو له‌مه‌رگى په‌رژین و نه‌رمینى(5) خوشکم ته‌نهاتر بوو.. دایکم پڕبوو له عشق بۆ ته‌نهایى باوکم و باوکم پڕبوو له شمشاڵ بۆ ته‌نهایى دایکم.. وه‌لێ پڕنه‌بوون له‌یه‌کترى و دیار نه‌مان... په‌روێز 1. خێزانی ساڵه‌حى شمشاڵ ژه‌ن بوو که له‌گه‌رمیان زۆر ناسراوبوو. 2. ئه‌نفال بردى و دووان له مناڵه‌کانى له نوگره‌سه‌لمان گیانیان له‌ده‌ستدا. 3. ئێستایش بۆ باوکى ده‌گرى و ئه‌نفال له روخساریدا ده‌بارێ. 4-کانیه‌ک بوو هه‌ردووگوندى ئاویان لێده‌خوارده‌وه . 5. ناوی دوومناڵه‌که‌ى ساڵه‌ح که له نوگره‌سه‌لمان گیانیان له ده‌ستدا. نازه‌نین(1 ) بۆ شکانى شمشاڵه‌که‌ى من مه‌گرى نازه گیان ، دڵنیابه هێنده‌ى تر شمشاڵه‌که‌م ورد‌و خاش بکه‌ن ته‌نها ئازارى ڕۆحى تۆ ده‌ژه‌نێ سه‌رى له‌سه‌ر ئانیشکى ئه‌ژنۆى به‌رز کرده‌وه‌و به‌ده‌ورو پشتى خۆیدا چاوێکى گێڕا و هیچى نه‌دى هێوه‌ر ببه‌وه نازه‌نین من لێره‌م ڕاسته و پێ هه‌ستایه پێ و هاوارى کرد تۆ له‌کوێى؟ ئه‌وه‌تام لێره‌م چۆن نامبینى به‌هه‌ر چوار ده‌ورى خۆیدا ده‌سوڕایه‌وه و هاوارى ده‌کرد ناتبینم تکایه ئه‌وه‌تام نازێ، بیرت چوو ئه‌و ڕۆژانه‌ى من فێرى شمشاڵ ژه‌نین و تۆش فێرى سه‌ره‌تاى چاو شارکێى عه‌شق بووى له‌سه‌ر چینجگ دانیشته‌وه‌و ڕۆچوه نێو خه‌یاڵێکى قووڵ و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یوت: دییه‌ت کوێربێ نازه ئه‌وه ده‌نگى ساڵه‌حى کوڕى حاجى بوو، ساڵه‌ح له‌ژێر ده‌ستى مامۆستاى مناڵه‌کانی گونددا فێرى نوسین و خوێندنه‌وه ببوو، ڕۆژێک به‌نازه‌نینى وتبوو تۆ بۆنى هه‌ناسه‌ى منت لێدێ و منیش هه‌روه‌ها، وه‌لێ بیرت نه‌چێ ته‌مه‌نى خۆشه‌ویستیمان که‌م ده‌بێ و بڕواش ناکه‌م ئه‌م به‌هاره پێکه‌وه شیر‌و ماستێکى تر بخۆین ئه‌ویش پێى وتبوو: وه‌یڕۆ ساڵه‌ح چیت بیستوه ؟ ئه‌وه‌منم لێره‌م نازه‌گیان چاوى به‌رز کرده‌وه‌و تۆزى رۆیشتنى ژێر پێى ساڵح دیاربوو..
په‌راوێز: 1. شۆخێک بوو، پێش هاوسه‌رگیرى (ساله‌ح )زۆرى خۆش ده‌ویست. خه‌لیل(1) فه‌ریده(2) هاتبوه خه‌ونى و پێی وتبوو خه‌لیل رۆڵه باسی به سه‌رهاتى سه‌رگوڵ(3) لاى که‌س مه‌گێڕه‌وه،ئائا ڕۆڵه سه‌رگوڵ به‌زۆر له باوشی منیان ده‌رکرد وبردیان..دواى ئه‌م خه‌ونه کورته خه‌لیل وه‌ک سه‌رگوڵ ته‌نها گه‌ڕابوه‌وه ناودآ ئه‌و هه‌ندآ جار ترسى له‌وه‌ش هه‌بوو خۆفرۆشێک شوێن پێیه‌کانى هه‌ڵگرآ وبیکاته نێچیرێکى باش،وه‌لى هه‌ر هه‌نگاوى ده‌ناو تاو ناتاوێکیش له‌به‌ر خۆیه‌وه به‌ڵام زۆر به‌هێمنى ته‌نهایى سه‌رگوڵى ده‌لاوانده‌وه،خه‌لیل ئه‌وه‌تام لێره‌م نه‌مامم(4)(خه‌لیل ئه‌وه‌تام بۆنام ناسیته‌وه ئه‌ى بیرت چوو من کێم،ئه‌وه‌تام ئه‌وه‌تام نه‌مامى کچه‌زاکه‌ى خه‌دیج،ئاوڕى بۆ دواوه بده نه‌مامه‌که‌ى خۆت). خه‌لیل مووچڕکێک جه‌سته‌ى ده‌ئاژنآ وته‌ماشایه‌کى ئه‌م لاو وئه‌لاى خۆى ده‌کاو هیچ نابینآ،ده‌که‌وێته‌وه ڕێ وده‌نگێکى تر به‌رز ده‌بێته‌وه: (خه‌لیل، ئه‌وه‌تام لێره من سه‌رگوڵم). ده‌نگێکى تر: (کوڕه‌زاکه‌ى حاجى، منم ده‌روێش حوسێن، ئێژم خه‌زێمى منت نه‌دیوه). ده‌نگێکى تر(منم، خه‌لیل گیان، حه‌یرانم حه‌یران، هاتووم دنگ وباسى محه‌مه‌دو ئیمان وسه‌لیم بپرسم،بیرت نه‌چى پێیان بڵێ ناوی کچه‌که‌م ناوه- لم-). ده‌نگێکیتر (منم، خه‌لیل، خه‌زێمى ئامۆژنت، ئێژم هیچ هه‌واڵێکی سێوه‌ی کچم نازانێ؟). ده‌نگێکیتر ( منم پووره نه‌جمه‌ت).) ده‌نگێکیتر) کاکه‌برا، ئه‌وه ده‌نگوباسى عه‌دنان نازانێ؟) ده‌نگێکیتر (منم، خه‌لیل گیان! خاتون بگه‌ڕێوه...)سه‌گێک له پایین دێوه به کلکه له‌قێن به‌ره‌و لای خه‌لیل دێ، رانه مه‌ڕه‌که‌ی (ساڵح و ره‌وێڵًه‌یه‌ک جوچکه‌ی مه‌حبوب ) له حه‌لاجه‌وه به‌ره‌و دێ دێن، ده‌ڵه گورگێک له دووتوێی تاته به‌رده‌کانی رۆژئاوای دێ‌دا خۆی مه‌ڵاس داوه‌و له نێچیر ده‌گه‌ڕێ، کۆتره شینکه‌یه‌ک بۆ تۆزێک ئاوی پاک ده‌گه‌ڕێ، مامزێک به په‌له و پڕ تاو خۆی ده‌کا به‌ناو دێ‌دا، له نێوان خه‌یاڵ و راستیدا تارمایی نامیق دێته پێشچاوی خه‌لیل، له پڕێکا دیار نامێنێ و له‌دوور هاوار ده‌کا(وه‌یلێ کاکه‌برا چۆن هاتییه ئێره، بگه‌ڕێوه و به ئه‌وان بڵێ چاوه‌ڕوانی ئێمه نه‌بن). په‌راوێز: 1. ته‌نیا له خێزانه‌که‌ى به‌جێماوه و هه‌موویان ئه‌نفال کراون. 2. دایکی خه‌لیله‌و بێ یه‌روشوێنه . 3. خوشکی خه‌لیله و ئه‌نفالکراوه . 4. خێزانی خه‌لیله‌و ئه‌نفال کراوه. ئافتاو(1 ) ئافتاو ته‌نها کچێک بوو، ده‌یزانی بۆنی کچێتی خۆی به‌ده‌م مه‌ڵاسه‌ی جه‌لاده‌وه ده‌بینێ و پێڕاناگا به حه‌لاوی دایکی بڵێ، ئیتر نامه‌وێ مانگ به درۆ دڵداریم له‌گه‌ل بکا: ئه‌و کچه‌ی ناوی ئافتاو بوو، ده‌یزانی رۆژێک خرمه‌و زرمه‌ی ژێرپێی پۆستاڵ له‌پێکان و هه‌ڕه‌شه‌ی شمشێره‌که‌ی وه‌قاس، تک‌تک کچێنی ده‌تکێننه بیابان: ئه‌مشه‌و به بێداری مامه‌وه و ته‌نها بیرم له ئه‌فتاو ده‌کرده‌وه‌و، ئاخر ئه‌و رۆژێک که به‌فری سوور له‌دێکه‌ماندا باری، پرسیاری هه‌مه چه‌شنی درووستکرد و وتی: ئه‌مه نیشانه‌ی توڕه‌یی سرووشته لێمان، ته‌نها مه‌لای گوند له‌م قسه‌یه حاڵی بوو، وتی: هێدی به کچم، ئافتاو له‌و رۆژه‌وه نه‌هاته ناو دانیشتنه‌کان و له نامه‌یه‌کدا بۆ منی نووسی(ماڵئاوا ) په‌راوێز: 1. کچێکی رووخۆشى گونده‌که‌ى نوسه‌ره‌و، خۆی و خێزانه‌که‌ى ئه‌نفال کران. دایکیشى له نوگره‌سه‌لمان گیانى له‌ده‌ستدا . رێزان( 1) شوکری (2)به‌ده‌م گریانه‌وه ده‌یوت: ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ربازێک به‌رێزانی وتبوو: رێزه‌یه‌ک له جوانی خۆتم بدرێ، هه‌موو دنیات بۆ دێنم، رێزانیش وتویه‌تی من ده‌زگیرانی خوام و ده‌توانی یارمه‌تی له ئه‌و بخوازی، ئه‌فسه‌رێک به‌م حیکایه‌ته‌ده‌زانێ و به رێزان ده‌ڵێ: من خوام و رێزان دیاری نامێنێ، مه‌نیج حکایه‌تی له‌باره‌ی رێزانه‌وه به‌م شێوه‌یه بۆی گێڕاومه‌ته‌وه: رێزان هه‌میشه ده‌گریا و ژیر نه‌ده‌بوویه‌وه، که لێمان ده‌پرسی بۆچی ده‌گریت ، ده‌یوت نازانم، شه‌وێکیان ئێمه خه‌ریک کفن دوورینی داپیره‌م بووین و رێزان خۆی کرد به‌ناوماندا و وتی: هه‌ر ئێستا...پاسه‌وانی به‌رده‌م زیندانه‌که، ئه‌وه‌ی وا ئامین بۆ قومێ ئاو بۆ منداڵه‌که‌ی زۆری لێ پاڕابووه، به‌ڵام نه‌یدابوویێ و به نینۆکه‌کانی چاوی ژیانی هه‌ڵکۆڵێ، ئاواتیش ئه‌م به‌یتانه به‌سه‌ر ته‌رمی مه‌رگی مناڵه‌که‌ی ئامین و چیرۆکی هه‌ڵکۆڵینی چاوی ژیاندا ده‌وته‌وه.. بێ عێل و بێ که‌س له‌سه‌ر ته‌ته‌شۆر مه‌رگی ئازیزان ژیان و ناسۆر ده‌رده‌م کارییه، گه‌ردوون هاوارێ ره‌نگمان په‌ڕیوه هه‌موومان به جارێ.
په‌راوێز: 1-له‌ناوده‌سته خوشکه‌کانیدا، هێمن ترین و جوانترین بوو. خۆى و چوارخوشکى و سێ براى له‌گه‌ڵ دایک و و باوکى ئه‌نفالکران. 2-پورى رێزانه و به‌رده‌وام ده‌ڵێ نایانبینینه‌وه. فارس(1 ) ئه‌و مۆڤێکی سپی بوو، وه‌ک سپێتی روحی خۆی، گه‌وره بوو، ناوی فارسی کوڕی عه‌بدوڵا بوو... دوای ونبوونی فارس له(نه‌هێ)م پرسی: فارس عیشقی چی بوو؟ ئه‌ویش له وڵامدا وتی: کلدانێک پڕ له سوورمه... ئیتر؟ ..........؟ په‌راوێز: 1-مرۆڤێکى ساده‌بوو، مێگه‌له‌که‌ى زۆر خۆشده‌ویست، زۆر ناره‌حه‌ت ده‌بوو به‌بینینى گورک، فارس ژیانى هاوسه‌رگیرى پێک هێنابوو به‌ڵام مناڵى نه‌بوو، دایکى فارس به‌رده‌وام ده‌ڵێ:دینه‌وه...... فه‌سیح(1 ) ته‌رانژگه به‌ردێکى هه‌ڵگرت و له‌سه‌ر باسکى ناوى نوسى ( فه‌سیح مه‌جید عه‌زیز) دانشتووى مه‌مله‌که‌تى وه‌کاشه.... باوکى فه‌سیح له‌ڕێگاى نه‌وارێکه‌وه چیرۆکى فه‌سیحى بۆ گێڕاومه‌ته‌وه و ده‌ڵێ په‌خشان ئاوا باسى بۆ کردووم: مامه چاوم کوێر بێ نه‌متوانى ئه‌و قومه ئاوه‌ى پێبگه‌یه‌نم که تا دوا هه‌ناسه‌ى ئه‌ڵهاى کرد، ئه‌و پێش ماڵئاوایى ووتى: به‌باوکم بڵێن گواره‌یه‌کى زیوى دایکم و ده‌سته‌خورده‌کانى نه‌نه نه‌جمه‌م له‌ناو باخچه‌ى به‌رده‌م بیره‌که‌ى على مردوودا شاردوه‌ته‌وه، ده‌ستم دامێنتان به‌حه‌مه ئه‌مین بڵێن وورده شووشه‌ى ئاوێنه شکاوه‌که‌ى باخه‌ڵى سوخمه‌که‌م بۆنه‌وه‌یه‌کى تر هه‌ڵگرێ و قه‌تارێک له‌ڕه‌نگى بزڕکاوى کچێنیم بچڕێ . ئابیرتان نه‌چێ به نامیق بێژن شمشاڵێ بۆ خوڵقى ته‌نگم بژه‌نێ ، بیرتان نه‌چێ ئه‌م نامه‌یه بگه‌یه‌ننه گومه‌زى مزگه‌وته‌که‌ى ئاوایى : ڕه‌نگه ئیتر وه‌ک سه‌ره‌تاى نوێژى فه‌رز و سوونه‌ته‌کان نه‌ت په‌رستم.. چوون تۆ نه‌تتوانى وه‌ک خۆم بێگوناه بملاوێنى و نه‌تتوانى له‌ڕۆژى به‌زۆر شکانى کچێنى منا نامه‌یه‌ک بۆ خوابنێرى و پێى بڵێى بێده‌نگیت هه‌تا که‌ى.. به نه‌زیر بڵێن وه‌م دووچاوه‌ى خۆم سۆزم به‌ده‌م قه‌پاڵى سه‌گێکه‌وه دى و مه‌مکدانه‌که‌ى خۆمیش به‌ده‌م لووله‌ى تفه‌نگى جه‌لادێکه‌وه جێ‌ما.. فه‌سیح فه‌سیح فففففففففففففففه‌ه‌ه‌ه‌ه‌ه‌ه‌سسسسیییییح
په‌راوێز: 1. گه‌وره‌ترین مناڵى خێزانه‌که‌ى بوو، دایکى و خوشک و براکانى ئه‌نفال کران. فانۆس(1 ) ( ئه‌یه چۆیه فانۆس دایم و ده‌ره‌م ئه‌گیریت، به‌سه به‌س وه‌ناو خوا ئیمڕۆ نابه‌یانى هه‌رتێنه‌وه‌و وه‌یه‌کتر شا‌و شوکر ئه‌وینه‌وه)... قه‌ده‌م خێر (2) که‌به‌ڕێکه‌وت بێره‌دا تێپه‌ڕببوو، ئه‌مه‌ى به فانۆسى له خوا ته‌نیاتر وتبوو، فانۆسیش لێى چڕیبوو قه‌ده‌م خێر قه‌ده‌م خێر مه‌ڕۆ ، ئه‌مه نامه‌ى جوانه‌یه بیوه بۆ لاى خوێنه‌وارێ بزان چى نوسیه، قه‌ده‌م ئه‌مه‌ى گوێ لێ ده‌بێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه، نامه‌که ده‌باته لاى هاشم ئه‌فه‌نى و تکاى لێده‌کا وه‌ک خۆى بیخوێنێته‌وه، ده‌قى نامه‌که وه‌ک خۆى: دایکى گه‌وره‌م فانۆس ده‌سته‌کانت ماچ ده‌که‌م تکایه چاوه‌ڕوانى من مه‌که‌ن و به هه‌ناریش بێژن کراسه کوده‌رییه‌که‌م بۆ ئه‌و.. کچى خۆت جوانه
په‌راوێز: 1-بیست و چوارکه‌س له خێزانه‌که‌ى، له‌ناویاندا کچى زۆرى خۆش ده‌ویست، ئه‌نفال و بێسه‌روشوێن کران. 2-ژنێک بوو به‌ته‌مه‌ن،خۆى و مناڵه‌کانى جگه له(ئیکرام)ى کوڕه گه‌وره‌که‌ى ئه‌نفال کران. نه‌زیره(1 ) پێش ئه‌وه‌ى له‌ماڵ ده‌رچن نه‌زیره به خونچه‌ى (2)وتبوو: کچه جوانه‌که‌ى دایکى(دایکی،) ده‌م و چاوى خۆت به‌ناخوێن هه‌ڵدڕه، بازنه‌کان له‌مه‌چه‌کت ده‌رکه و ئه‌و کراسه ئاورێشمییه‌ش له‌به‌ر داکه‌نه و ئه‌و کراسه قه‌دیفه ڕه‌شه له‌به‌ر ، خونچه گیان دوێنێ شه‌و به‌ده‌نگى دایکم وه‌خه‌به‌ر هاتم، ئه‌و له‌خه‌وما پێى ووتم کاکه‌ت غه‌فوور(3) به‌سه‌ر ڕچه‌ڕێى باخه‌سه‌ندا به‌ره‌و ئێره‌دێ، نه‌زیره ڕۆڵه خۆ شێت نه‌بووم یێژم به‌شکو هه‌واڵى کاکه خورشید(4)تى هێنابێ؟ ئاخر ڕۆڵه تووخوا خورشید مه‌زڵوم بوو، ئه‌و له‌داره‌ى دنیا له غه‌سان زیاتر شکى نه‌ده‌برد ئه‌وتا نه‌زیره‌گیان جامانه‌که‌ى له ملى پێچاوه‌و نزیک بوه‌ته‌وه، ڕۆڵه شه‌رتبێ هه‌واڵى خورشیدى پێبێ کراسێکى چاوه چۆله‌که‌ت بۆ بکه‌م و که‌مه‌ره‌یه‌کى زیو‌یش بۆ ڕۆژى زه‌ماوه‌ندى دیارى کردنه‌که‌ت بێنم ... خورشید پێش ئه‌وه‌ى ماڵئاوایى بکا به دایکى وتبوو، دایه ئیتر من نابیننه‌وه، ئه‌ویش لێى پاڕابوه‌وه‌و وتبووى : کوڕه شرینه‌که‌م هێشتا سه‌یوان مناڵه و ناتوانێ به‌ناوى باوک بانگت بکا، ئاخر هێشتا زووه بۆ ڕۆیشتن و په‌له مه‌که.. ئه‌و خورشید له‌چاو ونببوو، خه‌ڵکى ئاوایى گشت هاتبوونه ده‌ر... ئه‌ویش هه‌رهاوارى ده‌کرد مه‌ڕۆ خورشید مه‌ڕۆ ڕۆڵه، نه‌زیریش له خه‌و ڕاده‌چه‌نێ و خونچه‌ش باوشى پیاده‌کا و چیه میمى گیان ئه‌وه بۆ ڕه‌نگت تێک چوه؟ په‌راوێز: 1-دانیشتوى گوندى قه‌واڵى بوو، دواى شه‌ش مانگ زیندانى له دووبز گه‌ڕایه‌وه. 2-خوشکه‌زاى نه‌زیره‌یه. 3-براگه‌وره‌ى نه‌زیره بوون و له ئه‌نفالدا بێسه‌روشوێن کران. کوێستان(1 ) کوێستان هه‌ردوو باسکى خۆیى داخ کردبوو، ئه‌و پێش ئه‌وه‌ى له گوند وه‌ده‌ر بن به‌باوکى وتبوو: باوکه مامه سڵێمانى دلبه‌رخان که‌ى به‌پیریمانه‌وه دێ باوکى پێى وتبوو: ڕێکه باوکه مشوارێکى تر.. کوێستان ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ: باوکم قاره‌مانێکى دۆڕاو بوو، چونکه نه‌یتوانى من و ئه‌خته‌رى خوشکم له‌چنگى جه‌لادێک له یه‌که‌م نیگاى بۆ ئێمه بگوازێته‌وه و ئه‌و وه‌ک ئه‌وه‌ى هه‌ست بکا قاره‌مانێکى دۆڕاوه‌و هیچى پێناکرێ، بۆ دواجاریش سه‌رێکى هه‌ڵنه‌بڕى و ته‌ماشایه‌کى ئێمه‌ى نه‌کرد، ئێمه‌ش ته‌نها ئاوه‌سى کراسه ئه‌نگۆره‌که‌ى دایکمان گرتبوو، ڕوومه‌تى دایکم له‌شوێن نینۆکه‌کانى خۆیه‌وه تک تک خوێنى لێده‌چۆڕا، دایکم به‌چپه‌یه‌ک به حه‌لاوى(2) وت: باوانت شێوێ نامووس و حه‌یسه‌تمان تک تک تکان، ئه‌وه‌بۆچى پیرى قه‌ره‌چێواریش به ئاهى هه‌ناسه‌مانه‌وه نه‌هات؟ ئاڵتوون(3) به‌ناو ئاپۆڕاى خه‌ڵکه‌که‌دا خۆیى گه‌یانده دایکم و وتى: کوره باوانت بڕمێ به‌به‌رچاوی خۆمه‌وه ئاوێنه و شانه‌که‌یان له گیرفانى جه‌بار ده‌رهێنا و شکاندیان و شمشاڵه‌که‌ى نامیقیشیان ورد‌و خاش کرد، تۆ ئێژم ژنه کۆس که‌وته‌ڵه‌که چاوه‌ڕوانى چیت؟ کوێستان ده‌ڵێ: جه‌لاده‌که نزیکتر ده‌بوویه‌وه و وه‌ک ئه‌وه‌ى بیه‌وێ به‌من بڵێ: ئاوه‌سى کراسه‌که‌ى دایکت به‌رده و تۆ غه‌نیمه‌یه‌کى گه‌وره‌ى بۆمن، منیش زریکاندم و ئاگام له خۆم نه‌ما، ئیتر له‌وێوه من بووم به‌کچى لم و کچێنیشم ئاوێته‌بوو به‌لم.... په‌راوێز: 1. کچه‌مامی نوسه‌ره‌و تێکڕایى خێزانه‌که‌ى کوێستان ئه‌نفال کران. 2. له نوگره‌سه‌لمان گیانى له‌ده‌ستداو دانیشتووى گونده‌که‌ى کوێستان بوو. 3. خۆی و مناڵه‌کانى و مێرده‌که‌ى ئه‌نفال کران. زه‌کیه(1 ) که ڕه‌وه کوله‌ى ئه‌نفال گه‌یشته گوند و زه‌کیه و ده‌سته خوشکه‌کانى ڕۆیشتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه، سێبه‌رى سه‌کۆکانى ئێواران بێبۆنى ڕه‌یحانه مانه‌وه‌و که‌س نه‌ما بۆنى به‌رکوڵى عه‌سره چایه‌ک بگه‌یه‌نێته ناو مه‌جلیسى پیاوه ریش سپیه‌کان، زه‌کیه پاش بیست ساڵ ئه‌م قه‌سیده‌یه‌یى به‌ڕێگاى ناسنامه‌که‌یدا ناردبوه‌وه بۆ نیشتمانى پڕ له‌قاره‌مانى دۆڕاو، له‌پێشه‌کى قه‌سیده‌که‌یدا نوسیبووى: ته‌نها خوا بۆى نیه ئه‌م قه‌سیده‌یه بخوێنێته‌وه.. ده‌قى قه‌سیده‌که: خودایه گوناهم نه‌بوو تاله‌م لمستانه‌دا به‌لم غوسڵى له‌ش پیسیم بکه‌م و به‌لمیش ده‌ست نوێژبگرم و ته‌نانه‌ت خوێنى ئاڵى کچێنیشم به‌لم بسپێرم خودایه گوناهم نه‌بوو تا تۆ جاڕى هه‌ڕاجکردنى من به‌لم بسپێرى و به جه‌لادى عه‌رشى لمیش بڵێى تۆ سه‌رپشکى به سه‌وداى نرخى زه‌کیه‌کانه‌وه خودایه گوناهم نه‌بوو که‌هه‌واڵى تاساندنى منت به‌دایکم نه‌وت و پێت نه‌وتم ئه‌ڵقه‌ى دیارى کردنه‌که‌م بۆ نه‌جیب له‌کوێى ئه‌م بیابانه‌دا دزرا ئاخر تۆ پێت نه‌وتم ئافتاوى ده‌سته خوشکم کوێوه چوو؟
په‌راوێز: ئایا لێره‌یه له‌م ماڵه پڕ له خوێنه‌ى ته‌نیشتى من؟ هۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆوووووووووووووو خه‌ڵکى گوند کێتان ده‌نگم ده‌بیستێ که‌س پرسیار نه‌کا له‌کوێم ته‌نها هاتووم پێتان بڵێم بۆنى ناسنامه‌که‌م بکه‌ن ناسنامه‌که‌م پێتان ده‌ڵێ: من تازه نابمه‌وه زه‌کیه‌یى جارانى گوند من تازه ناتوانم ڕه‌یحانه‌کانى سه‌کۆى به‌ر ماڵه‌که‌مان ئاو بده‌مه‌وه من تازه ناتوانم بچم بۆ کانى کڵاو کوڕه‌و پڕ مه‌تاره‌یه‌ک ئاوى پاک بوونه‌وه‌ى یه‌که‌م شه‌وى به‌غه‌در شکان و رژانى کچێنیم بێنمه‌وه من تازه ناتوانم کل و کلدان له‌گه‌ڵ ده‌سته خوشکه‌کانم بگۆڕمه‌وه بیرتان نه‌چێ به‌نه‌جیب بڵێن باله‌وه زیاتر چاوه‌ڕوانى من نه‌بێ به‌دایکیشم بڵێن با ڕه‌یحانه‌کانى سه‌ر سه‌کۆى به‌ر حه‌وشه ئاو بدا چوون من نایه‌مه‌وه به‌پێغه‌مبه‌رى خواش بلێن پێویستیم به‌پاڕانه‌وه‌ى ئه‌و نیه چوون گوناهه‌کانى عه‌بدایه‌تیم بۆ خوا هه‌موو وه‌رین به قوتابیه‌کانى نامیقیش بلێن نا ئه‌توانن شمشاڵ بژه‌نن چوون نامیق ناگه‌ڕێته‌وه په‌راوێز: 1-ته‌نها کچى خێزانه‌که‌ى بوو، له ئه‌نفالدا بێسه‌روشوێن کرا. شوکریه(1 ) )من(من به‌مناڵیش شوکریه‌م خۆش ده‌ویست.) ئه‌مه وته‌ى یه‌کێک له هاو پۆله‌کانى شوکریه بوو، شوکریه کچى سێیه‌مى خێزانه‌که‌ى خۆیان بوو، هه‌میشه ئاره‌زووى ده‌کرد کراسى ئه‌نگۆره‌ى ته‌خته سپى و گوڵ هه‌نارى له‌به‌ر بکا، زۆر تریش که‌یفى به هاوڕێیه‌تى کوڕه هاو پۆل و هاو ساوه سه‌له‌وانه‌کانى ده‌هات تا کچان، ئه‌و هیچى لێبه جێنه‌ما ته‌نانه‌ت یاده‌وه‌رییه‌کانیشى له‌گه‌ڵ خۆیدا له بوخچه‌یه‌ک نا و بردى و نه‌گه‌ڕایه‌وه، باوکى شوکرییه له‌باسى یاده‌وه‌رى شوکریه‌دا ده‌ڵێ: شوکریه هه‌موو شه‌وێ دێته خه‌ونم و ده‌ڵێ: باوکه بۆچى ڕه‌شبه‌ڵه‌که‌کانى دێ وه‌ک جاران ده‌نگى ده‌هۆَڵ و زوڕنایان نایه؟ ئه‌و یه‌خه‌م به‌رنادا و ده‌ڵێ: نامیقى شمشاڵ ژه‌ن وه‌ک جاران شمشاڵ بۆ هه‌موان ده‌ژه‌نێ؟ ئه‌و پرسیار ده‌کا و ده‌ڵێ: بۆچى وه‌ک جاران نامگریته باوش و نوقڵى ترش و شرینم بۆ ناکڕیت؟ ئه‌و ده‌پرسێ کوڕه‌که‌ى هاوڕێم وه‌ک جاران خۆشى ده‌وێم؟ من.................
په‌راوێز: 1-بێده‌نگ ترین و هێمنترین کچ بوو له‌ناو هاوڕێکانیدا. سووعاد(1 ) خورشید یان مام خورشید(2) له هه‌موو مرۆڤه‌کانى گوند فه‌قیر تربوو، ئه‌و له خۆشه‌ویستى و ڕێز زیاتر هیچى تر‌ى نه‌ده‌زانى ، له نوکته و قسه‌ى خۆش زیاتر هیچى نه‌دزانى ، ئه‌و که‌نینۆکى که‌سێک له‌گوندا ئازارى بوایه له جارێ زیاتر ده‌چوه هه‌واڵپرسینى، گوند به مام خورشیده‌وه جوان بوو، به‌ڵام خویشى په‌یتا په‌یتا ده‌یوت نا مام خورشید به گونده‌وه جوانه، سووعاد که یه‌کێک بوو له مناڵه‌کانى مام خورشید پێش ئه‌وه‌ى گوند به‌جێبێڵن به‌باوکى وتبوو: باوکه ئاواتى(3) خوشکم ده‌ڵێ: خه‌ونم دیوه ئه‌ترسم ئیتر له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى گوندا یه‌کتر نه‌بینینه‌وه؟ مام خورشید ڕاچه‌ڵه‌کینێکى ناوه‌ختى بۆ کرد و سووعاد کچه‌که‌م ئه‌وه چیت وت؟ هیچ باوکه باسى خه‌ونه‌که‌ى ئاواتم کرد، ئا باوکه ئه‌و ده‌یوت: باوکم وه‌ک ڕۆژانى تر ئاسایى نییه و شڵه‌ژاوه، ئێ باوکه ڕاستیش ده‌کا چونکه تۆ ڕۆژانى تر ئێمه‌ت فێرى (دارا دوو دارى دى) ده‌کرد و به‌رده‌وام باسى چیرۆکى کڵاو کوڕه فه‌قیره‌که‌ت بۆ ده‌کردین، که‌چى ئه‌وه‌تا ئێستا چاوه‌کانت چوون به قووتا و سمێڵه ماش و برنجیه‌که‌تیش پێناکه‌نێ و ته‌نانه‌ت ئه‌م ئێواره‌یه ماچیشت نه‌کردین. ئه‌ڵێم باوکه باتۆزێ بچینه سه‌ر ته‌په‌ى ناو دێ، وابزانم ئه‌وه ده‌نگى شمشاڵه‌که‌ى نامیقه‌دێ، ئا باوکه توخوا یه‌ک تۆز بڕوابکه زۆر نزیکه ، ڕه‌نگه ئه‌م جاره‌ش وه‌ک جاره‌کانى تر هاتبێته قه‌وره شه‌هیده‌که و دووریش نییه بیه‌وێ به‌ده‌نگى شمشاڵه‌که‌ى هه‌واڵێکى خۆشمان پێ‌بدا، باوکه چیت وت بڕۆین؟ ده‌نگى شمشاڵه‌که‌ى نامیق نزیک تر ده‌بێته‌وه‌و سووعاد زیاتر ئارامى له‌به‌ر ده‌بڕێ، ئاواتیش خێرا خێرا به سووعاد ده‌ڵێ: سووعاد سووعاد ئه‌وه ده‌نگه ده‌نگى خه‌ڵکه دێ، سووعاد گوێم لێ‌بوو ئه‌یانوت ئه‌بێ ئه‌مشه‌و له گوند ده‌رچین. دواى ئه‌وه‌ى له‌ڕێگادا له‌یه‌کترى دابڕابوون مام خورشید له‌نامه‌یه‌کیدا بۆ سووعادى نوسیبوو: (ببوره کچى خۆم نه‌متوانى بۆ ته‌نها یه‌کجارى تر ماچى هه‌ناسه‌ى چوون به‌فر سپیتان بکه‌م ... په‌راوێز: 1-دواى شه‌ش مانگ له زیندانى نوگره‌سه‌لمان هاتنه‌وه دواى ئه‌نفال. 2-باوکى سوعادبوو، زۆر قسه خۆش و ساده‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریدا. 3-کچه‌گه‌وره‌ى مام خورشید بوو. ئه‌م خێزانه کوڕوکچیان له نوگره‌سه‌لمان گیانیان له‌ده‌ستدا. ئاسکه(1 نادر(2) به به‌ده‌م ڕێوه وتبووى دایکه ئاسکه ته‌نها چاره‌یه‌ک من هه‌مبێ ده‌توانم پڕ به هه‌ستم ماچى ده‌ستى تۆ بکه‌م و بڕواش ناکه‌م جارێکى تر بتبینمه‌وه، ئاسکه‌ش وه‌ک لوتفى دایکایه‌تى خۆى و پیشه‌یى هه‌میشه‌یى وتبووى: نادر گلاره‌ى دییه‌م قسه‌ى وامه‌یه‌ژه چونکه تۆ خۆت ئه‌زانى من له هه‌موو مناڵه‌کانم زیاتر خۆش ئه‌وێى. نادر وه‌ک ئه‌وه‌ى ئاگادار بێ له‌وه‌ى دایکى نابینێته‌وه توند توند بۆ یه‌که‌م جاره پڕ به تاسه‌ى دایکایه‌تى ماچى ده‌ستى دایکى ده‌کا و فرمێسکه‌کانى دایکى ده‌که‌وێته سه‌ر ده‌ستى و ئیتر بێئاوڕ دانه‌وه له پاین دێوه بۆى ده‌ر ده‌چێ. مه‌جیدى باوکى نادر به پڕتاو خۆى ده‌کا به حه‌وشه‌داو ده‌ڵێ: ئاسکه هۆ ئاسکه ئه‌وه نادر بۆ کوێ ڕۆیى. هیچ وه‌ڵامێک نییه و ڕوخسارى دێ ده‌بێته تاریکستان. ئاسکه بۆ دایکى نامیقى شمشاڵ ژه‌نى گێڕابوه‌وه‌و وتبووى: نادر شه‌وێک هاته خه‌ونم و ده‌یوت: بۆچى هێڵاتان ئه‌و جه‌لاده ئه‌ڵقه‌ى په‌نجه‌ى ده‌زگیرانه‌که‌ى من (3) بشکێنێ و تاڵ تاڵ پرچى ده‌سکه‌نه بکا بۆچى هێڵاتان ئه‌و جه‌لاده کراسى بلورینى به‌رى ده‌زگیرانه‌که‌ى من بدڕێنێ و مێخه‌ک به‌نه‌که‌ى ملى ببڕێته‌وه بۆچى هێڵاتان ئه‌و جه‌لاده سۆتکه‌کانى گیرفانى ده‌زگیرانه‌که‌ى من فڕێ‌دا و ناو ده‌مى پڕ له لیکى قه‌باحه‌ت بکا بۆچى هێڵاتان ئه‌و جه‌لاده نامه‌کانى دڵى من بسووتێنێ و به‌سوارى عه‌رشى غرووریى خۆیدا بۆ به‌تاڵ کردنه‌وه‌ى غه‌ریزه ترسناکه‌کانى خۆى شۆڕ بێته‌وه ده‌مه‌هێڵه دایکه ئه‌و جه‌لاده ئه‌وه‌تا له‌سه‌ر دڵم جاڕى بێکه‌سى من و دوا تروسکایى ڕۆحم ده‌دا ده‌مه‌هێڵه دایکه ئه‌و جه‌لاده ئه‌وه‌تا تریقه‌ى پێکه‌نینه ناشرینه‌کانى ته‌واو وه‌ڕه‌سى کردووم و ته‌واو هه‌ست به نه‌بوونى خۆم ده‌که‌م دایکى نامیق ئه‌وه چى بوو هۆ نادر هۆ نادر گلاره‌ى دییه‌م تۆ له کوێى په‌راوێز: 1-ئه‌م ژنه دانیشتوى گوندى وارانى خۆى و مناڵه‌کانى جگه‌له نادرو سیروان و بورهان، ئه‌نفالکران. 2-کوڕى ئاسکه بوو، ئه‌و پێشمه‌رگه‌بوو،دواى ئه‌نفال وه‌ک پارتیزان مایه‌وه‌و له به‌هارى 1991 شه‌هید بوو. 3-ناوى خوازراوى خۆشه‌ویسته‌که‌ى نادره. خورشیده(1) دانیشتوانى گوند به خورشیده‌یان ده‌وت: په‌پوله‌ى بێزه‌واڵ... خورشیده له‌سپى سپى تر‌و له‌خۆشه‌ویستى گه‌وره‌ترو له بێگوناهیش گوناهتر و له کڵاو فشنه‌ش فه‌قیرترو له‌یه‌که‌م شه‌وى بوکێنى خۆیشى بێکه‌ستر بوو، ئه‌و به تاریقى(2) وتبوو هه‌ناسه‌ى دایکى من له‌لێوارى ڕووبارى ئاوه‌سپیدا م و پوزه‌وانه‌کانى تۆ ده‌شۆم، ناوى دڵم بیرت نه‌چێ که‌ڕۆیشتى بانگێک و به پڕ تاو له‌لاتم. ئه‌وساو ئێستاش تاریق بانگ ده‌کا و خورشیده‌ش بانگ ده‌کا ، که‌سیان گوێیان له‌وى تر نییه و ته‌نها ئه‌وانه‌ى به ڕێبوارى به‌وێدا تێپه‌ڕ ده‌بن، گوێیان له ده‌نگى دایک و کوڕێکه بووه به ئاوازى گۆرانییه‌کى پڕ دابڕان و گوێى دار‌و به‌ردو ته‌نهایى و په‌له‌وه‌ره‌کان ده‌سمێ.
په‌راوێز: 1-ژنێکى ساده‌و هه‌ژاربوو، ئه‌نفال بێسه‌روشوێنى کرد. 2-کوڕى خورشیده‌بوو، له‌کاتى په‌لامارى ئه‌نفالدا له گوندى چه‌ورى ناوچه‌ى داوده شه‌هید بوو. خه‌زاڵ(1 ) خه‌زاڵ ته‌نها کچێک بوو که‌نادر خۆشى ده‌ویست و ئه‌ویش به هه‌مان شێوه، تائه‌م ساته‌ش که‌س نازانێ خه‌زاڵ چى به‌سه‌ر هات و له کوێیه. دواى خه‌زاڵ ئه‌م قه‌سیده‌یه نوسراو ده‌ماو ده‌م ده‌گێڕرێته‌وه : کچێک بوو له ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى خوداوه‌ند عه‌شقێک بوو ته‌نها له‌خۆى ده‌چوو حیکایه‌تێک بوو که‌س نه‌یگێڕاوه‌ته‌وه قه‌سیده‌یه‌ک بوو هێشتا نه‌نوسراوه کاراکته‌رى ڕۆمانێک بوو که‌س نه‌یهێناوه‌ته ئاخاوتن ئه‌و هه‌موو جار به‌نادرى ده‌وت: له هه‌ر جێگایه‌ک منت لێونبوو به‌زمانى یه‌که‌م ژووانى عه‌شقمان با‌نگم بکه له‌وێده‌بم له‌هه‌ر جێگایه‌ک خۆتت لێ‌ون بوو به‌زمانى ماسیه‌کانى ئاوه‌سپى با‌نگم بکه له‌وێده‌بم ئه‌و هه‌موو فیشه‌ک دانه‌که‌ى نادرى پڕ ده‌کرد له عه‌شق ئه‌و هه‌موو گیرفانه‌کانى نادرى پڕ ده‌کردله مێخه‌ک و به‌یبوون ئه‌و هه‌موو ته‌نهایى نادرى پڕ ده‌کرد له‌بوون
ئه‌و هه‌موو ئاره‌زووه‌کانى نادرى پڕ ده‌کرد له‌خۆیى ئه‌و هه‌موو به‌نادرى ده‌وت ده‌زانى من له تۆ زیاتر شێتانه خۆشم ده‌وێى ئه‌و له‌سه‌ر به‌رده‌کانى مازووخ ناوى نادرى هه‌ڵکۆڵیبوو نادریش له‌سه‌ر چاوى چه‌پى ڕۆحى نادرو خه‌زاڵ دوانه‌ى قه‌ده‌رێک بوون هێشتا زوو بوو بۆ ئه‌وه‌ى چیرۆکى دابڕانیان لێره‌وه ده‌ست پێبکا له‌زه‌ماوه‌ندێکا نادر وتبووى خه‌زاڵ خه‌زاڵیش نه‌یهێڵابوو قسه‌که‌ى ته‌واو بکا وتبووى ئارامبگره هێشتا ئه‌ستێره‌کان نه‌نوستوون
په‌روێز: 1-وه‌ک وتمان ناوى خوازراوى ده‌زگیرانه‌که‌ى نادره. شه‌وکه‌ت(1 ) شه‌وکه‌ت شه‌و دره‌نگانێگ له ماڵه قوڕینه‌که‌ى هاتبوه ده‌رو به‌گاکۆڵکێ خۆى گه‌یاندبوه که‌پره به ژاژ چنراوه‌که‌ى خه‌یرى(2)، خه‌یرى پێى وتبوو: بسمیلا شه‌وکه‌ت چى قه‌وماوه وا به‌م تاریکه شه‌وه هاتووییه ئێره؟ شه‌وکه‌تیش له‌وه‌ڵامدا وتبووى: خه‌یرى ئه‌ژنۆم شکا، یێژن شنۆى(3) تاقانه کچم له‌و عه‌ره‌بستانه‌وه کاغه‌زێکى ناردوه‌ته‌وه‌و خۆ تۆ ئه‌زانى من چاوم کوێره‌و نازانم هیچ بخوێنمه‌وه، ئێ خه‌یرى وتم وه‌یه‌که‌وه بچین بۆ لاى کوڕه‌که‌ى(4) نیعمه‌ت و بابۆمانى بخوێنێته‌وه. حه‌په حه‌پى سه‌گه‌لى ناودێ و واقه واقى چه‌قه‌ڵ و ڕێوییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى دێ، له‌گه‌ڵ ده‌نگى پێى ڕۆیشتنى شه‌وکه‌ت و خه‌یرى به‌ره‌و ماڵى نیعمه‌ت زۆر تر ده‌بوو. که‌گه‌یشتنه ده‌رگاى ماڵه‌که‌ى نیعمه‌ت له‌ترسى سه‌گه هه‌وشاره‌که‌یان یه‌ک دوو مسته کۆڵه‌یان سروانده ئه‌و خانوه قوڕینه‌ى نیعمه‌ت و(که) هه‌رسێ مناڵه‌که‌ى تیا ده‌نووستن، نیعمه‌ت ڕاپه‌ڕى و هاوارى کرد: ئه‌وه کێیه؟ نیعمه‌ت باوکه من و خه‌یرین، هاتووین کاغه‌زێکمان پێیه سمایل بۆمانى بخوێنێته‌وه. شه‌وگار له‌ناو تاریکایى خۆیدا پلى ده‌خوارد و بۆنى بنجه ته‌روه‌کانى خڕه به‌رده‌که‌ى لاته‌نیشت ماڵى نیعمه‌ت ده‌گه‌یشته ماڵى ناو حه‌وشه‌که‌یان. ئه‌گه‌ر چى شه‌وکه‌ت و خه‌یرى و نیعمه‌ت به هێواشى گفت و گۆیان ده‌کرد، به‌ڵام سمایل دواى ئه‌وه‌ى به‌ڕێکه‌وت له عه‌رعه‌ره‌وه گه‌ڕابوه‌وه وه‌ک نێچیرى بریندار وابوو، بۆیه به ئاگا هات و وتى: نه‌نه شه‌وکه‌ت و خه‌یرى خێر بێ ، خۆ هیچ ڕووى نه‌داوه؟ دواى ئه‌وه‌ى که‌سمایلیان تێگه‌یاند، سمایل کاغه‌زه‌که‌ى کرده‌وه‌و ده‌ستى به خوێندنه‌وه‌ى کرد: شه‌وکه‌تى خێر له خۆ نه‌دیو تۆ ئیتر ناتوانى کراسێکى جه‌رسه‌ى مۆر بکه‌یته به‌رى من و باوکیشم شه‌وێک هاته خه‌ونم و وتى: به‌شه‌وکه‌تى دایکت بڵێ به‌ته‌ماى ئه‌وه‌ش نه‌بێ له قیامه‌تا یه‌کتر ببینین ئاخر کچه‌که‌م ئێمه من و نامیق و شمشاڵه‌که‌ى قیامه‌تمان لێره له گه‌ڵ دواترپه‌ى دڵى خۆمان و ئاوێنه و شانه‌کانى گیرفانه‌کانى خۆمانداکرد باوکم زۆر کڵۆڵ بوو شه‌وکه‌تى دایک ئه‌و ده‌یوت: شنۆ کچه ڕوومه‌ت ژاکاوه‌که‌م به‌دایکت بڵێ: ته‌ریقه‌تى هیچ شێخ و مه‌شایه‌خێک نه‌په‌رسێ چونکه ئه‌وان نه‌یانتوانى نوشته‌ى پاکبوونه‌وه بۆ خۆشیان بکه‌ن نوێژ مه‌که‌ن چونکه نوێژه‌کانمان به‌تاڵ بوون له گووناه دایکه من نازانم کێ ئه‌م نامه‌یه‌م ده‌گه‌یه‌نێ چونکه ئێستا من خۆیشم ناناسم و پڕ بووم(بوومه) له نامۆیى به‌ڵام بیرت نه‌چێ هه‌موو ڕۆژێ قاپله‌مه‌یه‌ک ئاو بکه‌ره گۆزه‌ى سه‌وڵه‌کان و پێیان بڵێ: من دوورم زۆر دوور له‌وان
په‌روێز: 1-ته‌نها کچ و کوڕێکى بوو له ئه‌نفالدا بێسه‌روشوێنکران . 2-ته‌نها خۆى له ئه‌نفال ماوه‌ته‌وه‌و هه‌میشه ده‌گری. 3-کچه ئه‌نفال کراوه‌که‌ى(ئه‌نفالکراوه‌که‌ی) شه‌وکه‌ته. 4- گوڵباخ( 1) جه‌لادێک ڕۆشتبوه ڕێگاى گوڵباخ و پێى وتبوو: شه‌وێک له جوانى خۆتم به‌رێ ده‌تگرمه زێڕ و کۆشکێکت وه‌ک جوانى خۆت بۆ درووست ده‌که‌م گوڵباخیش پێى وتبوو کوڕى سه‌گ مه‌رگى تۆ‌و پاشان شه‌وى مه‌رگى من بۆ پرسه‌ى مه‌رگى تۆ ئیتر گوڵباخ ون ده‌بێ و سه‌وسه‌نى دایکى وێڵى دواى دۆزینه‌وه‌ى ده‌بێ سه‌وسه‌ن هه‌ر ده‌گه‌ڕێ و هیچ هه‌واڵێکى ده‌ست ناکه‌وێ تادواجار ساڵه‌حى هاوڕێى نامیقى شمشاڵ ژه‌ن دێته خه‌ونى سه‌وسه‌ن و پێى ده‌ڵێ: گوڵباخ بوه به دار عه‌نبه‌رێک له بیابانى عه‌رعه‌ردا و ڕه‌گى ئاهى هه‌ناسه تاساوه‌کانى تا دێ به خاک‌دا ڕۆده‌چێ
په‌راوێز: 1-له(1. له) هه‌موو خێزانه‌که‌یان که‌ژماره‌یان زیاتر له بیست که‌س ده‌بوون ئه‌نفال کران و بێ سه‌روشوێنن. ( هه‌موو خێزانه‌که‌یان، که له بیست که‌س زیاتر بوون، ئه‌نفال کران و بێسه‌روشوینن.) ئاوات(1 ) ئاوات کچى ئه‌و پیاوه فه‌قیره بوو که‌نه‌یتوانى وه‌ڵامى پرسیارى سووعادى کچه ناوه‌نجییه‌که‌ى بداته‌وه‌و نه‌یپه‌رژا دوا ماچى به‌ر له فیراقیان بکا، ئه‌و ته‌نها ئه‌م نامانه‌ى عه‌ره‌بستانه‌وه بۆ کوردستان نوسى :
نامه‌ى یه‌که‌م:
باوکه په‌ریزاد لێره مرد و نه‌مانتوانى تێر بۆى بگرین
نامه‌ى دووه‌م:
نه‌نه حه‌لاو ئه‌و جه‌لاده به‌دار حه‌یزه‌رانه‌که‌ى ده‌ستى چاوى په‌ریزادى ته‌قان و هه‌ناسه‌شى لاقه کرد
نامه‌ى سێیه‌م:
من چیرۆکێکم ئه‌زبه‌ره که‌ستان نایزانن به‌ڵام ئێستا – نا له ده‌رفه‌تێکێکى تردا بۆتانى دگێڕمه‌وه(ده‌گێڕمه‌وه.)
نامه‌ى چواره‌م:
دایکه توو گه‌وره‌یى خوا که به ئاهى هه‌ناسه‌مانه‌وه نه‌هات باسى به‌سه‌رهاتى من بۆ جوتیارى ده‌زگیرانم مه‌گێڕه‌وه
نامه‌ى پێنجه‌م:
شێرزاد من لێره‌م ئه‌گه‌ر هاتى بۆ ئێره بیرت نه‌چێ له‌تێک ئاوێنه‌م بۆ بێنه
نامه‌ى شه‌شه:
مه‌جید پێم بڵێ نامیق ئێستاش شمشاڵ ده‌ژه‌نێ
نامه‌ى حه‌وته‌م:
نه‌نه شه‌مه من لێره خۆمیش ناناسمه‌وه
نامه‌ى هه‌شته‌م:
بۆ مه‌لا ڕه‌حمان پاش سڵاو ئه‌رێ زه‌حمه‌ت نه‌بێ په‌ڕه دڕاوه‌کانى قورئانه‌که‌ت کۆ کرده‌وه
نامه‌ى نۆیه‌م:
بۆ حه‌مه جان سڵاو بیرم دێ به‌تۆیان ده‌وت شێت ئێستا له کوێى
نامه‌ى ده‌یه‌م:
من ناتوانم بێمه‌وه ئاخر من پڕ بووم له سووتان و نامۆ بوون
په‌راوێز: 1. دوای شه‌ش مانگ له زیندانى نوگره‌سه‌لمان هاته‌وه، ئه‌و له زینداندا ده‌یان به‌یته شیعرى له‌به‌رکرده‌و وتوه‌ته‌وه که گوزارشت له ناسۆرى مه‌ینه‌تى زیندان ده‌که‌ن. _______ * کانى فتم___ کانیەک بوو لە نێوان گوندى قەڵاچەرمەلە و پیرە مەوەنى ، بەردەوام کیژنى هەردوو گوندەکە دەچوونە سەرى و ئاویان لێدەهێنا. ئەم دوو گووندە دەکەونە قوڵایى ناوچەى گەرمیانەوە. *گەرحا ___ مێى نێو چاوان سپى، واتە مێیەک نێو چاوانى پەڵە پەڵەى سپى تیا بێ. * قەرە برووت___ بە خۆڵە مێش بوون * کەڵۆز بەیاغار___ جێگایەکە لەسەر ڕووبارى ئاوەسپى بۆ شوێنى حەوانەوەى ئەوانەى کە لەسەر ڕووبارى ئاوەسپى بێستانیان دەکرد بەکار دەهێنرا و لەهەمانکاتدا نوسەر لە جارێ زیاتر تیایدا پشووى داوە. * برایەم سەمین___ ئیمامێکە و ئارامگاکەى لە ناوچەى گەرمیانە و دەکەوێتە خوارووى شارى کفرییەوە و لەوەرزى بەهاردا بۆ سەیران خەڵکى ناوچەکە دەچنە ئەوێ. *گەوەڵ عەساف____ ڕەزێکى بژوێنە و دەکەوێتە سەر ڕووبارى ئاوەسپى ، لە نزیک گووندى گەرمک کەدەکەوێتە سنوورى ناوچاى داودەى گەرمیانەوە. * کانى شاواز___ ناوى کانیەکە لە نێوان گووندى بنەى خەپە کوێرو قەڵاچەرمەلەدا ، ئەم کانیە زۆرتر شۆخان و گووند نشینانى قەڵا چەرمەلە دەچوونە سەرى . * مازووخ ___ زنجیرە چیایەکى بەردەڵانیە و بەسەر ڕووبارى ئاوەسپیدا دەڕوانێ، هاوکات دێیەکانى سنوورى داودەى گەرمیان دەکاتە دووکەرتەوە. *ترێ ترێ___ جۆرێک یارییە و خەڵکى گووند بەکارى دێنن. *خۆراسان___ چیرۆکى ڕاستە قینەى کچێکى گەرمیانیە و دەماو دەم دەگێررێتەوە. * یارخەزاڵ ___ ناوى یەکێک لە گوارانیە ناسراوەکانى سەید عەلى ئەسغەرى کوردستانیە. * عاگووڵ____ جۆرێک دڕکە و لە شوێنى نەرماندا دەڕوێ. *کڵناشک____ ساقى وشکەوە بووى قنگرە. *تەروو____ جۆرێک درختە و بەردەوام گەڵاکانى تەڕە و بۆنى زۆر خۆشە. *کانى گوڵ مژى___ کانیەک بوو لە خۆرئاواى گوندى قەڵا چەرمەلەوە بوو ، وەرزى بەهار دەتەقى و یەکێک بوو لە سەرچاوەکانى ئاوى خواردنەوەى گوندەکە. *گوێ بەرخە___ ڕوەکێکە لە گوێى بەرخ دەچێ و لە وەرزى بەهاردا دەڕوێ. *سووڕناتک ___ جۆرە ڕوەکێکە لە وەرزى هاویندا دەڕوێ و هەمیشە ئاژەڵى سپى و ڕەش مەراقى خواردنێتى لە گەڵ ئەوەشدا زۆر کوشندەیە بۆ ئاژەڵ.. *باخە سەن ___ باخى حەسەن ، باخێکە دەکەوێتە نزیک سەیرانگاى خۆرنەوەزان و بەسەر ڕووبارى ئاوەسپیدا دەڕوانێ. * بەفرى سوور___ دەگێڕنەوە لەگەرمیان یەک جار و لە کۆندا بەفرى سوور باریوە. * وەکاشە___ ناوى یەکێک لە ئیمامەکانى گەرمیانە و دەکوێتە نێوان گووندى تووکن و عەزیز قادرەوە ، ڕۆژانى چواشەموان و لەپێش ئەنفال گوندنشینانى ناوچەکە دەچوونە زیارەتى و زۆر جاریش هاتنەکان بۆ مەرازگرتنەوە بوو، بەتایبەت قەیرە کچان. * تەرانژگە بەرد___ ئەوبەردەى کە دشکێنرێ و شوان و جوتیار لە برى چەقۆ بۆ حاڵەتى نائاسایى وەک سەر بڕینى ئاژەڵ یان پەلەوەر یاخوود خواردنى میوەى جۆراو جۆر کەپێویستى بە چەقۆ بێ بەکارى دێنن. * چاوەچۆلەکە___ جۆرێکە لە کووتاڵى ئافرەتانە و گوندنشینان زۆر بەکارى دێنن بەتایبەت لەوەرزى هاویندا. * میمى ____ پوور * کۆست کەوتەڵە___ بەشێوەزارى گەرمیانى بەو کەسە دەوترێ کەکەسێکى نزیک و خۆشەویستى بمرێ. *ساوەلەوان____ بەو مێرد مناڵانە دەوترێ کە بەرخ و کارژۆلە دەلەوە ڕێنن. * جەرسە ___ کوتاڵێکى ئافرەتانەیە و زۆر تر لەوەرزى زستاندا ئافرەتان بەکارى دێنن.
|